عەبدولڕەحمان گەورکی: 
رژێمی ئێران، لە زلکاوی قەیرانی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دابڕانی نێودەوڵەتی و لە ناو شەڕێکی دەرەکیدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی راپەڕین و کۆمەڵگای روو لە تەقینەوە ئێران، بەردەوام بووە لە پەنابردن بەر “ئیعدامکردن”. دەسەڵاتی دادوەریی رژێمی ئێران نەک هەر سەربەخۆ نییە، بەڵکو ئامرازی “رژێم”ە و تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” و “ئاسایشی نەتەوەیی” دەخاتە پاڵ ئیعدامکراوان!. خەڵکی ئێران دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریین و لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتدا جگە لە “شەڕی ئاگرین” بە هیچیتر رازی نابن و ئەگەر هەر چالاکییەکی دیکەش هەبێت، ئەوە لە سایەی بوونی هێزی بەرخۆدانی (ناوەندەکانی شۆڕش)ە لە سەرانسەری ئێراندا. رۆژ نییە ئەو ناوەندانە، ژێدەر و سەرچاوەی تاڵان و تاوانکاری ئەم رژێمە لە شارەکانی ئێران نەسووتێنن!
دوو ستراتیژی لە بەرامبەر یەکتردا
بە درێژایی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، دوو ستراتیژی، دژ بە یەک ریزیان بەستووە. “ستراتیژی جەنگ” و “ستراتیژی ئاشتی”. یەکێکیان لە تەپڵی سەرکوتکردنی تاوانەکان دەژەنێت و ئەویتریان داوای شەڕ لەگەڵ دیکتاتۆرییەت دەکات. یەکێکیان شەڕفرۆشە و شەڕفرۆشی بە مانەوەی دەسەڵاتەکەی دەزانێت و ئەویتریان داوای ئازادی و دیموکراسی و کۆتایی هاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران دەکات. لە پێنج دەیەی رابردوودا ئەم دوو ستراتیژییە رووبەڕووی یەکتر بووەتەوە. یەکێکیان بۆ درێژەدان بە دیکتاتۆرییەتی خۆی بە درۆ دانوستانی هێناوەتە سەر مێز و ئەویتریان دانوستانی لایەنانی ئێرانی لەگەڵ ئەم رژێمە بە (هێڵی سوور) راگەیاندووە. ئێران شوێنی دیکتاتۆرییەت نییە و هەر رژێمێکی دیکتاتۆریش دەبێ فڕێ بدرێتە زبڵدانی مێژووەوە.
یەکێکیان بۆ ترساندنی کۆمەڵگا، پەنای بردووەتە بەر “لەسێدارەدانی گەنجانی شۆڕشگێڕ” و ئەویتریان داوای لە گەنجانی شۆڕشگێڕ کردووە “یارمەتی خەڵکی ئێران بدەن”. یەکێکیان لە ترسان “یەکینەکانی تایبەتی بە دژە شۆڕش”ی رژاندووەتە سەر شەقام و ئەویتریان بە پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران هێرشگەلێکی کردووەتە سەر ناوەندەکانی تۆقاندن و تیرۆری رژێمی دەسەڵاتدار. شەهید و بریندار و زیندانی دەبەخشێت، بەڵام سازش و دانوستان ناکات و کۆڵ نادات. یەکێکیان بە درێژایی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت پشتی بە “درۆ” بەستووە و ئەویتریان بە پێچەوانەوە، “ڕاستگۆیی و قوربانیدان” گرتووەتە بەر و دەیەوێت سیستەمی درۆکردن لە ئێراندا لە ناو ببات.
بۆچی لە سێدارەدان؟ بۆچی شەڕ؟
خانمی رەجەوی وتی، دیکتاتۆرییەتی ئایینی، بە لەسێدارەدانی یەک لە دوای یەکی گەنجانی موجاهید و خەباتکار و شۆڕشگێڕانی بوێر، هەوڵدەدات رێگری بکات لە تەقینەوەی توڕەیی و راپەڕێنی گشتی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، لەکاتێکدا (لەسێدارەدان) تەنها ئیرادەی گەنجانی شۆڕشگێڕ بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە خوێنڕێژە بەهێزتر دەکات.
لە گەرماوگەرمی شەڕی دەرەکیدا، ئەولەویەت بۆ رژێمی ئێران، درێژەدان بووە بە شەڕ، هەتا بە شەپۆلی گرتن و لەسێدارەدان و کوشتار، کەشوهەوای تیرۆر لە کۆمەڵگای ئێران درووست بکات و رێگری بکات لە راپەڕین و شۆڕشی خەڵک لە دژی دیکتاتۆرییەت. بێ هۆ نییە کە دامەزرێنەری ئەم رژێمە، هەر لە سەرەتاوە، شەڕی بە “نیعمەتێکی خودایی” وەسف کردبوو.
لە کاتێکدا راستییەکانی ئەم شەڕە شایەدی ئەوە دەدەن کە کۆتاییهاتنی شەڕی دەرەکی هەرگیز ناتوانێت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئێعدام و کۆمەڵکوژی و داڕمانی ئابووریی رژیمی ئێران و دۆخی بژێوی خەڵکی ئێران چار بکات. چونکە ئەم رژێمە دژی ئاشتی و ئازادی بووە و بە ئێستایشەوە.
سازشتکارانی رۆژئاوایی چی دەکەن؟
بە پێی زۆرێک بەڵگەنامە و لێدوان و چالاکی، سازشتکارانی رۆژئاوایی دەیانەوێت ئێران لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتدا بهێڵنەوە و ئەم وڵاتە دێرینە بە سیناریۆی جۆراوجۆرەوە بە “دواکەوتوو”یی بهێڵنەوە لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. لێرەدایە کە دەتوانین تێبگەین کە، ئەگەر هێزێکی دژە دیکتاتۆرییەت لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا نەبووایە، سازشتکارانی رۆژئاوایی، هەتا چ رادەیەکە دەستیان ئاواڵە دەبوو کە ئەم ئامانجەیان بپێکن. واتا هێزی موقاومەت کە (کۆڵنەدەر) و (سوور) و (پتەو) لە بەرانبەر ئەواندا وەستاوە و رۆژانە باجی پێشخستنی بزووتنەوەی خەڵک بەرەو ئازادی و دیموکراسی دەدات.
سازشتکاران لە هەوڵی داڕشتنی ئەڵتەرناتیڤی ساختە و سەپاندنی خۆیان بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا بوون و بەردەوامن. ئێستا بیهێنە بەرچاوت ئەگەر بەرخۆدانی ئێران و ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک نەبوایە چی رووی دەدا! بە رۆژی رووناک و بە بەر چاوی خەڵکی جیهانەوە، چاویان لە ئێعدامکردن و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران لە لایەن ئەم دیکتاتۆرییەتەوە و هەڕەشە و سووکایەتییەکانیکردنی پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشووە بەرانبەر بە ئازادیخوازان دادەخەن و بۆ ئەم مەبەستە دەزگای راگەیاندنی بەرفراوانیان بۆ رێدەخەن و “سانسۆری سەدە” لە دژی بەرخۆدانی رەوای خەڵکی ئێران بەکار دەهێنن. بەرخۆدانێک کە “ئازادی و ئاشتی” لە داوا سەرەکییەکانییەتی.
بەشێک لە کارنامەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقێ
• سەرکوتکردنی ئازادییەکان و پێشخستنی هێڵی قۆرخکاری و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨دا.
• قەتڵە زنجیرەییەکان و ئاراستەکردنی تیرۆری رۆشنبیران و نەیاران لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە رێگەی لیژنەی تایبەتی “بەیتی وەلی فەقێ”وە.
• دەرکردنی فەرمانی سەرکوتی خوێناوی لە راپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و 2022 و 2026 و کردنەوەی پرۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان.
• بەردەوامی گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و ژینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە لایەن رژێم و هەڵایسان و شەرئەنگێزییەکانی ئەم رژێمە لە ناوچەکە و لە کاتە جیاوازەکاندا. بەتایبەت لەسێدارەدانی نەیاران لە ساڵی رابردوو و دوای راپەڕینی جەماوەری ساڵی 2026.
وشەی کۆتایی
رژێمی ئێران بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، خەڵکی ئێران و بە تایبەت گەنجان لە سێدارە دەدات و راپەڕینە جەماوەرییەکان سەرکوت دەکات و هەروەها شەڕخوازە لە پێناو “پڕۆژەی ئێعدام”دا. دیکتاتۆرییەتی ئایینی (شەڕ)ی دەوێت و تۆقاوە لە ئاشتی و ئازادی. تاکە رێگا لە بەرانبەر ئەم رژێمەدا، رووخاندنیەتی، کە دەیەوێت خۆی بەسەر کۆمەڵگەی ناوچەیی و جیهانیدا بسەپێنێت و سەقامگیری و ئاسایش بخاتە ژێر پرسیارەوە.
***
بۆچی رژێمی ئێران لە خەڵک دەترسێت؟
ئاوڕدانەوەیەک لە رووبەڕووبوونەوەی دوو ستراتیژی سەبارەت بە ئێران
6
