Home بیروڕاسوودەکانی شەڕی دەرەکی بۆ رژێمی ئێران

سوودەکانی شەڕی دەرەکی بۆ رژێمی ئێران

چاوخشاندنێک بە ئامانجەکانی شەڕخوازانەی رژێمی ئێران

by admin
0 کۆمێنتەکان 2 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
خومەینی بە مەبەستی هەناردەکردنی بیرکردنەوەی کۆنەپەرستانەی خۆی بۆ وڵاتانیتر، لەژێر ناوی “شۆڕشی ئیسلامی” شەڕی دەرەکیی بە “پیرۆز” وەسف کرد. کاتێک خومەینی بوو بە حاکمی ئێران، خێرا بە شەڕئەنگێزی و شەڕفرۆشتن، نەیارانی دەسەڵاتی لە ناوخۆی ئێراندا سەرکوت کرد و تۆمەتی “خیانەت” و “ستوونی پێنجەم”ی خستە پاڵیان و فێڵ و فریوکاری، “خەڵک” و “حکومەت”ی پێکەوە گرێ دا و “مافی مرۆڤ”ی کردە بێ واتا کرد!
لە هەنگاوی دواتردا، بەرپرسانی ئەم رژێمە لە دانپێدانانەکانی خۆیاندا رایانگەیاند کە پێویستە “شۆڕش و راپەڕینی گەل بە جددی وەربگرن”. وەلی فەقێ، بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی دادوەری، ئامێری لەسێدارەدانی رۆژانەی بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و نەهێشتنی هێزە سیاسی و ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگادا خستە جووڵە. بەم شێوەیە “شەڕی سەرەکی نێوان گەل و حکومەتی ئایینی” دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
شەڕی سەرەکی
شەڕی سەرەکی لە ئێراندا، لە نێوان “گەل” و “رژێمی داگیرکەر”دایە. بەرخۆدانی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتی وەلی فەقێ، تەنیا بۆ رووخاندنی رژێمێکی دیکتاتۆر نییە. بەڵکو پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە هەمەجۆرە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە ئێران و هەڵقوڵاوی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێرانە لە دژی دیکتاتۆرییەت و گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی لەم بەشەی جیهاندا.
دیکتاتۆریی (57) ساڵەی رەزاشای پەهلوی و کوڕەکەی، بە کودەتا و دەستێوەردانی زلهێزە دەرەکییەکان دامەزرا و بە هەڵاواردن و نادادپەروەری و سەرکوتکردنی ئازادییەکانی خەڵکی ئێران بەردەوام بوو. هەتاکو لە ساڵی 1979 لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێنرا. پاشان نۆرەی ستەمی (دیکتاتۆریی ئایینی) هاتە ئاراوە کە تەواوی ماوەی حوکمڕانییەکەی بریتی بوو لە ئێعدامکردن و کۆمەڵکوژکردن و بە زنجیر کردن و چەوساندنەوەی ژنان و هاندانی شەڕی دەرەکی و شەڕفرۆشتن بەم و بەو و بەرهەمهێنانی بۆمب و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئەمڕۆ رژێمی ئێران لە ژێر داروپەردووی شکستە گەورەکانیدایە و رووخاندنی بێ مشت و مڕی ئەم رژێمە، زۆر نزیکە.
بەدیلی دیموکراتیک
“ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتی” لە دژی دیکتاتۆریی ئایینی، واتا “ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێران” لە لایەن بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)یەوە لە ساڵی ١٩٨١ (1360) دامەزرا. ئەمە هاوپەیمانییە سیاسیییە هەرە دێرین بووە لە مێژووی ئێراندا و زەروورەتی دامەزراندنیشی، ئەو راستییە دەردەخات کە خەڵکی ئێران توانای رووخاندنی رژێمە دیکتاتۆرییەکانیان هەیە و شایستەی حکوومەتێکی (کۆماری) و (دێموکراتیک)ن و پێویستە یاساکانی تایبەت بە خۆیان و پەرلەمانی هەڵبژێردراوی خۆیانیان هەبێت وەک نوێنەری راستەقینەیان. دیکتاتۆری ئێستا و پێشوو، یەک شتن و هاوتەریبن و بەپەلەن بۆ یارمەتیدانی یەکتر. هەوڵی هاوئاهەنگ و هاوکاتی هەردوو دیکتاتۆریی ئایینی و پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو بۆ بۆمبنانەوە لە ناو خۆپیشاندانی رەوەندی ئێرانی لە پاریس لە 30ی جۆزەردانی ٢٠٢٦ دوایین نموونەیەتی. خۆپێشاندانێک کە بڕیار بوو رەوەندی ئێرانی ئەنجامی بدەن و دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بن لە جیهاندا.
دوایین پەلەقاژەی دیکتاتۆرییەت!
(مەرگی عەلی خامنەیی) لە لایەک، شەڕە گورگی ناو دەسەڵاتدارانی ئێرانی توندتر کردووە و کۆمەڵگای ئێرانی لە هەموو کاتێک زیاتر بەرەو تەقینەوە بردووە و لە لایەکیترەوە، هەوڵی بازنەی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیستەکانی زیاتر کردووە بۆ هێنانە مەیدانی (بەدیلێکی ساختە و فەیک) بۆ کوڕەکەی شای دیکتاتۆر. بەڵام لە هەمان کاتدا دەرکەوت کە ئەم رژێمە نە چاکسازی و گۆڕانکاری هەڵدەگرێت و نە هەڵسوکەوتی خۆی دەگۆڕێت. نە بە شەڕ و بۆمبابارانی دەرەکی دەڕووخێت و نە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی یان دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکە دەست هەڵدەگرێت. بە واتایەکیتر، لە جاران زیاتر دەرکەوتووە کە “تاکە رێگا”، گۆڕینی ئەم رژێمەیە لەسەر دەستی خەڵک و بەرخۆدانەکەیان.
هەڵوێستەکانی بەرخۆدانی ئێران
خانمی مریەم رەجەوی لە وتارەکەی ئەم دواییەیدا لە ئیتالیا رایگەیاند: “ئێمە پێشوازی لە لێکتێگەیشتن بۆ راگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خەڵکی ئێران و هەر رێککەوتن و پەیمانێکی ئاشتی دەکەین. جەختیش دەکەینەوە کە هەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەبێت راگرتنی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و راگرتنی کوشتنی ناڕازییان لەخۆ بگرێت و کۆماری دیموکراتیک لە ئەستۆی خۆمان و گەلەکەمان و سوپای ئازادییە”. رەجەوی هەروەها وتی: رژێمی ئێران لەبەرامبەر راپەڕین و بەرخۆدانی رێکخراودا بەرگە ناگرێت. کەم کەس گومانیان هەیە کە گۆڕانکاری لە ئێران، ببێتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەکە و لە جیهاندا. رژێمی ئێران پەلەقاژەیەتی بۆ مانەوە لە دەسەڵات و خەڵکی ئێرانیش، وەک لە راپەڕینی مانگی بەفرانباری رابردوو نیشانیان دا، لە هەوڵی رووخاندنی ئەم رژێمەدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی. ئێمە هەر لە سەرەتاوە رامانگەیاند کە ئەم رژێمە بە بۆمبابارانکردنی دەرەکی ناڕووخێت. رووخاندنی ئەم رژێمە تەنها لەسەر دەستی خەڵکی و موقاومەتی رێکخراوی ئەوانەوە دەکرێت. زۆرێک بەڵگە و راستی هەن کە ئەم شتە بە روونی دەردەخەن کە رژێمی ئێران لە دۆخێکدایە کە نە بەرەوپێشەوە رێگای لەبەرە و نە دەتوانێت بگەڕێتەوە دواوە.
بارودۆخی ئێستای ئێران
ئەمڕۆ ئابووریی ئێران لە سەرەولێژیی داڕماندایە و پارەی ئێران بووەتە یەکێک لە بێ بەهاترین دراوەکانی جیهان. قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران رۆژانە لە زیادبووندایە. رژێمی ئێران ناتوانێت قەیرانەکانی وڵات چارەسەر بکات و لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە. رژێمی ئێران لە گۆڕەپانی سیاسیدا توانای هیچ چاکسازییەکی نییە. بارودۆخی ئابووریی وڵات باشتر نابێت و بەرەو خراپتر بوونە. چونکە داهاتی نییە و وەک هەمیشە زۆربەی داهاتەکانیشی بۆ دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دابینکردنی دارایی هێزەکانی بە وەکالەتی رژێمە لە ناوچەکەدا.
رژێمی ئێران لە ستراتیژیییە سەرەتاییەکەی خۆی لای نەداوە، کە لەسەر بنەمای سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران و نکۆڵیکردن لە ئازادی لە ناوخۆی وڵات و هەروەها درێژەدانە بە بەرنامەی بۆمبی ئەتۆمی و هەناردەکردنی شەڕ و تیرۆر بۆ دەرەوەی وڵات.
وشەی کۆتایی!
“گۆڕینی هەڵس و کەوتی رژێمی ئێران” هێندەی هەوڵدان بۆ لەبەرکردنی جلی منداڵ بە جەستەێ کەسێکی پێگەیشتوو، گاڵتەجاڕانە و ناڕاستەقینەیە. تا ئەم رژێمە لەسەر کات بێت، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. چونکە ئەم رژێمە، دەستهەڵگری دوژمنایەتیکردن نیە بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئێران و جیهان و لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە ژیان ناکات.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە