Home بیروڕاراوەستانێک لەسەر هاوپەیمانی مەککە

راوەستانێک لەسەر هاوپەیمانی مەککە

by admin
0 کۆمێنتەکان 25 بینینەکان

عوسمانی حاجی مارف:   
بۆچی سێ وڵات، سعودیە، تورکیا و پاکستان کە پەیوەندیەکی نزیکیان بە ئەمریکاوە هەیە، پێویستیان بە دامەزراندنی چوارچێوەیەکی بەرگری نوێ بوو لەم کاتە تایبەتەدا؟
پێموایە ئەوە دۆخی شەڕی ئەمریکاو ئێران و بارگرژی و ناجێگیری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو ژینگەیەی هێنایە پێشەوە و دانوستان و هاوپەیمانی مەککەی تێدا بەڕێوەچو. ڕوبەڕوبونەوەکە دەریخست کە هەر پێکدادانێکی بەرفراوان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، یان ئیسرائیلدا دەتوانێت بە خێرایی بۆ کەنداو بگوازرێتەوە و هەڕەشە لە دامەزراوەکانی وزە و ڕێڕەوی کەشتیوانی و ئابووری ناوچەکە بکات، تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەش کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە شەڕەکەدا نییە.
ڕێکەوتنەکە لە چوارچێوەی ڕەوتێکی فراوانتردا پێکهات کە تیایدا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی بنیاتنانی ڕێکخستنی ئاسایشی ناوچەیەکی سەربەخۆتر دەدەن، دوای ئەوەی گەرەنتیەکانی ئەمریکا لە لێکدانەوەی زۆرێک لە پایتەختەکانی ناوچەکەدا پێیانوایە ئەمریکا ناتوانێت دڵنیایی بدات و ناتوانێت ئەم کارە بکات، بۆیە ئەم جۆرە هاوپەیمانیە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و دامەزراوەیەکی نوێی ئەمنی بە پێویست دەزانن لە ناوچەکەدا.
وڵاتانی ناوچەکە بەو ئاکامە گەیشتون پێویستە تواناکانی خۆپارێزی خۆیان پەرەپێبدەن و هەماهەنگیە ئەمنیەکانیان بەرزبکەنەوە، تەنانەت پەیوەندیە سەربازیە نزیکەکانیان لەگەڵ ئەمریکاشدا دەپارێزن.
لەکاتێکدا ململانێ و شەڕێک لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، ئاشکرایە پێداویستی گەڕان بەدوای ڕێکخستنە نوێیەکانی بەرگری خێراتر دەبێت، وڵاتانی ناوچەکە لە ناچاریدا گەیشتونەتە ئەو ئاکامەی پێویستە تواناکانی خۆپارێزی خۆیان پەرەپێبدەن و هەماهەنگیە ئەمنیەکانیان بەرزبکەنەوە. هەر سێ وڵاتەکە بە گشتی لە ڕوانگەیەکی هاوشێوەوە، سەیری ناسەقامگیری ناوچەکە دەکەن، هۆکارەکەش دەگەڕێننەوە بۆ دەوری هەردوو ئیسرائیل و ئێران.
پەیوەستبونی تورکیا بەم هاوپەیمانیە، وەک ئەندامێکی ناتۆ، بەشێکە لە ستراتیژێکی فراوانتر بۆ هەمەچەشنکردنی هاوبەشیەکان و بەرزکردنەوەی نفوزی ناوچەیی خۆی، ئەم سیاسەتەی تورکیای بە “پاراستنی ستراتیژی” وەسف دەکرێت. دەستکەوتەکانی تورکیا تەنها لە بەدەستهێنانی گەرەنتی بەرگری نوێ نییە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی، فراوانکردنی کاریگەری سیاسی ناوچەیی خۆی و بەرزکردنەوەی هەناردەی پیشەسازی بەرگری تورکیا و دامەزراندنی هاوبەشی بەرهەمهێنانی سەربازی لەگەڵ سعودیە و پاکستان، ئەمەش ڕۆڵێکی زیاتر بە ئەنقەرە دەبەخشێت لە داڕشتنی هاوسەنگیە ئەمنیەکانی ناوچەکەدا.
ڕێکەوتنی سێ وڵات، ئەوانیش سعودیە دەوڵەمەندە بە نەوت، پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و تورکیا کە شانازی بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ و پیشەسازی بەرگرییەوە دەکات، کە بە خێرایی گەشە دەکات، چاوەڕوان دەکرێ ئەم ڕێکەوتنە هاوکاری و خۆڕاگری لە نێوان زیادبونی نادڵنیایی ناوچەیی و مەترسی شەڕ لەگەڵ ئێراندا بەهێزتر بکات. ئەنقەرە هەوڵدەدات هەناردەی بەرگری خۆی بۆ کەنداو زیاد بکات، هاوپەیمانی سێ قۆڵی دەتوانێت داهاتی نەوتی ڕیاز لەگەڵ هێزە سەربازیەکانی شەڕ و توانای بەرهەمهێنانی بەرگری ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد تێکەڵ بکات. ئەو ڕێکەوتنە بەرگرییەی کە واژۆ کراوە، لەوە زیاترە کە تەنها ڕێکەوتنێکی بەرگری بێت، ئەگەری ئەوەش هەیە ڕێکەوتنێکە کە لە داهاتودا بەرژەوەندی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت، تورکیا، پاکستان و سعودیە سێ وڵاتی بەهێزن و کاریگەریەکی جدیان دەبێت لە ناوچەکەدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستای گەرووی هورمز، پێشبینی دەکرێت دەوڵەتانی دیکەی کەنداو لە داهاتوودا بەشداری ئەم ڕێکەوتنە سێ قۆڵیە بکەن.!
تورکیا و پاکستان، لە ئێستاوە لە بواری پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هاوکارن، هاوکات سعودیە گرێبەستی گەورەی بۆ کڕین و ڕاهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ کۆمپانیای بەیکەری بەرگری تورکیای واژۆ کردووە. پاکستان ڕەهەندێکی جیاواز بۆ ڕێکەوتنەکە زیاد دەکات، خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین سوپای جیهانی موسڵمانان و ئەزمونێکی بەرفراوان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان و بنکەیەکی پیشەسازی بەرگری کە لە گەشەکردندایە. گرنگترین هۆکار ئەوەیە کە پاکستان تاکە وڵاتە لەنێو واژۆکارانی ڕێکەوتنەکەدا خاوەنی چەکی ئەتۆمیە، ئەمەش قورسایی زیاتری ڕێگریکردن بە هاوپەیمانیەکە دەبەخشێت، هەرچەندە ڕێکەوتنەکە بەڕوونی هیچ بڕگەیەکی سەبارەت بە ڕێگریکردنی ئەتۆمی یان چەترێکی ئەتۆمی هاوبەش لەخۆناگرێت.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت، تورکیا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە بدات کە بەهۆی دابەزینی دەسەڵاتی ئێران و لاوازبونی هاوکێشە ئەمنیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەجێیان هێشتووە، ئەوەی ڕۆشنە هیچ وڵاتێکی تر لە پێگەیەکی باشتردا نییە بۆ ئەوەی خۆی وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکات، بۆ دەوری تورکیاش پرسیار ئەوەیە، کە تا چەند ستراتیژی ئەمنی تورکیا کە لە ڕێکەوتنی مەککەدا بەرجەستە بووەتەوە، خۆی لە نفوزی ئەمریکا دوور خستەوە یان ڕزگاری بووە؟ بە تایبەت کە ئامانجی واشنتۆن کۆتایی هێنانە بەدەور و دەسەڵاتی ئێران وە جێخستنی پێگەی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا.
مەسەلەی سەرەکی کە لەم ڕێکەوتنەدا بەرجەستە بۆتەوە دەڵێت “هێرشی چەکداری دژی هەر یەکێک لەو سێ دەوڵەتە هێرشێکە دژی هەمووان”. لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا ئەو سێ وڵاتە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر یەکێکیان لە ڕاستیدا پابەندبونی خۆیان جێبەجێ دەکەن یان نا؟
هەڵبەتە متمانەکردن بەندە بە خاوەندارێتی توانا و ئەو باوەڕەی، کە دەوڵەتانی واژۆکار ئامادەن لە کاتی پێویستدا بەکاریبهێنن، جگە لەوەی پابەندبونە ڕاگەیەندراوەکە لەسەر بناغەیەکی بەرچاوی توانا سەربازی و سیاسی و ئابووریەکان وەستاوە، ئەمەش قورسایی زیاتریان پێدەبەخشێت لە حیساباتی ناوچەییدا.
دەستەواژەی “هێرشی چەکداری” لە ڕێکەوتنەکەدا پرسێکی گرنگ سەبارەت بە مەودای پابەندبونی بەرگری بەکۆمەڵ دەوروژێنێت، هەڕەشە ئەمنیەکان چیتر سنووردار نین بە شەڕە ئاساییەکان کە لەلایەن هێزە ئاساییەکانی دەوڵەتەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵکو ئەو هێرشانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدرێن، وەک ئەوەی زۆرجار لە ناوچەکەدا ڕوودەدات. بەڵام مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە ئەو سێ وڵاتە لە ڕووی سەربازیەوە بە هەمانشێوە یان دەستبەجێ دەچنە ناو شەڕەکەوە، تا ئێستا وردەکاریەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕێکەوتنەکە- وەک قەبارەی ئەو هێزانەی کە دەبێ جێگیر بکرێن، میکانیزمی بڕیاردان و جۆری هاوکاریە ناچاریەکان- بە تەواوی گشتی نین، ڕێکەوتنەکە بەڵێننامەی سەربازی تایبەتی تێدا نییە، هەرچەندە تورکیا لە ڕووی مەبدەئیەوە بەنزیک لە ماددەی ٥ ی ناتۆوە وەسفی کردووە. لەلایەکی ترەوە لەڕووی سیاسی و یاساییەوە، ئەستەمە بۆ هەر وڵاتێک چاوپۆشی لە هێرشکردنە سەر هاوبەشەکەی بکات، بەو پێیەی ڕێکەوتنەکە بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە هێرشکردنە سەر یەک هێرشکردنە بۆ سەر هەمووان.
لە ڕووی سەربازیشەوە، تا ئێستا هیچ گەرەنتیەک نییە کە وەڵامدانەوەکە شەڕێکی تەواو بێت. دەکرێت لە بەرگری ئاسمانی، هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری، ناردنی هێز یان چەک، یان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، بەپێی سروشتی هێرشەکە و بڕیاری حکومەتەکان دەست پێبکات. لە ڕووی متمانەپێکردنەوە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ یەکەم هێرشی گەورەدا دێت، لە ئێستادا ڕێکەوتنەکە ڕێگریکردن زیاتر بەهێز دەکات نەک توانای هاوپەیمانیەکە بۆ ئەنجامدانی شەڕی هاوبەش، بەو پێیەی هاوپەیمانیەکە هێشتا تازەیە و هێشتا لە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی هاوبەشدا تاقی نەکراوەتەوە.
سعوودیە “هاوپەیمانی بەرگری” وەک ستراتیژێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران دەڕوانێت، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێرشەکانی تاران لە ناوچەکە، کە ڕادەی ڕاستەقینەی خواستی ئەمریکای بۆ بەرگریکردن لە کەنداو ئاشکرا کرد، ئەمەش وایکردووە سعودیە زیاتر ئاگاداری لاوازیەکانی بێت.
. ڕێکەوتنی سەربازی نێوان ڕیاز و ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد ئاماژەیەکە بۆ ئەو خاڵەش دەوڵەمەندترین ئابووری نەوتی ناوچەکە نە تەنیایە و نە گۆشەگیرە، لە هەمانکاتدا پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا پاکستان و تورکیا دەچنە شەڕەوە دژی ئێران، ئەگەر شەڕ لە نێوان تاران و ڕیاز ڕووبدات، بەتایبەتی کە هەردوو پاکستان و تورکیا پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئێراندا دەپارێزن. ئەگەر ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی ڕووبدات، چەقبەستووییەک لە نێوان ئێران و تورکیا لە لایەک و لە لایەکی دیکەش لەنێوان ئێران و پاکستان دروست دەبێت.
ئەگەر شەڕێکی نێوان هیندستان و پاکستان هەڵگیرسێت، هێزی ڕاستەقینەی ڕێکەوتنەکە ئاشکرا دەبێت، یەکەم شەڕی هیندستان و پاکستان لە دوای ڕێکەوتنەکە ڕەنگە گرنگترین تاقیکردنەوە بێت بۆ تەواوی داهاتووی ئەو هاوپەیمانیە، ئەگەر سعوودیە و تورکیا تەنها لە لێدوانی دیپلۆماسیدا خۆیان سنووردار بکەن، ئەوا هاوپەیمانیەکە مانای نامێنێت.
جیهانێکی فرە جەمسەری و ململانێی زلهێزەکانی دنیا بۆتە هۆی سەرلێشێواویەکی بەرچاو و کاریگەری لەسەر هاوپەیمانیە سەربازی و ئابووریەکان لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، ڕێکەوتنی بەرگری نێوان سعودیە و تورکیا و پاکستانیش ڕەنگدانەوەی ئەم سەرلێشێواویەیە.
ڕێکەوتنی مەککە هێشتا هاوپەیمانیەکی تەواوی شەڕ نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نوێی ڕێگریکردن لە ناوچەیەک، کە متمانەی بە سیستەمی کۆنی ئەمنی کەمبووەتەوە، بەهای ڕاستەقینەی ئەم ڕێکەوتنەش نە بە قەبارەی سوپا و چەکەکان، بەڵکو بەوە دیاری دەکرێت کە لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا ئەندامەکانی تا چەند ئامادەن بۆ پاراستنی یەکتر و تیچووەکەی قەبوڵ دەکەن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە