Home بیروڕامەسرور و بافڵ؛ میراتگرانی کورسی و بکوژانی خەونی نیشتمانێک!

مەسرور و بافڵ؛ میراتگرانی کورسی و بکوژانی خەونی نیشتمانێک!

هاونیشتمانیانی ستەمڵێکراو، جەماوەری ڕەنجدیدی کوردستان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 28 بینینەکان

ريبوار ياسين فه تاح:   
ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان دەیبینین، نیشتمانێک نییە کە بەرەو ئاوەدانی بڕوات، بەڵکو خاکێکە کە لەلایەن حوکمڕانیی بنەماڵەیی و تاکڕەوانەی مەسرور و بافڵەوە بە بارمتە گیراوە. بۆ زیاتر لە سێ دەیە، ئەم دوو هێزە بە ناوی “کوردایەتی” و “شەرعیەتی شۆڕشگێڕی”یەوە، گەورەترین چەواشەکاری مێژووییان دەرەقەتی ئەم گەلە داوە. ئەوان نەک هەر نەیانتوانی قەوارەیەکی سەقامگیر و خاوەن دامەزراوە بونیاد بنێن، بەڵکو بەهۆی چاوبرسێتی، لووتبەرزی و ململانێی منداڵانەی ئەم دوو سەرکردەیەوە، شکۆی تاکی کوردیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا پێشێل کرد. کاتێک باس لە مەترسیی هەڵوەشانەوەی هەرێم دەکرێت، پێویستە پەنجەی تۆمەت بۆ بەغدا درێژ نەکەین، بەڵکو ڕووی دەمانچەی ڕەخنەمان لەم دەسەڵاتە شکستخواردووە بێت کە خاک و داهاتی ئەم وڵاتەی کردووە بە قوربانی کێبڕکێی شەخسیی خۆی.
حکومەتەکەی مەسرور لە هەولێر و ئیدارەکەی بافڵ لە سلێمانی حوکمڕانیی کەرکووک، هەولێر و سلێمانییان وەک غەنیمەی جەنگ سەیر کردووە. ئەوان نیشتمانیان کردە پاوانی بنەماڵە، دامەزراوەکانی دەوڵەتیان هاڕی، و داهاتی گشتییان بۆ دەوڵەمەندکردنی کوڕ و نەوەکانی خۆیان بەتاڵان برد. لە کاتێکدا هاووڵاتیی ئاسایی لێرەدا شەڕی بژێوی، مووچە و سەرەتاییترین مافەکانی ژیان دەکات، مەسرور و بافڵ سەرقاڵی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی خەیاڵی و کۆنتڕۆڵکردنی هێزە ئەمنییەکانن بۆ پاراستنی تەختی دەسەڵاتیان.
زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئیمتیاز بۆ دزەکان؛ دادپەروەری لە فەرهەنگی نوێی دەسەڵاتدا!
ترسناکتریین ڕووی ئەم دەسەڵاتە، ئەو شەڕە دڕندەیەیە کە دژی ئازادیی ڕادەربڕین بەرپایان کردووە. دەزگا ئەمنییەکانی مەسرور و بافڵ، لەبری ئەوەی پارێزەری سەر و ماڵی هاووڵاتیان بن، بوونەتە ئامرازی تۆقاندن، ڕفاندن و بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان. زیندانەکانیان پڕکراوە لەو ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و مامۆستایانەی کە تەنیا تاوانیان داواکردنی مووچە و ڕەخنەگرتن بووە لە گەندەڵی. لەژێر سێبەری حوکمی ئەم دووانەدا، یاسا کورتکراوەتەوە بۆ خزمەتکردنی بنەماڵە؛ هەر کەسێک ڕاستییەکان بڵێت یان دژی زوڵم بوەستێتەوە، بە تۆمەتی هۆنراوە و سیناریۆیی چەواشەکارانە ڕاپێچی زیندان دەکرێت یان ناچار بە کۆچ و سەرهەڵگرتن دەکرێت. ئەوان دەیانەوێت کۆمەڵگەیەک دروست بکەن کە تەنیا تێیدا چەپڵە لێدان و پیاهەڵدان هەبێت، و هەر جیاوازییەکی بیرکردنەوە بە خیانەت لەقەڵەم دەدەن.
ئەنقەرە و تاران بڕیار دەدەن؛ مەسرور و بافڵ تەنیا فەرمان جێبەجێ دەکەن!
خیانەتی گەورەی ئەم دوو ئاراستەیە تەنیا لە دزینی قووتی خەڵک و خاوکردنەوەی دەنگی ئازاددا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە شکۆ و بڕیاری سیاسیی ئەم هەرێمەیان ڕادەستی ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی کردووە. بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی، هەریەکەیان فەرمان لە وڵاتێکی دەرەکی وەردەگرێت؛ یەکێکیان چاوی لە ئەنقەرەیە و ئەوی تریان لە تاران. ئەوان ئامادەن ببنە دارەدەستی نەیارانی کورد و سنوورەکانی نیشتمان بۆ سوپای بیانی و میلشیاکان واڵا بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە بەرامبەر ئەوی تریاندا بەهێز بکەن. ئەم فرۆشتنی بڕیارە نیشتمانییە، وای کردووە کە بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سووکایەتی بە قەوارەی هەرێم بکات و پێگەی دەستووریی کورد لاواز ببێت.
لۆکاڵی دڕندە، نێودەوڵەتی زەلیل؛ واقیعی شکستخواردووی هەولێر و سلێمانی!
ئەگەر بەیانی ئەم قەوارەیە هەڵبوەشێتەوە و دۆزی کورد سەد ساڵ بگەڕێتەوە دواوە، تەنیا و تەنیا مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەرپرسن. ئەوان بەهۆی گەندەڵی, تاکڕەوی و نەبوونی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، میلەتیان بێبەش کرد لەوەی بەرگری لە خاکەکەی بکات. شورەییە بۆ دەسەڵاتێک کە لە ناوخۆدا و لە بەرامبەر گەلی خۆی، ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایاندا شێری سەر شاشەکان و هێزی سەرکوتکار بێت، بەڵام لە بەرامبەر دەرەوە و بەغدادا دەستەوەستان، دۆڕاو و کڕنۆشبەر بێت.
گەڕانەوە بۆ خاڵی صفر؛ باجی حوکمڕانیی بنەماڵەیی کێ دەیدات؟
مێژوو بەزەیی بە هیچ کەسێکدا نایەتەوە، و ئەگەر بەیانی ئەم قەوارەیە لەدەست بچێت و سوپا و میلشیاکانی بەغدا بگەڕێنەوە سەر سنوورەکان و ناوەند کۆنتڕۆڵی هەرچوار پارێزگاکە بکاتەوە، ناوی ئەم دوو سەرکردەیە وەک گەورەترین خیانەتکارانی دۆزی کورد لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. ئەوان نیشتمانیان ڕادەستی واقیعێکی واڵا کرد، چونکە حزبیان لە دەوڵەت گەورەتر کرد و هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆریان کردە پاسەوانی کۆشک و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەبری پاراستنی خاک.
چیتر بێدەنگی بەرامبەر بەم حوکمڕانییە شورەییە، هاوبەشیکردنە لە تێکدانی دواڕۆژی منداڵەکانمان. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم قۆرخکارییە بهێنرێت و بڕیاری سیاسی لە دەستی ئەم دوو ئاراستە فاشیلە دەربهێنرێت، چونکە پاراستنی نیشتمان و دۆزی ڕەوای کورد تەنیا بە گۆڕینی ڕیشەیی ئەم سیستەمە گەندەڵە دەست پێ دەکات.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە