Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیراسیزم و فاشیزم بە ناڕەزایەتی و یەکگرتوویی ریزی ئازادیخوازی بەرپەرچ دەدرێتەوە!

راسیزم و فاشیزم بە ناڕەزایەتی و یەکگرتوویی ریزی ئازادیخوازی بەرپەرچ دەدرێتەوە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 15 بینینەکان

خۆپیشاندانی نەژادپەرستان لە دۆڤەر لە ٥ی سێپتێمبەر و ڕۆژی دواتر ٦ی سێپتێمبەر لە پۆرتسموس کە پێشتر نزیکەی ١٤٠ کۆچبەر لە دەریا ڕزگار کرابوون، بووە هۆی هێنانەئارای خۆپیشاندانێکی دیکە لەلایەن سەدان خۆپیشاندەری دەمامکدارەوە بە جلوبەرگی تەواو ڕەشەوە. ئەم کەسانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك ڕێگا سەرەکییەکانی بەندەری دۆڤەر و کەناراوەکانی پۆرتسموس و دەوروبەریان داخست و دروشمی جۆراوجۆر و بە تایبەت “بەلەمەکان بوەستێنن”یان دەربڕی.
ئەم خۆپیشاندانەی راسیست و فاشیستەکان بەدژی پەنابەران و کۆچبەران پاش چەند کاتژمێرێک هات لەوەی کە ڕۆژی ٤ی سێپتێمبەر، نایجل فاراج سەرۆکی پارتی ریفۆرم لە کۆنفراسی حزبەکەیاندا لەسەر سەکۆی هۆڵەکە لەپاڵ جۆردان باردێلا (سەرکردەی ڕاستی توندڕەوی فەڕەنسا) وەستا، کە هەردووکیان بەڵێنیان دا کۆتایی بە هاتنی بەلەمەکان بهێنن. نایجل لەسەر شانۆکە هاواری کرد و بەڵێنی دا کە: “بۆ هەمیشە کەشتییەکان دەوەستێنین”، کە ئەمە هەمان ئەو دروشم و ئاراستەیە بوو راسیستەکان لە دۆڤەر و پۆرتسموس بۆی کۆبوونەوە و دەیانوتەوە.
لە کاتێکدا نایجل فەراج لە کۆنگرەکەیدا ئەم قسە پڕاوپڕ دژی‌ مرۆیی و راسیستییانەی دەکرد، هاوکات لە ناو هۆڵی کۆنگرەکە و دەرەوەیدا ناڕەزایەتیی توند بەرامبەر بە سیاسەتی توندڕەوی و راسیستی ئەنجامدرا. ڕێزێکی زۆر لە مرۆڤی ئینساندۆست و ئازادیخواز لە ژنان و پیاوانی ناو یەکێتییە کرێکارییەکان و داکۆکیکاران لەمافەکانی پەنابەران و ژینگەدۆستان کە بەردەوام لە بەریتانیا بەدژی راسیزم و فاشیزم وەستاونەتەوە بە هەمان شێوە کۆنگرەکەیان کردە مەیدانی ناڕەزایەتی و تێکدانی کەشوهەوای نامرۆڤانەیان. دروشمیان بە دەنگی بەرز دەوتەوە، بەرزکردنەوەی دروشم و لافیتەی بەرگریی مرۆڤدۆستی، ئازادیخوازی و یەکڕیزی بوونە نیشانەی ئەم ناڕەزایەتییانە.
خۆپیشاندەران لە دەرەوەی کۆنفرانسی پارتی ریفۆرم لە شاری بێرمینگهام گردبوونەوە و پارتی ریفۆرمیان تۆمەتبار کرد بەوەی پەرە بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری و دابەشکاریی کۆمەڵگە دەدات. خۆپیشاندەران داوای یەکڕیزییان دەکرد بۆ بەرگری لە پەنابەران و کۆچبەران؛ هەروەها گرووپە ژینگەیییەکان و هەڵسوڕاوانی تر خۆیان خزانە ناو هۆڵەکەوە و بە دروشمی دژی راسیستی هەلومەرجی کۆنفرانسەکەی نایجلیان تێکدا.
سەرباری ئەمەش، خۆپیشاندەران بە جیا لە دژایەتییان بۆ نایجل و پارتە راسیستەکەی، دژایەتیی خۆیان بۆ بەشداری و دەرکەوتنی سیاسەتمەداری راسیستی فەرەنسی (جۆردان باردێلا) خستەڕوو.
بەردەوام لە هەر شوێنێکی بەریتانیا راسیستەکان جوڵەی دژی ‌مرۆیی و فاشیستییان نیشاندابێت، هێزە ئینساندۆست و کرێکارییەکان بەدژیان وەستاونەتەوە و لەپاڵ خەڵکی ستەمدیدە، پەنابەران و کۆچبەراندا بوون.
با بە هەموومان لەپاڵ ئەم ڕیزە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەی کۆمەڵگادا بوەستین بەدژی راسیزم و فاشیزم!
رێکخستنی بەریتانیایی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٨/٩/٢٠٢٦

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە