موحسین کەریم: 
دۆخی سیاسی کوردستان لەناو بنبەست و گێژاوێکی کوشندەدا گیری خواردوە. هەلومەرجی ژیان و گوزەران و ئایندەی سیاسی خەڵك لەژێرسایەی دەسەڵاتی دوو حزبی میلیشیایی بنەماڵەییدا بەرەو وێرانی و داڕمان چووە. قەیرانی ئابوری کەمەرشکێن، پوکانەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، بێکاری فراوان، نەدان و دواخستنی مووچەی کارمەندان، گرانی و سەپاندنی چەندینجۆر باج بەسەر خەڵکدا، فروانکردنەوەی هەژاری بوونەتە بەشێكی دانەبڕاو لەژیانی خەڵکی کوردستان. سەرەڕای ئەوە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، لەناو بێ ئاسۆیی و قەیرانی سیاسیدا گیریان خواردوە. نزیك بە دووساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش پێکبێن. دابەشبوونی یەکێتی و پارتی بەسەر کارەکتەرە ناوچەییەکانیدا( ئێران و تورکیا) لەم دۆخە نادیارە سیاسیەی ناوچەکەدا و بێئاسۆیی سیاسی و بێدەسەڵاتیان لە گرتنەبەری هەر سیاسەتێکی سەربەخۆ، ئەوانی لە گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەبنبەست گەیاندوە. بەکردەوە دەسەڵاتی دوو ناوچەو دوو زۆن پەیڕەو دەکەن و چاوەروانی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ئەکەن!
لە پەیوەند بە پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیەوە، بەکردەوە یەکێتی و پارتی وەکو دەسەڵاتداری دوو ناوچەی سەوزو زەرد مامەڵە دەکەن. پەیوەندیە سیاسی و کۆبونەوەکانیان بەشێوەی سەربەخۆو حزبی، نەك حکومی لەگەڵ حکومەتی ناوەند و بەرپرسانی بەغدا ئەنجام دەدەن. تەنها کارێك کە وەکو حکومەت لەگەڵ بەغدا ئەنجامی دەدەن، پرسی بودجەو مووچەیە.
ئایندەی سیاسی هەرێم و حکومەتی هەرێم ئایندەیەکی لێڵ و تاریکە. ئاراستەی رووداوەکان هەرچی زیاتر بەرەو ئەوە دەچن کە حکومەتی ناوەند زیاتر کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەرێمدا قایمتر بکات. هەڵبەتە سەرەڕای ئەو دۆخەی ئێستای هەرێم، هێشتا ئەمریکا پێویستی بە حکومەتی هەرێم و پێگەی هەرێم هەیە بۆ بەکارهێنانی وەکو کارتێك لە فشارەکانیدا بۆسەر حکومەتی عێراق. فشارەکانی ئەمریکا بۆئەوەی هەرچی زووە حکومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن، بۆئەوەیە کە ئەم قەوارەیە ڕابگیرێت تا کارەکانی ئەوان بەسەرەنجام دەگات لە عێراقدا. بەڵام دۆخی بنبەست و بێچارەسەری نێوان یەکێتی و پارتی ئاماژەکانی داڕمانی ئەم دەسەڵاتەیان نیشان دەدات و پرۆسەی تەسلیمبوونیان بە حکومەتی ناوەندی خێراتر دەکات.
یەکێتی و پارتی بە شێوەی سیستماتیک هەوڵدەدەن ئاسەواری ئەو گیژاوەی تیایدا چەقیون و ئاکامەکانی ئەم دۆخە هەڵواسراوە سیاسیە لە هەموو بوارەکانی ئەمنی، سیاسی، ئابوریدا بەسەر خەڵکی کریکار و بەشمەینەتی کوردستاندا بشکێننەوە. ئەمەش کاریگەری زۆری بووە لەسەر لێڵبوونی ئایندەی ژیانی خەڵک و لەپاڵ کاریگەریەکانی شەر و ململانێی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەوەندەی دیکە ئەو دۆخەی خراپتر و لێڵتر کردووە. یەکێتی و پارتی، سەباری سەپاندنی دۆخێکی سەختی ژیان و بێبەشی و هەژاری بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا، هاوکات فەزای جەنگەکەیان قۆستۆتەوە بۆ توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و خنکاندنی هەر دەنگێکی نارازی و رێگاگرتن و داپڵۆسینی بە هەرجۆرە نارەزایەتیەکی جەماوەری دژی دەسەڵاتەکەیان و دژی ئەو بێمافی و ستەمەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە.
لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەوە، وەکو خزمەتکار و ڕاوێژکاری سیاسی یەکێتی و پارتی رەفتاردەکەن. ئامۆژگارییان دەکەن کێشەکانی نێوان چارەسەر بکەن. دانیشن و رێك بکەون لەسەر” کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت”. گلەیی و گازەندەیان لە یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە سوپایەکی یەکگرتوو دروست ناکەن… وتاد. هیچ پەیوەندیەکیان بە مەسەلەو خواستەکانی جەماوەری زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستانەوە نیە و تەنها بەشوێن ئەوەوەن کە لەو خوانەی دەسەڵاتی گەندەڵ و چەتەگەری یەکێتی و پارتی لەبەردەمیاندا دایانناوە، بەشی خۆیان بخۆن!
بەمجۆرە چ دەسەڵاتی میلیشیایی کورد و چ ئۆپۆسیۆنی بۆرژوازی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی، لە بنبەستێکی واقعیدا بەسەردەبەن. بێ ئاسۆ و بێ بەدیلی سیاسی چاوەرێی روداوەکان دەکەن. خەڵكیان لە بێئومێدی و چاوەروانیدا ڕاگرتوەو ژیان و گوزەرانی خەڵکیش بەرەو وێرانبوون دەچێت.. خێزانە کرێکاری و زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەکان بەسەختی دەتوانن خەرجی ژیانی رۆژانەو خزمەتگوزاریەکانیان دابین بکەن.
ئەم دۆخە خەتەرناكە ئەوە دەخوازێ کە بەدیلێکی سیاسی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمەڵگای کوردستان بخرێتەڕوو. چارەسەری ئەم دۆخە سیاسیە چەقبەستوە، نادیاری چارەنوسی سیاسی کوردستان، گیرۆدەبوونی لە گێژاوی سیاسی و چاوەروانی قەدەری سیاسەتی ووڵاتانی دراوسێ و ئەمریکاو …تاد. دیارنەبوونی پەیوەندی شەفاف و سیاسی و یاسایی دروست کە پێگەی هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵکەکەی لەپەیوەند بە دەوڵەتی ناوەندەوە دەستنیشان و دیاری بکات، خۆبەستنەوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و لایەنە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکانی دیکە بە بەرژەوەندی ئەمریکاو ئیسرائیل و دەوڵەتانی ناوچەکەو بە دەزگا هەواڵگریەکانیانەوە پەیوەستە بە هاتنەمەیدانی سیاسی خەڵکی کوردستان خۆیەوە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆیان و کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە ملیشیایەی ئێستای کوردستان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی پشتبەستوو بە دەورو بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵك لە بەرێوەبردنی کاروباری سیاسی- ئیداری کوردستاندا لەرێگای بزوتنەوەیەکی جەماوەری و ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەوە. بزوتنەوەیەك کە هاوکات دەتوانێ دەسەڵاتی حزبی- میلیشیایی کوردستان ناچاربکات بۆ ئەنجامدانی هەرجۆرە باشبوونێك لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا.
