Home بیروڕاکێشەی موچە، بەڵگەی ریسوایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد

کێشەی موچە، بەڵگەی ریسوایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

عەبدوڵا مەحمود:   
ئەگەر موچە هات دابەشی دەکەین… وردبینی لیستی موچە تەواو بووە…هەفتەی داهاتوو موچە دێت…ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەی خۆیدا باسی موچەی نەکرد… شەممە و یەک شەممانیش بەردەوام دەبین لە دابەش کردنی موچە… وەزیری دارایی واژۆی لەسەر موچەی ئەم مانگە کردووە…هەرێم هەموو پابەندیەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێ بەجێ کردووە…داهاتی نانەوتی هەرێم رادەستی بەغدا کراوە…داهاتی هەرێم کەمی کردووە، بۆیە داوامان کردووە ١٢٠ ملییارەکە بکرێتە نیووە…بەغدا کیشەی کەمی پارەی نەقدی هەیە…
ئەو دەستەواژە دوبارەو چەند بارانەی سەرەوە، کە ڕۆژانە لەزمانی بەرپرسانی وردو درشتی هەرێمەوە وەکو قاوان لێدەدرێن، بەڵگەی پوچی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و ناکۆکی چارهەڵنەگری ئەو دەسەڵاتەیە لەگەڵ چینی کریکار و جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان… مەبەست لە دەستەواژە دوبارەو بەردەوامانەی سەرەوە، بۆ خۆدزینەوەو شانخاڵی کردنەوەیە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و دواکەوتنی بەردەوامی.
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە توانای وەڵامدانەوەی بە سادەترین پرس و مافی فەرمانبەران کە موچەیە، نییە، کەچی بانگەشەی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم دەکەن. بانگەشەی گواستنەوەی ئەو “ئەزموونە سەرکەوتووە” بۆ بەشەکانی تری عێراق دەکەن و ئامادەیی دەردەبڕن بۆ هاوکاری حکومەتی بەغدا.
پرسی موچە لە لێبرین و پاشەکەوتکردنەوە بۆ دواکەوتنی بەردەوامی، زیاتر لە ١٠ ساڵە درێژەی هەیەو دەستی ناوەتە بینەقاقای موچەخۆران، کە بەشی زۆری خەڵکی کوردستان پێک دەهێنن. گرفتی موچە بۆتە تایبەتمەندیەکی دەورەیەکی دورودرێژ و ژیانکوژ لە هەرێمدا. هەر یەک لە بەغدا و هەرێم یەکتری بە هۆکاری دواکەوتنی موچە تۆمەتبار دەکەن. دەسەڵاتی بەغدا، هەرێم بە نەناردنی داهاتی نا نەوتی، پابەند نەبوونیان بە ڕێکەوتنەکان، فرۆشتنی نەوت بە قاچاغ، گرێبەست لەگەل کۆمپانیاکان بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، تۆمەتبار دەکات… لەبەرامبەردا دەسەڵاتی هەرێم بەغدا تۆمەتبار دەکات، کە موچە تیکەڵی ململانێ سیاسیەکان دەکات، خۆی لە پابەندییە دەستورییەکان دەدزێتەوە، مامەڵەی هەرێم وەکو هەرێمێکی فیدرالێ ناکات…تاد… هەردوولا بە تۆمەتبارکردنی یەکتری خۆیان لەدواخستنی بەردەوامی موچە دەدزنەوە، بەو مامەڵە نائینسانیەش هەردوو لا ستەمێکی زۆر گەورەو نارەوا لە موچەخۆران دەکەن.
هەموو ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی هەرێم دەیکات لە فرۆشتنی نەوتەوە بۆ گرێبەستی غاز و بە قاچاغ بردنی نەوت، دەستگرتن بەسەر داهاتە نانەوتی و داهاتەکانی تری ناوخۆیی…تاد، لە جێگای ئەوەی ببیتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و گرانی و بوژانەوەو پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم و زامن بوونی موچە و خزمەتگوزارییەکانی دانیشتوان، بۆتە مایەی سەپاندنی قەرزیکی ٣٠ ملیار دۆلاری بەسەر خەڵکی کوردستاندا. بێموچەیی و بێخزمەتگوزاری ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی رووبەرووی سەختی و سەرجەم کۆمەڵگەی لەگەڵ دۆخێکی نەخوازراو بەرەو روو کردووە. هاوکات دەسەڵاتی بەغدا باش دەزانێت ئەوەی نەوت دەفرۆشێت و دەستی بەسەر داهاتەکانی کوردستاندا گرتووە، سەرقاڵی گریبەستی ترە و پابەندی ڕیکەوتنەکان لەگەڵ بەغدا نییە، دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە، نەک خەڵکی کوردستان و فەرمانبەران، کەچی موچەخۆرانی کوردستان باجەکەی دەدەن.
پاساوەکانی بەغدا و پاساوەکانی دەسەڵاتی هەرێم، لە پەیوەند بە زامن نەبوونی موچەی فەرمانبەران پوچ و بێناوەرۆکن. هەوڵەکانی هەردوولاش بۆ ڕیکەوتن و سازان، پەیوەندی راستەوخۆی بە پرسی موچەوە نییە، بەڵکو پرسی موچە بۆ دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا، پرسێکی روکەشە کە لەسەر پرسە بناغەییەکانی تر رۆنراوە. ململانێی بەغدا و هەرێم، ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازییە لەسەر دەسەڵات و قورغکردنی سامان و داهات، دەسەڵاتی هەرێم دەیەوێت کەڵک لە ململانێی ناوخۆی بۆرژوازی عێراقی و گوشارەکانی ئەمریکا لەسەری، کاریگەری دۆخی جەنگ لەسەر عێراق وەربگرێت و خۆی لە ڕیکەوتنەکان و پابەندییەکانی بدزێتەوە و هاوکات شانی خۆی لەبەرامبەر گرفتی موچەدا خاڵی بکاتەوە و خواستە بناغەییەترەکان کە چارەنووس و ئایندەی سیاسی هەرێمی پێوەبەندە بکاتە پرسی سەرەکی، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ناوەندی ترسێکی سەرەکی و دیاری لەدەسەڵاتی هەرێم نییەو دەزانێت هیچ کارتێکی بە‌هێزی بەدەستەوە نییە، بۆیە مل بەخواستەکانی نادات و هەرەشەکانی بە هەند وەرناگرێت و ئامادەنییە چاو لەو هەموو دزی و تاڵانییە و پابەند نەبوونەکانی بە ڕیکەوتنەکان بپۆشێت. بەتایبەتی لە خۆدزینەوە لە ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم.
لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراق و کوردستاندا، لە پەیوەند بە کیشەی مووچە، بەجیا لەهەر مامەڵەو سیاسەتێکی نائینسانی بەغدا، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەرپرسیاری سەرەکیییە. دواکەوتنی موچە و لێبرینی بەڵگەنامەی ریسوایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە. ئەوە بۆرژوازی کوردە لە هەرێمدا خاوەنی دەسەڵات و بەرپرسی ئیدارەدانی هەرێمە. سەرجەم داهات و سامانی سەرزەوی و ژیر زەوی، پاوانی دەسەڵاتی خۆی کردووە. داهاتی نەوتی و نانەوتی لە فرۆشتنی نەوت و گاز بە قاچاغەوە تا داهاتی کارگە و کارخانەکان، خاڵە کومرگی و دەروازە سنورییەکان، فرۆکەخانەو بازرگانی و زوربەی پرۆژەکانی بەڵیندەرایەتی …تاد تا دەگاتە سەدان جۆری باج و رسومات، بەدەستی دەسەڵاتی هەرێمەوەیە… هاوکات زوربەی هەرە زۆری خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەسەر دەستی دەسەڵاتی هەرێم لەبەین براون و کەرتی تایبەتی جێگایانی گرتۆتەوە و دەستی ناوەتە بینەقاقای چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەتەوە. ئەمرۆ لە ژێر سایەی دەسەڵاتی هەرێمدا نەخۆشییەکی سەخت بۆ هەر خێزانێکی کەم دەرامەت و هەژار یەکسانە بەمەرگ.
لەناو ئەو دۆخە سەخت و بێکاری و گرانییە سەرسوڕهێنەدا، دواکەوتنی بەردەوامی موچە، بەڵایەکە بە پلەی یەکەم دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لێی بەرپرسیارە و دەبێ بەهێزی رێکخراو و هوشیارانە وەڵام بدرێتەوە. موچەخۆرانی هەرێم و خەڵکی کوردستان نابێ هیچ چاوەروانیەکیان لە دەسەڵاتی بەغداو هەرێم بێت بۆ چارەسەری پرسی موچە، لەجێگای ئەوە پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەران نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و بڕیار لەسەر هەنگاوەکانیان بدەن بۆ گوشار خستنە سەر هەردوو دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم تا پرسی موچە چارەسەر ببێت… هەنگاوی یەکەم لەو راستایەدا، رەتکردنەوەی وەفدی هەرێمە لەگەڵ بەغدا و راگەیاندنی ئەوەیە کە وەفدەکانی هەرێم و بەغدا دوور و نزیک نوێنەرایەتی پرسی وموچەو فەرمانبەران ناکەن. هەنگاوی دووەم وەڵامدانەوەی پاساو بیانوە پوچەکانی بەغدا و هەرێمە لەسەر پرسی موچە و گەیاندنیەتی بەرای گشتی خەڵکی کوردستان. هەنگاوی سێیهەم راکیشانی پشتیوانی بەشە جۆاروجۆرەکانی ناوخۆی کۆمەڵگە و پشتیوانی رێکخراوە کریکاری و سەندیکا کریکاریی و جەماوەری و پیشەییەکانی دنیای دەرەوەیە. هەنگاوی چوارەم دروستکردنی پەیوەندی و پەرەدانە بە هاوکاری و نیوان موچەخۆرانی کوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری. هەنگاوی پینجەم دەستدانە کۆبونەوەو خۆپیشاندان و مانگرتن لەبەردەم بارەگاو دامەزراوە پەیوەندیدارە خاوەن بریارەکان. هەنگاوی شەشەم راگەیاندنی مانگرتنی گشتی و لە جوڵەخستنی کۆمەڵگەیە. هەنگاوی حەوتەم گوشار دروستکردنە لەسەر سەرچاوەکانی داهاتی دەسەڵاتی هەرێم راگرتنیانە، بۆنموونە رێگەگرتن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکان، ریگەگرتن لە تانکەرە نەوتەکان…تاد. هەشتەم لەهەر دامەزراوەیەکدا کە داهاتی هەیە، کەڵک وەرگرتن لێی لەلایەن نوێنەرانی ئەو جێگایانە بۆ خودی فەرمانبەران و بەڕیوەبردنی کاروبارەکانی…تاد… هەرکام لەو هەنگاوانە دەتوانێت ببیتە گوشار و خستنە رووی ئیرادەو توانایی گەورەی خودی فەرمانبەران و کۆمەڵگە، کە زۆر گەورەترە لە توانایی حزبەکانی دەسەڵات و خزمەتکارە موچەخۆرەکانیان. گومان لەوەدا نییە ئەگەر فەرمانبەران بەشێوەی رێکخراو سەراسەری و یەکپارچەو هاوئاهەنگ بێنە مەیدان، چ دەسەڵاتی بەغدا و چ دەسەڵاتی هەرێم ناچار دەبن، کۆتایی بە گرفتی پرسی موچە بهێنن و تیکەڵی پرسە سیاسیەکانی نەکەن.
سێبتەمبەری ٢٠٢٦

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە