توانا محەمەد نوری: 
ئەوەی لە دۆسیەی لاهور جەنگی و ئەو کەسانەی لەگەڵیدا دەستگیرکراون دەگوزەرێت، پڕۆسەیەکی یاسایی ئاسایی و بێلایەن نییە؛ بەڵکو گوزارشتە لە ململانێیەکی قووڵی ناو جەمسەرەکانی دەسەڵاتی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر هێز و سەرمایە. لە سیستمێکدا کە دامەزراوەکان تەنها وەک ئامراز لە دەستی لایەنی باڵادەستدا دەبینرێن، دادگا و زیندان دەبنە ئەو شوێنەی کە تێیدا کێشەی باڵەکان یەکلا دەکرێنەوە. لێرەدا یاسا وەک پارێزەری ماف کار ناکات، بەڵکو وەک چەکێک بەکاردێت بۆ تەمێکردنی نەیارەکان، بڕینی دەستیان لە سەرچاوەکانی داهات و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی بڕیار.
ساڵێک مانەوە لە زیندان بەبێ ئەنجام و بڕیاری دادگا، نیشانەی ئەوەیە کە “کات” بووەتە ئامرازێکی سیاسی. لێرەدا مەبەست جێبەجێکردنی دادپەروەری نییە، بەڵکو سڕکردنی لایەنەکەی ترە تا ئەو کاتەی هاوسەنگیی هێز بە تەواوی بەلای جەمسەرە باڵادەستەکەدا دەشکێتەوە. ئەمە شەڕێکە لەسەر کۆنترۆڵکردنی شادەماری ئابووری، کۆمپانیا سێبەرەکان، خاڵە سنوورییەکان و دەسەڵاتی سیاسی. هێشتنەوەی زیندانییەکان لە چاوەڕوانییەکی بێ کۆتاییدا، ستراتیژییەکە بۆ ئەوەی نەیارەکان ناچار بە پاشەکشە بکرێن لە پشکە دارایی و سیاسییەکانیان، چونکە لە کۆتاییدا ئەمە شەڕی مانەوە و قۆرخکردنی داهاتە.
دیارە ئەم ململانێیە ئاماژەیەکی ڕوونە کە حیزب و دامەزراوەکان وەک موڵکێکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. کاتێک هاوسەرۆکێکی جاران و دەوروبەرەکەی دەخرێنە پشت ئاسنە ساردەکان، پەیامەکە ڕوونە: لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا هیچ پەیمانێکی هاوڕێیەتی لە سەرووی بەرژەوەندیی جەمسەرەکانەوە نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت ئەوەش فەرامۆش بوبێت کە گیراوەکانیش تا دوێنێ بەشێک بوون لە هەمان ئەو سیستمە میلیشیاییەی کە یاسای بۆ سەرکوتی ڕکابەرەکانی بەکاردەهێنا؛ ئەمڕۆش بوونەتە قوربانیی ئەو دەزگا و ڕێسایانەیکە خۆشیان بەشداربوون لە بەهێزکردنیدا.
ئەشکەنجەدانی گیراوەکان لەم دۆسیەیەدا، تەنها ڕەفتارێکی هەڵە یان تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە زمانی هێز. کاتێک سیستمێک دەیەوێت باڵادەستیی خۆی بپارێزێت و دەنگە جیاوازەکان بێدەنگ بکات، جەستەی مرۆڤەکان دەکاتە شوێنی تۆڵەکردنەوە. ئەشکەنجە بۆ ئەوە بەکاردێت کە شکۆ و کەرامەتی کەسەکان وردوخاش بکرێت، تاوەکو چیتر کەس بوێری ئەوەی نەبێت بەرامبەر بە “ناوەندی بڕیار” بوەستێتەوە.
لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندانییش، خێزانی گیراوەکان وەک بارمتەی ئەم ململانێیە دەبینرێن. سزادانی دەروونیی دایکان و منداڵانی گیراوەکان، درێژکراوەی ئەو فشارەیە کە دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەیەوە نەیارەکەی تێیدا تەسلیم بکات؛ فشارێک کە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی داهات و بێدەنگکردنی بزوێنەرە ئابوورییەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت تا لایەنی بەرامبەر بە تەواوی ڕووت بکەنەوە لە هێزی ماددی. لە جەوهەردا، ئەم دۆسیەیە پەیامێکی ترسناکە بۆ تەواوی کۆمەڵگە؛ کاتێک جەمسەرێکی بەهێزی ناو سیستمەکە چارەنووسی بەو شێوەیە بێت، ئەوا هەر تاکێکی ئاسایی کە ناڕەزایەتی دەربڕێت، چارەنووسی چەندین جار سەختتر دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، ئەم هەنگاوە دابڕاو نییە لەو فشارە ناڕاستەوخۆیەی لەلایەن پارتی و هێزە هەرێمایەتییەکانەوە لەسەر یەکێتی دروستکراوە. ئەمە فشارێکە بۆ سەلماندنی “باڵادەستیی تەواو” و یەکدەستکردنی سنووری سلێمانی، تاوەکو دەسەڵاتی ناوچەکە بۆ بڕینی بەهانەی ڕکابەرەکانی و جێگیرکردنی پێگەی خۆی لە هاوکێشە گەورەکاندا، بە توندترین شێواز نەیارە ناوخۆییەکانی بێدەنگ بکات. ئەم یەکدەستکردنە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پانتاییەکی یەکڕەنگ کە تێیدا هیچ دەنگێکی جیاواز نەبێتە بەربەست لەبەردەم ڕێککەوتنە گەورەکانی هێز و سەرمایە.
ڕۆڵی دادگا لەم هاوکێشەیەدا تەنها ڕۆڵێکی شانۆیی و ڕووکەشییە. بێدەنگیی دادگا بۆ ماوەی ساڵێک، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بڕیارەکان لە هۆڵەکانی دادگادا نادرێن، بەڵکو لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا یەکلادەکرێنەوە. دادوەر لێرەدا تەنها وەک ئامرازێک لەناو یارییە گەورەکەدا دەردەکەوێت، کە ئەرکەکەی کردنی بەرگی یاسایە بە بەری ئەو سزایانەی کە پێشوەختە لە پشت پەردەوە لەسەر دەستبەسەرداگرتنی هێز و دارایی دەدرێن.
ئەم ئەزموونە تاڵە پێمان دەڵێت کە لەناو ململانێی سەرمایە و ناوەندەکانی هێزدا، کەرامەتی مرۆڤ کەمترین بەهای هەیە. ئەگەر تۆ بەربەست بیت لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی سیستمەکەدا، هەموو ئەو ئامرازانەی جاران خۆت بەکارت دەهێنان، دەبنە دژت. مرۆڤەکان تەنها تا ئەو کاتە ڕێز لێگیراون کە لە ناو بازنەی سود و قازانجی جەمسەرە باڵاکاندان، هەر کە ململانێی دەسەڵاتیان کرد، دەخرێنە ناو تاریکییەکەوە کە تێیدا یاسا و ماف بوونی نییە.
ئەم دۆسیەیە بە بەزەیی یان بڕیاری دادگایەک کە خۆی بەشێکە لە کێشەکە چارەسەر نابێت. تا ئەو کاتەی سامان، هێزی چەکدار و دادگاکان لە دەستی چەند جەمسەرێکدا قۆرخکراوبن، هەموو هاووڵاتییەک لە مەترسیی زیندانی ستەمکارانەدایە. ئازادیی ڕاستەقینە کاتێک دەستپێدەکات کە کۆمەڵگە بەئاگا بێتەوە لەوەی دادپەروەری بە چاکسازیی ناو هەمان سیستمی باڵادەست نایەتە دی، بەڵکو بە کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە سیاسیە میلیشیاییە دەبێت کە کەرامەتی مرۆڤەکان نەبێتە دەکاتە کەرەستەی پاراستنی کورسی و پشکی باندە سیاسیە چەکداریە دەسەڵاتدارەکان!
٥ی ئەیلولی ٢٠٢٦
