هەورامان عەلی: 
هەندێک نەتەوە بە نەوت و ڕووبار و زەویی بەپیت دەوڵەمەند دەبن و هەژار دەمێننەوە، هەندێک نەتەوەش هیچیان نییە جگە لە ئیرادە و دەبنە دەوڵەمەندترین . ژاپۆن بەشی دووەمە.
ئەمڕۆ کاتێک ناوی ژاپۆن دێت، تۆیۆتا و سۆنی و شینکانسێن و ئەنیمی دێتە خەیاڵمان. سێیەم ئابووری گەورەی جیهانە، یەکێکە لە پاکترین و ڕێکخراوترین وڵاتەکان. بەڵام ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر ژاپۆن وڵاتێکی ترساو و داخراو بوو، خەڵکەکەی بە شمشێری سامۆرای دەژیا و لە بومەلەرزە و برسێتی دەترسا. ئەمە چیرۆکی، سەرکەوتنی نەتەوەیەکە ، کە خۆی و خەڵکی جیهانی ناسی!ئەمە موعجزەکەی ژاپۆنە:
یەکەم: خراپترین جوگرافیای جیهان بۆ دەوڵەتسازی
بۆ ئەوەی لە گەورەیی ئەزموونەکە بگەین، دەبێت بزانین لەسەر چی بنیات نراوە:
ژاپۆن ٣٧٧,٩٧٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە لە کوردستان گەورەتر نییە، بەڵام نزیکەی ١٢٣ ملیۆن مرۆڤی تێدا دەژی – ژمارەیەک کە لە ٢٠٠٨ەوە ساڵانە کەم دەبێتەوە. ٧٣٪ی وڵاتەکە شاخی بەرزە و ٦٨٪ی دارستانی چڕە. تەنها ١١.١٪ی زەویەکەی دەتوانرێت بچێندرێت. واتە بۆ هەر ژاپۆنیەک نزیکەی ٣٤٠ مەتر زەوی کشتوکاڵی هەیە.
ژاپۆن لەسەر ئاگر دانیشتووە، لەسەر بەیەکگەیشتنی ٤ پلێتی توێکڵی گۆی زەوییە. ١٠٪ی هەموو بومەلەرزەکانی جیهان و ٢٠٪ی بوومەلەرزە بەهێزەکان لێرە ڕوودەدەن. ساڵانە ١٥٠٠ بومەلەرزەی هەستپێکراو، ١١١ گڕکانی چالاک کە ١٠٪ی گڕکانەکانی جیهانە، و ساڵانە نزیکەی ٢٠ تسۆنامی لە دەوروبەری دروست دەبێت. کارەساتی ٢٠١١ کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەسی کوشت، نموونەیەکی زیندووە.
ژاپۆن کەرەسەتەی خاو، سامانی سروشتی ئەوتۆی نییە بۆ پیشەسازی. ٩٩.٧٪ی نەوت، ٩٧.٥٪ی گازی سروشتی و نزیکەی هەموو ئاسنەکەی هاوردە دەکات.
واتە ژاپۆن بە سێ سفرەوە دەستی پێکرد: بێ زەوی، بێ سەقامگیری سیاسی، بێ کەرەستەی خاو.
دووەم: ٢٢٠ ساڵ خەوی قووڵ و کەشتیە ڕەشەکان
لە ١٦٣٩دا شۆگونەکان بڕیاریاندا وڵات دابخەن (ساکۆکو). هیچ کەس بۆی نەبوو بچێتە دەرەوە و بێتە ژوورەوە. ئامانج پاراستن بوو، بەڵام ئەنجامەکەی دواکەوتوویی لێ شینبوو.
لە ٨ی تەممووزی ١٨٥٣دا، کۆمۆدۆر ماتیۆ پێری بە ٤ کەشتی ڕەش و ئاسنینی بە دووکەڵی ڕەشەوە گەیشتە کەنداوی ئۆراگا. خەڵک ناویان نا Kurofune – کەشتیە ڕەشەکان. پێری نامەیەکی هێنابوو: دەرگاکانتان بکەنەوە. ژاپۆن ناچار بوو پەیمانی کاناگاوا لە ٣١ی ئازاری ١٨٥٤ واژۆ بکات؛ دوو بەندەری Shimoda و Hakodate کرانەوە.
سێیەم: چاکسازییەکانی مێیجی – وەڵامە مەزنەکە
ژاپۆن دوو ڕێگای هەبوو: یان چەک بکڕێت، یان خۆی بگۆڕێت. ئەوان دووەمیان هەڵبژارد. لە ١٨٦٨ ئیمپراتۆری گەنج مێیجی گەڕایەوە و وتی: Wakon Yosai – ڕۆحی ژاپۆنی، تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایی، دەکەینە بناغە.
چوارەم: پارادۆکسەکانی ژاپۆنی نوێ و موعجیزەی نەخشەسازی
لە کۆمەڵگەی ژاپۆنیدا هیچ شتێک ڕێکەوت نییە، هەموو شتێک نەخشەی بۆ کێشراوە.
١. پیرترین جەستە، گەنجترین مێشک: تەمەنی مامناوەندی ٤٩.٧ ساڵە، ٢٩.٧٪ی دانیشتوان سەروو ٦٥ ساڵن. ساڵانە وڵاتەکە بە قەبارەی شارێکی گەورە کەم دەبێتەوە. بەڵام هەمان وڵات سێیەم وڵاتە لە خەرجی توێژینەوە زانستی، دووەم لە پاتێنت، یەکەم لە ڕۆبۆت – ٣٨٪ی بەرهەمی ڕۆبۆتی جیهان هی ئەوانە. چونکە کرێکاری گەنجی و هێزی کاری نوێ نەبوون، زانست ڕۆبۆتی داهێنا.
٢. قەرەباڵغترین شار، چۆڵترین شاخ: ٩٢.٩٪ی خەڵک شارنشینە و لەسەر ٢٧٪ی خاک دەژی. تۆکیۆ ٣٧ ملیۆن کەسی تێدایە. بەڵام چونکە هیچ شتێک بۆ ڕێکەوت بەجێنەهێڵدراوە، ماڵی ٢٠ مەتری، شەمەندەفەری خێرای ٣٢٠ کیلۆمەتری، و ڕێکخستنی وردیان داهێنا. لە بەرامبەردا ٩ ملیۆن خانووی چۆڵ (Akiya) لە گوندەکان هەیە.
پێنجەم: پیرۆزکردنی کار – کاتێک کار دەبێتە ناسنامە
لێرەدا دەگەینە ئەو نهێنییەی کە ژێرخانی بەردینی لەسەر بنیات نراوە. لە ژاپۆن کار تەقەلایەکی ناچاری نییە بۆ زیندوومانەوە، بەڵکو تێکۆشانێکی ئاگایانە و زانستی و بەرپرسیاریەکی کۆمەڵایەتییشە.
چونکە هیچیان نەبوو، ناچار بوون نرخ لە کارەکەی خۆیان دروست بکەن، نەک لە ماددەکە. ئەمە لە چوار چەمکدا خۆی دەبینێتەوە:
شۆکونین (Shokunin): ڕۆحی پیشەوەری. سوشی دروستکەر ١٠ ساڵ تەنها برنج فێر دەبێت. کار بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر کۆمەڵگە، نەک تەنها مووچە. بۆیە تۆیۆتا دروست بوو.
کایزن (Kaizen): باشترکردنی بەردەوامی ١٪. چونکە کەرەستەی خاویان نەبوو، هەمان شت بە کەمتر و باشتر دەکەن. کرێکار مافی هەیە هێڵی بەرهەمهێنان ڕابگرێت ئەگەر هەڵەی بینی.
گانبارو و ئیکێگای: گانبارو واتە بە هەموو هێزتەوە تێبکۆشە. ئیکێگای واتە هۆکاری بەیانی لەخەو هەڵستانت. پاککەرەوەی شەمەندەفەرەکەی تۆکیۆ بە هەمان شانازی کار دەکات کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکە زەبەلاحی وەك سۆنی دەیکات.
مۆنۆزوکوری (Monozukuri): دروستکردن بە ڕۆحەوە. کاتێک هیچت نییە، دەبێت شتەکان بە ڕۆح دروست بکەیت.
ئەم پیرۆزکردنە نرخی هەبوو – دیاردەی کارۆشی (مردن بەهۆی زۆر کارکردنەوە) وایکرد ژاپۆن یاسای چاکسازی کار دەربکات، بەڵام ئەوەش دەیسەلمێنێت کار لای ئەوان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک تاکەکەسی.
شەشەم: سێ بنەمای هەستانەوەی هەر میللەتێک – وانە بۆ ئێمە
١. پەروەردە و مامۆستا: ژاپۆن لە ١٨٧٢دا کاتێک هێشتا سوپای نەبوو، یەکەم یاسای خوێندنی ناچاری دەرکرد. بەرزترین مووچەی دا بە مامۆستا.
٢. لادێ پێش شار: باجی برنجی بردەوە بۆ قوتابخانەی لادێ. کۆمپانیای هاوکاری Nokyo ی دانا.
٣. ژن پێش پیاو: لە ١٨٧٢دا کچانیشی ناردە قوتابخانە.
کۆتایی: موعجیزەی ڕاستەقینە
موعجیزەکە ئەوەیە:
زەویان نەبوو، بەڵام لە خراپترین جۆری زەویدا ئەندازیاری بلیمەتیان خوڵقاند.
کانزایان نەبوو، بوونە هونەرمەند و وەربەرهێنانیان لە مێشکی منداڵەکانیاندا کرد.
سەقامگیریان نەبوو، بوونە ژیرترین و یەکگرتووترین کۆمەڵگەکانی مرۆڤ.
خەڵکیان نەبوو، بوونە داهێنەری ڕۆبۆت.
کارێکی بێ مانایان نەبوو، کارەکەیان کردە مانای بوونیان.
من ىڕوام بە موعجزە نییە وەك ئەوەی بڕوادارانی ئاین بڕوایان پێیەتی، بەڵام باکم نییە لەبەردەم تۆیی خوێنەردا بڵێم: “ژاپۆنیەکان موعجزەیان خوڵقاند و کێوی مەحاڵاتیان کوناودیو هەڵکۆڵی”.
