Home بیروڕائێران.. نەشتەرگەرییەکی گرنگ و پێویست!

ئێران.. نەشتەرگەرییەکی گرنگ و پێویست!

by admin
0 کۆمێنتەکان 4 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
بەرخۆدانی ئێرانیش وەک گەلەکەی، دەیەوێت کۆمارێکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانبوونی نێوان ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئێرانێکی نائەتۆمی، دوور لە چەکی کۆمەڵکوژی بونیات بنێت کە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان و هاوکاریکردنی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بێت و هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلەکەی. بە واتایەکیتر، پێش هەموو شتێک کار بۆ گواستنەوەی سەروەری بۆ خەڵکی ئێران دەکات. درووشمی بەرخۆدان و حکومەتی کاتی بریتییە لە “ئاشتی و ئازادی”. لە ئێران جگە لە پاشماوەکانی هەر دوو رێژیمی (ئاخوندان) و رێژیمی(شا) کەس شەڕی ناوێت. بەرخۆدانی ئێران شانازی بەوەوە دەکات کە بە درێژایی مێژووی ئەم رێژیمە “ئاڵا هەڵگری ئاشتی” بووە. هەر لەبەر ئەمەشە کە بەرخۆدانی ئێران، چارەسەری کێشەی ئێران، نە لە سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت و نە تەنانەت لە شەڕێکی دەرەکی دژ بە دیکتاتۆرییەتدا دەبینێت. ئەم بەرخۆدانە بانگەشەی رێگاچارەی سێهەم دەکات بۆ کێشەی ئێران کە بریتییە لە “گۆڕینی رژیمی ئێران لە سەر دەستی خەڵک و بەرخۆدانە رێکخراوەکەیان”.
رێژیمی ئێران لە دوو رێیانی ستراتیژیکی شەڕ و ئاشتی
رێژیمی دیکتاتۆریی ئێران لە (گەل) و (نیشتمان) نییە. بەردەوامبوونی شەڕی دەرەکی یان تەسلیمبوون بە ئاشتی، هەرچەندە جەوهەری رووخاندنی ئەم رێژیمەی لە هەناودایە، بەڵام “چارەسەر”ی کێشەکە ناکات. بە واتایەکیتر، هەرچەندە لە ئێران کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت بێ مشتومڕە، بەڵام سازان یان شەڕی دەرەکی نابێتە هۆی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. دیکتاتۆرییەت بۆ لەسەر پێ مانەوەی، پێویستی بە سازان یان شەڕی دەرەکی هەیە!
کۆمەڵگای ئێران روو لە تەقینەوەیە و لە ئەمبارێکی باڕووت دەچێت کە تەقینەوەکەی حەتمییە. لە هەر ساتێکدا و رەنگە بە پریشکێک، راپەڕین و شۆڕش رووبدات. رێژیمی دیکتاتۆری لە تەقینەوەیەکی لەو شێوەیە تۆقاوە. چارەسەری ئازارەکە لای خەڵک و بەرخۆدانەکەیاندایە. خەڵکی ئێران رانەپەڕیوە بۆ ئەوەی جارێکیتر ملکەچی دیکتاتۆرییەکیتر بێت. کۆڕ و کۆبوونەوەی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی بێهودە هەوڵی سەپاندنی ئەڵتەرناتیڤێکی “ساختە” و فەیکی، پاشایەتی (لە ژێر ناوی کوڕی شا) بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا دەدەن بە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر و بەکارهێنانی ئامێری پڕوپاگەندەی زەبەلاح. ئەم رەوتە هەوڵی داوە بە ئێستایشەوە کە رێبازی راپەڕینی خەڵکی ئێرانی بگۆڕێت. بەڵام بەو پێیە، کە ئەم پڕۆژەیە لە ناو خەڵکدا خاوەن رەگ و ریشە نییە و رێکخستنێکی رێک و پێکی نییە و ناتوانێت نرخی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا بدات، لە کردەوەدا، زۆر بە خێرایی تووشی دابەزینی زەلیلانە بووە.
ناکریت بە زمانێکی نەرم و دیپلۆماسیەتی پاڕانەوە، پێش بە دەستدرێژییکردنەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بگیردرێت. ئێران بەرەو دیموکراسی و ئازادی هەنگاو دەنێت. ئەو هێزانەی هەوڵی سەپاندنی دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا دەدەن، دەبنە بڵقی سەر ئاو و لە ناو دەچن!
ئەو هێزانەی هەڵقوڵاوی دیکتاتۆرییەتن و دەیانەوێت بە درۆکردن و دووفاقییەت و ناڕوونی، دەستکەوتەکانی خەڵک فیڕۆ بدەن یان بدزن، لە دیوی دۆڕاوی گۆڕەپانەکەدان. بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، دەبێ (دیکتاتۆرییەت) باش بناسرێت و رەتی بکەیتەوە و بەرەنگاریی ببێتەوە. ئەوانەی بەرەنگاری دیکتاتۆرییەت نەبوونەتەوە و باجەکەیان نەداوە، ناتوانن و نایانەوێت دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕوخێنن. ئێران و خەڵکی ئێران رۆڵە و بزووتنەوە راستەقینەکانی خۆیان باش دەناسن و ملکەچی رەشبگیری و سەپاندن و هەڕەشە و فریودان نابنەوە. ئەوان (کۆمارێکی دیموکراتیک)یان دەوێت.
بۆچی خومەینی شەڕی هەڵبژارد؟
خومەینی بە مەبەستی سنووردارکردن و بلۆککردنی هەموو زمان و قەڵەم و میدیاکان و ناچارکردنیان بە تەسلیمبوون، ویستی “دوژمنی سەرەکی” خەڵکی ئێران، کە حکوومەتی ویلایەتی فەقێ بوو، بە شەڕێکی دەرەکی داپۆشێت! جەواد مەنسووری، یەکێک لە فەرماندە یەکەمەکانی سوپای پاسداران، لە کەناڵی ئاسمانی ئاستان قودس، بەرنامەی “گەرا”، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وتی: ئەگەر شەڕ نەبوایە، پێموایە (شۆڕشی ئیسلامی) لەناو دەچوو، ئەوە ئەو (شەڕ)ە بوو کە شۆڕشی ئیسلامیی لەسەر پێ راگرت، دەسەڵاتی پێ بەخشی و ئەزموونی دایە و ورە و پێگەی پێبەخشی، لە رێگەی شەڕەوە بوو کە توانیمان لە ناوخۆی وڵات لایەنانی دژە شۆڕش سەرکوت بکەین”.
رێژیمی ئێران لاواز بووە!
ئەوانەی پێیان وایە لە بە شەڕی دەرەکیدا، رژیمی ئێران لاوازتر و لاوازتر بووە، هەرگیز دەرفەتی مانەوە بەم رێژیمە نادەن. ئەوان بە پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و موقاومەت، شەڕی خۆیان لە دژی رێژیمی دیکتاتۆری پەرەپێدەدەن و دەرفەتێکی دیکەی هەناسەدان بەم رێژیمە نادەن. هەر بەم شێوەیەیە کە ناوچەکە و جیهان لەو دیاردەیە رزگاری دەبێت، کە پێی دەوترێت “رێژیمی شەڕخواز و شەڕفرۆشی ئێران”. ئەمە گۆڕانکارییەکی جددی دەبێت لە بیرکردنەوە و کردەوەی لایەناندا. چونکە تا رێژیمی ویلایەتی فەقێ لە دەسەڵاتدا بێت، ئەم ناوچەیە لە جیهان سەقامگیری و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێت.
مانەوە و قبووڵکردنی ئەم رێژیمە دیکتاتۆرییە لە ئێراندا، هاوتایە لەگەڵ ناسینی ئەم دیاردە نەگبەتییە. ناسین و پێناسەکردنی راست و دروست و وردی ئەم دیاردەیە، مەرجێکە بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوو و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. ئەزمونی سەردەمی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئێران و شەڕی دەرەکی لە دژی ئەم رێژیمە، نیشانی داوە کە ئەم “گرێ شێرپەنجەییە” دەبێت بە هێنانی پزیشکی نەشتەرگەر (واتە خەڵک و بەرخۆدانی ئێران) لابدرێت. بەبێ هێنانە مەیدانی و پشتیوانیکردن و بە رەسمی ناسینی خەڵک و بەرخۆدانی ئێران، نەک هەرگیز جەستەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رزگار نابێت، بەڵکو بە شێوەی جۆراوجۆر گەشە دەکات و تا دێت کاریگەری لەسەر وڵاتانیتر پەرە دەسەنێت. هەر بۆیە پێویستە پێش ئەوەی درەنگ بێت هەنگاو بنرێت. خەڵک و بەرخۆدانەکەی، کە توانای رووخاندنی ئەم رێژیمەیان هەیە، بەردەستن!
پێویستە بگوترێ کە لە ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، تەلەفیزیۆنی حکومەتی ئێران پوختەیەکی بەیاننامەی سەرۆکایەتی مەجلیسی خیبرەگان (پسپۆڕان)ی ئەم رێژیمەی خوێندەوە کە جەوهەر و ناوەڕۆکی سەرەکی ئەو بەیاننامەیە، هاندانی شەڕ و درێژەدان بە شەڕە. ئەم بەیاننامەیە چەقبەستوویی رێژیمی ویلایەتی فەقێ لە کردنەوەی رێگا بەرەو داهاتووی ئێران، بە لێدانی “تەپڵی شەڕ” و لەسێدارەدانی زیاتر دەردەخات.
***

لێدوانێک بەجێ بهێلە