عامر سابیر: 
یەکەم:
بەدوای کودەتای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ دا کە لە عێراقدا بە شۆڕش ناوبراوە، “پاپۆڕێکی یەکێتی سۆڤێت بەرەو عیراق بەڕێوە بوو مەلا مستەفای بارزانی و یاوەرانیی بۆ نیشتیمان دەگواستەوە”. بەهادین نوری کە لە ١٩٤٩ بۆ ١٩٥٣ سکرتیری حیزبی شیوعی عێراق بوو، ئەڵی “هاوڕێیانی خۆمانمان لە شاری بەسرە ڕاسپارد هاوبەشی ڕێخستنی پێشوازییەکی جەماوەری شایان بۆ ئەو میوانانە بکەن کە دوازدە ساڵی ژیانی دوورە وڵاتیان لە هەندەران بەسەربردبوو”ل٢٩٧(١).
بەهادین نوری لە ل ٣٠٨ ول ٣٠٩ی بیرەوەرییەکانیدا بەردەوام ئەبێت و ئەڵێ “یانەی کوردانی فەیلی لە بەغدا ئاهەنگێکی گێڕا لەسەر شەرەفی هەم مەلا مستەفای بارزانی دوابەدوای هاتنەوەی لە دورە وڵات و هەم ئێمەی گروپێک لەو شیوعیانەی کە پاش شۆڕش لە بەندیخانە دەرچووین. چەند سرود و گۆڕانییەکی نیشتیمانی لە ئاهەنگەکەدا پێشکەشکران و چەند شیعار و هوڕا کێشانێکی هەمە چەشنەی دژی کۆڵۆنیالیزم و کۆنەپەرستان تێکهەڵکێش بوو. کە جەماوەری ناو ئاهەنگەکە بە شێوەیەکی پڕجۆش شیعاری بۆ ژیانی بارزانی کێشا، بارزانی هەستاو ئامادەبوونی بێدەنگ کرد و بە نەریتە ساکارە جووتیار ئاساکەی داوایلێکردن شیعار بۆ ژیانی پێشەوا (زەعیم) عەبدولکەریم قاسم بکێشن، نەک ئەو کە بەقسەی خۆی شەرافمەند دەبێ هەر ئەوەندە ببێتە قەیتانی پێڵاوەکانی زەعیم عەبدولکەریم قاسم”(٢).
ئەم خۆبەکەمزانینەی مەلا مستەفای بارزانی، کە لە ئاهەنگی فەیلییەکانی بەغداددا تووڕە ئەبێت لەسەر ئەوەی بە زەعیم (پێشەوا) ناوی ئەبەن و ئەڵێت نەخێر من زەعیم نیم، عەبدولکەریم قاسم زەعیمە و من پێڵاوی قۆندەرەکانی ئەوم. ئەم خۆبەکەمزانیینە خەسڵەتی زۆربەی هەرە زۆری سەرانی بزووتنەوەی دواکەوتووی کوردایەتییە، کە ئاوا ملیان لە موو باریکترە لە بەرانبەر کەسانی بێگانەدا، بەڵام ملهوڕ و درندە و ستەمکارن لە بەرانبەر نەیارانی سیاسی خۆیاندا لە کوردستاندا.
دووەم:
بۆ کرێکارانی سۆشیالیست و هەڵسوڕاوانی کرێکاری کوردستان، خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی بەهادین نوری لەبەر یەک شت گرنگە. هەرچەندە حیزبی شیوعی عێراق لەو دەورانە حەساسەی کە بەهادین نوری یادەوەرییەکانی تیادا نووسیوەتەوە، یەکێک لە گەورەترین حیزبە شیوعییەکانی ناوچەکە بوو و حیزبێکی کۆمەڵایەتی و ئەندام زۆر و گەورە و بەرفراوان بوو، بەڵام چونکە هەرگیز حیزبی دەسەڵاتی سیاسی نەبوو وە هەوڵی بۆ نەدا و خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆی نەبوو. وە چونکە هەمیشە هاوکار و برا بچوکی بۆ حیزبە بۆرژوازییەکانی تر کردووە و هاوئاهەنگیان بووە و بەرەی لەگەڵدا پێکهێناون، بۆیە لەوپەڕی گەورەیی و بەربڵاوی خۆیدا هیچی لەدەست نەهاتووە کە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاری عێراقدا بیکات و دەسەڵاتی سیاسی بگرێ و سۆشیالیزم دامەزرێنێ، بەڵکو بەردەوام فلیقاوەی بەر دەستوپێی بۆرژوازی بووە و باشترین و ئازاترین کادرەکانی خۆی بێ ئامانجێکی ڕوون کردۆتە قوربانی و بۆرژوازی سەرکوتی کردوونە و ئیعدام و ئەشکەنجەی کادیرانی کراوە و تیرۆرکراون.
لە حیزبی شیوعی عێراقدا، لەو دەورانەدا کە بەهادین نوری یادەوەرییەکانی تیادا نووسیوەتەوە، کۆنگرە و پلینیۆم و کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی، هیچ محەلێکی نەبووە لە ئیعرابی حیزبی شیوعی عێراقدا! بەڵکو سکرتێر هەموو کارە بووە و بە پێ عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆی، هەموو بڕیارێکی چارەنوسساز و گەورە و بچوکی داوە. ئەم نەقسە گەورەیە، بە هەبوونی سەرکوت و ئیستیبداد پاساو نادری. بە پێچەوانەوە لەوکاتانەدا زەرورەتی ئۆرگانە حیزبییەکان و دەوریان لە چارەنووسی حیزبدا، چەندین قات پێویستترە.
لە دوای خوێندنەوەی ئەم یادەوەریانەی بەهادین نوری، خوێندنەوەی باسەکانی مەنسور حیکمەت، بە تایبەت وتاری (حیزب و دەسەڵاتی سیاسی)(٣) و (حیزب و کۆمەڵگا)(٤) زۆر پێویستە و بەرچاوڕوونی زیاتر ئەخاتە بەردەم هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان. حیزبێکی کۆمۆنیست، ئەگەر لە ڕۆژی یەکەمی دروستبوونییەوە تەماحی گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی چارەنووسی کۆمەڵگا نەبێت، ئەوا هەر بۆ ئیهمالکردن باشە.
سەرچاوە:
(١)و(٢): بیرەوەرییەکانی بەهادین نوری، بەشی یەکەم، چاپی یەکەم، ئابی ٢٠٠١، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای دیموکراسی، وەرگێرانی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی سەردار ساڵح، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، ژمارەی سپاردن (٥٢)-١٩٩٥.
(٣) لینکی وتاری حیزب و دەسەڵاتی سیاسی، لە نووسینی مەنسور حیکمەت (١٥/٤/١٩٩٨).
حیزب و دهسهلاتی سیاسی – Mansoor Hekmat
https://hekmat.public-archives.com/ku/3510ku1.html
(٤) حیزب و کۆمەڵگا: لە گروپی فشارەوە بۆ حیزبێکی سیاسی، وەرگێڕانی سەعید ئەحمەد. ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە (انترناسونال)ی ژمارە ٢٩ی ئایاری ١٩٩٩دا بڵاوکراوەتەوە.
https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1998_hizb_u_komelga.pdf
٢٤/٩/٢٠٢٦
