Home بیروڕاکۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە، پێشمەرجی کۆتایهێنانە بەم کابوسستانە!

کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە، پێشمەرجی کۆتایهێنانە بەم کابوسستانە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 14 بینینەکان

رێبوار ئەحمەد: 

کوردستان و خەڵکی کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی داسەپاوی دوو بنەماڵەدا خەریکە لەناو جەور و ستەم و بێدەرەتانیدا دەخنکێن. ئەم دوو بنەماڵەیە سەرو میلیشیا و کۆمەڵیک دەزگای سەرکوت و گەوجاندنیان دامەزراندوە و بەدەر لەهەر یاساو شەرعیەت و پرەنسیپیکی مەدەنی، دەستیان بەسەر دەسەڵات و سامان و داهاتی ئەم کۆمەڵگایەدا گرتووە. کۆمەڵکیان کردووە بە مورید و دەستیار و پاسەوانی گوێلەمشتی خۆیان و جەماوەرێکی ملیۆنیان پێ یەخسیر کردوە. تەواوی ژیان و چارەنوسی خەڵکیان کردوە بە بارمتەی بەرزکردنەوەی قەڵای سەروەتی خۆیان و کەمایەتیەکی سەرمایەدار. جەماوەرێکی ملیۆنی بە کار و ڕەنج و ماندووبوونی بێسنور فریای دابینکردنی ژیانێکی سادە بۆ خێزانەکانیان ناکەون. دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە، کە لەئێستادا ئەلگۆی بەرجەستەبووی دەسەڵاتی چینی بورژوازی کوردە، هەرچی مانای پێداویستیەکانی ژیانە لە خۆراک و پۆشاک و سوتەمەنی و ئاو و کارەبا و خوێندن و تەندروستی و هەموو شتێکیان کردوە بە بابەتی بیزنسی ئەم دوو بنەماڵەیە و دەستوپێوەندەکانیان.

بەشێکی زۆر لە کرێکاران ئەگەر شانسیان هەبێت بە کاری تاقەتپڕوکێنی ڕۆژ تا ئێوارە لە کارگە یان بیناسازی یان ژینگەپارێزی و.. بە ٣٠٠-٥٠٠ ئەوپەڕی ٦٠٠ هەزار دینار پەیدا بکەن، یان دوای دەیان ساڵ خزمەت و ماندووبوون خاوەن خانەنشینیەکی ٥٠٠ هەزار دیناریش بن، هەموو کرێ و مووچەکەیان بەشی دوو سەردانی دکتۆر یان یەک شەو مانەوە لە نەخۆشخانەی ئەهلی ناکات، چۆن دەکرێت بەم داهاتە کرێی خانو و خۆراک و پۆشاک و دکتۆر و دەرمان و سوتەمەنی و ئاو و کارەبا و هاتوچۆن و خوێندن..و…بۆ خیزانێک دابین بکرێت؟! لێشاوێک لە گەنجانی دەرچووی زانکۆکان تەنانەت کار و داهاتێکی وەهاشیان بۆ بووەتە ئاواتێکی دوورەدەست. دۆخی کرێکارانی دیکە و مامۆستا و کارمەند و کاسبکارانی تریش هەروایە، تەنانەت ئەگەر جیاوازیەکی کەمیشی هەبێت، بەڵام هەرگیز بەرگەی ئەو دۆخی ژیان و گرانیە کەمەرشکێن و سەختە ناگرێت کە بەرۆکی پێگرتوون. بەم حاڵەشەوە ڕێژەیەکی گەورەی خەڵک بێکار و بێدەرامەتە. دامەزران نیە، پلە بەرزکردنەوە نیە. مووچەیەکیش کە تەنها چەند سەعاتێک لە دەست و گیرفانی کرێکار و کارمەند دەمێنێتەوە، بە هەزار ئەگەر و نەگەرەوە هەمیشە دەبێتە میوانی درەنگوەختی خەڵک.

دەسەڵاتی دیستۆپیست(ستەمکار، زۆردار، ڕەها و ناقانونی، ناشەرعی، سەرکوتکەر)ی بنەماڵەیی و میلیشیایی کە خەڵکی بە سەدو یەک قەیدو بەندی ئابوری و سیاسی گیرۆدە کردووە، بەڵام خۆی پابەندی هیچ بەرپرسیارێتیەک نیە بەرامبەر ژیانی خەڵک. ئەوانەی لە ڕابردودا ناویان خزمەتگوزاریە گشتی و دەوڵەتیەکان بوو، هەنگاو بە هەنگاو بە بەرنامەوە بەرەو پوکاونەوە و لەناوبردن براون، کەچی لیستی ئەو باج و سەرانە جۆراوجۆرانەی لەسەر خەڵک و کاسبکار و بازاڕ و هەموو مامەڵەیەک دانراوە هەتا بێت درێژتر دەبێتەوە. لەکۆتایشدا قورسایی هەموو ئەمانە خەڵکی کرێکارو مامۆستا و کارمەند و کاسبکار دەیداتەوە و لە قاڵبی گرانبونی نرخی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە بەرۆکی ئەوان دەگرێتەوە. داهاتی ئەم باج و سەرانەیەش ڕێکوڕاست دەچێتە خەزێنەی هەرگیز پڕنەبووی هەردو بنەماڵە و دەستوپێوەندەکانیانەوە. نەوت بە قانونی و قاچاخ دەفرۆشن و داهاتی بۆ خۆیانە، باج و سەرانە و گومرکی هەمەجۆرە وەردەگرن و داهاتەکەی بۆ خۆیانە، موڵکی دەوڵەتی و شارەوانی دەفرۆشن پارەکەی بۆ خۆیانە، سەدویەک کۆمپانیای جۆراوجۆریان دامەزراندوە و لە خۆراکەوە تا تەندروستی، تا خوێندن، تا ئاو، تا کارەبا، تا خانوبەرە، تا سوتەمەنی و هەموو مەیدانەکانی کار و بازاڕ و بازرگانیان قۆرخ کردوە. ئەم دەسەڵاتە لەسەروو هەموو ئەوانەوە دەیان مووچەی ئەم خەڵکە قەرزارە. حکومەت قەرزی خەڵک ناداتەوە، بەڵام ئەگەر هاوڵاتی قەرزی داسەپاوی حکومەت نەداتەوە، ئاو و کارەبای دەبڕدرێت.

دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵە تاڵانگەرە بەبێ ئەوەی تۆزقاڵێک شەرم و شکۆی هەبێت، لە میدیاکانی خۆیانەوە، دۆخی کارەساتبار و دڵتەزێنی ئەو خێزانانە نمایش دەکەن کە نەداری خنکاندونی و بەحاڵ هەناسە دەدەن. هانیان دەدەن باسی ژیانی کارەساتباری خۆیان بکەن و بەدەم گریان و کوڕزانەوە و پاڕانەوەوە، تکا لە دەوڵەمەند و سەرمایەداران بکەن بۆئەوەی ڕەحمیان بجوڵێ و وەکو خێر و سەدەقە خەرجی نانی وشک یان سەرپەنا یان نەخۆشە بێچارەکانیان بۆ دابین بکەن. ئەم دوو بنەماڵەیە کە لەسەر قەڵای سەروەتی بێسنوری نەوت و داتەکاندنی گیرفانی خەڵک و بە بیزنسکردنی تەواوی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک دانیشتون، کەچی مایکرۆفۆن دەخەنە بەردەم خەڵک و ڕێگای کوڕوزانەوە و پاڕانەوە بۆ خێروسەدەقەیان نیشان دەدەن. دەسەڵاتێکی باج و سەرانە و گومرکخۆر و تاڵانگەر ئامادە نیە کەمترین بەرپرسیارێتی تەنانەت بەرامبەر دۆخی ئەو هاوڵاتیانە نیشان بدات کە لە لێواری مەرگن یان ژیان بۆیان بووە بە دۆزەخ و کارەسات.

مەسعود بارزانی و شازادە و بەچکەشازادەکانی بنەماڵەکەی لەلایەک و کوڕانی تاڵەبانی و بنەماڵەکەیان لەلایەکی ترەوە، هەرکامیان شارێکی تەواویان کردوە بە کۆشکی پاشایەتی بە هەموو هۆکارە سەرسوڕهێنەرەکانی ژیانی فیرعەونانەوە. بەچکەشازادە تازەپێگەیشتوەکانیان کە یەکجاریش دەستیان لە گەرم و سارد نەداوە و هەر نازانن کار مانای چیە، ڕێک لەسەر حیسابی ئەم بێدەرەتانیەی خەڵک بوونەتە ملیاردێر. هەریەک لەم بنەماڵانە بە زەبری میلیشیا و دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و ئاسایش و دژە تیرۆر و جۆرەها دەزگای سەرکوت و گەوجاندن، خۆیان کردوە بە پاشای ناوچەیەک. تەواوی ئەوانەی ناویان نراوە پەرلەمان و ئەنجومەن و دادگا و شارەوانی و گوایە بە هەڵبژاردن هاتون، جگە لە کارتۆن و ڕووپۆشێک بۆ دەسەڵاتی ڕەها و داسەپاوی بنەماڵە هیچی تر نیین. دەسەڵات بە موتڵەقی لە دەستی ئەم دو بنەماڵەیەدا قەتیسکراوە، ئەوانەی وەکو دامودەزگای دەوڵەتی و مەدەنی و یاسایی نیشان دەدرێن، کۆمەڵیک مورید و گویڕایەڵ و ملبەفەرمانن بۆ خزمەتی دەسەڵاتی ئەم پاشا و شازادانە. ئەوە لە مێژووی ٣٥ ساڵی ڕابردووی ئەم کۆمەڵگایەدا تۆمار بوو کە بارزانیەکان و تاڵەبانیەکان، بەدیاریکراوی مەسعود بارزانی و تاڵەبانی باوک و کوڕ،٣٥ ساڵ کاتیان هەبوو، بەڵام لە سەدەی بیستویەکدا بە فۆرمی دەسەڵاتی دیستۆپیستی سەدەکانی ناوەڕاست و بەزەبری هێز، کۆمەڵگای مودێڕنی کوردستانیان یەخسیر و گرفتار و بێچارە کردوە.

ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە کۆنەپەرستە، ستەمکارە، تاڵانگەر و سەرکوتگەرە، بۆ داسەپاندنی خۆی هەموو جۆرە کۆنەپەرستیەکی ئیسلامی و عەشیرەتگەری و دابونەرێتێکی پرتوکاو و دواکەوتوانەی پاڵپشتی و دەمەزەرد کردەوە. ئەم دەسەڵاتە داسەپاوە هیچ جۆرە شەرعیەتێکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەخلاقیشی نیە و هەرگیز شایستەی خەڵکی شارستانی و کۆمەڵگای مودێڕنی کوردستان نیە، لەگەڵ سەرەتایترین پێوانەکانی سەردەم و ماف و ئازادیە سەرەتاییەکانی هاوچەرخدا ناکۆکی لەچارەنەهاتووی هەیە. ئەم دەسەڵاتە تەنها ستەمکار و زۆردار نیە، تەنها کۆنەپەرست و دواکەوتو نیە، تەنها تاڵانگەر و داتەکێنەری گیرفانی خەڵک نیە، بەڵکو کۆمەڵگای کوردستانی تا لێواری وێرانی و نابوتی پاڵ پێوەناوە. بۆیە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی پێشڕەوانە و دەرهێنانی ژیانی خەڵک لەم مەرگەساتە، بەر لە هەر شتێک بەندە بە کۆتایهێنانی ئەم دەسەڵاتەوە. ئەمە لەئێستادا کۆسپ و لەمپەری سەرەکیە لە بەردەم هەرجۆرە بۆپێشەوەچوون و باشتربوون و گۆڕانێک بەرەو ژیانێکی شایتەی مرۆڤی هاوچەرخ. کۆتایهینان بەم دەسەڵاتە هەنگاوی یەکەم و سەرەتای گیرسانەوەی کۆمەڵگایە لەسەر ڕەوت و ڕەوەندیێک کە دەتوانێ بگات بە دامەزرانی دەسەڵاتێکی پێشڕەوانەی پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک. دەسەڵاتێک کە ئیرادە و بەرنامەی سەرەکی فەراهەمکردنی ئازادی و کۆتایهێنان بێت بەو هەموو بێدەرەتانیەی کە دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی تاڵەبانی و بارزانی خوڵقاندویانە.

بێگومان لەکارخستن و وەلانانی ئەم دەسەڵاتە پڕچەک و پارە و ستەمکارە، کارێکی ئاسان نیە، بەڵام مەحاڵیش نیە. ئەو ملیۆنەها ژن و پیاوە کرێکار و مامۆستا و کارمەند و زەحمەتکێش و لاو و بێکار و کاسبکارەی کە گرانی و بێدەرەتانی و ستەم هەراسانی کردوون، ئەگەر یەکگرتوو ڕێکخراوبن، ئەگەر لە دەوری ئاسۆیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەم مەملەکەتی دێستۆپیا و کابوسستانە ئیرادەبکەن و بێنەمەیدان، دەتوانن دەسەڵات و چەک و پارەی ئەوان ئیفلیج بکەن و لە کاری بخەن. دەتوانن دەسەڵاتی ستەمکاری ئەم بنەماڵە ستەمکارانە کۆتایبهێنن و گوێی هەموو تاڵانچی و تاوانبار و ستەمکارێك بگرن بۆ بەردەم دادگای شۆڕشگێڕانەی خەڵک. تەوەری سەرەکی باسەکانی پلینۆمی ٣٣ی کۆمیتەی ناوەندی لە دەوری ئەم مەسەلەیە و لەسەر پێویستی و چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە چەقی بەست، لەسەر ئەم بنەمایە و لەم پێناوەدا ئەرکە سەرەکی و دەستبەجێکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دیاریکرد.

بێگومان ئەم ئاڵوگۆڕە لە دەسەڵات و لە دۆخی ژیان، سەرئەنجام کارێکە کە دەبێ بە دەستی جەماوەری فراوانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ڕێکخراو و یەکگرتوو لە دەوری ئەم ئاسۆیە یەکلابکرێتەوە. ڕیکخراوە و کۆڕ وکۆمەڵ و تۆڕەکانی کرێکاران و ژنان و لاوان و مامۆستایان و کارمەندان ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەیە لەم خەبات و ئاڵوگۆڕەدا. ئەو ڕیکخراوانەی هەن پێویستە بەهێزبکرێن و پەرەیان پێبدرێت، لەو جێگایانەی کە نیین پێویستە دابمەزرێن و جەماوەر لە دەوریان ڕێکخراو و یەکگرتووبکرێن. یەکگرتن و ڕیکخراوبوون مەرجی سەرکەوتنی ئەم خەباتەیە بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگا لەم دۆزەخ و مەرگەساتە. هەرجۆرە چاوەڕوانیەک لەم دەسەڵاتە، تەنانەت بۆ چارەسەری سادەترین گرفتی خەڵک، خۆشباوەڕیەکی ناڕەوا و ناحەقە و دەبێتە مایەی قوڵبونەوە و کەڵەکەبونی نەهامەتی زیاتر و بێدەرەتانی زیاتر. هەر لەبنەڕەتەوە چارەسەری سەرەتاییترین کێشەکانی خەڵک بە هیچ جۆرێک لە سیاسەت و بەرنامەی کاری ئەم دەسەڵاتەدا نیە. ئەوان هێشتا لەبیری ئەوەدان و بەرنامەڕێژی بۆ ئەوە دەکەن چۆن زیاتر و زیاتر خوێنی خەڵکی بێدەرەتان بمژن، تا ئەو ڕادەیەی کە چاویان لەوەیە چۆن لە کۆتا هەناسەی نەخۆشەکان، قازانج بکێشنەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکانی خۆیان. بۆیە پێویستە خەباتێکی سەرتاپاگیر لە هەموو مەیدانەکاندا دژی ئەم مەرگەساتە پەرەبگرێت. لە داسەپاندنی داخوازیەکەوە تا ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی تەنها بەم خەباتە مەیسەر دەبێت. ڕۆڵی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و ژنان و لاوان و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی پێشکەوتنخواز، لەم خەباتە و لە ڕێکخراوکردن و یەکگرتووکردنی جەماوەر زۆر حەیاتی و چارەنوسسازە و دەتوانێ ئەم ڕێگایە و ئەم گۆڕانە هەموارتر و مەیسەرتر بکات.

٢٠/٩/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە