موحسین کەریم: 
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی ئەیلول/ سێپتێمبەری ٢٠٢٦، یارا ئاریان ئەحمەد، خوێندکاری کچی تەمەن (١٠) ساڵ، پۆلی چوارەمی سەرەتایی، لە قوتابخانەی ئەهلی( رۆیال کەنەدیان ئینتەرناشناڵ) لە شاری ئابوریناسان لە سلێمانی، دوای تەواوبوونی دەوام، لەکاتی چوونەدەرەوە بەرەو ماڵ، بەداخەوەخۆی دەکێشێت بە یەکێك لە دەرگا شوشەکانی خوێندنگاکەدا و بەهۆی شکانی شووشەکەوە، بە سەختی بریندار دەبێت. سەرەڕای گەیاندنی بە نزیکترین نەخۆشخانە(نەخۆشخانەی شۆڕش)، بەڵام بەهۆی قووڵی برینەکەی و خوێن لەبەرڕۆشتنەوە ماڵاوایی لە ژیان دەکات!
ئەگەرچی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی روداوەکە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دەستی پێکردوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ڕووداوەکە ئاکامی کەمتەرخەمی و چاوچنۆکی ئەو کۆمپانیایەیە کە قوتابخانەکەی دروستکردوە. کۆمپانیای ناوبراو لەکاتێکدا هەزارو یەك حسابی کردوە لەڕووی تەکنۆلۆژیای خانوبەرەوە، بۆئەوەی قازانجی خۆی لە دروستکردنی شارێکی نیشتەجێبوون دابین و مسۆگەر بکات، دەیان ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی شوقە و ڤێلا بەدەستهێناوە، بەڵام ئامادە نەبووە سەرەتاییترین پێودانگەکانی سەلامەتی لەناو خوێندنگاکەدا دابین بکات، کە ئەویش دیسانەوە بووتە ناوەندێکی بازرگانی و کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حسابی گیرفانی کەسوکاری مناڵان بەناوی خوێندن و خوێندنگەی ئەهلیەوە.
بەپێی رێنماییەکانی سەلامەتی لە خوێندنگاکاندا، دەبێت دەرگای شووشە، بەتایبەتی ڕوون کە ئەگەری بەرکەوتنی مناڵانی هەیە، لە شووشەی تایبەتی(سیکوریت) یان (شووشەی سەلامەتی لامینەیت) دروستبکرێت، کە لەکاتی شکاندا پارچەی گەورە و تیژی لێنابێتەوە و نابێتەهۆی بریندارکردنی مناڵانی خوێندکار. بەڵام ئەوەی کە پارچە شووشەکە بوەتە هۆی دروستکردنی برینی قووڵ لە جەستەی (یارا)دا و خوێن لەبەرڕۆشتنی زۆر و سەرەنجام ژیان لەدەستدانی، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو شووشەیەی دەرگاکەی لێ دروست کرداوە، شووشەی ئاسایی بووە و لەکاتی بەرکەوتنیدا شکاوە و پارچەی گەورەو تیژی لێبۆتەوە! بەوجۆرە بەشێکی گرنگ لە بەرپرسیارێتی ژیان لەدەستدانی( یارا) دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیای خاوەن شاری ئابوریناسان کە خوێندنگاکەی دروستکردوەو ڕەچاوی بنەماکانی سەلامەتی نەکردوە!
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگا، بێبەش نابێ لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مەرگی (یارا)، بەوەی رەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی مناڵانی خوێندنگاکەی نەکردوە و ئامادە بووە لە دۆخیكی مەترسیداردا درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدات. چونکە ئەگەر خاوەن کۆمپانیا تەنها بیر لە بەرژەوەندی و قازانجی خۆی دەکاتەوە، ئەوا دەبوایە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگاکە، کە گوایە ئەهلیەو ستانداردەکانی خوێندن و یاساو رێساکانی خوێندنگاو سەلامەتی و… تاد. هەمووی لە ئاستی بەرزدایە کە بەراورد ناکرێ بە خوێندنگا حکومیەکان، ئەو جۆرە شووشەیەی قبوڵ نەکردایە! بەڵام دیارە لەکاتێکدا خوێندن کە مافێکی سەرەتاییە، بکرێتە کەرەستەیەکی بازرگانی و کەڵەکەی قازانج بۆ کۆمپانیاکانی خوێندنی ئەهلی، ئەوا هەمان بنەمای (قازانج پێش سەلامەتی) کاری خۆی دەکات و ئەنجامەکەشی مەرگی خوێندکارێکی دە ساڵان دەبێت!
بەڵام لەسەروو هەموویانەوە، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەکەی بەرپرسیاری یەکەمن لە مەرگی تراژیدی(یارا) و چەندین رووداوی دڵتەزێنی دیکە کە لە خوێندنگاکانی هەرێمدا روویان داوە و ڕوو دەدەن. حکومەتی هەرێم بەوەی لەلایەکەوە، خوێندنی حکومی بەرەو نابوتی و پووکانەوە بردووە، بەهۆی ئەوەی کواڵیتی خوێندنی لە خوێندنگا و زانکۆ حکومیەکاندا تا ئەوپەڕی خراپی هێناوەتە خوارەوە، بەوەی کە زۆربەی خوێندنگاکان کۆنن و کەمترین رێساکان و بنەماکانی سەلامەتی تێدا لەبەرچاو نەگیراوە، بەوەی کە ژمارەی خوێندنکاران لەهەر پۆلێکدا دوو هێندەی ژمارەی رێگاپێدراوە بەپێی ستانداردەکانی خوێندن، دەرگای بۆ کۆمپانیاکانی خوێندنی ئەهلی واڵاکردوە کە کەرتی پەروەردە و فێرکردن و خوێندن بەگشتی بۆ خۆیان پاوان بکەن و ملیۆنەها دۆلار لەو رێگایەوە بۆخۆیان کۆبکەنەوە، بەڵام لەولاشەوە چاوپۆشی دەکات لە پابەندکردنیان بە مەرجەکانی سەلامەتیەوە. ئەگەر حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەو فێرکردنەکەی بەقەدەر نوكە دەرزیەك ژیان و سەلامەتی خوێندکارانیان بۆ گرنگ بوایەت، دەبوایە کواڵێتی و بابەتەکانی خوێندن، کەرەستەکانی فێرکردن و پێودانگەکانی سەلامەتی لە خوێندنگا حکومیەکاندا بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکردایەتەوە، تا خەڵك ناچار نەبن مناڵەکانیان ڕەوانەی خوێندنگا ئەهلیەکان بکەن. هەروەکو دەبوایە خوێندنگا ئەهلیەکانی بە قورسترین مەرجەکانی سەلامەتی پابەند بکردایە! بەڵام بێگومان حکومەتی هەرێم، خۆشی وەکو کۆمپانیا قازنجهێن و چاوچنۆکەکان خەریکی تاڵانکردنی گیرفانی خەڵکەو ژیانی خەڵک بۆئەو بەقدەر پووشێك بایەخی نیە!
لە کۆتاییدا، کاردانەوەی هاوڵاتیان بەتایبەتی لە شاری سلێمانی کە رودوداوەکە تێدا ڕوویداوە، دەرخەری هوشیاری و هەستی مرۆیی بەرزی ئەو خەڵکەیە بەرامبەر بەو ڕووادوە دڵتەزێنە، هەروەکو بە دروست هۆکاری تاوانەکەیان دەست نیشان کردوە و حکومەت و کۆمپانیاکانی خوێندنی ئەهلی بە کەمتەرخەم دەزانن. ئەم هەستی مرۆیی و هاودەردیەی خەڵك لەگەڵ مەرگی (یارا) و کەسوکاریدا دەتوانێ ببێتە فشارێکی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە، بۆ دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم و بەسزاگەیاندنیان، هەروەکو دەتوانێ هاندەرێك بێت بۆ بەرینکردنەوەی خواستی کۆتاییهێنان بە خوێندنی ئەهلی و بازرگانیکردن بە خوێندنەوە و پەرەدان بەئاست و کواڵیتی و بردنەسەری ستانداردەکانی خوێندنی لە خوێندنگا و پەیمانگاو زانکۆ حکومیەکاندا.
