11
دلشاد ئەنوەر:
دلشاد ئەنوەر:پێش دەستپێکردنی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هێزەکانی ئۆکرانیا لەلایەن هاوپەیمانانەوە مەشق و راهێنانیان پێ ئەنجامدرا، ئەوەی بۆ هێزی ئۆکرانیا کرا زۆر زیاتر نەبوو لەوەی بۆ پێشمەرگە کرا.
جیاوازییەکە ئەوەیە ئۆکرانیا سودی لە پاڵپشتی سەربازیی و لۆجستی هاوپەیمانان بینی و تواناکانی بەجۆرێک پێشخست بەرەنگاریی زلهيزێکی وەکو روسیا ببێتەوە، لەکاتێکدا پێشمەرگە بەهۆی گیرۆدەبوونی بەدەست حزب و گروپ و تاقمەوە ئەو سودەی نەبینی.
ئێمە لەمەسەلەی پاڵپشتی هاوپەیماناندا دوو نموونەمان هەیە، نموونەیەکی سەرکەوتووی وەکو ئۆکرانیا، لەگەڵ نموونەی شکستخواردووی ئەفغانستانی سەردەمی کارزای کە دوای کشانەوەی ئەمەریکا، هێزەکانی بەرگەی هەفتەیەکی هێرشی تاڵیبانی نەگرت.
بێگومان هێزی پێشمەرگە بەهۆی دەستبەسەردا گرتنی لەلایەن حزب و گروپەوە نموونەیەکی سەرکەوتووی هاوشێوەی ئۆکرانیا نییە، بۆیە هیوادارین دووریش بێت لە نموونەی شکستخواردووی وەکو هێزی ئەفغانی سەردەمی کارزای.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: هاوپەیمانان چییان بۆ هێزی ئۆکرانیا کرد کە بووە خاوەنی ئەو توانا سەربازییە گرنگەی بەرەنگاری روسیا ببێتەوە؟
وڵاتانی هاوپەیمان و ڕۆژئاوا بەرنامەیەکی بەرفراوانیان بۆ چاکسازی و نوێکردنەوەی سوپای ئۆکرانیا جێبەجێ کرد. ئەم ئامادەکارییانە ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لەوەی ئۆکرانیا بتوانێت ڕەنگدانەوەی بەهێزی لە بەرامبەر هێرشەکانی روسیادا هەبێت هەبێت.
ئەوەی هاوپەیمانان بۆ هێزی ئۆکرانیا کردیان، سیستەمی کۆنی سۆڤیەتییان گۆڕی کە تێیدا بڕیارەکان تەنها لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەهاتن . بەڵکو سیستەمی “فەرماندەیی ئەرک”یان پەیڕەو کرد، کە ڕێگە بە ئەفسەرە پلە نزمەکان و پلەدارەکانی سەر زەوی دەدات لە کاتی مەیدانیدا خۆیان بڕیاری خێرا بدەن.
هەروەها ئەرکی وەزارەتی بەرگریی کە پلانڕێژی سیاسی و لۆجیستی بوو، لە ئەرکی دەستەی ئەرکانی گشتی واتە بەرێوەبردنی جەنگ جیاکرایەوە.
لە بنکەی ڕاهێنانی “یابۆریڤ” لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، ڕاهێنەرانی ئەمریکی، بەریتانی، کەنەدی، ساڵانە هەزاران سەربازی ئۆکرانیایان مەشق پێدەکرد.ئەمە جگە لەوەی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە زیاتر لە ٢٢ هەزار سەربازی ئۆکرانی لەسەر تەکنیکەکانی بەرگری، تەقەکردنی ورد و فریاگوزاری مەیدانی ڕاهێنا.
لە ڕاهێنانی هێزی ئۆکرانیدا جەخت لەسەر جەنگی شار، تاكتیکی گەمارۆدان، و رووبەڕووبوونەوەی جەنگی ئەلیکترۆنی و سیخوڕی دەکرایەوە. هاوپەیمانان زیاتر چەکی بەرگری و گواستراوەیان پێشکەش بە ئۆکرانیا کرد کە دواتر بوونە کلیلی تێکشکاندنی هێزەکانی ڕووسیا.
بەشێکی زۆر لەو پاڵپشتییەی پێشکەشی سوپای ئۆکرانیا کرا، لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە، پێشکەشی هێزی پێشمەرگەش کرا، هەر لە مەشق و راهێنان و پێدانی چەک و تەقەمەنییەوە تا دەگاتە هاوکاری داراییش، بەڵام پێناچێت هاوپەیمانان ئومێدی گەورەیان بە دەست هەڵگرتنی حزب لە پێشمەرگە مابێت.
هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی ١٥٠ هەزار پێشمەرگەیە، ئەمە جگە لەهێزە جۆراوجۆرەکانی تر، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هەر پشت بە هێزی دەرەکی دەبەستێت؟ بۆچی متمانەی بەهێزی خۆی نییە؟ بۆچی بەبچووکترین رەشەبا دەلەرزێت؟ بۆچی و دەیان بۆچی تر…
گرفتەکە لە خودی هێزی پێشمەرگەدا نییە، گرفتەکە لەو سیستەمە پڕ لە گەندەڵیەدایە کە حزب خوڵقاندوویەتی و بەرۆکی ئەم هێزەشی گرتووە، بۆیە ترس و بێمتمانەیی بەرپرسان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خۆیان دەزانن چییان چاندووە.
هاوپەیمانان بەدرێژایی ١٠ ساڵ پاڵپشتی دارایی و لۆجستی هێزی پێشمەرگەیان کرد، بەڵام نەیانتوانی ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکەن کە دایاننابوو، هۆکارەکەشی رێگریی حزبی بوو.
ئەوکاتەی هاوپەیمانان خەریکی پاڵپشتی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە بوون، ئەمان وەزیری پێشمەرگەیان لەسەر کارەکەی دەردەکرد، خەریکی کڕین و فرۆشتنی ئەفسەری یەکتریی بوون، سەرقاڵبوون بە ململانێی بچووک و لاوەکییەوە، ئەمەش لەبری قۆستنەوەی دەرفەتی گەورەی پاڵپشتی هاوپەیمانان.
زانیاری ورد زۆرە لەسەر ئەوەی بۆچی وا مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەکرێ و دۆخی ئەم هێزە چۆنە، بەڵام رەنگە لەبابەتێکی وەها کورتدا دەرفەتی خستنەڕوویان نەبێت.
بۆیە ئەوەی گرنگە ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، حیزب نەیهێشت کورد ببێتە خاوەنی هێزێکی تۆکمەی هاوشێوەی ئۆکرانیا و مێژوو گەر درۆ نەبێت، دەبێت ئەم خیانەتە لە مێژوودا تۆمار بکرێ کە هیچی لە خیانەتە مێژووییەکانی تر کەمتر نییە.
