Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیدادگا و بەها و سەنا .. !

دادگا و بەها و سەنا .. !

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 24 بینینەکان
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم، ئەگەر زەڕەیەک داد و داگایەکی نەک تەواو سەربەخۆ و بێلایەن، بەڵکو بەپێی ستاندارە نیودەوڵەتییەکانی دنیای بەرژەوەندی و سەرمایەداری ئێستا، لەکوردستان بوونی هەبوایە، دەبوایە بەشی هەرە زۆری بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە لەسەر تیرۆر و رەشەکوژی و دزی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگایە، جاسوسی و راکێشانی دەستی وڵاتان بۆ قوڵایی خاکی کوردستان و فرۆشتنی خاک و ئاو و ئاسمانەکەی و خولقاندنی دەیان کارەساتی مرۆیی و سروشتی، شوێنیان کونجی زیندان بوایە .
هەربەجدی، ئەگەر نوزەیەک لە عەدالەت و دادگا و هۆشیاری هەیە، زۆر خەڵک هەن بدرێنە دادگا و دەستی عەدالەت لە زۆر شوێن، وونە !
ئەوانەی شەقیان لە گەڵی مامۆستا وەشاندن، تەنها لەسەر ئەوەی داوای مووچەکەی دەکرد، ئەوانەشی ریشی مامۆستایان ئاگر تێبەردا، تەنها لەبەر ئەوەی ناڕازی بو بەو حکومڕانیە، ئەوانەی قوت و مووچەی ژن و منداڵی ساوایان بڕی و دەیان کوچە و کۆڵانیان لە شار و شارۆچکەکان کردە شوێنی لەشفرۆشی، ئەوانەشی بە دەرزییەک چاوی ٣٤نەخۆشیان بۆ هەتا هەتایە کوێرکرد و رووناکیان نەبینیەوە،ئەوانەشی بیرە نەوت و پاڵاوگەکانیان لەسەر خۆیان و کوڕ و نەوەکانیان تاپۆکرد، ئەوانەی ئیدیۆمی ( رادیۆیان ) داهێنا و هەموو نوزەیەکی ناڕەزایەتی و هاواریان خنکاند و ئەو شارە زیندوانەیان کە مێژووەکی قوڵیان هەیە لە وەستانەوە بەرامبەر ستەمکاری، کردە پارچەیەک لە خامۆشی .
کاتێک لە نەخۆشخانەکانی حکومی، پارچەیەک حەبی پاراسیتۆڵ دەستناکەوێت و بچوکترین نەشتەرگەری دەسپێرن بە نەخۆشخانە تایبەتەکان و ئەوانەشی پارەیان نەبێت دەبیت بمرن، کاتێک کەرتی پەروەردەی گشتیان تا رادەی دارووخان و نابوتی برد، کاتێک ژینگەی ئەو وڵاتە جوان و پاکەیان، کردە زبڵدان وئاسمانەکەشی قیڕاو و نەوتاو،کاتێک ساڵانە دەیان هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆ بە بێکاری کۆمەڵگا دەسپێرن و لە ماوەی ٣٥ ساڵدا، چوار کارگە و کارخانەیان لە هەولێر و سلێمانی نەخستەگەڕ، تا گەنجەکانمان نەبنە خۆراکی قرشەکانی ئیجە.
جورئەتی دەوێت بچیە پشتەوەی کەیسی دادگایی کج و باوکێک، تەنها لەبەر ئەوەی گۆرانیان بەرامبەر یەکتر خوێندووە !
بەهای ئەو کۆمەڵگایە کاتێک نەما، کە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری بوونە مەقاشی خێزانە دەسەڵاتدارەکان بۆ تۆڵەکردنەوە لە کەسانی ناڕازی، ئومێدی ئەو کۆمەڵگایە کاتێک هاتە ژێر سفر، کاتێک رۆژنامەنووسەکانمان لەسەر ووشەی ماف و ئازادی لە ناوجەرگەی شار رفێندران و تیرۆرکران، بەهای ئەو کۆمەڵگایە کاتێک خرایە ژێر پرسیار، کە ئاهو نوزەی مووچەخۆران و خانەنشینان گەیشتە کەشکەڵانی فەلەک و بۆ تەنها نان و ئاوێک و و لەولاشەوە کوڕ و نەوەکانیان بوونە خاوەنی زانکۆ و فرۆکەی تایبەت و سەتەلایت و دورگەی گەشتیاری !
لەو ماوەی دواییدا، سەنا و هاوشێوەکانی لە کوردستان بەشێک بوون لەو سیستەمە کلپتۆکراسیەی، ئومێد و خەون و خولیاکانی هەزاران گەنج و لاویان، مردارکردەوە ! ئەوەی ئێمە دەیڵێین، زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی ئەو ئومێدەیە بۆ ئەو کۆمەڵگایەی لە دەیان شوێنەوە هێرشیدەكرێتە سەر بۆ بەكسپاردنی هەموو ئومێدێكی باشتر .
 
بەشدار عوسمان

لێدوانێک بەجێ بهێلە