عەبدولڕەحمان گەورکی: 
هەرچەندە لە هەموو لایەنەکانی دۆخی سیاسیی ئێران بۆنی خوێن دێت و رێژیمی دیکتاتۆری بە بێ سنوور خوێن دەڕێژێت و لە ناوەوە داڕماوە و لە دەرەوە هار بووە، بەڵام ئاسۆی گۆڕانکارییەکان روونە و بۆنی سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەت، هەموو لایەکی داگرتووە. دواڕۆژێکی روون کە خەڵکی ئێران تێیدا لە حکومەتێکی «کۆماری» و «دیموکراتیک» بەهرەمەند دەبن و سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ ئێران و ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
هۆکاری گرنگ
خەڵکی ئێران «کات» دەگۆڕن. بە واتایەکیتر، ملمڵانێی ئیرادەکان لەسەر «کات» گەیشتووەتە قۆناغی پێشبڕکێی ستراتیژییەکان. «کات» شتێکی سەرەکییە کە لەم هاوکێشەیەدا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت. خەڵک هەوڵ دەدەن کاتی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت ئەوەندەی دەکرێت کورت بکەنەوە. دیکتاتۆرییەتیش هەوڵ دەدات، بە شێوازی جیاواز، تەمەنی خۆی لە ئێران درێژ بکاتەوە. ئەمە جەنگێکە درەنگ و زوو هەڵدەگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتن بۆ خەڵکی ئێران دەبێت.
چارەنووسی جەنگی دەرەکی
جەنگی دەرەکی ئەوکاتە مانا و رەسەنایەتی هەڵدەگرێت کە لە خزمەتی جەنگی سەرەکیدا بێت و لە پەراوێزدا و بێ ئاراستە نەبێت. واتە یارمەتیدەری خەڵکی ئێران بێت. ئەگەر نا، دەکەوێتە بازنەیەکەوە کە سوودمەندی سەرەکیی تێیدا دیکتاتۆریی ویلايەتی فەقیهی دەبێت. بەرزکردنەوەی جەنگی دەرەکی، واتە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو جەنگە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراندا بێت تا ئەلتەرناتیڤی راستەقینە بتوانێت جێگای دیکتاتۆرییەتی ویلايەتی فەقیهی بگرێتەوە. ئەلتەرناتیڤێک کە تایبەتمەندیی «کۆماری»بوون، «دیموکراتیک»بوونی هەبێت و خاوەنی هێزی چاڵاک بێت لە مەیداندا و هەروەها رێکخراوێکی پێکهاتووی هەبێت. ئەمە بابەتێکی یاسایی و سروشتییە و بە «ساختەکاری» و داتاشینی «ئەلتەرناتیڤ» ناکرێت و ناتوانرێت بەسەر دۆخی سیاسیی ئێراندا بسەپێندرێت. ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بە ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەو توانایەی تێدایە و توانیویەتی ئەلتەرناتیڤە ساختەکان لا بدات و خۆی وەک (تاکە ئەلتەرناتیڤی رێژیمی ئێران) تۆمار بکات. ئەم ئەلتەرناتیڤە بەدوای ئامانجەکانی خۆیدایە و رۆژانە ئامادەیی خۆی زیاد دەکات. بەڵام ئەلتەرناتیڤە ساختە و فەیکەکان وردە وردە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئیران دەتوێنەوە و پشتیوانانیان لە ئاستی جیهاندا ریسوا دەکرێن.
دۆخی ئێستای ئێران
رەوتی جەنگی دەرەکی کە ئێستا زیاتر لەسەر گوشارە ئابوورییەکانی دژ بە رێژیمی دیکتاتۆریی ئێران چڕکراوەتەوە، ئەو سوودەی لە هاوکێشەی ئێراندا هەبووە کە «شەڕە گورگ»ی ناو دەسەڵات و بۆشایی نێوان خەڵک و رێژیمی زیاتر کردووە. هەرچەندە کە بەهۆی ئەم جەنگە لاوەکییەوە، دۆخی ژیانی خەڵک خراپتر بووە.
لە بارودۆخێکدا کە قەیرانە ئابوورییە تێکشکێنەرەکان، بنەماکانی رێژیمی ئێرانی لەق کردووە، دانپێدانانە سەرسامانەکانی بەرپرسانی رێژیم، دۆخی روو لە تەقینەوەی ناو کۆمەڵگای ئێرانیان زیاتر ئاشکرا کردووە. رۆژی هەینی ٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، (مەسعوود پزیشکیان) لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا و لە بەرامبەر توانای تووڕەیی خەڵک وتی: “خەڵکی ئێران ئێستا لە لێواری تووڕەییدان”. مەبەستی ناوبراو لە «لێوار»، رووخانی رێژیمە، کە دۆخی روو لە تەقینەوەی ناو کۆمەڵگای ئێران زیاتر لە هەر کاتێکیتر خۆی دەرخستووە. پاسدار (محەممەدباقر قالیباف)، سەرۆکی مەجلیسی رێژیمیش لە پەیامێکدا ئاماژەی بە «بەرمیلی باروت» کرد لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا. قالیباف پێشتر بە ئاشکرا وتبووی: “هەرچەندە هێزی سەربازییمان هەبێت، ئەگەر خەڵک برسی بن، ناتوانین بەرگە بگرین”.
ئەرکی سەرەکی
روونە کە ئەرکی سەرەکیی هەر تاک و رەوتێکی نیشتمانپەروەری ئێرانی، رووخاندنی ئەم رژێمە دیکتاتۆرییە و جێگرتنەوەی سیستەمێکی دیموکراتیک و جەماوەرییە. ئەم ئەرکە، رێگا بۆ چەکداربوون و رووخاندنی رێژیمی ئێران خۆش دەکات. بێگومان خەڵک بەسەر دیکتاتۆرییەتدا سەر دەکەون.
کۆڕ و کۆمەڵە رۆژئاواییەکان، بە هۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانەوە بەدوای بەردەوامبوونی دیکتاتۆرییەتن لە ئێران و خۆیان بە دوور دەگرن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران. ئەوان ویستوویانە و دەیانەوێت بە هێنانە پێشەوەی ئەلتەرناتیڤی ساختە و فەیک، رێژیمی دیکتاتۆری لە ئێران بپارێزن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان. بە واتایەکیتر، دەیانەوێت دیکتاتۆری لە ئێران بە ئاراستەی کۆڵۆنیالی و وابەستەیی بەوانەوە بەردەوام بێت. بەڵام خەڵکی ئێران خوازیاری «ئازادی و سەربەخۆیی»ن.
دواوتە!
لەگەڵ داڕمانی دۆخی ئابووریی رێژیمی ئێران و تێکچوونی دۆخی ژیانی خەڵک و زیادبوون و بەردەوامبوونی گرانی، خەڵکی ئێران بەدوای دەرفەتێکەوەن بۆ هەلگرتنی هەنگاوی کۆتایی بە ئاراستەی راپەڕین لە دژی دیکتاتۆری. خەڵکی ئێران بە زوویی دەست بۆ «چەک» دەبەن بۆ ئەوەی کۆتایی بەو جۆرە دیکتاتۆرییەش بهێنن، چونکە لە ئێراندا کێشەی سەرەکی سیاسییە، نەک ئابووری.
ئەم رێژیمە تا سەر ئێسک دژی خەڵک و کۆمەڵگا بووە و هەموو چین و نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی لە خۆی دوور خستووەتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت. رێژیمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێراندا هەوڵیان داوە هاوسەنگیی کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن تا خەڵک لە مافەکانیان بێبەش بکەن.
ئێستا خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە خۆیان دەڵێن هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان بۆ نەماوەتەوە. گەنجانی ئێران لە پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندان لە دژی دیکتاتۆرییەت. ناوەندەکانی شۆڕش کە سەر بە موقاومەتی خەڵکی ئێرانن بۆ ئەم ئامانجە دامەزراون و لە خزمەتی راپەڕینی گەلدان.
ئەگەر لە ساڵی ١٣٣٢ی خۆریدا، رێژیمی دیکتاتۆریی شا توانای ئەوەی هەبوو کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ لە دژی حکومەتی یاسایی و نیشتمانیی (دکتۆر محەممەد موسەدق) بەڕێوە ببات، ئێستا هیوا هەڵچنین بۆ کودەتا لە ئێران تراویلکەیە و بەس. چونکە بە ئەزموون دەرکەوتووە کە هەموو باڵەکانی رێژیمی ویلايەتی فەقیهی، نە لەگەڵ خەڵکن و نە بۆ خەڵکن. هەربۆیە ئەم رژێمە بە تەواوی دەبێت برووخێندرێت و دەرووخێت. ئێستا ئازادی و سەربەخۆیی و نیشتمانی بوون لە ئێران، لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەتەوە دەست پێدەکات.
***
ئێران.. لەدایکبوونێکی بە ئازار!
تێڕوانینێک بۆ دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە
4
