حکومەت کاتێک مانای خۆی لەدەست دەدات کە لە خزمەتکردنی خەڵکەوە بگۆڕێت بۆ بارگرانی لەسەر شانی خەڵک، ئەو دەسەڵاتەی کە دەبێت پارێزەری ماف و کەرامەتی هاوڵاتی بێت، نابێت ببێتە هۆکاری ترس و بێ هیوایی و برسیکردن و سەرکوتکردنی دەنگی خەڵک.
لە هەرێمی کوردستان داواکاری خەڵک ڕوون و ڕەوانن، بەڵام بۆچی دەسەڵات گوێ لەو داواکاریانەی خەڵک ناگرێت؟ خەڵک مافی ژیانێکی شایستەی هەیە، مافی کار و داهاتێکی دادپەروەرانەی هەیە، مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ژیانی بە کەرامەتەوە هەیە، ئەمانە مافی بنەڕەتی هاوڵاتیانە بەڵام دەسەڵاتی کوردی بە میهرەبانی بە خەڵکەکەی دەفرۆشێتەوە.
حکومەتێک کە بەردەوام لەگەڵ کێشەکانی خەڵکدا دەستەوەستان بێت و چارەسەری قەیرانەکانی لانەبێت، بەڵام بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆی چالاک بێت، پێویستی بە ڕەخنەی توند هەیە، چونکە دەسەڵات بێ چاودێری و بێ پرسیارکردن بە ئاسانی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە دەگاتە خۆسەپێنی، ئەوەتا دوو ساڵە حکومەت بێ پەرلەمانە و هیچ لایەنێکی یاسایی ناتوانێ چاودێری حکومەت بکات و لێپرسینەوەی لێ بکات.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە حکومەت بزانێت خەڵک مێگەل نیە و خاوەنی ئەو دەسەڵاتەیە، دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییە نەک هاوڵاتی بۆ خزمەتکردنی دەسەڵات، ئێمە پێویستمان بە حکومەتێکە کە ئازادییەکان بپارێزێت، ڕێز لە کەرامەتی هاوڵاتیان بگرێت، دادپەروەری بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکات و لەبەرامبەر خەڵک بەرپرسیار بێت، حکومەتێک کە دەنگی جیاواز بە مەترسی نەبینێت، بەڵکو بە نیشانەی تەندروستی کۆمەڵگای بزانێت و گوێ لە ڕەخنەی ڕەخنەگران بگرێت.
لە ئێستادا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی کوردستان بەهیچ شێوازێک لە ئاست خواستی کۆمەڵگادا نین و توانای وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی نیە، بۆیە گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە تەنها خواستێکی سیاسی نییە بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتیشە و دەبێت بگۆڕێت.
کاتی ئەوە هاتووە ئەم حکومەتە بگۆڕێت و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێ کە خەڵک لێی نەترسێت و متمانەی پێی هەبێت، حکومەتێک بێتە ئاراوە کە دەسەڵات بە خزمەت بزانێت نەک درێژە بە سەرکوتکاری بدات، کاتی ئەوە هاتووە حکومەتێک دابمەزرێ کەرامەت و ئازادی و مافی هاوڵاتی تێدا پارێزراو بێت.
سەروین سامی چالاکوان
