لەتیف فاتیح:زوو زوو بە تەلەفون لە گەڵ سەیدا غەریب حەسۆدەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاوا قسە دەكەین ، ئەو هەمیشە لە خەم و نیگەرانی من تێدەگات بەردەوامیش دەیەوێت بە هیواوە بدوێ و لە مەترسیەكان كەم بكاتەوە ، لە گەڵ ئەوەشدا هەندێك جار هەر بە شێوازی دەنگیا دەزانم دۆخەكە چۆنە ، ڕۆژئاوای كوردستان ئاكاری ترین ناوچەی بەڕێوەبەری بوو نەك لە سوریا بەتەنێ بگرە لە هەموو ناوچەكە ، كورد زەمینەیەكی فراوانی بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو یەكتر قەبوڵكردن ڕەخساند ، كێشە ئەوەیە ئەو نەتەوانەی دراوسێ و هەروەها داگیركاری خاك و خەڵكی كوردستانن، ناتوانن دیموكراسی بن ، ناتوانن پێكەوە ژیانی ئاشتیانە قەبوڵبكەن ، لە چەند ڕۆژی رابردودا جارێكی دیكە گیانی فاشیزمانەی عەرەب لە حەسەكە بە دنەدان و هاوكاری توركیا ، سعودیە ، ئاوەزداعشیە عەرەبەكانی ڕۆژئاوای كوردستان پەنایان بردوەتە بەر هەڕەشەو هەترەشبردنی خەڵكی سڤیل ، هەریەك لە دكتۆر غەریب حەسۆو سیپان حەمۆ جێگری وەزیری بەرگری سوریا ئەو مەترسی و هەڕەشانەیان نەشاردەوەو بە دەنگی بەرزیش باسی بەرگرییان لە كوردو لە ڕۆژئاواكردو حەمۆ گوتی مێزەكەیان بە سەردا قڵپ دەكەینەوە .
فاشیزم بە تایبەت فاشیزمی عەرەب بە درێژای هەزار ساڵ وێڕای ئەوەی كە چەك و شمشێری ئیسلامی بە دەستەوە بووە بۆ كوشت و بڕی ئەوانی تر ،لە گەڵ ئەوەشدا هەر كات باری لاربووبێت هاواری كردوە بیكەن لە ڕای خودا ، كە دەستیشی لە سەرەوە بووە بە قوربانی گوتوە خودا لە مۆڵەتە ، ئەم دەستە واژەیە لە عێراق و لە ناو كوردی باشوری كوردستاندا زۆر باوو بڵاوە ، لە ساڵی 1963 ئەو گیانە فاشیزمەی عەرەب ئەینەڕاند ” ئێمە عەرەبین خودان غیرەت ، كورد دەرئەكەین لەم ناوچەیە، ئێستا دوای 63 ساڵ ئەو فاشیزمە لە حەسەكەی خاك و شاری كوردان قوت بوەتەوەو دەڵێت دەبێت كورد بڕوات ، هەردوو وڵاتی سعودیەو توركیا كە كورد لە خێرو بێر زیاتری بۆ ئەوان نەبووە، لە پشت هاندانی ئەم فاشیزمەوەن ، هەردوولاش بە پارەو كۆمەك دنەی عەرەبی بە جێماو لە هەزار ساڵی دیرۆك دەدەن كە كورد بكوژن ، ئێ عەرەبیش بەتایبەت عەرەبی ئەم ناوچەیە زۆربەی هێشتا مێژوی تێنەپەڕاندوەو نەگەیشتوەتە ئاوەزی ئێستا، دەنا لە كوێی دنیا دووبەرە هەردوك بە ناوی ئەلڵاو ئەكبەرەوە كوشت و برشی یەكتر دەكەن ، نمونەی عەرەبی سونەو حوسیەكانی یەمەن .
بەشی زۆری ئەو بارو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت بەرهەمی بێئاوەزی تۆم باراكی نێردەی ئەمەریكا بوو ، ئەو پیاوەی لە ماوەی ڕابردودا وێنەی ئەمەریكای لە بەر چاوی كورد كرد بە درنج و قێزەونی كرد ، بەراك ڕێك بەو جۆرە قسەی كرد كە هەرگیز لێرە دیموكراتیەت نایەتە دی و شتێك نیە بە ناوی برایەتی گەلان و لە چەند بۆنەیەكیشدا بە ئەنقەست بوونی كورد فەرامۆش دەكرد ، بۆیە كورد مافی خۆیەتی هەموو ڕێگەیەك بۆ لوتشكاندنی نەیارەكانی بگرێتە بەرو لە بری بەرگری ڕێگەی تێكشكاندنی فاشیزم و گیانی فاشیزمانە هەڵبژێرێت ، جگە لەوەش ڕێز لەو هەزاران خانەوادە عەرەبەش بگرێت كە هاوشان لە گەڵ كوردا بوون ، ئەمەش خەونەگڵاوەكەی بەراك بەتاڵدەكاتەوە .
