Home بیروڕاتەنها بژاردەتان گیرفانی خەڵک بوو!؟

تەنها بژاردەتان گیرفانی خەڵک بوو!؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 5 بینینەکان

موحسین کەریم:     
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەپێی بڕیارێك، نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلار بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزاند. نرخی رەسمی١٠٠ دۆلار لە١٣٢،٠٠٠ دینارەوە بۆ١٥٢،٠٠٠ دینار بەرزکرایەوە. بێگومان نرخی گۆڕینەوە لە بازاردا هەمیشە بەنزیکەیی لە نێوان ١٠،٠٠٠ تا ٢٠،٠٠٠ دینار لە سەروو نرخی حکومیەوە جێگیردەبێت بەپێی رێژەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە..
ئەم داشکاندنەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، بۆ عێراق کە زۆربەی کاڵا پیویستیەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە دەرەوەی وولاتەوە هاوردە دەکرێن و نرخەکانیان بە دۆلارە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر توانای کڕینی خەڵکی کەمدەرامەت لە کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت و… توێژە زەحمەتكێشەکانی دیکە دەبێت و ژیانیان ڕووبەرووی سەختی و ناهەمواری دەکاتەوە. نرخی خواردەمەنی، کاڵا پێوستەکان، داوودەرمان، خەستەخانەو چارەسەری پزیشکی و تاد. هەموویان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزدەبنەوە و دەرفەتی دەستخستنیان لەلایەن هاوڵاتیانی کەمدەرامەتەوە یەجگار سەخت و دژوار دەبێت! سەڕای ئەوە بەشێك لە قیستەکانی خانووبەرە و پێداویستیەکانی ناوماڵ کە موچەخۆران بە قیست دەیانکڕن و … تاد. لانی کەم لە هەرێمی کوردستان بە دۆلار دەخەمڵێنرێن و دەبێت هاوڵاتی بە دۆلار پارەکانیان بدات. بەمجۆرە بارگرانیەکی لەڕادەبەدەر بۆسەر شانی هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و کرێچی و ئەوانە دروست دەبێت کە بەهەزار دەردیسەرو چنگەکڕێ دەیانەوێ کەلوپەلی ناوماڵەکانیان و سەرپەنایەك بۆخۆیان پێکەوەبنێن. ئەم داشکاندنەی دینار شەڕێکی دەستەویەخەو ڕاستەوخۆی حکومەتە بۆرژواییەکەی عەلی زەیدیە لەگەڵ کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشیان و سەرجەم توێژە کەمدەراتەکانی کۆمەڵگای عێراق و کوردستاندا کە مووچەو داهاتەکانیان بە دینارەو مووچەکانیشیان بۆ چەندین ساڵە سڕکراوەو لەگەڵ هەڵاوسان و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزناکرێتەوە!.
عەلی زەیدی بەرامبەر بەو ناڕەازایەتیە فراوانەی کە رووبەرووی بڕیارە دژ ە خەڵکیەکەی بۆتەوە، تەناتە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك لەناو ساڵۆنەکانی پەرلەمانە بۆرژواییەکشیاندا زرنگاندنەوەی هەبووە، ڕایگەیاند کە تەنها سێ بژاردەی هەبووە، کە گوایە هەموویان لەزیانی خەڵك دەشکانەوە؛ یەکەمیان دانی مووچە بە ٤٥ رۆژێك جارێک، واتە تەنها دانی ٨ مووچە لە ساڵێکدا، دووەمیان پاشەکەوتی مووچە، واتە لێبڕین و کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران (وەکو ئەوەی کە حکومەتی هەرێم بۆ چەندین ساڵ بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێم بەڕێوەی برد.) سێهەم؛ دەستبردن بۆ قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە!
عەلی زەیدی کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە هاژوهوژێکی گەورەی بەرپاکرد بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ بەرامبەر بە گەندەڵکاران و گێرانەوەی پارە دزراوەکانی خەڵک. وەکو سیناریۆیەکی ئامادەش بۆ عامەپەسەندکردنی خۆی و حکومەتەکەی و سیاسەتە بۆرژواییەکانی دەربارەی سەندنەوەی هەموو ئەو دەسکەوتانەی کە خەڵکی عێراق بەدەستیان هێنابوو لە ساڵەکانی رابردودا، بەناوی کۆتاییهێنان بە عەقڵیەتی ئیشتراکی، دەستی برد بۆ گرتن و زیندانیکردنی چەند سەرێکی بچووکی گەندەڵی و تاڵانی، بەڵام هەرزوو بەرامبەر بە سەرە گەورەکانی دزی و گەندەڵی و تاڵانی، کەوتە ساتوسەودا و بگرە پاکانەکردنی پەرێزیان، لەبەرئەوەی خۆی لە دامێنی ئەواندا داکەوتوەو ئەو سامانە خەیاڵیەی کۆیکردۆتەوە، بەرهەمی ئەو دۆخەیە کە ئەوان بۆیان سازکردوەو هاوبەش و شەریکە کۆمپانیای ئەوانە. بۆیە وەکو هەر سەرکردەیەکی بۆرژوازی، بۆچارەسەری ئەو کورتهێنانەی لە میزاینەی عێراقدا دروست بووە، بەهۆی گرفتی فرۆشتنی نەوت و کەمبونەوەی داهاتی حکومەت و هەروەها ئەو هەموو تاڵانیەی لەلایەن سەرانی میلیشیاکانی دۆستی زەیدیەوە کراوەو خەزێنەی دەوڵەتی عێراقی بەتاڵ کردۆتەوە، ئەویش رووی هێرش و پەلامارەکەی بۆسەر سفرەی خاڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق وکوردستان وەرگێڕاوە. لەجیاتی گێڕانەوەی ئەو سەدان ملیار دۆلارە دزراوەی کە بەڵێنی دا بیانگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، دەستی لە گەرووی هاوڵاتیانی برسیکراو و تاڵانکراوی عێراق و کوردستان گیرکردوە! عەلی زەیدی بژاردەی زۆری لەبەردەمدایە کە دەیتوانی خەزێنەی دەولەتی عێراق پڕبکاتەوە، بەڵام ئەو دەست بۆ سامانی بەدزی کەڵەکراوی هاوچینەکانی نابات، چونکە خۆشی بەهەمانشێوەی ئەوان سامانی خەیاڵی پێکەوە ناوە و هاوکات نوێنەری سیاسی و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەوانە.
بەڵام خەڵکی عێراق و کوردستان نابێ رێگا بدەین ئەم پیلانی هەژارکردن و برسیکردنەمان سەربگرێت. دەبێ بەشێوەیەکی جدی و لەسەر ئاستی هەموو عێراق و کوردستان دژی ئەم سیاسەتە دژی مرۆیی و درندانەیە بوەستینەوە. رێگای چارەسەری کورتهێنانی بودجە، دەستکردن بە گیرفانی خاڵی ئێمەو رفاندنی پارووی دەمی خۆمان و مناڵەکانمان نیە، رێگاچارە دەستبەسەراگرتن و گێڕانەوەی ئەو سەدان ملیار دۆلارەیە کە چەندین ساڵە لەلایەن سەرانی میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی عێراق و کوردستانەوە لە داهاتی ووڵات بە تاڵانی دەبرێت، رێگاچارە کەمکردنەوەی مووچەو نەسریەی خەیاڵی وەزیرەکان و بەرپرسانی باڵای حکومەت و ئەندام پەرلەمانەکانە، رێگاچارە دانانی باجی زۆرە لەسەر دەولەمەندان و خاوەن کۆمپانیا ملیاردێرو ملیۆنەرەکانی دۆست و نزیکی سەرانی دەسەڵاتە.رێگاچارە بەرگرتنە بە تاڵانی و دزی ناو دامەزراوە حکومیەکان کە بەناوی پرپژەی وەهمیەوە دەیان ملیۆن دۆلار لووش دەدرێت و هیچ ئاسەوارێك لە پرۆژە دیار نیەو… تاد.

لێدوانێک بەجێ بهێلە