ڕێبوار ئەحمەد: 
جەنابان! ئێوە خۆتان باش دەزانن کە خەڵکی کوردستانتان لە چ دۆخێکی کارەساتباردا گرفتار کردوە. ئەمە هەر ئێستا نیە، ٣٥ ساڵە ئێوە دەسەڵاتداری ئەم کۆمەڵگایەن، چ لە دەورانی کێشە و ناکۆکی و شەڕ و کوشتاری ناوخۆتان لەسەر دەسەڵات و داهات، چ لەو ڕۆژگارەی بە تەبایی و هاوبەشی و تەنانەت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنامەی ستراتیژی پێکەوە حوکمڕانیتان کردوە، ڕەنگە ڕۆژگارێک لە ڕۆژگارێکی تری ئەو هەموو ساڵە زۆر تاڵتر و ستەمکارانەتر بوبێت، بەڵام تەنانەت یەک ڕۆژی خۆش و ئاسودەتان نیشانی خەڵک نەداوە. بۆ یەک ڕۆژیش لە بیری ئەوەدا نەبون و لەو ئاراستەیەدا کارتان نەکردوە کە ژیانێکی بەختەوەر و ئازاد بۆ خەڵک دەستەبەر بکەن. یەکجاریش نە شەڕ و نە ئاشتیتان لەسەر کێشەی خەڵک و چارەسەری ئەو هەموو دەرد و بەڵایە نەبوە و نیە کە بۆ خەڵکتان دروستکردوە. هەردو دیوی ئەم پەیوەندیە پەیوەست بوە بە بەرژەوەندی تەسکی خۆتان و بنەماڵەکانتان و حزبەکانتان و ئەوانەی لەگەڵتان هاوبەشن و لەپەراوێزی دەسەڵاتی ئێوەدا دەخۆن.
ئایا یەکجار کۆبونەوەکانتان لەسەر ئەوە بە بنبەست گەیشتوە، کە لایەکتان پێداگری لەسەر ئازادی سیاسی و بەشداری خەڵک لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی کردبێت؟ئایا یەکجار کێشەکەتان لەسەر جڵەوکردنی کۆنەپەرستانی ئیسلامی دەستسازی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و دابونەرێتی دواکەوتوانە بوە؟ئایا یەکجار کێشەکەتان لەسەر ئەوەبوە کە لایەکتان جەختی کردبێت لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و ..بۆ خەڵک ؟ئایا یەکجار کێشەکەتان لەسەر مسۆگەرکردنی موچە و دانەوەی موچە دزراوەکانی خەڵک بووە؟ ئایا کێشەکەتان لەسەر زیادکردنی موچە و بەرزکردنەوەی کرێی کرێکار و مامۆستا و کارمەند بوە؟ ئایا کێشەکەتان لەسەر لابردنی ئەو هەموو سەرانە و باج و گومرکانە بوە کە بەسەر خەڵکتاندا سەپاندوە؟ ئایا کێشەکەتان لەسەر دابینکردنی لانی کەمی گوزەران و دەرهێنانی خەڵک بوە لەو کابوسستانەی خۆتان بەرپاتان کردوە؟ئەگەر کێشە و ناکۆکیتان لەسەر ئەمانە بوایە، تەنانەت ئەگەر لەسەر ئەمانە شەڕیشتان ببوایە، خەڵک دەیزانی لەسەر ژیان و چارەنوسی ئەوان شەڕ و کێشەتانە و تۆزقاڵیکیش بێت حەقیان دەدا بەلایەکتان. بەڵام نە شەڕ و نە ئاشتی ئێوە نەک لەسەر هیچ یەک لەمانە نیە، خراپتر لەوەش هەردولاتان لەسەر قوڵکردنەوەی ئەم هەموو بەڵا و نەهامەتیە پێشبرکێ دەکەن و پاشانیش ئاکامی کێشە و ناکۆکیەکانتان بەسەر خەڵکدا دەشکێننەوە. لە نێوان دوو زۆندا خەڵکتان یەخسیر کردوە،کە تەنها یەکێک لە ئاکامەکانی بریتیە لە دوجار باج و سەرانە و گومرک و هەراسانکردنی خەڵک.
هەموو خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە زەقە دەزانن کە ئێوە لەسەر هەر شتێک ناکۆک بن، بەڵام هەمیشە لەسەر ئەوە کۆک و تەبان کە ئازادی لە خەڵک حەرام بکەن، گەمارۆی ژیانی ئابوری خەڵک بدەن، گیرفانی خەڵک داتەکێنن، هەموو پیداویستیە هەرە حەیاتی و ڕۆژانەکانی خەڵک لە بابەتی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و دکتۆر و دەرمان و خانوبەرە و هەموشت، هەواڵەی ئەو بازاڕی ڕەشە بکەن کە لەسەداسەد هەرلەلایەن خۆتان و کۆمپانیاکانی سەربەخۆتانەوە قۆرخ کراوە. ئێوە هەردولاتان بە تەواوی لەسەر ئەوە کۆک و تەبان کە جۆرەها باج و سەرانە و تەنانەت وەکو سەردەمی دەرەبەگایەتی بە مەنتقی “ئاغا لەسەر پشت و جوتیار لەسەر مشت”بە زۆرەملێ بەشی خۆتان لە هەموو مامەڵە و کاسبیەک بەرن. دواتریش هەموو ئەمانە دەچنەوە سەر نرخی پێداویستیەکان و دەبێ لە گیرفانی ئەو کرێکار و کارمەند و کاسبکارانە دەرچێت کە ئێوە خۆتان کرێ و موچە زۆر بێ بەهاکانیان نادەن، یان دوای دەخەن یان بە ناو پاشەکەوتەوە تاڵانی دەکەن.
لەو ڕۆژەوە ئێوە هاتوونەسەر کورسی حوکمڕانی هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن کە دەسەڵاتەکەتان میلیشیاییە و هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەنگی خەڵک، تۆزقاڵێکیش ڕۆڵی نیە لە حوکمڕانیدا. هەنگاو بە هەنگاو تەنانەت دەسەڵاتی میلیشیایی حزبیتان گۆڕی بە دەسەڵاتی ڕەهای بنەماڵە و هەموو دامودەزگاکانی ترتان کرد بە خزمەتکاری ئەم دەسەڵاتە. ئێستا تەنانەت میلیشیاکانیشتان بە تەواوی ئامرازی ڕاستەوخۆی ئەمر و نەهی بنەماڵەن. ئەوەتا هەر بۆشتان گرنگ نیە پەرلەمانی کارتۆنی و حکومەتی کارتۆنی وەکو ڕوپۆشی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە هەبێت یان نەبێت.
چارەنوسی خەڵکی کوردستتان کردوە بە کاڵایەکی هەرزان بۆ بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و کەڵەکەی سەروەت و چڕکردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە، ڕۆژێک بە جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی و ڕۆژیک بە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و ڕۆژێکی تر بە حوکمی تائیفی لە خۆتان کۆنەپەرستتری بەغدا، یان بە ئەمریکای دەفرۆشن و تەنانەت لە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ڕیسوا و فاشیستی نەتنیاهۆش سڵ ناکەنەوە. لە ئاکامی ئەمەشدا، لە پاڵ کابوسی گرانی و نەبونی و بێدەرەتانی هەمەلایەنە و سەرکوتەوە، تەراتێنی میت و ئیتلاعات و موساد و هێرشی درۆن و ساروخیش ئەوەندەی تر خەڵکی هەراسان کردوە. خەڵک نیگەرانی ئەوەیشە کە چی بە دوای ئەم بنبەست و دۆخە چەقبەستوەدا دێت کە ئێوە خوڵقاندوتانە.
بە کورتی ئێوە لەم ٣٥ ساڵەدا هیچ بەڵا و کارەسات و نەهامەتیەک نەما بەسەر خەڵکی نەهێنن، هەم شەڕ و هەم ئاشتی و هاوپەیمانیتان هەر نەگبەتی بۆ خەڵک زیاد دەکات. ئەم کۆمەڵگا مودێڕن و شارستانیە بە مۆدیلی حوکمڕانی ستەمکار و ڕەها و ناقانونی و ناشەرعی و سەرەنێزەی سەدەکانی ناوەڕاست بەڕێوە دەبەن. لەم کاتەدا خەڵک لە هەموو کۆڕکۆبونەوەیەکی ماڵان و بازاڕ و چاخانە و کۆڕی دانیشتن و لە هەمو جێگایەک، بەسەدان شێوە دەریدەبڕن کە ئێوە هەموو سنورێکی زۆرداریتان تێپەڕاندوە. لەم کاتەدا ئێوە وەڵامتان بۆ ئەم پرسیار و بێدادیانەی خەڵک چیە؟
-کە باسی گەندەڵی و تاڵانی دەکرێت، لە پێش هەمواندا ڕێک مەبەست دو بنەماڵەکەی ئێوەیە نەک خەڵکی تر، پاشان دەستوپێوەندەکاناتان. خەڵک دەزانن کە هەریەک لەم دوو بنەماڵەیە و ئەندامەکانی، خاوەنی دەیان و سەدان ملیارە و تەنانەت گومانی ترلیۆن دۆلارتان لێ دەکەن. ئەمەتان لە کوێ بوو و بە کام کاسبی پەیداتان کرد؟
-ئیوە بە داهاتی بە تاڵانبراوی خەڵکی بێدەرەتان بۆ هەرکامتان و بۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەتان کۆشکی شاهانە و تەنانەت شاری خەونەکانتان سازکردوە، بە هەموو هۆیە سەرسوڕهینەرەکانی ژیانی فەرعەونانەوە. بەڵام نابینن برسێتی و نەداری خەڵکی پەریشان کردوە و بەشێکی گەورەی خەڵک بە سەختی هەناسە دەدەن؟
-ئێوە نەوت هەم بە فەرمی و هەم بە قاچاخ دەفرۆشن و داهاتەکەی بۆ خۆتان دەبەن. بەم داهاتە شازادە تازە پێگەیشتوەکانتان کە هەر نازانن کار مانای چیە، بونەتە ملیاردێر و پۆز بەسەر خەڵکی برسیدا ڵی دەدەن. ئایا ئێوە هیچ باکتان لەم ستەمکاریە و لەوە نیە کە وەکو حکومەت تاڵانی و تەنانەت قاچاخچێتی بە نەوتی خەڵکەوە دەکەن؟
-بۆچی ئەو دەوڵەتانەی نەوت دەفرۆشن بە داهاتەکەی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی زیاتر و بوژانەوەی ئابوری و ئاستێک لە ژیانی خەڵک دابین دەکەن و تەنانەت چاوێکیان لە ژیانی نەوەکانی داهاتووشیانە، بەڵام ئێوە چەند نەوەی داهاتوشتان قەرزار کردوە؟ بۆچی نەوتێک کە موڵکی خەڵکە ئێوە دەستان بەسەردا گرتوە و بە نرخی بازاڕی ڕەش بەو خەڵکەی دەفرۆشنەوە؟
– سیستەمی باج و گومرک، سەرانەیەک نیە کە لە ئەزەلەوە دەسەڵات مافی بوبێت لە خەڵکی وەرگرێت. ئەمانە بە مانای وەرگرتنی بەشێک لە قازانجی سەرمایەدار و بازرگان و سەروەتمەندانە لە بری ئەوەی لەسەر خاکی وڵات وەبەرهێنان دەکەن، هەروەها وەرگرتنی بەشێکی کەم لە داهاتی خەڵکە، لە بنەڕەتدا بۆ هاوبەشی و هاوکاری هاوڵاتیانە لە دابینکردنی ئەو پێداویستیە سەرەکیانەی ژیانی ڕۆژانە، کە خەڵک بە تەنیا بەرگەی ناگرێت؛ وەکو دکتۆر و دەرمان و خوێندن و خانوبەرە و بیمە کۆمەڵایەتیەکان و لانی کەم برسی نەبونی کەس. هەروەها بۆ گەشەپێدان و خەرجیە گشتیەکانی کۆمەڵگایە. ئێوە لە هیچ مەیدانێکیدا هیچ بەرپرسیارێتیەک ناگرنە ئەستۆ و هیچ بۆ خەڵک ناکەن. کەوایە بۆچی و لەسەر چ بنەمایەک باج و گومرک لە خەڵک وەردەگرن؟
-بە چ مافێک سەرانەی جۆراوجۆری زۆروزەبەن لە خەڵک دەسەنن؟ بە چ مافێک داوای سەرانەی نیوەی داهاتی هەر پرۆژە و کاسبیەکی سادە و بچوک دەکەن کە خەڵک دەستی بۆ دەبات؟ باجی ئەمەش بە شێوەی گرانبونی نرخی کاڵاکان خەڵک دەیداتەوە. ئێوە تەنانەت ڕەچاوی یاساکانی سەرمایەداریش ناکەن و بە فۆرمی فیودالی ڕەفتار دەکەن. وەبەرهینان و بازرگانی و بازاڕتان بە تەواوی قۆرخ کردوە. یان هەموی بۆ خۆتان و دەستوپێوەندەکانتانە یان نیوەی داهاتی کاسبکار بۆ خۆتان دەبەن.
-بە چ مافێک خەستەخانە حکومیەکانی سەردەمی بەعسیشتان پوکاندۆتەوە و نەخۆشە بێچارەکانی ئەم کۆمەڵگایەتان کردوەتە نێچێری نەخۆشخانە ئەهلیەکانی خۆتان و دەستوپێوەندەکانتان؟ بە چ پێوانە و چ ویژدانێک دەتانەوێ کرێکار و خانەنشین و کارمەند بەو کرێ و موچە بێبەهایەی کە ئێوە بەو دەردە بە خەڵکی دەدەن، بە نرخی بازاڕی ڕەش لە نەخۆشخانەکانی ئێوە چارەسەری وەرگرن؟
-بۆچی موڵکی شارەوانی و حکومی بە جۆرەها شێوە دەفرۆشن یان بەبێ هیچ یاسایەکی ڕۆشن و سەردەمیانە، دەیدەن بە کۆمپانیاکانی خۆتان و بە لێشاو داهاتەکەی دەخنە سەر قەڵای سەروەتی بنەماڵەکانتان؟
-بۆچی زیاتر لە ٣٠ ساڵ وتتان ناتوانیین و ناکرێت و لە توانادا نیە کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر بکرێت، بەڵام هەر ئەوەندەی ڕێگیەکتان دۆزیەوە کە چۆن بیکەن بە بیزنسی بنەماڵەکانتان، لە کونفەیەکونێکدا کارەبای ٢٤ سەعاتیتان بە نرخی بازاڕی ڕەش بۆ هەموو کوردستان فەراهەم کرد؟
-بۆچی حکومەت قەرزاری خەڵکە و نایداتەوە، بەڵام ئەگەر خەڵک قەرزاری حکومەت بێت سزای دەدەن و لە تاریکی ڕایدەگرن؟ ئێوە بۆ دەیان موچەی خەڵک قەرزارن نایدەنەوە، بەڵام کە خەڵک بە هۆی نەبونی و هەژاریەکی کەمەرشکێن نەتوانێ قەرزی ئێوە بداتەوە کارەباکەی دەبڕن؟
-بۆچی لە جیاتی جڵەوکردنی کۆنەپەرستان و بەکرێگیراوانی ئیسلامی و بازرگانانی دین، پێشبڕکێتانە لەسەر برەو پێدانیان؟ بۆچی خەستەخانە و خوێندنگای حکومیتان قڕ کردوە، بەڵام داهاتی بە لێشاو بۆ پەرەدان بەم کۆنەپەرستیە هەڵدەڕێژن؟ بۆ لە جیاتی نەخۆشخانە و قوتابخانە و دایەنگا و پارک، هەر منارەی مزگەوت بەرز دەکەنەوە؟ بۆچی لە هیچ گەڕەکێک هیچ بنکەیەکی تەندروستی و دکتۆر و دەرمان و تەنانەت پەرستارێک نیە، بەڵام مزگەوت هەتا بێت زیاد دەکات؟ بۆچی کە ستییەک دروست دەکرێت مەرجی ئەوەتان هەیە مزگەوتی تیابێت بەڵام مەرجی ئەوەتان نیە بنکەی تەندروستی تیابێت؟ بۆچی مەلا و شێخی تەریقەت و ڕەواجپێدەرانی ئەم نەرێتە و مشەخۆرەکانی ستایش و گیرفان پڕدەکەن، بەڵام دکتۆر و پەرستار و مامۆستای ئامادەبەکار و تەنانەت خۆبەخشەکانیش بێکار و بێ داهات ماونەتەوە؟هۆکارەکەی ئەوەیە دەتانەوێ مێشکی ئەو خەڵکە کۆنترۆڵ بکەن کە سکیتان برسی و بەتاڵ کردوە. بە زیادکردنی مزگەوت لە پاڵ مزگەوت دەتانەوێ خەڵک لە جیاتی ئەوەی بێتە سەرشەقام و ناڕەزایەتی دژی ستەمکاریتان دەربڕی، بڕوات لە مزگەوت شوکری ئەو نەگبەتیە بکات کە ئێوە بە ناوی خواوە سەپاندوتانە.
-بۆچی هیچ بیرێک لە چارەسەری ئەم بێکاریە فراوانە ناکەنەوە؟ لێشاوێک لە لاوان کە زۆربەیان تەنانەت خوێندنیان تەواوکردوە، بەڵام کارێک پەیدا ناکەن کە نانێکی سادە و خەرجی گیرفان مسۆگەر بکات، بۆیە لە ڕێگای هات ونەهاتی هەندەران دەبنە خۆراکی ئاژەڵەکانی دەریا. کۆمەڵگا پێویستی بە هەزارویەک پێویستی ژیانی ڕۆژانە و خزمەتگوزاری هەیە، خەڵکێکی زۆریش ئامادەبەکارن بۆ بەرهەمهێنان و دابینکردنی ئەوانە. بۆ بەم هەموو داهاتە وەبەرهێنان ناکەن،تاوەکو هەم خەڵک کاری دەسکەوێ وهەم ژێرخانی ئابوری ببوژێتەوە. ئێوە کەی لە تاڵانکردنی داهات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا تێر دەخۆن؟ بۆچی هەموو کار و بەرهەمهێنان و ژیانی خەڵکتان سپاردوە بەو بازاڕە ڕەشەی کە هەر خۆتان قۆرختان کردوە؟
-بۆچی لە سایەی ئەم کابوسستانەی بۆ خەڵکتان خوڵقاندوە، ئەگەر مامۆستا بۆ موچە ناڕەزایەتی دەبرێ، لەسەر شەقام بەرشەقی دەدەن؟ خەڵکی پێنجوین لەدژی ئەوەی کارەباشتان کردوە بە بیزنس ناڕەزایەتی دەربڕن، بە میلیشیا سەرکوتیان دەکەن؟ بۆچی خەڵک مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیشی نیە؟ بۆ گوێ لە ناڵە و بێدادی خەڵک ناگرن؟ بۆ بە شەق و چەک وەڵامی داخوازیە سادەکانیان دەدەنەوە؟
-بۆچی ئازادی سیاسی سەرکوت دەکەن؟ بۆچی سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و نەزیر و سەدان رۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوی سیاسیتان تیرۆکرد؟ بۆچی لەسەر وشە خەڵک لە زیندان توند دەکەن؟ بۆچی دەستی مەلابەشیرەکان و ئیسلامیە تیرۆریستەکانتان ئاوەڵاکرد بۆ فتواوی کوشتن و تیرۆری شاپور و قابیلی ڕابەری خۆشەویستی ئاوارەکان و بێکاران و هەژاران؟ بۆچی لە ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠ ترسنۆکانە ئەو کۆمۆنیستانەتان تیرۆر کردکە تەنها تاوانیان خەبات بوو لە دژی ئەم کابوسستانە؟
-بۆچی هەموو یاسایەکی مەدەنیتان کردوە بە گاڵتەجاڕی و خۆتان بە هیچ جۆرێک پابەندی نابن نە لە حوکمڕانی و نە لە بەڕێوەبردندا؟ بۆچی یاساتان کردوە بە کۆمەڵێک قەیدوبەندی داسەپا و تەنها بەسەر خەڵک و نەیارەکانی خۆتاندا؟ بۆچی دادگاکانتان کردوە بە دەزگای ڕاگەیاندنی ئەو حوکمانەی کە پێشتر خۆتان لەدژی نەیارەکانتان بڕیارتان لێداوە؟ ئایا یاسا و دادگایەک هەیە لەم هەموو تاڵانی و قاچاغچیەی ئێوە بپرسێتەوە؟
ئەگەر ئێوە ئەمرۆ گوێی خۆتان لەم هەموو پرسیارەی خەڵک کەڕ بکەن و ئامادە نەبن گوێ لە خەڵکی برسی و بێدەرەتان بگرن و وەڵامی پرسیار و هاواریان بدەنەوە، ئەو خەڵکەی کە ڕژێمی دڕندە و فاشیستی بەعسی ڕاماڵی، تا سەر لەبەرامبەر ستەمی ئێوەش دەستەوئەژنۆ دانانیشێت. ڕاپەڕینی خەڵکی برسی هەموو دامودەزگای سەرکوت و فریودانتان لە کار دەخات و ئیفلیجی دەکات، ئەوکات دەبێ لەبەردەم مێژو و دادگای شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا وەڵامی ئەمانە و سەدا پرسیاری تر بدەنەوە.
سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦
جەنابان: بارزانی و تاڵەبانی! وەڵامی پرسیار و بێدادی خەڵک بدەنەوە!
76
