توانا محەمەد نوری: 
هەموو ڕۆژێک کە دەچینە بازاڕ، هەست بە قورساییەکی بێوێنە لەسەر بژێوی و شانی خۆمان دەکەین. بەپێی ئامارەکانی “دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان”، تەنیا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێوەرەکانی هەڵاوسان و تێچووی ژیان بە ڕێژەی زیاتر لە ١٥٪ بۆ ٢٠٪ بەرزبوونەتەوە. ئەو داهاتەی پێشتر بەشی پێداویستیی هەفتەیەکی خێزانێکی دەکرد، ئێستا توانای دابینکردنی بژێوی دوو ڕۆژیشی نییە؛ لە کاتێکدا نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان ڕۆژانە هەڵدەکشێن، توانای کڕینی چینە زەحمەتکێش و مووچەخۆرەکان لە دابەزینی بەردەوامدایە.
دەسەڵات و گوتاری باڵادەست هەمیشە وا وێنای دەکەن کە ئەم دۆخە دەرئەنجامی ئاسایی و حەتمیی “بازاڕی ئازاد”، شۆکی دەرەکی، و دابەزینی بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار. ئەمڕۆ کە دەبینین تەنانەت لە سیاسەتی دارایی فەرمیشدا نرخی دۆلار بە زیاتر لە ١٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بە ١٥١٠ دینار دەدرێتە بانکەکان، دەسەڵات خۆی بە فەرمی بەهای دینار دادەبەزێنێت و گرانی لەسەر هاووڵاتیان دەچەسپێنێت. ئەم دابەزینەی بەهای دراوی ناوخۆیی ڕاستەوخۆ باری سەرشانی زیاتر لە ٧٠٪ی خێزانە کەمداهاتەکانی قورس کردووە؛ بەڵام دەسەڵات لەبری پاراستنی خەڵک لەم شۆکە نەختییە، سیاسەتی دراو و جیاوازیی نرخەکان بۆ قازانجی بانکە ئەهلییەکان و سەرمایەداران و قۆرخکاران دەقۆزێتەوە و باج و رسومات لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکات. کەواتە ئەم قەیرانە قەدەری ئاسمانی نییە، بەڵکو میکانیزمی سیستەمێکی چینایەتییە کە تێیدا باجی سیاسەتی دراو و قەیرانە داراییەکان بەسەر خەڵکی کرێکار و ڕەنجدەردا دەشکێنرێتەوە، تا قازانج و داهاتی کۆمپانیا و بانکە دەسەڵاتدارەکان پارێزراو بێت.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دابەشبوونێکی چینایەتیی زەق لەسەر بنەمای ئابوورییەکی سەرمایەدارانە دروست بووە. بەپێی داتاکانی “وەزارەتی پلاندانان”، لە کاتێکدا ڕێژەی هەژاریی ڕەها لە نێوان ٩٪ بۆ ١٢٪ دایە، بەڵام زیاتر لە ٤٠٪ی کۆمەڵگە لەسەر لێواری هێڵی هەژاریدا دەژین و مەترسیی داڕمانی تەواوەتییان لەسەرە. ئەم نایەکسانییە تۆقێنەرە لەکاتێکدایە کە کۆی سامانی گشتی، زەوی، مۆڵەتە بازرگانییەکان و داهاتی نەوت لە دەستی نوخبەیەکی سیاسی-سەرمایەداردایە کە کەمتر لە ٥٪ی دانیشتووان پێکدەهێنن.
ئەم گرانییە لە بنەڕەتدا بەرهەمی چاوچنۆکیی سەرمایەداران و قۆرخکردنی بازاڕە لە پێناو مسۆگەرکردنی قازانجی خێرادا. سەرمایەداریی حیزبی بە ئەنقەست کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پشتگوێ خستووە، تا کۆمەڵگەی کوردی تەنیا ببێتە بازاڕێکی ساغکردنەوەی کاڵای هاوردەکراوی کۆمپانیاکانی خۆیان. ئەمڕۆ زیاتر لە ٨٥٪ی پێداویستییە سەرەکییەکان هاوردە دەکرێن، ئەم پشتبەستنە تەواوەش دەستی کۆمپانیا دەسەڵاتدارەکانی واڵا کردووە کە نرخەکان بە ئارەزووی خۆیان بەرز بکەنەوە و باجی هەر شۆکێکی ئابووری بخەنە سەر سفرەی هاووڵاتیی هەژار.
ئەوەی دۆخەکە لە کوردستان کارەساتبارتر دەکات، ئەوەیە کە ئێمە لەبەردەم “سەرمایەدارییەکی حیزبی، بنەماڵەیی و قۆرخکاری تەواو”داین. سنوورەکان، دەروازە بازرگانییەکان و هاوردەکردنی کاڵا ستراتیژییەکانی وەک دەرمان، خۆراک و سووتەمەنی لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی قۆرخکاری سەر بە باڵ و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە کۆنترۆڵ کراون. ئەم کارتێلە حیزبییانە بەپێی بەرژەوەندیی کەڵەکەکردنی سەرمایەی خۆیان نرخ دادەنێن و بە بەهای زیادە ڕەنجی خەڵک دەدۆشن.
لە کاتێکدا هەموو شتێک لە بازاڕدا گران دەبێت، نرخی ماندووبوونی مرۆڤ بە ئەنقەست بێبەها دەکرێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی “سەندیکای کرێکاران”، کەمترین کرێ لە کەرتی تایبەتدا هێشتا لە دەوروبەری ٣٥٠ هەزار دینارە، لە کاتێکدا سەبەتەی بژێویی مانگانەی خێزانێکی ٥ کەسی لە ١ ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە. ئەم دۆخە بەرجەستەکردنی وردی تێڕوانینی ئابووریناسی ناوداری مارکسی “ئێرنست ماندێل”ە بۆ دیاردەی «هەڵاوسانی هەمیشەیی»؛ ماندێل دەیسەلمێنێت کە گرانی و هەڵاوسان ڕێکەوت نییە، بەڵکو میکانیزمێکی بێدەنگی سەرمایەدارییە بۆ دابەزاندنی بەهای ڕاستەقینەی کرێی کرێکاران بەبێ دەستکاریکردنی ژمارەی سەر کاغەزی مووچەکانیان، تا باجی قەیرانە ئابوورییەکان لە پشکی قازانجی خاوەنکارەوە بە تەواوی بگوازرێتەوە بۆ سەر گیرفان و سفرەی بەتاڵی زەحمەتکێشان.
کارەساتەکە بە لاوازکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش گەیشتووە؛ تەندروستی و خوێندن بە تەواوی کراون بە کاڵا و بوونەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر شانی خەڵکەوە. لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان دەستیان بە باشترین خزمەتگوزاری دەگات، زۆرینەی خەڵک دەبێت باجی گرانی و بێئاوی و کارەبای کەم بدەن. نەخۆشخانە حکومییەکانیش ئەوەندە بێدەرەتان کراون کە، جگە لە چەند نەخۆشخانەیەکی وەک هیوا یان فریاکەوتن کە خزمەتگوزاریی سنووردار پێشکەش دەکەن، ئەمڕۆ نزیکەی تەواوی تێچووی دەرمان، پشکنین و نەشتەرگەری لە گیرفانی بەتاڵی هاووڵاتییە، بە جۆرێک تەندروستی لە مافێکی سەرەتاییەوە کراوە بە بازرگانی.
زۆرجار گوتاری دەسەڵات هەوڵ دەدات هۆکاری بێکاری بخاتە ئەستۆی بێکاران و هاووڵاتییان خۆیان، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی “ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار”(ILO)، ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجانی هەرێمدا لە نێوان ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ دایە. ئەم بێکارییە فراوانە کێشەی کەسیی کەس نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیستمێکی ئابووریی مشەخۆر و پشتبەستوو بە هاوردەکردنە، کە تەنیا بە دوای بازرگانی و قازانجی خێرادا دەگەڕێت و ئامادە نییە لە کەرتە بەرهەمهێنەرەکان و پیشەسازیدا هەلی کاری ڕاستەقینە بخولقێنێت.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم داڕمانە، پێویستە کرێکاران و توێژە کەمداهات و بەرهەمهێنەرەکان هۆشیاریی چینایەتیی خۆیان پەیدا بکەنەوە؛ بەڵام یەکەم کۆسپ لەبەردەم ئەمەدا، حیزبیکردن و ئیفلیجکردنی سەندیکاکانی کرێکاران و پیشەییەکانە لەلایەن دەسەڵاتەوە تا ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی ڕاستەقینەی جەماوەری بکرێت. ئەمڕۆ ئازاری مامۆستایەکی ناڕازی، فەرمانبەرێکی بێمووچە و کرێکارێکی بێدەرەتانی بیناسازی یەکە، چونکە هەموویان قوربانیی هەمان سیستەمی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لەسەر حسابی ڕەنج و مافەکانیان.
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کورتخایەنی گرانی، پێویست ناکات تەنیا پەنا بۆ سەپاندنی زۆرەملێی نرخ ببرێت کە دەبێتە هۆی شاردنەوەی کاڵا و بازاڕی ڕەش، بەڵکو دەبێت قۆرخکاریی کۆمپانیا حیزبییەکان بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە. هاوکات پێویستە کەرتی حکومی پشتیوانیی دارایی (سوبسید) بۆ هاوردەکردنی کاڵا خۆراکییە سەرەکییەکان و سووتەمەنی دابین بکات و بە نرخی تێچوون دابەشیان بکات، و لەگەڵ ئەوەشدا چاودێرییەکی کۆمەڵایەتیی توند بەسەر کۆگا و هاوردەکردندا بسەپێنرێت لەڕێگای نوێنەرانی دڵسۆز و هەڵبژێردراوی خەڵک خۆیانەوە.
هاوکات دەبێت کەمترین ئاستی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران دەستبەجێ بەرز بکرێتەوە و ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە پێوەرەکانی هەڵاوسان و تێچووی بژێوی ژیان، تا توانای کڕینی خەڵک پارێزراو بێت. هەروەها دەبێت خوێندن و تەندروستی لە هەموو رسوماتێک پاک بکرێنەوە، و کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی ناوخۆیی لە ڕێگەی سندووقی پشتیوانییەوە ببوژێنرێنەوە؛ تێچووی ئەم چاکسازییە ڕاستەقینانەش لە ڕێگەی سەپاندنی باجی قورسی پێشکەوتوو بەسەر قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت، بانکە ئەهلییەکان، کۆمپانیاکانی پەیوەندی و پرۆژە نیشتەجێبوونە شاهانەکان دابین بکرێت. بەڵام ئاشکرایە کە چینی دەسەڵاتدار و خاوەن بەرژەوەندییەکان هەرگیز بە ئارەزووی خۆیان دەستبەرداری ئەم دەستکەوتانە نابن و باج ناخەنە سەر خۆیان؛ بۆیە بەدیهاتنی ئەم ڕێکارانە تەنیا لە ڕێگەی یەکگرتنی مەیدانی، فشاری ڕێکخراوی جەماوەری و ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییە سەربەخۆکانەوە دەتوانرێت بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنرێت.
بەدڵنیاییەوە گرانی بە دوعا، بەخشینی خێرخوازیی سەرمایەداران و پێدانی سەدەقەی سەرپێیی چارەسەر ناکرێت. چارەسەری ڕاستەقینە لە ڕزگارکردنی ئابووریی کوردستانە لە چنگی مۆدێلی سەرمایەداریی حیزبی-بنەماڵەیی و بە بازاڕکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان؛ دەبێت پەیوەندییە ئابوورییەکان بە جۆرێک دابڕێژرێنەوە کە بەرهەمهێنان، سەرچاوە داراییەکان و سامانی وڵات لە خزمەت دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە بن، نەک لە خزمەت کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و کەمینەیەکی قۆرخکاری مشەخۆر.
٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦
