نوری بەشیر: 
قەیرانێکی گەورە یەخەی فەرەنسای گرتووە و کاریگەرییەکانی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا دەبینرێن. ئەم قەیرانە تەنیا تایبەت بە فەرەنسا نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانی گشتیی سیستەمی سەرمایەداری ئەوروپادایە. ئەوەی سەرەتا بە ناڕەزایەتیی قوتابیان دەستی پێکرد، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی حکومەت و فراوانبوونی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی، خەریکە بەرەو ناڕەزایەتییەکی گشتیتر و سیاسیتر دەڕوات و خواستەکانی قوتابیان، کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا لە یەک نزیک دەکاتەوە.
ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان لە ١٧ی سێپتەمبەرەوە لە قوتابخانەکانی ناوەندی و ئامادەییی گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەوروبەری پاریس دەستیان پێکرد، لە دژی هەلومەرجی خراپی خوێندن و کەموکوڕییەکانی سیستەمی پەروەردە. کەمی مامۆستا، کۆنی و خراپی بینای قوتابخانەکان، نەبوونی سیستەمی گونجاوی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوە، قەرەباڵغیی پۆلەکان، کە هەندێک جار ژمارەی قوتابیان تێیاندا دەگاتە ٤٠ کەس، لە کێشە سەرەکییەکانن. هەروەها قوتابیان ناڕزاین لە سیستەمی ئەلیکترۆنیی «پارکۆرسۆپ» (Parcoursup) کە حکومەت بۆ داواکردن و دابەشکردنی شوێنی خوێندن لە زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەکاری دەهێنێت.
بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و بێوەڵامی حکومەت، هاوپشتییەکی فراوانی بۆ قوتابیان دروست کردووە؛ لە دایک و باوکی قوتابیان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی مامۆستایانەوە، تا دەگاتە یەکێتییە کرێکارییەکان و حزبە کۆمۆنیستەکان. لە بەرامبەردا، حکومەت بە هێزەکانی پۆلیس پەنای بۆ سەرکوت بردووە و گازی فرمێسکڕێژ، ئاوپرژێن و فیشەکی لاستیکی بەکارهێناوە و بە سەدان کەسی دەستگیر کردووە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە، ژمارەی دەستگیرکراوان بە هەزاران کەس گەیشتووە و بەشێکی زۆریان لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵدان. هەروەها لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا، قوتابیان و کارمەندان و ئەندامانی پۆلیس بریندار بوون و زیان بە ژمارەیەک شوێن و بینا گەیشتووە.
بەڵام سەرکوت و چەواشەکاریی حکومەت و حزبە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتدار نەیانتوانیوە ناڕەزایەتییەکان بوەستێنن. حزبە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی قەیرانەکە بخەنە ئەستۆی حزبە چەپەکان، کۆچبەران و موسڵمانان. هەتا دۆناڵد ترەمپیش هەوڵی داوە ناڕەزایەتییەکان بە ئیسلام و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی فەرەنساوە ببەستێتەوە. ئەم هەڵوێستانە هەموویان لە چوارچێوەی هەوڵی شێواندنی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکان و لاوازکردنی هاوپشتیی نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادان، بەڵام تائێستا ئەم هەوڵەیان ناکام ماوەتەوە.
قوتابیان لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا خواستەکانیان بە ڕوونی خستووەتە بەردەم حکومەت. لەوانە: زیادکردنی مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکان، چاککردنەوەی بینا کۆن و خراپەکان، باشترکردنی هەلومەرجی خوێندن، گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی پارکۆرسۆپ، باشترکردنی یارمەتیی داراییی قوتابیان، ڕێکخستنی کاتی وانە و پشوودان و زیادکردنی بودجەی خوێندنی گشتی. ڕێکخراوەکانی قوتابیان پێیانوایە جێبەجێکردنی ئەم خواستانە پێویستی بە نزیکەی ١٠ ملیار یۆرۆ بودجەی زیادە هەیە.
ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران، بەهۆی خۆدزینەوەی حکومەت لە چارەسەری قەیرانەکە، لە چوارچێوەی قوتابخانەکان تێپەڕی و سەرتاسەری فەرەنسای گرتەوە. ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئۆکتۆبەر، بەپێی ئاماری ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی نیو ملیۆن کەس بەشداریی خۆپیشاندانەکان کردووە؛ لە پاریس بە تەنیا نزیکەی سەد هەزار کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. ئەم بەشدارییە فراوانە نیشانەی ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە خواستە تایبەتەکانی قوتابیانەوە بەرەو ناڕەزایەتییەکی گشتیتر گەشە دەکەن.
دروشمەکانی خۆپیشاندەرانیش ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم ناڕەزایەتییانە دەردەخەن: «پارە بۆ خوێندن، نەک بۆ سەرکوتکردن»، «پۆلیسی کەمتر، پارەی زیاتر بۆ خوێندن»، «دژ بە ڕەگەزپەرستی و ڕاستیی توندڕەو»، « نا بۆ توندوتیژی»، «حکومەت دەبێت وەڵامی خواستەکانمان بداتەوە» و «بژی کۆمۆن». ئەم دروشمانە تەنیا لەلایەن ئەو قوتابیانەوە بەرز ناکرێنەوە کە سەر بە حزبێکی سیاسیی دیاریکراون؛ بەڵکوو ئەزموونی نایەکسانی و نادادپەروەریی کۆمەڵگا، بەشێک لە نەوەی نوێی لاوانی بەرەو ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سیاسی و ئابووریی باڵادەست دەبات.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە سیستەمێکدا سەریانهەڵداوە کە بەرژەوەندیی سەرمایەداران و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەپێش پێداویستییەکانی کۆمەڵگاوە دادەنێت. کاتێک حکومەت بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خەرجییەکانی پۆلیس، سەرکوت و کەرتە ستراتیژییەکانی خۆی زیاد دەکات، ئیتر ناڕەزایەتیی قوتابیان بە ئاسانی لە چوارچێوەی پرسەکانی تایبەت بە خوێندن قەتیس نامێنیتەوەو بەرەو ئەوە دەچێت کە خواست و مەسەلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکە بهێنێتەگۆڕێ.
بەهۆی فراوانبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خوێندنکاران بەوەی کە زیاتر لە ١٩٠٠ خوێندنگا لە کۆی ٣٧٠٠ خوێندنگا دەرگاکانیان داخران، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکانی فەرەنسا، بۆیە حکومەت ناچاربوو کە بۆماوەی هەفتەیەك سەرجەم خوێندنگا ئامادەییەکان دابخات. بەڵام سەرەڕای ئەوە فشاری ناڕەزایەتییەکان حکومەتی ناچار کردووە لەبارەی چارەسەرەکانەوە گفتوگۆ بکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، داوای لە وەزیرەکان کردووە پێشنیاری چارەسەر تا کۆتایی ئۆکتۆبەر ئامادە بکەن. هەروەها باس لە بانگهێشتکردنی لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆ، و ئیدوارد جۆفری، وەزیری پەروەردە، بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجومەنی نیشتمانی کراوە. حکومەت بەڵێنی داوە بودجەی پەروەردە بە نزیکەی ١.٢ ملیار یۆرۆ زیاد بکات و لە بوارەکانی دامەزراندنی مامۆستا، چاککردنەوەی بیناکان و گۆڕانکاری لە سیستەمی پارکۆرسۆپدا هەنگاو بنێت. بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە تا چەند ئەم بەڵێنانە لە قسەوە دەگوازنەوە بۆ کردار و وەڵامی ڕاستەقینەی خواستەکانی قوتابیان دەدەنەوە.
سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی حکومەت، خۆپیشاندانەکان هێشتا بەردەوامن و رۆژی ٨ی سێپتێمبەر، چەندین ناوچەی دیکەی فەرەنسای گرتەوە. هاوپشتیەکان بۆ قوتابیان روو لەزیادبوون دەکەن. ڕێکخراوە قوتابی و خوێندکارییەکان بانگەوازیان کردوە بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان لەرۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەردا.
بێگومان ئەم قەیرانە تەنیا فەرەنسا ناگرێتەوە. لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپاشدا، ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر لە دژی گرانی، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بێکاری، نایەکسانی و خراپی هەلومەرجی ژیان هەیە. لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا، قەیرانی ئابووری و سیاسی لەگەڵ یەکتر گرێدراون و فشارەکانیان زیاتر لەسەر کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگایە.
زۆربەی حکومەتەکانی ئەوروپا بۆ پاراستنی قازانج و بەرژەوەندیی سەرمایەداران کە ئێستا لە دۆخێکی قەیرانی ئابوریدا گیریان خواردووە، فەزایەکی جەنگیان بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندووەو بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان کردوە بە تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورە بۆ چەک و تەقەمەنی و سیاسەتە سەربازییەکانیان، بارگرانیی قەیرانەکەو خەرجی ئەم جەنگخوازیەیان دەخەنە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆربەی خەڵک. ئەنجامەکەشی، هەژاری و گرانی و بێکاری و لاوازبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادبوونی سەرکوتە. بۆیە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لەنێو قوتابیاندا نامێننەوە؛ بەڵکوو لەنێو کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، کارمەندانی نەخۆشخانەکان، خانەنشینان، ژنان، لاوان و پەنابەرانیشدا سەریانهەڵداوە.
نموونەیەکی گرنگی ئەم بارودۆخە لە ئیسپانیا ڕوویدا؛ کاتێک لە ٢٣ی سێپتەمبەردا دەرکردنی ماری کارمێن، ژنێکی ٨٧ ساڵەی کرێچی لە شوقەکەی کە بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ تێیدا ژیابوو، بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی فراوان لە دژی کێشەی خانووبەرە و کرێی زۆر. هاوپشتیی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت لەگەڵ ئەو ژنەدا بە خێرایی فراوان بووەوە.
لە وڵاتانی تری ئەوروپاشدا، ناڕەزایەتییەکان شێوەی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا زۆرێکیان پەیوەندییان بە هەمان کێشەی گشتییەوە هەیە: لە فەرەنسا ناڕەزایەتی لە دژی خراپیی سیستەمی پەروەردە و کەمبودجەیی خزمەتگوزارییەکانە؛ لە ئیسپانیا کێشەی خانووبەرە و کرێ و نایەکسانییە؛ لە بەلجیکا و ئیتاڵیاش بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان پەیوەندییان بە پەروەردە و دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە هەیە. هەر ئەمەشە وایکردوە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای فەرەنسا و ئیسپانیا و .. بەخێرایی فراوان دەبێتەوەو لە خواستی بەشێکی کۆمەڵگاوە بەرەو خواستی سەراسەری و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا تەشەنە بستێنێ و تەنانەت مۆرکی سیاسیش بەخۆوە بگرێت. بۆنمونە دروشمەکانی دژی خەرجییە گەورەکانی پۆلیس، دژی ڕەگەزپەرستی و لە پشتیوانیی یەکسانی و کۆمۆن، نیشانەی ئەوەیە کە بەشێک لە خەڵک تەنیا داوای چاکسازییەکی سنووردار ناکەن، بەڵکوو پرسی ئەوەش دەخەنە ڕوو کە بودجە و سامان و توانای کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندیی کێ و بۆ کام ئامانج بەکاردەهێنرێت.
بۆ کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و ئەو نەوەیەی لاوان کە بەدوای دنیایەکی یەکسانتر و ئازادتر دەگەڕێن، ئەم ناڕەزایەتییانە دەرفەتێکن بۆ خستنەژێرپرسیاری بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداری. کاتێک لە خۆپیشاندانەکاندا سرودی «ئەنتەرناسیۆناڵ» دەگوترێت، وێنەی مارکس بەرز دەکرێتەوە یان دروشمی «بژی کۆمۆن» دەبیسترێت، ئەمە دەربڕینی ئەو ئارەزووەیە کە دنیایەکی جیاواز لە دنیای ئەمڕۆ دەخوازێت؛ دنیایەک کە تێیدا یەکسانی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤەکان لە پێش قازانج و بەرژەوەندیی سەرمایەدارانەوە بێت، و مرۆڤایەتی لە جەنگ و کوشتار و هەژاری و سەرکوت دوور بێت.
لە کۆتاییدا، گرنگیی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا لەوەدایە کە نیشان دەدەن کێشەی پەروەردە و مافی قوتابیان لە کێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا جیا نییە. ئەو کاتەی حکومەت نەتوانێت وەڵامی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک بداتەوە و لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ سەرکوت ببات، ناڕەزایەتییەکان دەتوانن فراوانتر ببنەوە و بگەنە ئاستی ڕەخنەگرتن لە هەموو سیستەمی دەسەڵات. لەو ڕووەوە، هاوپشتیی نێوان قوتابیان، کرێکاران و هەموو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە بۆ خەبات دژی نایەکسانی و بۆ دروستکردنی دنیایەکی باشتر و دادپەروەرانەتر.
قەیرانی حکومەتی فەرەنسا و ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان!
5
