هەورامان عەلی: 
لە ٩ی ئابی ١٩٦٥دا، پیاوێک لەبەردەم کامێرادا گریا و هەموو جیهان سەری سوڕما. ئەو پیاوە لی کوان یو بوو، سەرۆکی سەنگاپور.
ئەو ڕۆژە، پەرلەمانی مالیزیا بە ١٢٦ دەنگ، بەبێ ھیچ دەنگێکی ناڕازی، بڕیاریاندا سەنگاپور لە وڵاتەکەیان دەربکەن. لە مێژووی نوێدا، سەنگاپور تاکە وڵاتە کە بە زۆر ناچار کرابێت سەربەخۆ بێت!
لی گریا چونکە دەیزانی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی چ ئاڵنگاریەکی گەورە بووەتەوە. دوورگەیەکی بچووکی بێ ئاو، بێ کانزا، بێ کشتوکاڵ، بێ سوپا، بە کەمتر لە ٢ ملیۆن دانیشتووی هەژاری پەرتەوازە کە ساڵی پێشتر لە شەڕی نێوان چینی و مالاییکاندا خوێنی یەکتریان ڕشتبوو. پسپۆڕانی جیهان پێیان وابوو: ئەم وڵاتە لە دوو ساڵدا نامێنێت.
ئەمڕۆ، ٦٠ ساڵ دوای ئەو گریانە، سەنگاپور یەکێکە لە دەوڵەمەندترین، پاکترین و بەهێزترین وڵاتەکانی جیهانە.
ئەمە چیرۆکی موعجیزە نییە. چیرۆکی بیرۆکەی داهێنەرانە و بڕیاری دروستە.
سەنگاپور چۆن لە سفرەوە دەستی پێکرد؟
نهێنییەکەی لە ٨ بنەمای سەرەکیدا بوو:
١. دەوڵەتیان کردە کۆمپانیای هەمووان
لی کوان یو لە یەکەم بانگەوازدا گوتی: “ئێمە پشت بە هیچ شتێکی دەرەوە نابەستین”. ئەو و هاوڕێکانی دەوڵەتیان بۆ بنەماڵەکەیان یان بۆ نەتەوە و ئاینەکەیان دروست نەکرد. گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیان نووسی: تۆ وەک هاوڵاتی کار دەکەیت ، باجدەدەیت و یاسا دەپارێزیت، من وەك دەوڵەت خانوو، خوێندن و دادپەروەریت بۆ دابین دەکەم. لێرەوە متمانە دروست بوو.
٢. فرەڕەنگییان کردە هێز
٧٤٪ چینی، ١٣٪ مالایی، ٩٪ هیندی. بۆ ئەوەی نەبنە گەتۆ، یان کانتۆنی دابڕاو، سێ یاسای سەیر بەڵام مێژووییان دەرکرد:
• زمانی ئینگلیزی: کردیانە زمانی فەرمی تا هیچ ڕەگەزێك هەست نەکات زمانی ئەوی تر بەسەریدا زاڵە.
• یاسای خانوو (HDB): ئەمڕۆ ٨٠٪ی خەڵک لە خانووی حکومیدا دەژی. یاساکە دەڵێت لە هەر باڵەخانەیەکدا دەبێت ڕێژەی ڕەگەزەکان وەك ڕێژەی وڵات بێت.
• سەربازی نیشتمانی: هەموو کوڕێك ٢ ساڵ دەبێت سەربازی بکات. لە یەك چادردا چینی و هیندی و مالایی دەبنە “سەنگاپوری”.
٣. دەستوور وەك گرێبەست، نەك دەقی پیرۆز
لە دەستووردا ئاینی دەوڵەت نییە. ئاین لە مزگەوت، کلیساداو پەرستگادا پیرۆزە، بەڵام لە دادگادا تەنها یەك یاسا هەیە: یاسای مەدەنی بۆ هەمووان.
٤. مرۆڤیان کردە سەرمایە
ئەوان سامانی سروشتیان نەبوو، وتیان مێشکی مرۆڤ دەکەینە دەسمایە. سیستەمی پەروەردەیان لەسەر بیرکاری و زانست بنیات نا و پرەنسیپی شایستەیی – یان سەپاند. تەنها توانا تۆ دەگەیەنێتە پۆست، نەك ناسین و بنەماڵە، نەك حزب و ئایدیۆلۆژیا.
٥. گەندەڵییان بە شمشێر یاسا بنەبڕ کرد.
دەزگای CPIB یان دروست کرد بە دەسەڵاتی ڕەها، تەنانەت وەزیرەکانیشی خستە زیندانەوە. لەبەرامبەردا مووچەی فەرمانبەرانیان بەرز کردەوە تا پێویستیان بە بەرتیل نەبێت. پەیامەکە: خزمەتی گشتی شەرەفە، بەڵام گەندەڵی کاولکارییە.
٦. ستراتیژی “مێروولە ژەهراوییەکە”
وڵاتێکی بچووك لە نێوان دوو زەبەلاحدا دەبێت چۆن بژی؟ سوپایەکی بچووك بەڵام یەکجار مۆدێرنیان دروست کرد. ستراتیژەکەیان ناونا ” مێروولەی ژەهراوی” واتە ئێمە بچووکین، بەڵام ئەوەندە ژەهراوین کە هەرکەس بیەوێت قوتمان بدات، خۆی دەمرێت.
٧. دەوڵەت وەك وەبەرهێنەر، نەک وەک خاوەن کۆمپانیای حزبی
لی کوان یو دەوڵەتی نەکردە خاوەنی دوکان و کۆمپانیای حزبی. لە جیاتی ئەوە دوو سندوقی گەورەی وەبەرهێنانی دروست کرد بە ناوی Temasek و GIC. ئەم دوو دامەزراوەیە پارەی گەل و یەدەگی نیشتمانی لە جیهاندا وەبەردەهێنن – لە ئەمریکاوە تا هیندستان – و قازانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بودجەی وڵات.
٨. پاشەکەوتی نیشتمانی (CPF)
نهێنی ئەوەی بۆچی ٨٠٪ی خەڵکی سەنگاپور خاوەن خانووی خۆیانن، تەنها HDB نییە. سیستەمێکیان هەیە بە ناوی CPF. هەر هاووڵاتییەك لەگەڵ هەر مووچەیەکدا، نزیکەی ٢٠٪ی مووچەکەی و خاوەنکارەکەشی ١٧٪ی تر دەخاتە سەر حسابێکی تایبەتی خۆی. ئەم پارەیە ناتوانرێت بە فیڕۆ بدرێت، تەنها بۆ سێ شت بەکار دێت: کڕینی خانوو، خوێندن و چارەسەری پزیشکی و خانەنشینی. واتە دەوڵەتەکە فێری کردوون سامانی خۆیان بۆ خۆیان هەڵبگرن، نەك چاوەڕێی مووچەی حزب بن.
دەرەنجامی ئەم سیاسەت و بیرۆکانە ئەمەی لێبەرهەم هات:
• قەبارەی ئابووری لە ٠.٧ ملیار دۆلارەوە لە ١٩٦٠، بووە بە زیاتر لە ٥٥٠ ملیار دۆلار لە ٢٠٢٥.
• داهاتی تاک لە ٤٢٨ دۆلارەوە بووە بە ٩٨ هەزار دۆلار، بە هێزی کڕین دەگاتە ١٥٦ هەزار دۆلار – پلەی سێیەمی جیهان.
• لە وڵاتێك کە ئاوی خواردنەوەی نەبوو، بووە بە خاوەنی پاکترین ئاو و دووەم قەرەباڵغترینی بەندەری جیهان.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەنگاپور بەهەشت نییە و چەندین کێشەی هەیە لەوانە:
کۆنترۆڵی توند لەسەر ڕۆژنامەگەری،نەبونی ئازادی سیاسی، گرانی ژیان و فشاری دەروونی زۆر لەسەر قوتابیان…..سەنگاپور باجی قورسی داوە تا توانی ئەو موعجیزەیە بخوڵقێنێت.
بێگومان لە پێشکەوتنی سەنگاپووردا ،ناکرێت دووفاکتۆری ترهەن لەبەرچاویان نەگرین:
_ جوگرافیا، سەنگاپوورا دەکەوێتە سەر شاڕێگایی بازرگانی خۆرهەڵاتی ئاسیا بە جیهانەوە.ئەمە دەرفەتێکی زێڕینی پێ بەخشیوە کە ببێتە گەورەترین ترانزێتی بازرگانی.
_ لە چوارچێوەی جەنگی سارددا، خۆرهەڵات و خوارووی ئاسیا لەبەردەم هەڕەشەی کۆمۆنیزمدا بوو. بەم هۆیەوە وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی جگە لە سەرمایەگوزاری ، لە زۆر بواردا کۆمەکی گەورەیان بەو وڵاتەکرد.سەرکردایەتی سیاسی وڵاتیش بە باشترین شێوە ئەم دەرفەتەی قۆستەوە .
پێوەری شارستانیەت و وانەکانی ئەم ئەزمونە بۆ ئێمە؛
پێوەری شارستانی بوون زۆری و بەرزی باڵەخانەکان نییە. پێوەرەکە ئەوەیە: ئایا لاوازترین هاوڵاتی دەتوانێت لە دادگا بەرامبەر بەهێزترین کەس بوەستێت و مافی خۆی وەربگرێت؟ لە سەنگاپور وەڵامەکە بەڵێیە.
ئێمەی کورد دەرفەتی ئەومان هەیە لە خاڵێکی زۆر باشترەوە دەست پێبکەین: خاکمان هەیە، ئاومان هەیە، کانزا و نەوتمان هەیە، مێژوومان هەیە. ئەوەی ئێمە لێی بێبەش بووین، هەمان ئەو شتە بوو کە سەنگاپوری دروست کرد: بیرۆکەی دەوڵەتی خزمەتکار.
مۆدێرنە تەنها تەکنەلۆژیا نییە. مۆدێرنە بیرکردنەوەیەکە:
• دەوڵەت خزمەتکارە، نەک خاوەن.
• دەستوور گرێبەستی مرۆڤە، نەک دەقی پیرۆز.
• مرۆڤ هاوڵاتییە، نەک ڕەعیەت.
سەنگاپور بە بەردێک لە ناو دەریادا دەستی پێکرد و گەیشتە لوتکە. ئێمەش دەتوانین لە خاڵی خۆمانەوە دەست پێبکەین. پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا دەتوانین وەک سەنگاپور بین؟ پرسیارەکە ئەوەیە: کام لەو هەشت بنەمایە دەتوانین لە سبەینێوە، لە قوتابخانەکەمان، لە فەرمانگەکەمان، لە
ماڵەکەماندا جێبەجێ بکەین؟
هەڵبەتە ئەوە ڕۆشنە، ئێمە ناتوانین داهاتوومان بە کۆپیکردنی مۆدێلەکانی خەڵکی تر مسۆگەر بکەین، بەڵام ئەزموونی سەرکەوتویی میللەتانی تر دەتوانێت ڕێگایی دەیان ساڵەمان بۆ چەند مانگ کورت بکاتەوە….
