Home بیروڕاجەنابی بارزانی لە ڕوت دێت داوا لە خەڵکی کوردستان بکەی بتانپارێزن؟!

جەنابی بارزانی لە ڕوت دێت داوا لە خەڵکی کوردستان بکەی بتانپارێزن؟!

by admin
0 کۆمێنتەکان 259 بینینەکان

ڕاتگەیاندوە کە نە ئەمریکا و نە ئەوروپا و نەکەس ناتاپارێزێ، ئەوەی دەتوانی بتاپارێزێ تەنها خەڵکی کوردستانە. بەڕاستی چۆن لە ڕوت دێت ئەم داوایە ئاراستەی خەڵکێک بکەی کە ٣٥ ساڵە زوڵم و ستەمیان لێ دەکەن، هەژاری و بێدەرەتانی نەماوە بەسەریان نەهێنن؟! بە چ مافێک؟! چی ماوە بەسەر ئەو خەڵکەی نەهێنن؟! ٣٥ ساڵە بە پشتیوانی ئەمریکا بە زۆری چەک دەسەڵاتی دوبنەماڵەتان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە، لەسەر حیسابی نەداری ئەوان و تاڵانکردنی داهاتی ئەم خەڵکە بنەماڵەکەت خاوەنی سەدان ملیار دۆلارە، شازادە تازە پێگەیشتوەکانت کە هەر نازان کار و کاسبی مانای چیە، لە ئێستاوە ملیاردێرن و پۆز بەسەر خەڵکی برسیدا لێدەدەن. ئەو خەڵکە ساڵەهایە لە دەرفەتێک دەگەرێت دەستی ئێوە لە یەخەی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی هەناسەیەک بدات، ئێستا داوایان لێ دەکەی بتپارێزێ؟!
جەنابی بارزانی! تازە زانیتان لە مەترسیدان و تازە هاتە بیرتان پشت بە خەڵک ببەستن؟! ئێوەش و هەموو هاوڵاتیەکی سادە دەیزانی ئەمریکا و ئەوروپای هاوپەیمانەکانی، بەکارتان دەهێنن بۆ بردنەپێشی سیاسەتی جەنگخوازانە و کۆنەپەرستانەی خۆیان. لە بەرامبەردا دەستیان خستە ژیاباڵی ئێوە تا دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیاییتان بەسەر خەڵکەدا بسەپێنن. ئێوە هەزار ساڵ پڕوپاگەندەی ئەوە بکەن کە دەسەڵاتەکەتان بەرهەمی خەباتی پێشمەرگانەیە، خەڵکی کوردستان و هەموو جیهان ئەو ڕاستیە دەزانن کە دەسەڵاتەکەتان دەستسازی ئەمریکایە. هەر بۆیە خەڵکی عێراق ئێوە لە پشتی ئەو سیناریۆ کارەساتبارەوە دەبینێ کە ئەمریکا بەسەر کۆمەڵگای عێراقیدا هێنا. ئەمەشتان بە ناوی “کورد”ەوە کرد، هەر بۆیە بەداخەوە تا ساڵەها کاریگەری دەبێت لە دروستکردن و قوڵکردنەوەی قڵشتی نێوان خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان.
ئاشکرا بوو دوای ئەوەی ئەمریکا کاری پێتان تەواو دەبێت بێچارە بەجێتان دەهێڵێت و دەتانکاتە پارویەکی چەور بۆ دەوڵەتێکی مەرکەزی عەرەبی ئیسلامی بەهێز ئەگەر لە عێراق دروست بێت و بەرژەوەندی ئەمریکا بپارێزێت. لەم ٣٥ ساڵەدا دەیان دەرفەت هەبوو بۆ ئەوەی کوردستان بگاتە کەنارێکی ئارام و لە هەڕەشەی بەردەوام ڕزگاری بێت. ئێوە بۆ بەرژەوەندی تەسکی دەسەڵاتی کاتی خۆتان و بەرزکردنەوەی قەڵای سەروەتتان، ئەو هەمو دەرفەتەتان لە کیسی خەڵکی کوردستان دا. بۆ پاساودانی پاشکۆیەتی خۆتان بۆ ئەمریکا وەکو ملهوڕتین و تاوانکارترین دەوڵەت، ئەمریکاتان وەکو پشت و پەنای خەڵکی کوردستان ناساند. ئێستاش دوای ئەوەی ئەم سیاسەتە چەوت و کۆنەپەرستانەیە شکستی هێناوە و ئەمریکا پشتی تێ کردون، دەتانەوێ پەنا بۆ خەڵکێک بهێننەوە کە هەتا توانیتان جەورو ستەمتان لێی کرد.
جەنابی بارزانی بەڕاستی ئێوە لە مەترسیدان! دەمێکە ڕەوتی ڕادەستکردنەوەتان کردنەوەتان بە دەوڵەتی عەرەبی ئیسلامی عێراق ئاراستەی گرتوە. ڕەنگە دڵێکتان بە دەستور خۆش بێت و خەڵکی پێ فریو بدەن. باوەڕکە ئەو دەستورە بەرهەمی هێزهاوسەنگیەکە و لە هێزهاوسەنگیەکی تردا دەکرێت بخرێتە زبڵدانی مێژوەوە. ئێوە زۆر لە مەترسیدان، لە پێشدا بەناوی پرۆسەی سیاسیەوە چەکتان دەکەن و دواتریش دانە دانە ئیمتیازەکنتان لێ دەستێننەوە. کێشەکە ئەوەیە وەکو هەمیشە ئاکامی شکستەکانتان بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەشکێننەوە و خەڵک باجەکەی دەداتەوە . بۆیە تەنها ڕێگا بۆ خەڵکی کوردستان نەک پارێزگاری لە ئێوە، بەڵکو لە پێشدا تەریکتان بخاتەوە و چارەنوسی خۆی لە چارەنوسی ئێوە جیابکاتەوە و ڕۆژێک زوتر کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەییەتان بهینێت. ئەمانە مێشمەرجی بەرگرتنە لەوەی خەڵک باجی شکستەکانی ئێوە بداتەوە. هەر ئەمەش زەمانەتی بەرگرتنە لە پەلکێشبونەوەی خەڵکی کوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی ناسیۆنالسیتی عەرەبی ئیسلامی کۆنەپەرست و دوبارە بونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو.
ئەگەر خەڵکی کوردستان لە دەوری ئەم ئاسۆ سیاسیە ڕیکخراو یەکگرتوبن ، ئەگەر ئیرادە بکەن وهێزی سەربەخۆ بهێننە مەیدانی سیاسی، وە مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ئەگەر بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناکۆکی و قڵشتەی ئێوە و جەنگ و سیناریۆکانی ڕابردو لە نێوان خەڵکی “کورد و عەرەب” دروستیان کردوە، ئاڵای هاوچارەنوسی لەگەڵ خەڵکی عەرەبزمان و بە تایبەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق بەرزبکەنەوە، دەتوانن بەر بەو مەترسی و کارەساتە بگرن کە ئێوە بۆتان دروستکردون. ئەگەر ئەم خەڵکە لە دەوری ئەم ئاسۆ سەربەخۆیە ڕێکخراو و یەکگرتو بێت، هیزێکی لە شکان نەهاتوە و دەتوانێ ڕۆڵیکی کاریگەر و مسۆگەری هەبێت لە نەخشاندنی خەریتەی سیاسی و دەسەڵاتی عێراقدا بە جۆرێک کە بەرژەوەندیەکانی بپاریزێ و چارەنوسێکی درەوشاوە بۆ خۆی بنوسێت. کۆبانی نمونەیەکی ئەم ڕاستیەیە.

ڕێبوار ئەحمەد

لە حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
١٣/١٠/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە