Home بیروڕابەخێربێن بۆ سەرزەمینی گاڵتەجاڕییەکانی دادگا

بەخێربێن بۆ سەرزەمینی گاڵتەجاڕییەکانی دادگا

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان
عەزیز ڕەئۆف:
دادگا و گاڵتەجاڕییەکانی
باسی یاسام بۆ مەکە، یاسا هەر ئەو شتەیە کە من لەسەر پارچە کاغەزێک دەینووسم. (سەددام حسێن لە فلمی: ماڵەکەی سەددام)
یەکەم: ئیدی سڕینەوەی هەر نەیارێکی دەسەڵات پێویستی بە چەک نییە و دادوەرەکانی حزب وەک سەربازێکی چەکبەدەست بڕیار دەدەن و مەرگی خیرای ئینسان هێواشتر دەکەنەوە و لەجیاتی تەقەکردن لە کەسەکان بە یاسا و گاڵتەجاڕییەکانی دانیشتنەکانی بڕیاری بەرپرسانی دەرەوەی دادگا دەخوێننەوە.
دووەم: وەک چۆن پێشتر نوسیم و ئیستاش دەینوسمەوە: بۆ ئەبەد یەکێتی لە سلێمانی و (پێشتریش پارتی لە هەولێر و دهۆک)کۆتاییان بە خەباتی مەدەنیی هێنا و ئەوەی کەمێک دڵمان پێ خۆشکردبێت دەسەڵاتی دادوەری بوو، ئەویش بۆ ئەبەد بووە بارەگایەکی حزب و بڕیارەکانی حزب. وەک خۆیان لە پانێڵەکاندا ڕایدەگەیەنن کە شتێک لە هەرێمی کوردستان بەناوی دادگای سەربەخۆ بوونی نییە.
سێیەم: بێدەنگی هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و بەرپرسەکانیان کە هەرخەریکی سەفەقاتی ژێربەژێرن لەگەڵ دەسەڵات، گومانی گەورە دروست دەکات کە یان ترسنۆکن یان بەشێکن لە سێبەری دەسەڵات و بۆ کوشتنی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە دروستکراون.
چوارەم: ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی ڕوویدا ئەگەر لە هەولێر ڕوویبدایە نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی ئەم شارە دەنگیان بەرز دەکردەوە و کەمپەینیان ئەنجام دەدا. بەڵام ئەم تایپە لە چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر تەنها دژە پارتین و ڕەخنەگری ڕووداوەکانی ئەودیو دێگەڵەن.
پێنجەم: ململانێکانی ناو حزب دەکرا بە شیوەیەکی تر چارەسەر بکرایە و دوو ناوەندی گەورەی تێدا بەکار نەهاتایە: یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە هێزی چەکدار و بەکارهێنانی دادگا بۆ شەرعیەتدان بە کردەوەکانی حزب و پۆشینی بەرگێکی قانونی بە کردەیەکی تەواو ناقانونیدا. ئیدی بەرپرسانی ئەم شارە پێیان وتین کە چی دەکەن بیکەن بەس سەیری شان و شەوکەتمان بکەن چەکمان پێیە و سەیری دەستەکانمان بکەن کە بە هاندێکی مۆبایلەوە ناوی هەموو دادوەرەکانی تێدایە.
شەشەم: بەخێربێن بۆ کوردستان، سەرزەمینی گاڵتەجاڕییەکانی دادگا و وەهمی ئۆپۆزسیۆن و دیموکراسی و مافی خەڵک و چەترێک بۆ بێدەنگی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنوس.

لێدوانێک بەجێ بهێلە