ريبوار ياسين فتاح: 
لە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ بەسەر هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستاندا، کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٥ کورسییان بەدەستهێنا. جارێکی دیکە پرسی کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە بووەتە جێی باسی گەرمی ناوەندە سیاسییەکان.
بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە ئایا دەرگای پەرلەمان دەکرێتەوە یان نا، بەڵکو ئەوەیە:
ئایا ئەم دامەزراوەیە کارا دەکرێتەوە تا دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بگوازێتەوە بۆ ناو کایەی بڕیار، یان تەنها ئامانج لێی کێشانی وێنەیەکی ڕووکەشیاویی دیموکراتییە بەسەر سیستەمێکدا کە قۆرخکاریی حزبی و تەنانەت کەسی باڵی بەسەردا کێشاوە؟
قەیرانی ڕاستەقینەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن، تەنها کێشەی دابەشبوونی کورسییەکان و ڕێککەوتنی پشکپشکێنە نییە، بەڵکو پرسیارە لە توانای ئەم دامەزراوەیە بۆ سەربەخۆبوون و دروستکردنی هاوسەنگیی دەسەڵات. لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا، پەرلەمان مەرجەعی باڵای لێپرسینەوە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانە، نەک پردێک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتدارێتیی ڕەها و پاساوهێنانەوە بۆ کەمتەرخەمییەکان.
لە دوای ساڵی ١٩٩٢ـەوە، پارتی و یەکێتی حاکمی رەها و سەرەکین لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا و ئەنجامەکانی ئەم دواییەش هەمان جەمسەربەندیی مێژوویییان دووپاتکردەوە.
لەبەر ئەوە، گرنگە بزانرێت ئایا پەرلەمانی ئەم خولە دەتوانێت خۆی لە هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ڕێککەوتنی کۆنتڕۆڵکراوی حزبی ڕزگار بکات؟ بەتایبەت کە مێژووی سیاسیی هەرێم پڕە لە وێستگەی تاڵی وەک شەڕی ناوخۆ، ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب، قەیرانی پەکخستنی پەرلەمان لە ٢٠١٥ و لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، کە هەموویان متمانەی هاووڵاتیانیان بە دامەزراوەکان و توانای حوکمڕانی سیاسیەکان تا ئاستی داڕمان لاواز کردووە.
ئەم ئەزموونە مێژوویییە پێمان دەڵێت: کێشەکە تەنها کاراکردنەوەی بینایەک و ئامادەبوونی پەرلەمانتاران نییە، بەڵکو نەبوونی سنوورێکە بۆ پاوانخوازیی دەسەڵات و تێکەڵبوونی مەترسیداری حزب و دەوڵەت. ئەم تێکەڵبوونە وایکردووە پەرلەمان لە بری چاودێریکردنی وردی بودجە، شەفافیەتی داهاتی نەوت، باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی سەربەخۆییی دادوەری و دەزگا ئەمنییەکان، ببێتە تەنها دەزگایەکی ژمارەسازیی سیاسی و بێناوەڕۆک.
لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێک نییە کە تەنها ئەرکی جوانکردنی ڕوخساری دیموکراسییەکی بریندار بێت، یان بڕیارە دروستەکانی لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و لە مەکتەب سیاسییەکانەوە بەسەردا بسەپێندرێت. بەڵکو نیشتمان پێویستی بە پەرلەمانێکی ڕاستەقینە و متمانەپێکراوە؛ دەزگایەک کە ببێتە دەنگی ڕەسەنی خەڵک و سەنگەری لێپرسینەوە، نەک پەرلەمانێکی بووکەڵەیی کە تەنها دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دەسەڵاتدارانی بێت.
