Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیکوشتنی ژنان لەژێر هەر بیانویەکدا بێ تاوانێکی دڕندانەیە

کوشتنی ژنان لەژێر هەر بیانویەکدا بێ تاوانێکی دڕندانەیە

by admin
0 کۆمێنتەکان 4 بینینەکان

دوێنێ ڕووداوی کوشتنی کیژان بورهان لە شاری سلێمانی بە دەستی باوکی و لەناو فەزایەکی تەمومژاویی دروستکراودا، دڵی هەمووانی تەزاند. ئەوەی کە ئەسڵی کێشەکە هەرچییەک بووبێ، کە پۆلیس وەک هەمیشە پاساوێکی پوچی ڕاگەیاندووە کە کێشەی خێزانیە، یان بوونی کێشەی شەخسی لەگەڵ کەسانی تر و هاندانی ئەواندا، هیچ لەوە ناگۆڕێ کە لەناو شاردا و بە ئاشکرا و بە بەرچاوی دەسەڵاتەوە ژنێک بە خوێن ساردییەوە لەلایەن باوکیەوە کوژراوە. لەوەش خراپتر چەند کاتژمێرێکی کەم دوای ئەم تاوانە، ڕاگەیاندنی جیاجیا و گوایە لێدوانی کیژان خۆی کە “کەس بە تاوانبار نازانێ”، خەریکە مەسەلەکە لە کوشتنێکی ئاشکرای ژنانەوە ئەگۆڕێ بۆ داستانێکی چنراو.
بەبڕوای ئێمە بەجیا لەوەی کە کەسی تر لەم تاوانە و هاندانیدا تێوەگلابێ یان نا، کە سەلماندنی خودی ئەمە کاری دادگا و دادوەرەکانە، مەسەلەی تەقەکردنی باوکێک لە جگەرگۆشەی خۆی و کوشتنی بە بیانوی پیسی ناموس کڕینەوە، تاوانێکی گەورە و قێزەونە. تاوانێک نییە لە چوارچێوەی خێزانی و عەشائیری و ناموسپەرستیدا پاساوی بۆ بدزۆرێتەوە. بگرە ئەمە تاوانێکی ئاشکرای ژنانە کە ساڵەهایە لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی میلیشیایی کوردایەتی و بنەماڵەییدا ڕووئەدات. وەک بەبەرچاوی هەمووانەوە کەسانێک دەستیان ئەچێتە گیانی ئازیزانیان و لە خوێنیان هەڵئەکێشن، هەر بەبەرچاوی هەمووانیشەوە دەسەڵات بیانو بۆ بکوژانی ژنان دائەتاشێ و سزایان لەسەر سووک ئەکات و بگرە ئازادیان ئەکات و داڵدەیان ئەدات. دادگایەکیش کە هەر خۆی دەزگایەکە بە دەست دەسەڵاتی بنەماڵەیی عەشیرەتییەوە، بووەتە مەقاشێکی دەستی دەسەڵات بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردن و بگرە بە یاسایی کردنی لێبوردن لە تاوانکارانی بکوژی ژنان.
هەربۆیە ئێمە وێڕای ئەوەی کە کوشتنی کیژان مەحکوم ئەکەین و دڵمان لەگەڵ دڵی هەر کەسێک لە کەسوکار و هاوڕێیان و کۆمەڵگەدایە کە بەم تاوانە خەمبارن، ڕایئەگەیەنین کە هەرجۆرە سیناریۆسازی و چیرۆک چنینێک لەم پەیوەندەوە کە بکرێتە پاساوێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ناموسی، ڕەت ئەکەینەوە. کوشتنی کیژان نابێ بچێتە خانەی مەسەلەی هەر ئەوەی خۆیان ناویان ناوە “گۆڕە بێناونیشانەکان”ەوە. هەمووان خۆمان بە خاوەنی کیژان و کیژانەکان ئەزانین و دەسەڵات بەرپرس ئەکەین لە دادگایی کردن و سزادانی دادپەروەرانەی بکوژی کیژان و هەر کەسێکی تر کە یاسا بیسەلمێنێ لە پشتی ئەم تاوانەوەیە.
کۆمیتەی سلێمانی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢١/١٠/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە