Home بیروڕاکیژان بۆچی کوژرا؟ کاتێک نان و شوێنت نییە، ئیتر ماڵەکەت دەبێتە قەسابخانە!

کیژان بۆچی کوژرا؟ کاتێک نان و شوێنت نییە، ئیتر ماڵەکەت دەبێتە قەسابخانە!

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 5 بینینەکان
زمناکۆ عزیز:
هەموو جارێک کە کچێک دەکوژرێت، دەسەڵات و دەزگاکانی، هەمان شانۆگەریی کۆن دووبارە دەکەنەوە؛ چەند دەنگۆیەکی تەمومژاوی بڵاودەکەنەوە، تۆمەتەکە دەخەنە ملی «کێشەی خێزانی و نامووس»، کەسانێکیش لە سۆشیال میدیا کەمپینی فرمێسکڕشتن ساز دەکەن، دوای چەند ڕۆژێکیش دۆسیەکە بە سوڵحێکی عەشایەری دادەخرێت تا نۆرەی قوربانییەکی تر دێت. مەرگی کیژان بورهان لە سلێمانی برینێکی نوێ نییە، بەڵکو پەردەهەڵدانەوەیە لەسەر ئەو دۆزەخەی کە هەزاران کچ و ژنی ئەم کۆمەڵگەیە ڕۆژانە تێیدا دەژین.
پێش هەموو شتێک، دەبێت پرسیارێکی زۆر سادە بکەین: کچێک کە لە ناو ماڵەکەیدا هەڕەشەی لێدەکرێت، بۆچی ناتوانێت دەست لەو ماڵە بەربدات و بڕوات؟
وەڵامەکەی لەناو گیرفان و بژێوییدایە. کاتێک گەنجێک یان ژنێک لەم وڵاتەدا کارێکی دەستناکەوێت، کاتێک پارەی ئەوەی پێ نییە ژوورێکی سادە بە کرێ بگرێت، کاتێک هیچ بیمە و دەستەبەرییەکی بژێوی نییە کە بڵێت «ئەگەر لەم دەرگایەوە بچیتە دەرەوە لە برسان نامریت»، ئەو کاتە ئەو مرۆڤە دەبێتە بارمتە. دەبێت لەگەڵ هەمان ئەو کەسەدا لەسەر یەک خوان نان بخوات و لە ژێر یەک سەقفدا بخەوێت کە دەمانچەکەی لەسەر مێزەکە داناوە و هەڕەشەی لێدەکات. ئەمە بە تەنیا «تەنگژەی ئەخلاقی یان کلتووری کۆن» نییە؛ ئەمە هەژارییە، بێدەرەتانییە، بێمافییەکی ماددییە کە مرۆڤ ناچار دەکات بە دەستی بەستراوەوە لە بەردەم جەللادەکەیدا بمێنێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئامۆژگاریکردنی خەڵک بۆ ئەوەی «چاوەڕێی دادگا بن»، فێڵێکی گەورەیە. دادگایەک کێ بەڕێوەی دەبات؟ هەمان ئەو دەسەڵاتە حیزبی و چەکدارەی کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، دەستی سەرۆک عەشیرەتەکان ماچ دەکات و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی، چاو لە تاوانیش دادەخات. لەم وڵاتەدا پیاوێک ئەگەر کچەکەی بکوژێت، پارێزبەندیی حیزبی و خێڵەکی دەیدۆزێتەوە؛ بەڵام ئەگەر کچێک داوای ژیان و ئازادیی خۆی بکات، هەموو دەزگاکان بە گومانەوە سەیری دەکەن. داواکردنی دادپەروەری لە دادگایەک کە پاشکۆی دەسەڵاتی خێڵ و میلیشیایە، وەک ئەوە وایە لە گورگ بپاڕێیتەوە تا بەزەیی بە مەڕدا بێتەوە.
کەواتە چارەسەر لە کوێیە؟ چۆن دەتوانین ڕێگری لە کوژرانی کیژانەکانی تر بکەین؟
سەربەخۆییی دارایی بۆ کچان و ژنان!
هیچ ژنێک نابێت ناچار بێت بەهۆی بێپارەیییەوە لە ماڵێکی پڕ لە هەڕەشە و توندوتیژیدا بمێنێتەوە. دەبێت لەسەر داهاتی ئەم وڵاتە، هەر ژنێک ڕووبەڕووی مەترسی بووەوە، دەستبەجێ مووچەی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراوی بۆ دابین بکرێت تا بتوانێت بە کەرامەتەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشت لە جەللادەکەی بکات.
پەناگەی ڕاستەقینە، نەک زیندانی نهێنی!
پەناگەی ژنان نابێت ژێرخانێکی دەزگا ئەمنییەکان بێت کە کچانی تێدا بێبەش بکرێن لە پەیوەندی و ژیان؛ بەڵکو دەبێت لەلایەن کەسانی دڵسۆز، چالاکوانانی سەربەخۆ و ژنانی ماندووی کۆمەڵگەوە بەڕێوەببرێت و دەستی دەزگا سیخوڕییەکانی لێ داببڕدرێت.
کۆتاییهێنان بە مەهزەلەی سوڵحی عەشایەری!
کوشتنی مرۆڤ بە پارە و فەسڵکردن چارەسەر ناکرێت. هەر بەرپرسێکی حیزبی، هەر مەلا و سەرۆک عەشیرەتێک دەستی هەبێت لە شاردنەوەی بکوژان یان ڕێککەوتن بکەن لەسەر خوێنی ژنان، دەبێت وەک شەریکی تاوانەکە ناوی ئاشکرا بکرێت و لە ناو خەڵکدا ڕیسوا بکرێت.
هاوپشتیی گەڕەک و کۆڵانەکان!
خەڵک و دانیشتوانی گەڕەک ئەبێت بەیەک دەنگ بڵێن: «ئێمە ناتوانین چاوەڕێی پۆلیس بکەین تا بێت و ڕزگارمان بکات، چونکە نایکات». خەڵکی گەڕەک، دراوسێکان، گەنجان و ژنان دەبێت دەست لە ناو دەست بنێن؛ ئەگەر لە ماڵێکدا دەنگی لێدان و هەڕەشەی کوشتنی کچێک هات، نابێت بێدەنگ بن و بڵێن «کێشەی خێزانییە». بێدەنگی بەرامبەر زوڵم، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی سبەینێ تەرمی ئەو کچە لە گۆڕستانێکی بێناونیشاندا بنێژرێت.
کیژان بورهان تەنیا ناوێک یان هەواڵێکی بەپەلەی تەلەفزیۆن نەبوو؛ ئەو مرۆڤێک بوو پڕ لە خەون، دەیتوانی بژی، پێبکەنێت، کار بکات و داهاتووی خۆی بنووسێتەوە. تا ئەو ڕۆژەی ئەم دەسەڵاتە سەروەت و سامانی خەڵک بۆ خۆی قۆرخ بکات و کۆمەڵگە لە هەژاری و هەلومەرجە خێڵەکایەتیدا بهێڵێتەوە، ژیانی هیچ کچێک پارێزراو نییە. تۆڵەسەندنەوەی خوێنی کیژان بە گریان و بەیاننامەی بێدەسەڵاتانە ناکرێت؛ بەوە دەکرێت کە هەموومان بەیەکەوە دژی ئەم دۆخە بوەستینەوە و ڕێگە نەدەین ماڵەکانی تر ببنە کوشتارگە.
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە