ڕێبوار ئەحمەد: 
ئومێد بە ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی و پاشان دامەزرانەوەی حکومەتێکی یەکگرتوی هاوبەش کە دوبارە وەکو ساڵانی دوای رێکەوتنامەی ستراتیژی پێکەوە دەسەڵات و ئەرز و ئاسمانی و ژێر زەمینی کوردستان دابەش بکەن و پێکەوە بیخۆن، ئەویش لەسەر حیسابی بێدەرەتانی و نەهامەتی بێسنور بۆ خەڵک، خەونێکی خۆشە بۆ هەموو ئەوانەی بەرژەوەندیان لەوەدایە. جگە لە سەرانی ئەو دوو حزبە، حزبە بورژوازیە قەومی و ئیسلامیەکانیش، بەهەر پرتەوبۆڵەیەکەوە کە لە دەسەڵات یان بەو وەهمەی بۆ چاکسازی هەیانە، تینوی ئەو خەونەن. چونکە ئەوانیش لە پەراوێزی ئەم دەسەڵاتەدا بەشی خۆیان خواردوە. هەندێکیان بەڕاستی بەپێی بەرژەوەندی حزبی و حاسڵکردنیئەو بەشەی خۆیان سیاسەت دەکەن. جگە لە ئاسۆی سیاسی هاوبەشیان، لە هەڵوێست لە دەسەڵات وڕوداوەکان هەزار حیساب و کیتابیان بۆ بودجە و نەسریەکەیان کردوە. بۆیەئەوانیش بەرپرسیارێتی بەشێک لە تاوانی ئەو زوڵم و ستەمە هەڵدەگرن کە دەسەڵاتی کوردایەتی لەم ٣٥ ساڵەدا لە خەڵکی کردوە.
تەنانەت بەشێک لەو سیاسەتمەدار و بەرپرسانەش کە لە گۆڕانکاریەکانی ئەم چەند ساڵەداپەراوێز خراون، وا نیشان دەدەن کەجگە لە پێکهاتنەوەی ئەم دوو حزبە هیچ ئومێدێکی تر نیە، بێگومان بەو مەرجەی ئەوانیش ڕۆڵ و پێگەیەکیان پێبدرێت. بۆ نمونە مەلا بەختیارلە چەند دیمانەداهەزار ئاخ و داخ بۆ ئەوە هەڵدەکێشێت کە ڕێکەوتنەوەی یەکێتی و پارتی ئەستەم بووە. بەڵام بەو هەموو داناییەی وەکو خۆی باسی دەکات کە لە سیاسەتدا هەیەتی، ناتوانێ پەی بە بنەمای ناکۆکی ئێستای ئەم دوو حزبە بەرێت.ئەو هۆکارەکەدەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی گوایە لە بانگیشەی هەڵبژاردندا بەشی ئاشتیان نەهێشتوەتەوە. بەڵامتێگەیشتن لەوە زۆر سەخت نیە کە یەکێتی و پارتی دوای ساڵەها شەڕی جەلالی و مەلایی، دوای ساڵەها یەکتر قڕکردن لە هەکاریەوە تا شەڕی جود و جەوقەد، دوای ئەو کوشتارەیلە شەڕی ناوخۆی نەوەتەکاندا لە یەکتریان کرد، کەچی پاشڕوخانی بەعس و لە سایەی ئەو ئاسۆیەدا کەبە پاشکۆیەتیان بۆ سیاسەتی جەنگخوازانەی ئەمریکا حاساڵیان کرد، هەموو ئەوانەیان لە بیرکرد و بەسەر خوێن و لاشەی هەزاران ڕۆڵەی خەڵکی زەحمەتکێشدا بازیاندا وڕێکەوتننامەی ستراتیژیان ئیمزاکرد. گوایە هەموو ئەوانە بە ئاسانی لە بیرکران، بەڵام ئێستا پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنبوەتە بەستەڵەکێک وناتوێتەوە؟ڕەنگە ئەو ئەفسانەی مام جەلال بە کلیلی سحری کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی پاش هەموو ئەو شەڕانەبزانێت،بەڵام خەڵکی کوردستان دەزانن کە مام جەلال خۆی ئەندازیار و سەرێکی ئەو هەموو شەڕانە بوو.حیکمەتەکەشی دوای ٢٠٠٣بەند بوو بەو ئاسۆیەوە کە ئەمریکا بۆی فەراهەم کردن تا سامان و دەسەڵات دابەشکەن و بیخۆن.
ئەو بنبەستە سیاسیەی ئێستا دەسەڵاتی بنەماڵەکانی گیرۆدە کردوە، سەرچاوە دەباتە سەر ئەو بێئاسۆ سیاسیەیباڵی بەسەر گشت بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا کێشاوە. هەموو سیاسەتی ئەم بزوتنەوەیە بە تاکتیک و ستراتیژەوە بریتی بووە لەوەی لە ناکۆکی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و قڵشتی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیەکاندا جێ پێیەک بۆ خۆیان پەیدا بکەن. بە خۆگرێدان لەگەڵ دەوڵەتێک و فشار بۆ دەوڵەتی ئۆپۆزیسیۆنی خۆیان لە بازنەی شەڕ-مفاوەزاتدا، لە پەراوێزی دەوڵەتی مەرکەزیدا بەشێک بۆ بورژوازی کورد لە دەسەڵات و سامان بپچڕن. ئێستا ئاراستەی گۆڕانکاریەکان ئەو قڵشتانە و پەناگاکانی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرەو نەمان دەبات.
لە کوردستانی تورکیا ئەوەی ناوی نراوە پرۆسەی ئاشتی هیچ نیە جگە لە بنبەستی شەڕی چەکداری پەکەکە. زۆر دەمێکە خەباتی چەکداری پەکەکە نەک هیچ ئومێدیکی تیا نەماوە کە فشارێک بێت بۆ بەدەستهینانی پێگەیەک لە پەراوێزی دەسەڵاتی تورکیادا، بەڵکو لەجیاتی ئەوەی پەکەکە فشار بێت لەسەر دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەت پەکەکەی تەنگاو کردوە. پەیامەکەی ئۆجەلان داننانە بەم بنبەستەدا. لە سوریا ئەو دەسەڵاتە لۆکاڵیەی چەندین ساڵ ئیدارەی ناوچە کوردنشینەکانی کرد، بە دەر لە خەسڵەتی ناسیۆنالیستی، بە قەرارگرتنی لە باوەشی ئەمریکا هەر لە پێشەوە چارەنوسی خۆی یەکلاکردبوەوە. ئەمریکا هیچ کات دانی بە هیچ چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورددا نەناوە. ترەمپ بەراشکاوی ڕایگەیاند “کوردەکان شەڕکەری باشن و دەیەوێ بەکاریان بهێنێت”. بەم پێیە بەکاری هێنان بۆ دەستەمۆکردنی داعش، پاشانیش ناچاریکردن بڕۆنە ژێر کۆنترۆڵی ئەو دەوڵەتەوە کە خودی ئەمریکا بۆ داعشی دروست کرد.
لە ئێران ناسیۆنالیستە کوردەکان لەچوارچێوەی هەمان ئاسۆ ونەرێتدا، کۆتا ئومێدیان ئەوەبوو ببن بە پاشکۆ و هێزی پیادەی ئیسرائیلی فاشیست، لەپێناو گەیشتن بە نان و نەوایەکی لە بابەتی حکومەتی هەرێم. ئەو ئومێدەش نەک هەر شکستی خوارد و بەسەریاندا ڕوخا، بەڵکو دەرفەتی بەندوبەست لەگەڵ جمهوری ئیسلامیشی لێیان تەنگ کردەوە. ئەمە بنەمای ئەو تێزەیە کە وەکو بەسەرچونی ڕۆڵی میژویی خەباتی چەکداری باسی دەکەن.
گرفتی سەرەکی یەکێتی و پارتی و ناکۆکیەکانیان هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوان هیچ ئاسۆیەکی سیاسی بۆ حکومەتەکەیان نابینن تا پێکەوە بەشی بکەن و بیخۆن. بۆیە هەرلایەکیان چنگەکڕێی ئەوەیەتی ئەگەر لەسەر حیسابی قەوارەکەشیان بێت، بە خۆجوتکردن لەگەڵ ڕەوندە تازەکان پێگەیەک بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بێگومان ئەمەشیان ناو ناوە “بەرژەوەندی و ئایندەی کورد”. وەکو کلتورێکی بۆماوەیی هیچ باکیان لەوەش نیە دەستی کۆنەپەرسترین هێز ماچ بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەرژەوەندیە تەنانەت ئەگەر کاتییش بێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایندەی قەوارەکەیان چیە و خۆیان چ پلانێکیان بۆی هەیە؟
ئەمریکا لە کوردستان کشایەوە و وەکو خۆیان دەڵێن ئەمە کێشەی ئاسایش و سەربازی و ماڵیشیان بۆ دروست دەکات، چونکە ئەو پارەیەشی بڕی کە وەکو نوقڵانەی “یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە” وەریان دەگرت. دیارە ئەمریکا سەرباری کشانەوە هێشتا دەیەوێ پارتی و یەکێتی بەکاربهینێت و بێگومان ئەوانیش ملیان لە مو باریکترە بۆ خزمەتی ئەمریکا، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێستا دەوڵەتی مەرکەزی پێگەیەکی بەهێزتر و خوازراوتری هەیە لە پلانی ئەمریکا بۆ عێراق و ناوچەکە. ئیتر حزبەکانی کوردایەتی ئەو بایەخ و جێگایەی جارانیان بۆی نەماوە. ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و سیاسەتی ئەمریکا، بەتایبەتیش ئەگەر کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران بنیشێتەوە، هەروەها چونەپێشی ڕەوتی سەقامگیربونەی دەوڵەتی ناوەندی، هەمووئەمانە تا بێت ئاسۆی ئەوان تەنگتر دەکاتەوە، ئەمە سەرچاوەی ترسە گەورەکەی مەسعود بارزانیە.
ئەوەی دڵی پێ خۆش دەکەن یان خەڵکی پێ فریودەدەن، دەستوری عێراقە کە دانی بە فیدراڵیزمدا ناوە. بەڵام یەکەم، فیدراڵیزم خۆی زۆر دەمێکە شکستی خواردوە. دەمێکە دەوڵەتی مەرکەزی هەر دەرفەتێکی دەستکەوتبێت بۆ پەڕوباڵکردنی هەرێمی فیدراڵ لە دەستی نەداوە و دەستور و فیدراڵیزمیش هیچ ڕێگایان لەمە نەگرتوە. کاتێک دەوڵەتی ناوەندی لاواز و لە تەنگانەدا بوو، باسی ئابوری سەربەخۆی هەرێم هاتەکایەوە، بەڵام لەو کاتەوە ئەو پڕۆژەیە شکستی خواردوە، بەتایبەت لەدوای شەڕی داعشەوە، تا هاتوە فشارەکانی دەوڵەتی ناوەندی لەسەر هەرێم زیادی کردوە و هەر بە ناوی فیدراڵیزمەوە هەرجارەی مەقەستی داوە لە بەشێک لە دەسەڵات و ئیمتیازەکانی هەرێم. فیدراڵیزم کڵێشەیەکی لاستیکیە کە بەپێی هاوسەنگی هێز هەم دەکرێت بە ئابوری سەربەخۆ تا ڕادەی فرۆشتنی نەوت، هەم دەکرێت بە دەستەمۆکردنی حکومەتی هەرێم تەفسیر بکرێت.
دەستور سەرباری ئەوەی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانە و قەومی و ئیسلامیە، هیچ زەمانەتێک نادات بۆ ئیمتیازاتەکانی هەرێم. ئەو دەستورە لەهێزهاوسەنگیەکی دیاریکراودا نوسراوە و پەسەند کراوە، نەک لەسەر بنەمای باوەڕی هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە عێراقیەکان بە هیچ مافێکی خەڵکی کوردستان. هێز هاوسەنگیەک کە لە عێراقدا شتێک بە مانای دەوڵەت بونی نەبوو، تەنها تەرتیباتێکی سیاسی وشکەکەڵەک بوو بۆ ئیدارەی کاتیی وڵات، لەکاتێکدا هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان چەند ساڵ بوو لە کوردستاندا دەسەڵاتدار و خاوەن هێزی چەکداری ڕێکخراو و توانای ئابوری گەورە و لە هەمانکاتدا دەسکەلایەکی گرنگی ئەمریکا بوون بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی لە عێراق. ئێستا ئەو هێزهاوسەنگیە زۆر گۆڕاوە، زۆر بە باری لاوازبونی پێگەی هێزە کوردیەکان و بەهێزبونی توانا و پێگەی دەوڵەتی مەرکەزی گۆڕاوە و ئاراستەکەش ڕوی لەوەیە کە هەر بەو بارەدا بڕوات. وەکو نمونە مادەی ١٤٠ی دەستور کە هێزەکانی کوردایەتی زۆر دڵیان پێ خۆش بوو، ئێستا زۆرێک لە هێزە عێراقیەکان گاڵتەشیان پێی نایات. لەوەش گرنگتر گۆڕینی دەستور زۆر ئاسانترە لە پەسەندکردنەکەی. هەرکات پێویست بکات شەقێکی تێ هەڵدەدەن و بەوجۆرەی لێ دەکەن کە هێزهاوسەنگی تازەدەیخوازێت. هیچ هێزێکی پارێزەری دەستوریش لە ئاسمانەوە نایات فریای بارزانی و تاڵەبانی بکەوێت. ئەگەر هێشتاش هیوایان بەوە بێت کە ئەمریکا ڕێگا لەمە بگرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە شەقی ئەم خۆشباوەڕیەش دەخۆن. ئەمانە مانای ئەوەن کە دەڵیین ناسیۆنالیزمی کورد لە ناو گێژاوی بێ ئاسۆییدا پەلوپۆ دەکوتێت.
بۆیە سەرانی یەکێتی و پارتی و سیاسەتمەدارە پەراوێزخراوەکانیش خۆیان بە ئەستەمی دەزانن تازە ئەم دوو حزبە پێکبێن و بە قەولی خۆیان “ماڵی کورد یەک بخەن”، لە ڕاستیدا ئەوان هیچ کات بەبێ پاشکۆیەتی بۆ دەوڵەتێکی کۆنەپەرست هیچ نەبون، ئێستا کێشەکەیان ئەوەیە هیچ دەوڵەتیکیان دەست ناکەوێت ببنە پاشکۆی. بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە ئەگەر ڕێکبکەون چی ڕوودەدات؟ ئەمە ئەگەرێکە کە خەڵکی کوردستان دەبێ بۆ تێپەڕین لە نەهامەتیەکانی ئێستابە چاوێکی کراوەوە لێی بڕوانن. خودی ئەوانەی ئومێدیان لەسەر ئەم ئەگەرە هەڵچنیوە و تامەزرۆین، تەنانەت یەک وشەیان لەسەر ئەوە نیە ئەمە چی دەسکەوتێکی بۆ خەڵک هەیە. بۆ نمونە مەلا بەختیار هەموو ئاواتی گەڕانەوەی ئەو دۆخەیە کە خۆی و مام جەلال لە لوتکەی دەسەڵات بون، لە کاتێکدا گەورەترین بەدبەختیان بەسەر خەڵکدا سەپاندبوو. ئەگەر بۆ ئەوان ئەو قۆناغە دەورانێکی زێڕین بێت، دروست بۆ جەماوەری ملیۆنی خەڵک پڕ بوو لە نەهامەتی و بێدەرەتانی و سەرکوت و تیرۆری رۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوی سیاسی و کۆنەپەرستی و ئۆقیانوسێک لە تاوان بەرامبەر بە ژنان و…ڕاپەرینی ١٧ی شوبات ڕێک لە دژی ئەو مەملەکەتی بێدەرەتانیە بەرپا بوو کە مەلابەختیار ئاوات بۆگەڕانەوەی دەخوازێت. لەوکاتەدا ئەگەر لولەی چەکی پێشمەرگە نەبوایە کە ئاراستەی سنگی خەڵک کرابوو، خەڵک ڕۆژی حەشری نیشانی مام جەلالیش دەدا. کەوایە ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێکیشبکەون، هەردرێژە بەو دۆخە دەدن کە ئێستا بەجیا جیا دەستیان ناوەتە بینەقاقای خەڵکی بێدەرەتان. هیچ باشتر بون و بەختەوەریەک، هیچ چارەسەرێک بۆ کێشە هەمەجۆرەکانی خەڵک لە بەرنامە و دەستوری هیچ لایەکیاندا هیچ جێگایەکی نیە. ئەوان هێشتا لە بیری ئەوەدان چۆن لەسەر حیسابی برسێتی و داتەکاندنی گیرفانی خەڵک، قەڵای سەروەتیان بەرزتر بکەنەوە.
چ لە ڕوانگەی چارەنوسی سیاسی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی شکستەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی،چ لە ڕوانگەی ژیانی خەڵک و کۆتایهێنان بەو کابوسەی یەکێتی و پارتی بۆ خەڵکیان خوڵقاندوە، خولانەوە لە بازنەی”رێکدەکەون و رێکناکەون”ی ئەم دوو حزبەنەک هەر بێهودە، بەڵکو کارەسات و درێژەی ئەزمونێکی تاڵە. ئاسۆیەکی ڕون بۆ خەڵکی کوردستان لە پێشدا بەندە بە کۆتایهێنان و لەکارخستنی ڕۆڵ و دەسەڵاتی کوردایەتی، بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی پشتبەستو بە ئیرادەی خەڵکی ڕێکخراو لە دەوری شورا و ڕێکخراوە سەربەخۆکان، هەڵکردنی ئاڵای هاوخەباتی و هاوچارەنوسی لەگەڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق بۆ هەڵپیچانی دەسەڵاتی قەومی-تائیفی و دامەزرانی دەوڵەتێک کە بەدەر لە ناسنامەی دینی و تائیفی و قەومی بە یەک چاو تەماشای هەموو خەڵکی عێراق بکات. هەتا ئەگەر دەوڵەتی مەرکەزی بیەوێت خەڵکی کوردستان پەلکێش بکاتەوە بۆ ژێر سیناریۆ کارەساتبارەکانی ڕابردوو، ئەم خەڵکەتەنها بە هەڵکردنی ئاڵای هاوچارەنوسی لەگەڵ خەڵکی عێراق دەتوانن بەر بەو مەترسیە بگرن. چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە چارەنوسی خەڵکی عیراقەوە گڕێی خواردوە. خەڵکی عێراق دەتوانن دەستی دەوڵەتی مەرکەزی ببەستن. لەم نەبەردەدا نەک دەوڵەتانی کۆنەپەرست و ملهوڕی ناوچەکە و دنیا، بەڵکو بزوتنەوەی کرێکاریی و بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان پشتیوانی خەڵکی کوردستان دەبن.
٢٢/١٠/٢٠٢٦
خولانەوە لە بازنەی یەکیتی و پارتیدا بێهودەیە!
61
