Home بیروڕاهەڵبژاردە تەنها لە نێوا خراپ و خراپتردا نییە!

هەڵبژاردە تەنها لە نێوا خراپ و خراپتردا نییە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 6 بینینەکان

بنار مستەفا:   

“هەرچۆنێک بێت دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان لەوانەی عێراق باشترن” یان “هیچ نەبێت ئێستا لە سەردەمی بەعس باشترە” دەربڕینێکە جاروبار لێرەولەوێ دەبیسترێت. 

کارەسات و دەردیسەرییەک، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان بەسەر خەڵکیدا هێناویانە، و کارنامە و پێگەیەک ئێستا ئەم دەسەڵاتە هەیەتی، هیچ هۆکارێکی بەرگریکردن لێیان نادۆزرێتەوە. بۆیە تەنها بابەتێکی داتاشراو، کە بەجۆرێک توانای هەڵگرتنی بەرگری لە دەسەڵاتدارانی کوردستان هەبێت، بەراوردە بە دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی بەعس، حەشدی شەعبی و دەسەلاتی بێدەربەستی مەزهەبی و قەومی عێراق.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا تەنانەت لەم بەراوردەشدا هەموو جارێک دەسەڵاتدارانی کوردستان بە “باشترە”کە دەرناچن. زۆر کەس لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەراوردی هەندێ خزمەتگوزاری و کردار دەکەن، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان بە بەراورد بە کۆنەپەرسترین و دواکەوتووترین دەسەڵاتەکانیش براوە نابن.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، کە بۆچی دەبێت ئەم بەراوردانە بکرێت؟ بۆچی بەراوردی نێوان خراپ و خراپتر بکرێت؟ بۆچێ دەبێت چارەنووسی خەڵکی کوردستان لەنێوان خراپ یان خراپتردا دیاری بکرێت؟ بۆ دەبێت ژیان و گوزەرانی خەڵکی مەحکوم بێت بە هەڵبژاردن لەنێوان دوو خراپدا؟ بۆ دەبێت چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان هێندە بهێنرێتە خوارەوە، کە ناچاربن دۆخی زۆر خراپی ژیان قەبوڵ بکەن لەبەر ئەوەی لەمەش خراپتر بوونی هەیە و دوور نییە لە دەرگای ماڵیان بدات.

ئەوانەی ئەم بەراوردە دەکەن یان پەرەی پێ دەدەن و بەجۆرێک دەیکەنە پاساوی مانەوەی دەسەلاتی ئێستای کوردستان، ئاگاهانە یان بێئاگا، ئامانجدارانە یان بێ ئامانج ڕایدەگەیەنن، کە ژیانێکی باشتر بە شایستەی خەڵکی کوردستان نازانن. نایانەوێت خەڵکی کوردستان ئاراستە و چاوەڕوانی لە ژیان بچیتە سەر و تەنها بە ژیانی مەمرەومەژی و بێماف ڕەزامەند بن.

دەسەڵاتداران و لایەنگرانیان، بە بەراوردی لەم چەشنە و نیشاندانی دەسەڵاتی خراپتر “لە دەسەڵاتەکەی خۆمان” دەیانەوێت درێژە بە ژیانی دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەیان بدەن. لەهەمانکاتدا خەڵکی وێڕای نیگەرانیان لە دەسەڵات، قەبوڵی بکەن و بە دەسەڵاتی خۆیانی بزانن. کەسانێکیش ڕەنگە دوور لە دەسەڵات و لە نەدیتنی ئەلتەرناتیڤی تر، ڕەنگە هەمان بۆچوونیان هەبێت. 

لە ڕاستیدا نە پێویستە و نە بەهانەیەک هەیە، کە ئەلتەرناتیڤەکان تەنها لە نێوان خراپ و خراپتردا بن. دەکرێت تەواوی خراپەکان وەلا بنرێن و ژیانێکی باش و خۆشگوزەران بکرێتە ئامانج. خەڵکی کوردستان وەک دانیشتوانی هەر جێگەیەکی تری جیهان مافیانە بەهرەمەندبن لە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ، لە بوونی خزمەتگوزاری، لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لە ئازادی و ئارامی. هیچ پاساوێک نییە، بەوەی ناچاربن لە نێوان دوو خراپدا یەکێکیان چارەنووسیان بێت. بە پێچەوانەوە، دروستتر ئەوەیە هەڵبژاردە لە نێوان و باش و باشتردا بێت.

لایەنێکی تری ئەم بەراوردە لە لایەن دەسەڵات و دارودەستەکەی نزیکیان ئەوەیە، کە خەڵکی پەراوێز بخەن لە دەور و نەخشیان لە بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسیدا. دەیانەوێت بە خەڵکی بلێن، کە چارەنووسی ئێوە تەنها چەند لایەنێک دیاری دەکات، یان ئێمە یان لایەنی تر کە لەئێمە زۆر خراپترن، بۆیە باشترە لەگەڵ ئێمە بن.

ئەم بابەتە لەو ڕوانگەیەوە گرنگە، کە تێڕوانین و چاوەڕوانی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە هەڵسوکەوت و مامەڵەی ڕۆژانەوە. لەوانەش گرنگتر بە خەبات و ئامرازەکانیەوە. ئەگەر مرۆڤ لەو باوەڕەدابێت، کە تەنها لەنیوان دوو خراپدا بە کەمتر خراپەکە ڕازی بێت، هیچ کات چاوەڕوانی ناچێتە ئەو ئاستەی لەپێناو ژیانێکی باشتردا خەبات بکات. بەڵام کاتێک مرۆڤ پەی بە مافەکانی خۆی دەبات و درک بە دەرفەتی بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر دەکات، ئەوکات ڕێگای دروست و کارساز پەیدا دەکات بۆ خەبات و تێکۆشان لەپێناویدا. ئەمەی دووەمیان خاڵی گرنگ و چارەنووسسازە لە پێناو بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان. 

ڕێگەی دروست و گونجاو ئەوەیە، کە جەماوەری خەڵکی ئاسۆ و چاوەڕوانی لە تەواوی ئەم ئەحزاب و دەسەڵاتانە جودا بکاتەوە، کە دەیانەوێت بە نیشاندانی خراپی لایەنی بەرانبەر، ئومێدێک بە خۆیان دروست بکەن. خەڵکی لە دەرەوەی ئەم هێزانە و لە بری هەڵبژاردنی “کەمتر خراپ”، خۆی دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەری یەکلاکەرەوە، کە ژیانێکی باش و خۆشگوزەران دەکاتە ئامانجی خەباتی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە