موحسین کەریم: 
ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق یادی حەوتساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕاپەڕینی تشرین- ئۆکتۆبەری ٢٠١٩یان کردەوە، کە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان و هێزە میلیشیاکانی دەسەڵاتداری عێراقەوە بەدڕندانەترین شێوە سەرکوتکرا. بۆ رێزگرتن لە قوربانیەکان و داواکردنی دادگایی بکوژی خۆپیشاندەران و بۆ هەمان خواستەکانی خۆپیشاندەرانی تشرین، هەزاران کەس لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداو گۆڕەپانی شارەکانی دیکە وەکو؛ بەسرە، دیوانیە، کەربەلا و ناسریەو..، سەرباری رێگریەکانی دەزگا ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی حکومەتی زەیدی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و رێگانەدان بەهیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆ ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکان، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا!
حکومەتی زەیدی کە درێژکراوەی هەمان ئەو دەسەڵاتە بەشبەشێنە تائیفی و مەزهەبیە بۆرژواییانەیە کە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی گیرۆدەی هەژاری و بێمافی کردوە، بۆ پێشگرتن بە دەنگی نارەزایەتی خەڵك، وەکو پێشینانی خۆی، پەنای بۆ هێزی سەرکوت برد تا بەربگرێ بە خۆپیشاندەران بۆ یادکردنەوەی یەکێك لە روداوە گرنگە سیاسیەکانی کۆمەلگای عێراق دوای ٢٠٠٣، کە تێێدا جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و لاوانی بێکار و خەڵکی کەمدەرامەت رژانە سەر شەقامەکانی پایتەخت بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری، کار و دامەزراندن، نەمانی دەسەڵاتی میلیشیا، کۆتایی سیستەمی بەشبەشێنەی تائیفی و مەزهەبی و دەستێوەردانی ئێران لە ووردودرشتی کاروباری سیاسی ناوخۆی عێراقدا و تاد.
لەسایەی دەسەڵاتی بەشبەشێنەی تائیفی و مەزهەبی و دابەشکاریی نەتەوەییدا زۆرینەی خەڵکی عێراق لەهەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن. بەپێی ڕاگەیەنراوی خودی حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٤دا رێژەی هەژاری لەشارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراقدا لەنێوان ١٤٪ تا ٤٣ ٪ دایە. سەدان هەزار کەس بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکی ژیان و بژێویان نیە. بەرنامەی حکومەتەکەی زەیدیش باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی عێراق نیە، بۆیە ئەویش بەزەبری هێزی چەك وەلامی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی دایەوە!
پەیامێکی گرنگی خۆپیشاندانی ئەمڕۆ، لەپاڵ دووپاتکردنەوەی هەمان داواکاریەکانی ڕاپەڕینی تشرین، ڕاگەیاندنی نارەزایەتی بوو بەرامبەر بەو سیستەمە چینایەتیەی زۆربەی خەڵکی عێراقی لە ژیانێکی شکۆمەند و تێروتەسەل بێبەش کردوە و کۆمەڵێکی کەمیش لە پیاوانی سەرکردەی میلیشیاکان و بەرپرسانی گروپە چەکدارەکان و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیك لەوانی کردوە بەخاوەنی هەموو شتێك! ئەوەی ڕاگەیاند کە ئیتر جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش ئامادەنین پڕوپاگەندەکانی پێشووتر لە سەرکردە سیاسیەکانی بۆرژوازی قبوڵ بکەن و خەریکن وەهمەکانیان بەمێژوو دەسپێرن. بەشوێن ژیان و گوزەران و بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەن و بۆی تێدەکۆشن. هەروەکو ئەو پەیامەی دیکەشی نارد کە سیستەمی بەشبەشێنەی تائیفی و مەزهەبی و دابەشکاری نەتەوەیی تەنها لای دەسەلاتدارانی چەتەو تاڵانچی ماوەتەوەو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق تێیانپەڕاندوەو بەرگری لە پێناسەی هاوڵاتیبوونی خۆیان دەکەن.
بەڵام سەرباری ئەم رادەیە لە هوشیاربوونەوەو ناسینی بەرژەوەندیەکان، هێشتا خالێکی گرنگ لەم بزووتنەوەیەی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتدا لێڵ و ناڕۆشنە، ئەویش لاوازی و نەبوونی رێکخراو و ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێرە کە ئەم بزوتنەوەیە بەرەو سەرکەوتن و بەدەستهێنانی خواستەکان و ئامانجەکانی ڕابەری و رێنمایی بکات. بۆیە یەکێك لە ئەرکە هەرە گرنگە سیاسیەکانی ڕابەران و هەڵسوراوانی ئەم بزوتنەوە نارەزایەتیە ئەوەیە کە لە هەولی دروستکردن و بەهێزکردنی رێخکراوە جەماوەریەکانی کرێکاران و کارمەندان و بێکاران و خانەنشینان و خەڵک بن لەهەموو شوێنیك، کارگە و فەرمانگەو گەڕەكدا. پەیوەندیەکی خەباتکارانە لەنێوانیاندا دابمەزرێنن و لەسەر پلاتفۆرمێکی سیاسی و ئابوری رێک بکەون کە خواست و پرسە سەرەکیەکانی جەماوەری کرێکار و بێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت لەخۆ بگرێت و ئامادەبن بۆ ڕابەرایەتی ئەو بزوتنەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا چەخماخەی دەستپێکردنی لێداو ئەمڕۆش پەیامی بەردەوامبوونی ڕاگەیانرایەوە.
