Home بیروڕاهەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق: کاتێک کەرامەتی ژن و منداڵ دەخرێتە مەزادەوە

هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق: کاتێک کەرامەتی ژن و منداڵ دەخرێتە مەزادەوە

by admin
0 کۆمێنتەکان 6 بینینەکان

توانا محمد نوری:   

کاتێک لە عێراق باسی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی دەکرێت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ خرایە بەردەم پەرلەمان، باسی چەند دەقێکی وشکی ناو کتێبە یاساییەکان ناکەین، بەڵکو باسی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان، کچەکانمان، دایکان و داهاتووی منداڵەکانمان دەکەین. ئەم بابەتە تەنیا کێشەیەکی ئاینی یان مەزهەبی نییە، بەڵکو دەستکارییەکی مەترسیدارە لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەوڵێکە بۆ بردنەپێشەوەی بەرژەوەندیی سیاسی و کۆنترۆڵکردنی ژیانی خەڵک لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی توندی پیاوسالارییەوە.
بۆئەوەی لە مەترسی ئەم دۆخە تێبگەین، دەبێت بزانین یاسای ساڵی ١٩٥٩ چی بوو. ئەو یاسایە بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵەی خەڵکی پێشکەوتنخوازی عێراق بوو و دەیویست هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی لەبەردەم دادگادا وەک یەک بن. لەو یاسایەدا تەمەنی هاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ دیاریکرابوو، ڕێگری لە فرەژنیی بێ‌مەرج کرابوو، و مافێکی باشیش بە دایک درابوو بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی دوای جیابوونەوە. بەڵام ئەم هەموارە نوێیە دەیەوێت ئەم یەکپارچەییە مەدەنییە تێکبدات و لەبری دادگاکانی دەوڵەت، کێشەی خێزانەکان بداتە دەست دەقی مەزهەبی و سەرۆک خێڵەکان، کە ئەمەش هاووڵاتیبوون لەناو دەبات و خەڵک دابەشی سەر تائیفەکان دەکات.
یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی ئەم یاسایە، پرسی بەشوودانی کچانی منداڵە. کاتێک یاساکە دەسەڵات دەداتە دەقە فقهییە تەقلیدییەکان، ڕێگە خۆش دەکات بۆئەوەی کچانی نۆ ساڵان بەشوو بدرێن. منداڵێک لەو تەمەنەدا جەستە و هۆشی بۆ هاوسەرگیری دروست نەبووە، پێویستی بە یاری، قوتابخانە و ژیانێکی ئارامە؛ بەزۆر خستنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری و سەپاندنی کاری ناوماڵ و سێکس بەسەریدا، تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە کەرامەتی منداڵ و داهاتووی لەناو دەبات.
لەڕووی ئابووریشەوە، یاساکە ژنان دەکاتە بارمتەی دەستی پیاوان. ژن ناچار دەکرێت هەموو تەمەنی بەبێ مووچە و دەستەبەری بە چێشتلێنان، خاوێنکردنەوە و بەخێوکردنی منداڵ ببەخشێت، بەبێئەوەی ماندووبوونەکەی بە هیچ هەژمار بکرێت. هەروەها بژێوی و خەرجیی ژن (نەفەقە) دەبەسترێتەوە بەوەی چەندە گوێڕایەڵی مێردەکەیەتی، و لە کاتی جیابوونەوەشدا لە میراتی خانوو و زەوی بێبەش دەکرێت. ئەمە توندوتیژییەکی دارایی ئاشکرایە؛ کاتێک ژنێک لە ترسی هەژاری و بێ‌دەرامەتی نەتوانێت لە دەست ماڵێکی توندوتیژ ڕزگاری بێت، ناچار دەبێت هەموو سووکایەتییەک قبوڵ بکات.
ئەم یاسایە وەک یەک کاریگەری لەسەر هەموو ژنان دانانێت، بەڵکو قوربانیی یەکەم، ژنانی هەژار و چینی کەمدرامەتن. ژنانی دەوڵەمەند بە پارە و پەیوەندییەکانیان دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام ژنێکی هەژار ناچارە بۆئەوەی منداڵەکەی لێ نەسەننەوە، دەستبەرداری هەموو مافە داراییەکانی ببێت. دەسەڵاتدارانیش ئەم دابەشکارییە مەزهەبییە بەکاردێنن بۆ ئەوەی خەڵک سەرقاڵی شەڕی سوننە و شیعە بێت و داوای مافی کار، خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی نەکات.
لەبەرامبەر ئەم زوڵمەدا، شەقام بێدەنگ نەبووە و بەرەیەکی گەورە لە خەڵکی ئازادیخواز، ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان وەستاونەتەوە. خۆپیشاندانەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە بەغدا، بەڵگەی زیندوویی ئەم بەرە مرۆییە بوو. کاتێک هەزاران دایک و لاوی ئازادیخواز لە گۆڕەپانی فیردەوسەوە بەرەو گۆڕەپانی کەهرەمانە ڕێپێوانیان کرد، دروشمەکانیان داوای کۆتاییهێنان بوو بە تائیفیەت و بەکاڵاکردنی مرۆڤ. ئەوان پیشانیاندا کە مرۆڤدۆستی دەتوانێت سنوورە مەزهەبییەکان بشکێنێت
مەترسییەکی تری یاساکە پەیوەستە بە سەندنەوەی مافی بەخێوکردنی منداڵ لە دایک دوای جیابوونەوە. بەهۆی ئەم بڕیارە دڵڕەقانەیەوە، زۆر لە دایکانی بەغدا و باشوور لە ترسی لەدەستدانی منداڵەکانیان پەنایان بردووەتە بەر هەرێمی کوردستان، چونکە لە دادگاکانی هەرێمدا یاسای ساڵی ١٩٥٩ بە شێوەیەکی مەدەنیتر مافی مانەوەی منداڵ لەلای دایک دەپارێزێت. ئەمەش جۆرێکە لە بەرگریی ناچاریی دایکان لەپێناو پاراستنی ڕۆڵەکانیان.
دیارە ئەم هەموارە تەنیا دەستکاریی چەند بڕگەیەکی یاسا نییە، بەڵکو پیلانێکە بۆ تێکدانی یەکسانی و پاراستنی بەرژەوەندیی نوخبەی دەسەڵاتدار لەسەر حیسابی ژیان و کەرامەتی خەڵک. ڕێگای ڕزگاربوون لەم دۆخەش، بەردەوامبوونی هاوپشتیی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە بڕوایان بە ئازادی و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر هەیە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی بۆ شکستهێنان بەم یاسا مەزهەبیە دژە ژنەیە و فڕیدانیەتی بۆ ناو زبڵدان!

لێدوانێک بەجێ بهێلە