هەورامان عەلی: 
ئەم ڕۆژانە پایتەختی شارە ئەوروپیەکان شەپۆلدەدات لە خۆپیشاندان و لێواو لێوە لە خەڵکی توڕە و ناڕازی. لە هەموو لایەک جەنگ و پێکدادانە، پاریس دەسوتێ و چیدی شارە ڕۆمانسیەکەی جاران نییە. ڕۆما مێژووی شارستانیەتەکەی فڕێداوە و نەوەکانی مێژوو بەهاکانی دەسوتێنن! قوتابخانەکان لە زۆر گەڕەکی شارەکاندا لە قوتابخانەکانی وڵاتانی ئەفەریکا خراپتر بوون! تا دێت ڕیزی برسی و ئەوانەی بێخانەولانەن و لەسەر شەقامەکان دەخەون درێژتر دەبێت،لە هیچ وڵاتێکی ئەوروپایدا نییە، مرۆڤ ناچارنەبێت نیوەی داهاتەکەی نەدا بە کرێخانوو، مافە بنەڕەتییەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار پاشەکشە دەکەن، تەمەنی خانەنشینی درێژتر دەکرێتەوە و تا دێت دەرماڵەکانی کەمتر دەکرێتەوە. لە زۆربەی شارەکان ژنان ناوێرن بە تەنیا شەوان بێنە دەرەوە! هیچ کەسێك لە داهاتووی خۆی و منداڵەکانی دنیا نییە….هتد.بە کورتی چیدی ئەوروپا ئەو بەهەشتە نیە کۆچبەران خەونیان پێوە دەبینی و ئامادە بوون لە دەریای سپی ناوەڕاستدا بخنکێن تا بتوانن تێیدا ببنە هاوڵاتی!
چی ڕوویدا؟ هۆکارەکانی ئەم بنبەست و قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە چین؟! من هەوڵ دەدەم لە چەند وتاری جیادا باسیان بکەم.
بەشی یەکەم:
کێشەی کۆچبەران لە نێوان پێویستی ئابووری و شکستی کۆمەڵایەتیدا
مێژووی مرۆڤ، مێژووی کۆچە. مرۆڤ لەوەتەی هەیە کۆچ دەکات.
مرۆڤایەتی هەرگیز لە شوێنێکدا جێگیر نەبووە. ئەگەر لە دۆڵێکی بچووکی ئەفریقادا بماناینەوە، ئەمڕۆ نە شارستانیەتێکمان دەبوو، نە زانست و نە هونەرێك. هەموو شارستانیەتە گەورەکان، هەموو ئیمپراتۆریەتەکان، هەموو شۆڕشە پیشەسازییەکان، بەرهەمی کۆچن. بۆیە پرسی کۆچ، پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکە پرسی خودی داهاتووی مرۆڤە.
بەشی یەکەم:
لە لووسییەوە تا هەموومان کۆچبەری ئەفریقین
لە ساڵی 1974 لە ناوچەی عەفاری ئەسیوبیا، دۆناڵد جۆهانسن ئێسکەپەیکەری “لووسی” دۆزییەوە کە 3.2 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاوە. لووسی یەکەم بەڵگەیە کە باوانمان لەسەر دوو پێ وەستان تا بڕۆن و بگەڕێن.
گەورەترین کۆچی مێژوو، نزیکەی 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا ڕوویدا. گروپێکی بچووکی 1000 بۆ 2000 کەسی لە ئەفریقا چوونە دەرەوە و بە هەموو جیهانیاندا بڵاوبوونەوە. زانستی جیناتی ئەمڕۆ بە تەواوی سەلماندوویەتی کە هەموو 8 ملیار مرۆڤی سەر زەوی نەوەی هەمان ئەو گروپە بچووکەن. جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە تەنها خۆگونجاندنە لەگەڵ کەشوهەوا.
واتە کۆچ نە نەخۆشییە، نە دیاردەیەکی نوێیە، بەڵکو سروشتی مرۆڤە.
بەشی دووەم:
دەوڵەتانی کۆچ – کاتێک کۆچ دەوڵەت دروست دەکات
بەهێزترین وڵاتانی ئەمڕۆ خۆیان بەرهەمی کۆچن، بەڵام بە سێ مۆدێلی جیاواز:
1. مۆدێلی داگیرکەری – ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا: تا ساڵی 1600 هیچ ئەوروپییەک لە ئەمریکا نەبوو. ئەم کیشوەرانە بە 60 ملیۆن کۆچبەری ئەوروپی دروست بوون. لێرەدا کۆچ بووە بزوێنەری زلهێز، بەڵام لەسەر حسابی لەناوبردنی خەڵکی ڕەسەن وەک هیندییە سوورەکان و ئەبۆرجینییەکان.
2. مۆدێلی گەڕانەوە – ئیسرائیل: دوای 2000 ساڵ پەرتەوازەیی، جووەکان بە هاندانی ئایدیۆلۆژیای زایۆنیزم گەڕانەوە فەلەستین. بەپێی ئاماری 2023، زیاتر لە 75%ی جووەکانی ئیسرائیل یان خۆیان کۆچبەرن یان منداڵی کۆچبەرن.
3. مۆدێلی دابەشبوون – پاکستان بەنمونە: لە 1947دا لەگەڵ دابەشبوونی هیندستان، لە ماوەی 6 مانگدا 15 ملیۆن کەس بە زۆرەملێ کۆچیان کرد. پاکستان لەسەر بنەمای کۆچی موسڵمانان دروست بوو. ئەمە خوێناویترین کۆچی مێژووی نوێ بوو.
مێژوو پێمان دەڵێت، کۆچ دەتوانێت دەوڵەت دروست بکات، بەڵام هەمیشە نرخەکەی گران دەبێت.
بەشی سێیەم:
ئەوروپا – لە کیشوەری ناردنەوە بۆ وەرگرتن
بۆ 400 ساڵ ئەوروپا کۆچبەری دەنارد. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بوو بە وەرگر.
قۆناغی یەکەم (1945-1973): مرۆڤ وەک هێزی کاری یەدەگ
لە جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەوروپا وێران بوو. پێویستی بە هێزی کار بوو، نەک بە مرۆڤ! ئەڵمانیا پرۆگرامی Gastarbeiter لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد، فەرەنسا لەگەڵ جەزائیر، بەریتانیا لەگەڵ پاکستان. دەوڵەت تەنها بازووی کاری دەویست، نەک خێزان و منداڵ و خەونەکەی. پێیان وابوو کاتێک کار تەواو بوو، دەگەڕێنەوە.
قۆناغی دووەم (1973-2008): شکستی مۆدێلەکە
سێ زەلکاوە هات:
1. قەیرانی نەوتی 1973 کارگەکانی داخست.
2. دوای ڕووخانی دیواری بەڕلین و هاتنی سەردەمی گڵۆبالیزەیشن: کۆمپانیا گەورەکان وەک ئەدidas و نایک چوونە چین، چونکە لەوێ کار هەرزان و کرێکار بێدەنگ بوو.
3. پاشەکشەی دەوڵەتی خۆشگوزەران: دەوڵەت چیتر نەیتوانی وەک جاران خانوو و قوتابخانەی دەوڵەتی و هەرزان بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.
ئەو کرێکارە کاتییە بوو بە بێکاری هەمیشەیی، بەڵام نەگەڕایەوە، ئاخر منداڵەکانی لە ئەوروپا لەدایک ببوون.
قۆناغی سێیەم (2008 تا ئەمڕۆ): دروستبوونی دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا
ئەمە دڵی قەیرانەکەیە. کاتێک سەرمایە لە گەڕەکێک ناوچەیەك دەکشێتەوە، تەنها کار نابات، هیواش دەبات. لە حەفتاکاندا نەوەی کرێکارێک دەیتوانی بخوێنێت و ببێتە ئەندازیار. ئەمڕۆ ئەو پەیژەیە شکاوە.
کاتێک دەوڵەت هیوا نادات، مرۆڤ دەگەڕێتەوە ناو تۆڕە بچووکەکەی خۆی: گەڕەک، مزگەوت، دوکان، یاسای نافەرمی. بەمە دەوترێت Parallel Society.
مۆلنبیک لە بروکسل: لە پایتەختی ئەوروپا، پۆلیس بە ترسەوە دەچێتە هەندێک کۆڵان.
رۆسەنگۆرد لە ماڵمۆ: سوید کە بە بەهەشتی یەکسانی ناسراوە، ئێستا 62%ی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە لە دەرەوەی سوید لەدایک بوون و بە بەهای نایەکسان دەژین.
بانلیۆی پاریس: لە 2005دا سووتا و هەر ساڵ دووبارە دەسووتێتەوە.
بەپێی یۆرۆستات 2023: ڕێژەی بێکاری لای کەسانی لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەدایکبوو 9.3% بووە، لە کاتێکدا لای کەسانی ڕەسەن کە یەکێک لە دایک و باوکیان بیانییە 5.8% بووە. واتە نزیکەی دوو هێندە. هەروەها بەپێی OECD، منداڵی کۆچبەر لە ئەوروپا لە تاقیکردنەوەکانی PISAدا بە نمرەیەکی زۆر لە منداڵی ڕەسەن دوادەکەوێت.
بەشی چوارەم: بۆچی ئێستا تەقینەوە؟
1. قەیرانی دیموگرافیا: ڕێژەی منداڵبوون لە یەکێتی ئەوروپادا بۆ 1.38 دابەزیوە لە 2023، لە 2022دا 1.46 بوو، بۆ مانەوەی دانیشتوان پێویستە 2.1 بێت. تەنها ئەڵمانیا، بەپێی پەیمانگای IAB، تا ساڵی 2035 ڕووبەڕووی کورتهێنانی 7 ملیۆن کرێکار دەبێتەوە، چونکە 12.9 ملیۆن لە نەوەی baby boomers خانەنشین دەبن. ئەوروپا بێ کۆچبەر لانی کەم لە کەرتی خزمەتگوزاریەکاندا تووشی ئیفلیجی دەبێت.
2. شکستی سێ مۆدێلی تێکەڵبوون:
نەخشەڕێگای فەرەنسی – هەموو ببنە فەرەنسی – شکستی هێنا چونکە ناسنامەی لاوەکانی سڕییەوە.
مۆدێلی بەریتانیا – هەرکەسە بە کولتووری خۆی بمێنێتەوە – شکستی هێنا چونکە گەڕەک و گیتۆی جیاوازی دروست کرد.
مۆدێلی ئەڵمانیا – ئێوە تەنها میوانن – شکستی هێنا چونکە میوانەکان مانەوە و بونە خاوەنماڵ.
3. نەوەی دووەم و قەیرانی ناسنامە: باوکەکە دەڵێت “ئێمە تورکین”، کۆمەڵگای ئەوروپی دەڵێت “ئێوە تورکن”، بەڵام منداڵەکە نە تورکیای بینیوە نە لە ئەوروپا وەک ئەوروپی قبووڵ دەکرێت. ئەم بۆشاییە زۆر جار بە توندڕەوی یان تاوان پڕ دەکرێتەوە.
4. کۆچی تێکچوونی کەشوهەوا:
ئەمە قەیرانی داهاتووە. بەپێی بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتی Groundswell Part II (2021)، تا 2050 نزیکەی 216 ملیۆن کەس بەهۆی گەرمی و وشکەساڵییەوە لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا کۆچ دەکەن. ئەوروپا هێشتا بۆ ئەم شەپۆلە نەك ئامادە نییە، بەڵکە نە توانایی هەیە و نە بەرنامە.
سەرەنجام: ئەوروپا لەبەردەم سێ ڕێگادا
ئەوروپا لە دژبەیەکییەکی مێژووییدایە: بۆ بوژانەوەی ئابوورییەکەی تا 2050، 40 ملیۆن کرێکاری کۆچبەری دەوێت، ڕای گشتی کۆمەڵگاکەش پێیوایە: ئەوانەی هەن تێکەڵ نابن.
1. ڕێگای داخران: وەک ڕاستڕەوەکان دەیانەوێت. گەرئەم ڕێگەیە سەربگرێت، سەرەنجام: ئابووری پیر دەبێت، مووچەی خانەنشینان نامێنێت، گەشە دەوەستێت و کەرتی خزمەتگوزاریەکان دوو هێندەیتر وێران دەبن.
2. ڕێگای کردنەوەی بێ پلان: وەک چەپەکان هەندێک جار دەیانەوێت. ئەنجام: گەڕەکی زیاتری وەک مۆلنبیک و کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەمنی گەورە تا ڕادەی لەدەستدانی پایەکانی دەوڵەت وەك هاوڵاتی یەکسان لە ئەرک و ماف و دەرفەتدا .
3. ڕێگای تێکەڵبوونی قووڵ: تاکە ڕێگای سەرکەوتوو. واتا:
زمان لە ڕۆژی یەکەمەوە فێر بکرێت، نەک دوای 5 ساڵ.
منداڵی کۆچبەر لە قوتابخانەی باش دابنرێت، نەک لە قوتابخانەی گەڕەکی هەژار.
کار بە خێرایی بدۆزرێتەوە، نەک مووچەی بێکاری بدرێت بۆ 10 ساڵ.
یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت، نە لە گەڕەکی دەوڵەمەند یاسا هەبێت و لە گەڕەکی هەژار یاسای خێڵەکی.
مێژوو فێری کردین کۆچ بە دیوار ناوەستێت. بە دروشمیش چارەسەر نابێت. تەنها بە وەبەرهێنان لە مرۆڤدا چارەسەر دەبێت. ئەوروپا دەبێت بڕیار بدات ئایا کۆچبەر وەک “کێشە” دەبینێت یان وەک “مرۆڤێک کە دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەر”.
1. OECD 2024 – ئاسۆی کۆچی نێودەوڵەتی
2. Eurostat 2023 – Migrant integration statistics: foreign-born unemployment 9.3% – https://ec.europa.eu/eurostat/statistics-explained/index.php?title=Foreign-born_people_and_their_descendants_-_labour_market_indicators
3. یۆرۆستات 2023 – ئاماری منداڵبوون یەکێتی ئەوروپا کۆی گشتی 1.38 – https://ec.europa.eu/eurostat/statistics-explained/index.php?title=Fertility_statistics
4. بانکی جیهانی 2021 – ڕاپۆرتی بەشی دووەمی زەوی – 216 ملیۆن کۆچبەری ناوخۆیی کەشوهەوا – https://www.worldbank.[STRIPPED 129 bytes]. IAB – لە ئەڵمانیا تا ساڵی ٢٠٣٥ کەمیی هێزی کار ٧ ملیۆن کەس بووە – https://www.iab.de/en/
5. کوپمانس 2020 – ڕکابەری ڕەگەزنامە
