Home بیروڕائاڤا میدیا

ئاڤا میدیا

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 11 بینینەکان
کمال چۆمانی:
هیچ وتارێکی تەنزی سیاسیی لە مێژوی رۆژنامەوانیی و رۆشنبیریی ئێمەدا، هێندەی وتارەکەی سەردەشت عوسمان کاریگەر و بەهێز نەبو کە لە ٢٠٠٩ لە کوردستانپۆست بڵاویکردەوە. لەو وتارەیدا، سەردەشت عوسمان کۆی سیستەمی سیاسی و بنەماڵەیی هەرێمی کوردستانی خستە بەر رەخنە کە چۆن نزیکایەتیی لەگەڵ بنەماڵە سیاسییەکان وا دەکات لە پۆست و پارە و سەرچاوەکانت نزیک بکاتەوە تەنانەت ئەگەر گەمژەش بیت.
بەڵام ئەو وتارە بوە هۆی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە ماییسی ٢٠١٠. سەردەشت زۆر رادیکاڵانە روبەڕوی سیستەمی سیاسیی بوەوە؛ هەم لەڕوی میکانیزمی رەخنەوە، واتا لەڕێی تەنزەوە کە زمانێکە عەقڵی دواکەوتو لێی تێ ناگا و قبوڵی ناکا، هەم لەڕوی ناوەڕۆکەوە کە دەستی بۆ بڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان برد، بێگومان بڤە لای عەقڵی نادیموکراتیک.
ئێستا ئاڤا میدیا هاتوە دەیەوێ لەڕێی تەنزی سیاسییەوە تەنز و رەخنە زیاتر بێمانا بکا. هەمو ئەو رەخنانەی میدیای سێبەر دەیگرن ئامرازێکن بۆ زیاتر کۆنترۆلکردنی رەخنە. ئەوان بڕیاردەدەن چی پێویستە رەخنەی لێ بگیرێ و چی پێویستە لە رەخنە دوربکەوێتەوە. ئەگەر چەمکێک بۆ ئەوە وەربگرم، بەڵکو <<لێبوردەیی چەوسێنەر>>ی مارکوزە بەکاربێنم -بێگومان باس و کۆنتێکستەکە جیاوازە-. بۆ بەحسی دکتۆراکەم، لە یەکێک لە پەیپەرە زانستییەکانم کە جۆرناڵی تێرۆریزم و پۆڵیتیکەڵ ڤایەڵێنس بڵاویکردەوە، باس لە جۆرێکی توندوتیژی کردوە، من پێی دەڵێم <<توندوتیژیی پیرۆز>> کە لە هەناویدا، پیرۆزییەکمان پێ دەفرۆشێتەوە کە خودی توندوتیژییە. باسم لەوە کردوە کە چۆن لە پرسی بە <<شەهیدناساندنی>> بێسەروشوێنکراوانی شەڕی ناوخۆ، جارێکی تر توندوتیژییەک بەرانبەریان بەکاردێ. بێگومان بۆ ئەوەیان زۆر سودم لە دابەشکارییەکەی سلاڤۆی ژیژێک کردوە لەبارەی توندوتیژییەوە.
توندوتیژی هەر ئەوە نییە کەسێک بکوژیت، بەڵکو ئەوەشە دوای کوشتنی پێی بڵێی شەهید بۆ ئەوەی تاوانێک لەناو ئەو ناونانەدا بشاریتەوە.
تەنزی سیاسی لە ئاڤا میدیا بۆ پێشخستنی تەنزی سیاسیی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەموان ناشیرین بکەیت بێئەوەی هیچ کاتێک باسی ئەوانە بکەی کە پێویستە رەخنەیان لێ بگیرێ.
تەماشای تەلەفزیۆنی رووداو بکەن لە دروستبونیەوە تا ئەمڕۆ باسی روداوە ناشیرینەکانی ناو بزوتنتەوەی رزگاریخوازیی کورد دەکات، تەنانەت پارە دەدات بۆ ئەوەی نەیارەکانی پارتی ناشیرین بکا، کەچی رۆژێک باسی پارتی و لوتکەی دەستەڵاتدارێتیی پارتی ناکا کە بڕیارەکانیان لەناو حەرەکەی کوردی دروستکردوە. لەوانەیە نەزانن رووداو چ هەوڵێکی دا تا فۆتۆی شەهید د. قاسملۆی لەگەڵ سەدام حوسێن بەدەستهێنا بۆ ناشیرینکردنی مێژوی شەهید د قاسملۆ لە کاتێکدا هەموان دەزانن پەیوەندیی د قاسملۆ و حدکا لەگەڵ سەدام حوسێن پەیوەندییەک بو جیۆپۆلەتیک لێکی نزیککردبونەوە نەک دژایەتیی کوردی عێراق و خزمەتکردن بە سیاسەتی سەدام حوسێن. دواتریش هەر ئەو هێڵی ئیشکردنە بو لەسەر ناشیرینکردنی د قاسملۆ کە مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا بەوە تاوانباری کرد کە کاری بۆ بەعس کردوە و بوە هۆی شکستی رێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دوای ١٩٧٩.
جا بۆیە، ئەو لێبوردەیییەی لەبارەی رەخنەوە هەیە کە ئاڤا میدیا دەیەوێ پێمان بڵێ تەنز ئازادە، نەک سنوردارە بەڵکو لە پشتیەوە ئامانجی تر هەیە وەک خودی میدیاکە؛ ئامانجی کوشتن و بێبەهاکردنی رەخنە و تەنز . کاتێک گەنجان رەخنە لە خودی سەرۆک حکومەت دەگرن و هەرگیز لە ئاڤا رەخنە لە سەرۆکی حکومەت نابینن، میدیای سێبەر دەیەوێ بڵێ ئەوە رەخنە نییە بەڵکو هێرشە بۆ سەر سەرۆکی حکومەت چونکە ئەگەر رەخنەیەک هەبێ، ئەوا خودی میدیاکە دەیگرێ. ئاڤا میدیا بە هەمو توانایەکی خۆیەوە هەوڵدەدات بڵێ هەمو شتێک تاوانی ئەوانیدیەکەیە بێئەوەی بڵێ سەرۆکی حکومەت بێتاوانە. بێگومان ئەوە بۆ میدیاکانی تریش راستە کە لەلایەن بەرپرسێکەوە ئاراستە و پارەدار دەکرێن.
دەیانەوێ رەخنە لە هەمو شتێک بگرن، لەوە نەبێ کە بەڕاستی پێویستە رەخنەی لێ بگیرێ. ئەوەی بڕیاردەدات لە میدیای سێبەردا رەخنە لە چی بگیرێ و لە چی نەگیرێ، چی بکرێتە پرسی رۆژ\بەرۆژەڤکردن و چی نەکرێ، ئەوە رۆژنامەنوسەکانی نین کە تەنها کارمەندن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان لەناو ئەو دونیایەی کە ژیانی لێ قورسکردون، بەڵکو خەڵکێکی تر هەیە کە ئاژێندایەکی هەواڵگرییان هەیە. ئێستا بە ئەندازەیەک ئەو رێکخستنە میدیایییە پێشکەوتوە، هەردولا باش دەزانن؛ کۆمەڵێک پرسی سیاسی و ئابوری و هەواڵگری هەن لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی و پرسی مێژویی کە رەخنە نایانگرێتەوە، ئەوەی تر، چی سوکایەتی و خۆسوککردن و خەڵکک-سوککردن و کۆمەڵگا-سوککردن هەیە رێی پێدراوە. نارسیسزمێکی میدیایی وایان پێشخستوە کە ئینسان قێزی لە شاشە و میدیا دەبێتەوە. خەڵک وا دەزانێ ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە میدیاکارەکان گەمژەن و بێ ئسلوب و بێ بەهای باڵان. لە راستیدا وا نییە، رۆژنامەنوسەکانیشیان دەیانەوێ ئیشی باش بکەن بەڵام رێیان پێ نادرێ. قازانج بۆ سیستەمی سیاسیی لەوەدا ئەوەیە ئەو جۆرە میدیایە کۆمەڵگا و میدیاکانی تریش وەک خۆیان لێ دەکەن و پرسە جەوهەرییەکانیان لەبیردەبەنەوە. میدیاکانی تریش کەوتونەتە ئەو داوەوە و جیاوازییەکی ئەوتۆ نادۆزیتەوە لەنێوان میدیایەکی سێبەر و میدیایەکی تر کە بڕیارە پێچەوانەی ئەو میدیایە بێ و ئالتەرناتیڤ بێ. کاتێک ژنە-مۆدێل دەکەنە قەزیە، ئەوە بۆ ئەوە نییە ئەمە باشە یا خراپ، بەڵکو توڕەیی خەڵک ئاراستە دەکەن بۆ کەسانێک کە هیچ پەیوەندییەکانیان بەو هۆکارانەوە نییە کە بۆتە هۆی بێئیش بونی سەدان هەزار گەنج، بۆ نمونە.
ئەوەی ئاڤا ئەوانیدیش دەیکەن، هەوڵێک نییە بۆ فراوانکردنی مەوداکانی رەخنە و ئازادیی رادەربڕین، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی ناشیرینییەکانی ئەوانەی هۆکاری ناشیرینییەکانن. واتا هەرگیز دەست بۆ ئەو کەس و پرس و بابەتانە نابێ کە پێویستە رەخنەیان لێ بگیرێ، بەڵام ئازادن لە ریسواکردنی ئەوانیدی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە