20

تەڵعەت خۆی پیاوێکی ڕۆشنبیرە و ئەو ڕاستیە دەزانێت کە هەڵگری نازناوی ڕۆشنبیر و ئەدیب پێش هەموو شتێک دەبێ لە دەسەڵات دوور بێت چونکە هەرگیز وەزیفەی ڕۆشنبیر نییە ببێت بە بەشێک لە دەسەڵات ، پێش ماوەیەک چاوپێکەوتنێکی ئەو شاعیرە بەڕێزەم بینی پێشکەشکارەکە پرسی ڕات چیە دەربارەی بەختیار عەلی لە وەڵام دا تەڵعەت ووتی : ” بەختیار ئەو ئەدیبە بوو کە هەموو ئەو قسانەی بەدرۆ خستەوە کە جاران سیاسیەکان دەیانووت ئەدیبی کورد بە قاپێک عەرەق خۆی دەفرۆشێت ، بەختیار هەرگیز ئامادە نەبوو تەسلیمی سیاسیەکان بێت “
من لێرەوە بە تەڵعەت دەڵێم تۆ لە هەموومان باشتر دەزانی کە نزیک بوونەوە لەم سیاسیانە کارێکی هەڵەیە و باجەکەی زۆر قوڕسە بەتایبەت ئەو گەنجەی تۆ لەگەڵی دانیشتووی ملیاردێرێکی تازە هەڵتۆقیوە و سامانەکەی لەڕێی دەسەڵاتی باوکیەوە کە سەرۆکی حکومەتە پەیدا کردووە ، بۆیە ئێمە دۆستی تۆین کە پێت دەڵێین دەرکەوتن لەگەڵ سیاسیەک کە تێوەگلاوە لە یەک دونیا مەلەفی گەندەڵی زیانێکی گەورە بە ناو و ناوبانگت دەگەیەنێت تۆ پیاوێکی جوانی هەوڵدە بە جوانی بمێنیتەوە تۆ خاوەن سەرمایەکی مەعنەوی گەورەی کە خۆشەویستی خەڵکە هەوڵدە لەدەستی نەدەی .
من بە تەڵعەت دەڵێم تۆ مەبە بە هەژار موکریانی هەموومان دەزانین مام هەژار چ شاعیرێکی گەورە و چ توانایەکی گەورەی هەبوو لە هۆنینەوەی شیعر بەڵام وەختێک بوو بە بوڕغوی مەکینەی کوردایەتیەکەی پارتی و شیعری بە باڵای سەرانی ئەو حزبە دا هەڵگوت چ زیانێکی گەورەی لە ناوبانگی شیعری خۆی دا . شیعر تا ئەو کاتە جوانە و چێژی هەیە کە شاعیر بەشێک نەبێت لە دەسەڵاتێکی ستەمکار هەر کاتێک ئەدیب ڕێگا هەڵەکەی هەڵبژارد و چووە پاڵ ستەمکار چیدی شیعرەکانی ناخوێندرێتەوە و ئەو ڕێز و خۆشەویستیەی لەناو خەڵک نامێنێت .
ڕەنجدەر محمد
