Home بیروڕاخەڵاتی ” نۆبڵ” و سنووری چارەسەرەکانی سەرمایەداری

خەڵاتی ” نۆبڵ” و سنووری چارەسەرەکانی سەرمایەداری

by admin
0 کۆمێنتەکان 9 بینینەکان

کاوە کەریم:   
لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، ئەکادیمیای زانستەکانی سوید خەڵاتی ئابووریی بانکی ناوەندی سوید بە “ڕۆبەرت ئێ. هۆڵ و مایکل وودفۆرد” بەخشی، بەهۆی “پەرەپێدانی بنەما میکرۆئیکۆنۆمەکان و جێگیرکردنی ماکرۆئیکۆنۆمی”. ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکانیان پەرەپێدانی مۆدێلە ئابوورییەکانە، بەشێوەیەک کە یارمەتی دەوڵەت و بانکە ناوەندییەکان بدەن کاریگەریی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان کەم بکەنەوە و بە سیاسەتی دارایی و نەقدییەوە هاوسەنگیی ئابووری بپارێزن.
ئەم خەڵاتە پرسیارێکی گرنگی سیاسی و تیۆریی دەخاتەڕوو: تا چەندە مۆدێلە نوێکانی ئابووری دەتوانن قەیرانەکانی سەرمایەداری بەڕێوەببەن؟ ئایا جێگیرکردنی ئابووری بە مانای چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی قەیرانە، یان تەنها هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە چوارچێوەی هەمان سیستەمدا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە جیاوازی لە نێوان دوو ئاستی شیکردنەوەدا بکەین: یەکەم، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابووری و کەمکردنەوەی توندیی قەیرانەکان، دووەم، شیکردنەوەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییانەی کە سیستەمی سەرمایەداری لەسەریان دامەزراوە. ئەم دوو ئاستە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، بەڵام یەک شت نین.
بێگومان، مۆدێلێکی ئابووری دەتوانێت لە ڕووی تەکنیکییەوە یارمەتیی بەڕێوەبردنی قەیران بدات، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە هۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی قەیرانەکەی ڕوون کردۆتەوە. هەر لێرەوە ڕەخنەی مارکسیستی دەست پێدەکات: نەک بە ڕەتکردنەوەی هەموو ئامرازێکی ئابووری، بەڵکو بە پرسیارکردن لە سنووری تیۆرییەکان، ئەو پەیوەندییانەی کە دەیانخەنە ناو شیکردنەوەکە و ئەو ڕاستییانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەکەیان دەمێننەوە.
لە سەدەی بیستیەمدا، سەرمایەداری چەندین قۆناغی قەیران و گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووریی بەخۆوە بینی. قەیرانی گەورەی ئابووریی ساڵی ١٩٢٩ و دواتر، لەگەڵ بێکاریی بەربڵاو و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان ڕووبەڕوو بووەوە. بۆیە ئابووریناسان گەشتنە ئەو بڕوایەی کە بازاڕ بە تەنیا و بەبێ دەستێوەردانی حکومەت ناتوانێت هەمیشە هاوسەنگیی ئابووری بپارێزێت و قەیرانەکانی چارەسەر بکات. لەو بارودۆخەدا، بیرۆکەکانی “جۆن ماینارد کینز” گرنگییەکی تایبەتیان پەیدا کرد. “کینز” پێی وابوو کە لە هەندێک بارودۆخدا، بە تایبەتی کاتێک خواستی گشتی کەمدەبێتەوە و وەبەرهێنان دادەبەزێت، بازاڕ بەتەنها ناتوانێت بە خێرایی ئابووری بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوی گەشەکردن. لەبەرئەوە، دەوڵەت دەتوانێت بە زیادکردنی خەرجیی گشتی، هاندانی داواکاری و بەکارهێنانی ئامرازە دارایی و نەقدییەکان کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و دامەزراندن دابنێت.
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، سیاسەتە “کینزییەکان” لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا بوونە بەشێک لە سیاسەتی ئابووری. لەهەمان کاتدا، دەوڵەتی ئاسوودە و هەندێک بەرنامەی سۆسیال-دیموکراتی، بەهۆی فشاری بزووتنەوە کرێکارییەکان و کۆمۆنیستیەکان و هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکان، ڕۆڵی گرنگیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی، پاراستنی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی هەندێک نایەکسانی گێڕا. بەڵام ئەم ڕێڕەوەیە بۆ هەمیشە بەردەوام نەبوو. لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای هەشتاکاندا، لەئەنجامی پاشەکشێی مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەروەها کاریگەریی هەڵاوسانی بەرز، کێشەکانی بەرهەمهێنان و قەیرانەکانی ئابووریی جیهانی، ئاراستەی سیاسەتە ئابوورییەکان لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوادا دەستی بە گۆڕانێکی بەرچاو کرد. لەم قۆناغەدا، بیرۆکەکانی “نیولیبرالیزم” زیاتر بوونە بنەمای سیاسەتەکانی حکومەتەکان، سیاسەتێک کە تایبەتیکردنی هەندێک کەرتی گشتی، کەمکردنەوەی خەرجیی کۆمەڵایەتی و بیمەکان، ئازادکردنی بازاڕ و گۆڕینی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و سەرمایەی لەخۆ دەگرت.
لەڕووی مێژووییەوە، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە” فریدریش هایک ” لە ساڵی ١٩٧٤دا دەتوانرێت وەک بەشێک لەهەلومەرجی ئەو کاتە و ملمێلانێی نێوان ئاراستە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ئابووری بخوێندرێتەوە. “هایک” ڕەخنەگرێکی توندی پلاندانانی ناوەندی و دەستتێوەردانی فراوانی دەوڵەت لە ئابووریدا بوو، لە بەرامبەریشدا جەختی لەسەر ڕۆڵی بازاڕ و سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەکردەوە. لەبەرئەوە، خەڵاتەکەی دەتوانێت وەک نیشانەیەک لە گرنگیی ئەو ئاراستە فکرییە لە مێژووی بیرۆکە ئابوورییەکاندا لێکبدرێتەوە. ئەو گۆڕانکارییانە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری، سیاسی و مێژوویی بوون، لەوانە قەیرانەکانی ئەو سەردەمە و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەنێوان دەوڵەت، سەرمایە و چینی کرێکار.
لێرەوە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئەم گۆڕانە لە سیاسەتە ئابوورییەکاندا چۆن پەیوەندیی نێوان دەوڵەت، سەرمایە و چینی کرێکاری گۆڕی؟ ئایا ئازادکردنی بازاڕ و کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی دەوڵەت توانای سەرمایەداریی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی زیادکرد، یان لەهەندێک بارودۆخدا، تەنها شێوازی دابەشکردنەوەی تێچووی قەیران و بارگرانییە کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕی؟ لەم ڕوانگەیەوە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کام سیاسەتی ئابووری کاراترە، بەڵکو ئەوەشە کە سوودی ئەو سیاسەتانە بۆ کام چین و گرووپی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە و تێچووەکانیان لەسەر شانی کێ دەکەوێت؟
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مۆدێلەکانی” ڕۆبەرت هۆڵ و مایکڵ وودفۆرد” ئەوەیە کە دیاردە گەورەکانی ئابووری، وەک هەڵاوسان، گۆڕانی بەرهەمهێنان و سووڕەکانی سەرووبەرزی و نزمبوونەوەی ئابووری، بە پشتبەستن بە بنەما “میکرۆئابوورییەکان” شیدەکەنەوە. لەم مۆدێلانەدا، بڕیارەکانی خێزان و کۆمپانیاکان، چاوەڕوانییەکانیان سەبارەت بە داهاتوو و کاریگەریی سیاسەتی دارایی و نەقدی، ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕوونکردنەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکاندا دەگێڕن. بۆ نموونە، چاوەڕوانیی خێزان و کۆمپانیاکان سەبارەت بە داهاتی داهاتوو، نرخەکان و بڕیارەکانی بانکە ناوەندییەکان، دەتوانێت کاریگەری لەسەر خەرجی، وەبەرهێنان و بڕیارەکانی ئابوورییان هەبێت. بەڵام لێرەدا قسە لەسەر دروستی یان نادروستی مۆدێلکە نییە بەوەی ئەوە نییە بەوەی ئەم شێوازەی شیکردنەوە بەکاردەهێنێت، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم شێوازەی شیکردنەوە، لەگەڵ بڕیارە تاکەکەسییەکان، پەیوەندییە مێژوویی و چینایەتییەکانی بەرهەمهێنانیش لەبەرچاو دەگرێت؟ یان ئەو پەیوەندییانە وەک بارودۆخێکی دەرەکی و پێشوەختە ئامادەکراو وەردەگرێت، بێ ئەوەی چۆنیەتیی پەیدابوون و گۆڕانیان لە ڕەوتی مێژووییدا شیکاتەوە؟
لەلای مارکس، ئابووری تەنها کۆی بڕیارە سەربەخۆکانی تاکەکان نییە. سیستەمی سەرمایەداری لەسەر پەیوەندییەکی دیاریکراوی خاوەندارێتی و بەرهەمهێنان دامەزراوە. لەلایەکەوە، خاوەن سەرمایە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هەن، لە لایەکی ترەوە، کرێکاران هەن کە بۆ بەدەستهێنانی مانەوەی ژیانیان ناچار دەبن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن. ئەم دوو پێگەیە تەنها جیاوازیی نێوان ئارەزوو و هەڵبژاردەی تاکەکەسی نین. ئەوان بەرهەمی مێژوویەکی کۆمەڵایەتین کە خاوەندارێتی، دەسەڵاتی ئابووری و توانای بڕیاردان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایەکسان دابەشدەکەن. بۆ نموونە، خاوەن کۆمپانیا دەتوانێت لەسەر بنەمای چاوەڕوانیی قازانج بڕیار لەسەر وەبەرهێنان بدات، بەڵام کرێکاران لەهەمان بازاڕدا لەژێر فشاری دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانەکەیدایە. هەردووکیان بڕیار دەدەن، بەڵام لەهەمان پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا نین. ئەم مۆدێلە ئەم جیاوازییە لەبەرچاو ناگرێت، هەربۆیە پەیوەندییەکی چینایەتیی مێژوویی بە کۆمەڵێک هەڵبژاردەی تاکەکەسی سادە دەکاتەوە.
بەڵام ئەمەش بەمانای ڕەتکردنەوەی هەموو شیکردنەوەیەکی “میکرۆیی ” ئابووری نییە. ڕەخنە لەم مۆدێلانە لەوێدایە کەپوەندییە چینایەتیەکان و پێگەی کۆمەڵایەتی چینەکان حسابی لەسەر ناکرێت و پشتگوێ دەخرێت، ئەوەش کاریگەرێکی گەورەی دەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەر تیۆرییەک، یان چۆن ئەو سنوورە کاریگەری لەسەر سیاسەتە پێشنیارکراوەکانی دادەنێت. لەبەرئەوە، پرسیاری ناوەندی ئەمە نییە کە ئایا شیکردنەوەکە لە تاکەکەسەوە دەست پێدەکات یان لە کۆمەڵگەوە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵاتی چینایەتی دەخاتە ناو ناوەندی شیکردنەوەکە، یان لە دەرەوەی چوارچێوەکەی دەیهێڵێتەوە.
لە سەردەمی ئێستادا، سەرمایەداریی جیهانی بەدەست قەیرانێکی جیهانییەوە دەناڵێنێت، دووچاری کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکیی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆتەوە، کێشەگەلێک کە توانای سیستەمی سەرمایەداری بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی خۆی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دابەزینی ڕێژەی قازانج، قەیرانی دارایی، بارگرانیی قەرز، نائارامیی بازاڕ و نایەکسانیی داهات و سامان، هەموویان ئەو پرسیارە گرنگە دەخەنە ڕوو کە ئایا ئامرازە باوەکانی سیاسەتی ئابووری دەتوانن لە سنووری کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییەکانی قەیران تێپەڕن و هۆکارە بنەڕەتییەکانی چارەسەر بکەن.
بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دووچاری مەیلی دابەزینی ڕێژەی قازانجە بۆتەوە، بەهۆی قەیرانەکەوە لە قۆناغێکدا وەستاوە کە ناچارە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی پرۆسە ئابوورییەکانی بگۆڕێت. بەڵام، گۆڕینی ئەم شێوازانە بەمانای ڕزگاربوونی سەرمایەداری لە قەیران نییە. سیاسەتی “ماکرۆئابوورییەکان” گۆڕینی ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری و پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییە باوەکانە، نەک گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان کە دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەرمایەداریدا. چونکە ئەگەر قەیرانەکان بەردەوامبن و شێوازە باوەکانی بەڕێوەبردنی ئابووری نەتوانن چارەسەرێکی جێگیر بۆیان بدۆزنەوە، ئەوا لەوانەیە مەرجی مێژوویی بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵتر بێتە ئاراوە. بەڵام، ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و حەتمی ڕوونادات، بەڵکو ئاراستە و ئەنجامەکەی پەیوەندی بە هاوسەنگیی هێزە چینایەتییەکان و توانای جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.
لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان گۆڕانکاری لە ناو سەرمایەداریدا و گۆڕانکاری لە پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی خودی سەرمایەداریدا دەردەکەوێت. یەکەمیان دەتوانێت شێوازەکانی کارکردنی سیستەم بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی بنەمای چینایەتی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بگۆڕێت، بەڵام دووەمیان پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی لەخودی ئەو پەیوەندییانەدایە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، پرسەکە ئەوەیە ئایا تا چ ڕادەیەک ئامرازە ماکرۆئابوورییەکان دەتوانن قەیرانەکانی سەرمایەداری کۆنترۆڵ بکەن، بێ ئەوەی سەرچاوە بنەڕەتییەکانیان بگۆڕن.
لە ڕوانگەی ئەم ڕەخنەیەوە، کێشەکانی وەبەرهێنان، دابەزینی ڕێژەی قازانج و نائارامیی بازاڕ نابێت تەنها وەک کێشەیەکی تەکنیکی لە ڕێکخستنی سیاسەتی نەقدی و دارایی سەیر بکرێن. بەڵکو دەبێت ئەو پەیوەندییە مێژوویی و چینایەتییانەش لەبەرچاو بگیرێن کە لە چوارچێوەیاندا بەرهەمهێنان، کەڵەکەی سەرمایە و دابەشکردنی قازانج ڕێکدەخرێن.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئابووریی سەرمایەداری لە قۆناغە قەیراناوییەکاندا، ئەوەیە کە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان بە تەنها بە بوونی ئامرازەکانی سیاسەتی نەقدی و دارایی بەردەوام نابن. تەنانەت ئەگەر بانکە ناوەندییەکان ڕێژەی سوود کەم بکەنەوە و مەرجەکانی قەرزگرتن ئاسانتر بکەن، ئەمە بەخۆی گەرەنتیی زیادبوونی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا نییە. ئەگەر کۆمپانیاکان و وەبەرهێنان دووچاری کەمی ڕێژەی قازانج ببنەوە، یان بازاڕی فرۆشتن و خواستی بەرهەمەکان لاواز بێت، نزمکردنەوەی ڕێژەی سوود لەوانەیە بە تەنها نەبێتە هۆی زیادبوونی وەبەرهێنان. بەپێچەوانەوەشەوە، بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەتوانێت تێچووی قەرز زیاد بکات و فشار لەسەر وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان دروستبکات. بەم شێوەیە، ئامرازەکانی سیاسەتی نەقدی لە نێوان دوو ئامانجی قورسدا دەجووڵێن: کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و پاراستنی چالاکیی ئابووری.
بەڵام کێشەکەش لەمەش قووڵترە، ئەگەر کێشەی وەبەرهێنان و قازانج تەنها بە گۆڕینی ڕێژەی سوود چارەسەر نەکرێت، ئەوا دەبێت بپرسین ئایا کێشەکە تەنها لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئابووریدایە، یان پەیوەندی بە خودی شێوازی بەرهەمهێنان و کەڵەکەی سەرمایەوە هەیە. ئەم پرسیارە جیاوازیی نێوان چارەسەرێکی تەکنیکی بۆ کێشەیەکی ئابووری و لێکۆڵینەوە لە هۆکارە مێژوویی و پێکهاتەییەکانی ئەو کێشەیە دەخاتە ڕوو. لەبەر ئەوە، ڕەخنە لە ئابووریناسانی بۆرژوازی باو نابێت تەنها لەسەر ئەوە بوەستێت کە ئایا مۆدێلێک دەتوانێت بە دروستی گۆڕانەکانی ڕێژەی سوود، چاوەڕوانییەکانی بازاڕ یان هەڵاوسان پێشبینی بکات. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئەم مۆدێلانە تا چ ڕادەیەک دەتوانن هۆکارەکانی قەیران لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و کەلەکەی سەرمایەدا ڕوونبکەنەوە. لەڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە، ئەگەر شیکردنەوەیەک قەیران تەنها بە کێشەیەک لە ڕێکخستنی چاوەڕوانییەکان، سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان یان هەڵەی بڕیارە تاکەکەسییەکان بزانێت، لەوانەیە ئەو پەیوەندییە بنەڕەتییانە لەبەرچاو نەگرێت کە قەیران لە چوارچێوەیاندا دروست دەبێت.
بەم پێیە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ئابووریناسانی بۆرژوازی لە پێشبینیی قەیرانەکاندا هەڵە دەکەن، یان ئامرازەکانیان لە هەموو بارودۆخێکدا کاریگەر نین. کێشەی قووڵتر ئەوەیە کە چوارچێوەی تیۆریی ئەوان تا چ ڕادەیەک توانای ڕوونکردنەوەی قەیران و سنوورەکانی چارەسەرکردنی هەیە. ئەگەر قەیرانەکان تەنها وەک ئەنجامی هەڵەی سیاسەتی نەقدی، نەبوونی متمانە یان ناڕێکیی چاوەڕوانییەکانی بازاڕ لێکبدرێنەوە، ئەوا ڕەنگە ئەوەی لە بنەڕەتدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە، واتە پەیوەندیی نێوان قازانج، وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و ملمڵانێی چینایەتی، لە چوارچێوەی شیکردنەوەکەدا جێگایەکی تەواوی نەبێت. لێرەدا ڕەخنەکە لە سنووری توانای پێشبینی تێدەپەڕێت و دەگاتە سنووری چوارچێوەی تیۆرییەکە بۆ تێگەیشتن لە خودی قەیرانەکە.
لەهەمان کاتدا، مۆدێلەکانی جێگیرکاریی “ماکرۆئابووری” هەوڵ دەدەن چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی سیاسەتی نەقدی و دارایی، چاوەڕوانییەکانی بازاڕ و ڕێژەی سوود دابینبکەن. ئەم مۆدێلانە دەتوانن یارمەتیی شیکردنەوەی هەندێک لە دیاردە “ماکرۆێیکۆنۆمی” یەکان بدەن، بەڵام، توانای شیکردنەوەی دیاردەکان بەتەنها بەڵگەی ئەوە نییە کە هۆکارە پێکهاتەییەکانی قەیرانیشیان ڕوون کردووەتەوە. بۆ نموونە، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەتوانێت یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی ئابووری بێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەم سیاسەتانە بە چ نرخێکی کۆمەڵایەتی بەدەست دێن و بارگرانییەکانیان لەسەر کام چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەکەوێت.
ئەگەر کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بە سیاسەتێک بگاتە ئەنجام کە بێکاری زیاد بکات، کرێ بخاتە ژێر فشار یان توانای چینی کرێکار بۆ داواکردنی مافەکانی و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی لاواز بکات، ئەوا پێویستە ئەم کاریگەرییە کۆمەڵایەتییانەش لەگەڵ ئەنجامە ماکرۆئابوورییەکانی سیاسەتەکەدا هەڵبسەنگێنرێن. لەو بارودۆخەدا، جێگیریی نرخەکان بەتەنها ناتوانێت ببێتە پێوەرێکی تەواو بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی ئابووری، چونکە دەبێت بپرسین ئەم جێگیرییە چۆن بەدەست هاتووە، کێ تێچووی پاراستنی داوە و کام پەیوەندییەکانی دەسەڵات و بەرهەمهێنان بەهێزتر بوونەتەوە.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت، لەم نێوەدا دەوڵەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە کە لە دەرەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان وەستابێت. دەوڵەت بە یاسا، سیاسەتە دارایی و نەقدییەکان، ڕێکخستنی بازاڕی کار و دامەزراوەکانییەوە بەشێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتییەک کە بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی سەرمایەی تێدا ڕێک دەخرێت.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە دەوڵەت بتوانێت لە هەموو بارودۆخێکدا ڕاستەوخۆ لە خزمەتی هەموو بەشەکانی سەرمایەدایە بێت. پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و چینە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی ئاڵۆزە و کاریگەریی فشاری کرێکاران، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناکۆکییەکانی ناو خودی چینە خاوەن سەرمایەکانیش لەسەر سیاسەتەکان دەبێت.
لە کۆتاییدا، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابووری بە خۆی ناتوانێت وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکانی قەیرانی سەرمایەداری بداتەوە. ئەگەر مۆدێلێک بتوانێت هەندێک لە میکانیزمەکانی بازاڕ و سیاسەتی نەقدی ڕوونبکاتەوە، ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە هۆکارە مێژوویی و چینایەتییەکانی قەیرانیشی چارەسەر کردووە. لەبەرئەوە، لەجیاتی ئەوەی تەنها بپرسین چۆن دەتوانرێت سەرمایەداری بە باشتر بەڕێوە ببرێت، دەبێت ئەم پرسیارەش بخەینە ڕوو: ئایا پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی ئەم سیستەمە دەتوانن بەردەوام هەمان قەیرانەکان بەرهەمبهێنن، تەنانەت کاتێک ئامرازەکانی بەڕێوەبردنیان دەگۆڕدرێن؟
لێرەدا پێویستی بە گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤێکی تر دەردەکەوێت، ئەلتەرناتیڤێک کە تەنها لە بەڕێوەبردنی باشتر و جێگیرکردنی سیستەمدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دەسەڵات و سامانیش بخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم بارودۆخەدا، ئاماژەی “جۆرج ماگنۆس” ڕاوێژکاری ئابووریی پێشووی UBS، لە ساڵی ٢٠١١دا لە بلومبێرگ، کە بانگەشەی دەکرد “شانسێک بە کارل مارکس بدەن تاکو جیهان ڕزگاربکات، جێگای سەرنجە.” ئەمەش بانگەشەیەش دەتوانێت وەک نیشانەیەک لە گرنگیی گەڕانەوە بۆ ڕەخنەی مارکس لە سەرمایەداری بخوێندرێتەوە، بانگەوازێک بۆ دووبارەکردنەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی لەبارەی قەیران، قازانج و داهاتووی سیستەمی سەرمایەداری.

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە