14
شوان حەمە:
شوان حەمە:ماوەی ساڵێکە کوڕەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، بوون بە هۆی سەرئێشە و گێچەڵ بۆ بەشێک لە هونەرمەندان و نووسەران.
ساڵی پار، ئیدریسی کوڕی نیچیرڤان بارزانی بانگهێشتی هونەرمەند ماهیر حەسەنی کرد، تا لە میدیاکانەوە پێکەوە دەربکەون.
هەفتەی رابردووش شاعیر تەڵعەت تاهیر لە میدیاکانی پارتییەوە لەگەڵ ئارینی مەسرور بارزانیدا دەرکەوت.
دوای ئەو دەرکەوتنانە ماهیر حەسەن و تەڵعەت تاهیر، بە ناچاری و جۆرێک لە ڕووگیرییەوە، ناچاربوون هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن، کە ئەوان نەبوون بە پارتی و نابنە کوڕی هیچ حیزبێک.
یەکێک لەو هۆکارانەی ئەو هونەرمەند و نووسەرانە ناچار بە ڕوونکردنەوە دەبن، خۆپاراستنیانە لە نەفرەتی خەڵک. چون سەرمایەی راستەقینەی هونەرمەند و نووسەر، خەڵکە نەک حیزب و دەسەڵات.
خەڵک بە گشتی دەزانن، نەوەی دووەمی بنەماڵە سیاسیەکان، لە سەردەمی شاخدا ماندوو نەبوون و هاتوونەتە سەر حازری، لە سەردەمی بەرپرسیارییەتیشیاندا، ژیانی و گوزەرانی خەڵک خراپتر بووە، جا وەی لە حاڵی نەوەی سێیەم، کە لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا بوونەتە ملیۆنێر و خاوەن میدیا و پێگەی جۆراوجۆر.
ئەگەر ئارین مەسرور بارزانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، بەڕاستی ڕێز لە هونەرمەندان و نووسەران دەگرن، باشتر وایە بانگهێشتیان نەکەن!
ڕوونکردنەوەکانی تەڵعەت تاهیر و ماهیر حەسەن بەڵگەی ئاشکران، کە ئەوان بە هۆی بانگهێشتکردنی کوڕی بەرپرسەکانەوە، گیریان خواردووە، تووشی رووگیری هاتوون، ناچار بە ڕوونکردنەوە کراون .
ئەوان نایانەوێت میژووی خۆیان تێکەڵ بە مێژووی ئێوە بکەن.
تکایە تێبگەن!
01/11/2026a
