عەبدولڕەحمان گەورکی: 
ئەمڕۆ لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا، نابێت ئەو راستییە کلاسیکە بە جددی وەربگرین کە “باشترین تاکتیک بۆ بەرگریکردن، شەڕانگێزییە”. چونکە گۆڕانکارییەکی زۆر لە هاوکێشە سیاسی- سەربازییەکانی ناوچەکە و جیهاندا هاتۆتە ئاراوە. گەورەترین حیساباتی هەڵە ئەوەیە کە وا بیر بکرێتەوە کە هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران جدییە! رەنگە هەندێک لایەن بە مەبەست یان بەبێ مەبەست، هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران بە جددی وەربگرن، بەڵام هەڵەن. هەبوون و مانەوەی ئەم رێژیمە دیکتاتۆرییە زیانی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبووە بە ئێستاشەوە!
ئێستا ئەندامێکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، واتا خەڵکی ئێران، بەرەنگاری رێژیمی ئێران بووەتەوە. ئەم خەڵکە خاوەن بەرخۆدانێکە کە لە رۆژی یەکەمەوە بەرەنگاری دیکتاتۆرییەت بووەتەوە و تەنانەت بۆ یەک رۆژیش پاشەکشەی لێ نەکردووە. مێژوو دەریخستووە کە لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتدا گەل “سەرکەوتووی مەیدان”ە. دواخستنی ئەم “گۆڕانکارییە گەورەیە” گوناهێکە لێخۆشبوون هەڵناگرێت. چونکە خەڵکی ئێران، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخ، لە مافی ئازادی بێبەش کراوە و “دیکتاتۆرییەت” داگیری کردووە.
ئەگەر قسەی شاعیری گەورەی ئێرانی بە هەند وەربگرین کە چڕیویەتی “کاتێک زەمەن ئازاری ئەندامێکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدات، ئەندامەکانیتریش لە ئارامی دەکەون”، ئێستا “ئەندامەکانیتر”ی ئەم کۆمەڵگا مرۆڤایەتییە، بارگرانییەکی قورسیان لەسەر شانە کە ئەمەش وادەخوازێت وەک پێویست رۆڵی خۆیان بگێڕن و دەرفەت بە “دیکتاتۆرییەت” نەدەن کە شوێنی “ئەندامە بێبەشەکە” بگرێتەوە.
ئەوروپا بە هەڵەدا چووە!
لەم دواییانەدا لە ئەڵمانیا خەڵاتێک دراوە بە کوڕی شای دیکتاتۆر کە ویژدانی مرۆڤی بریندار کردووە. لە بەلژیکا کوڕی شای دیکتاتۆری رووخاوی ئێرانیش بانگهێشتی پەرلەمانی ئەم وڵاتە کرا، بەڵام بێگومان لە سایەی چالاکییەکانی بەرخۆدانی ئێران، ئەم سەفەرە بە (شکست) کۆتایی هات. بەڵام پەیامی ئەم دوو رووداوە ئەوەیە کە ئەوروپا سەبارەت بە ئێران بە رێگایەکی هەڵەدا رۆیشتووە. ئەم رێگایە درێژەپێدەری هێڵی سازانە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی. هەرچەند ئەمریکاش لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتەدا لە شەڕدایە، بەڵام ئەگەر ئەم “شەڕ”ە بەرز نەکرێتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و رێگاچارەی سێیەم، کە لە لایەن بەرخۆدانی ئێرانەوە راگەیەندراوە، دەبێ بگوترێ کە دەرئەنجامی هەردوو رێگاکە (یەک)ە و دەبێتە هۆی لەسەر پێ مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا.
بانگهێشتی کوڕی شای دیکتاتۆر لەلایەن ئەنجوومەنێکی ئەڵمانی، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی دامەزراوەی (فریدریش ناومان) و هەوڵدان بۆ رەخساندنی بوار بۆ ئامادەبوون و کۆبوونەوە سیاسییەکانی لە بەلژیکا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی ئێرانییەکانی لێکەوتەوە. سەدان کۆمەڵەی ئێرانی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا و ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان لە ئەڵمانیا ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە درانی ئەم خەڵاتە بە کوڕی شای دیکتاتۆر و ئەم کارەیان بە شەرعیەتدان بە میراتی سیاسیی دیکتاتۆرییەتی شا لە ئێراندا زانی. رێژیمی دیکتاتۆریی شا نەیارانی سەرکوت دەکرد و ئەشکەنجەی دەدان و لە سێدارەی دەدان. رەوەندی ئێرانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە کوڕی شای دیکتاتۆر بە روونی و ئاشکرا، نەک هەر خۆی لە تاوانەکانی رێژیمی باوکی دوور نەخستۆتەوە، بەڵکو شانازیشی پێوە کردووە!
لە راستیدا دیموکراسی بە جێگرتنەوەی دیکتاتۆرییەتێک لە جێگەی دیکتاتۆرییەکیتر بەدەست نایەت. رێگای ئازادبوونی ئێران بە کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی ستەمکاری و داننان بە مافی خەڵک بۆ سەروەری دێتە دی و مسۆگەر دەبێت. ئەمەش ئەو داواکارییەیە کە خەڵکی ئێران لێی پاشەکشە ناکات. داواکاریی خەڵکی ئێران، واتا کۆماری دێموکراتیک، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانی ژن و پیاو و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکان، لەگەڵ بنەمای دەسەڵاتی میراتبەری و درێژەدان بە رێژیمی دیکتاتۆری (چ پاشایەتی بێت یان مەزهەبی) ناکۆکە. ئایندەی ئێران دەبێ لەسەر بنەمای (ئیرادەی ئازادی گەل) دابڕێژرێت.
هەربۆیە کۆمەڵێک کەسایەتی بەرجەستەی سیاسی، یاسایی و ئەکادیمی لە بەلژیکا، پێش هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامە و وتارەکەی رەزا پەهلەوی لە پەرلەمانی وڵات، نامەیەکیان بۆ بەڕێز ماکسیم پێرڤۆک، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلژیکا نارد و هۆشدارییان دا: “ئێمە لە تەنیشت خەڵکی ئیرانداین لە پێناو خەبات و تێکۆشانییان بۆ گەیشتن بە دیموکراسی بە تەواوی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەلژیکا نابێت شەرعیەت بە کەسێک بدات کە پڕۆژە سیاسیەکەی نوێنەرایەتی گەڕانەوە بۆ فۆرمێکیتری دیکتاتۆرییەت دەکات”.
پێکهاتەکانی ئێرانی کە لایەنگری دەکەن لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئیران لە بەلژیکا، هۆڵەندا، لۆکسمبۆرگ و فەرەنسا، لە نامەیەکدا و پێش هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامەی کوڕەکەی شا نووسیویانە: ئێمە بانگهێشتکردن و ئامادەبوونی کوڕی دیکتاتۆری رووخێنراوی ئێران بۆ بەلژیکا، بە سووکایەتیکردن بە شۆڕشی خەڵکی ئێران لە دژی شا و ئاوڕنەدانەوە لە دیموکراسی دەزانین. خەڵکی ئێران سەد (١٠٠) ساڵە لە دژی دوو دیکتاتۆری خوێنڕێژ خەبات دەکەن لە پێناو دیموکراسی”. ئەوان هەروەها نووسیویانە: “کوڕی شای دیکتاتۆری ئێران نەک هەر تاوانەکانی باوک و باپیری مەحکووم نەکردووە، بەڵکو هەمیشە شانازی بە رابردوو و دەستکەوتەکانی بنەماڵەکەیەوە کردووه”.
***
کۆتایی دوو رێگای هەڵە لە پێوەندی لەگەڵ ئێران
چاوخشاندنێک بە دوایین پێشهاتەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا
12
