کاوە کەریم: 
تێبینی: ئەم بابەتە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە شێوەی نامیلکە چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە.
دەستپێک:
یەکێک لەو دیاردە باوانەی کەلەجیهانی ئەمڕۆدا بەرۆکی بەملیاردها ئینسان گرتووە، نامۆییە، بەڵام ئەم دیاردەیە لەخودی مرۆڤ خۆیدا نیە وبەرهەمی سیستەمیكی ئابوری وسیاسی وکۆمەلایەتیە. بەم مانایە دیاردەی نامۆبوون دیاردەیەکی نوێ نییە و مرۆڤ لەسەردەمە جیاوازەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا لەچوارچێوەی سیستەمە کۆمەلایەتیە جیاوازەکاندا بەپلەی جیاواز وبەهۆکاری جیا گیرۆدەی نامۆیی بوە، ئەم دیاردەیەش لەسەردەمی سیستەمی سەرمایەداریدا دەگاتە ئەوپەڕی ئاستی خۆی، تا وا لە مرۆڤەکان دەکات خۆیان نەناسنەوە کە ئەوان کێن و سەربەکێن و خۆشیان سەربەخۆیان نەزانن، کەسایەتیان لەدەستی کەسانیتردا هەست پیبکەن!. بەواتایەکیتر نامۆیی لەم سەردەمەدا وای لە مرۆڤەکان کردوە کە خاوەی ئیرادەی خۆیان نەبن، ئیرادەکەیان لێبسەنرێتەوە، مرۆڤیش کە ئەو ئیرداەیەی لێ زەوت بکرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ تووشی نامۆبوونێک بەو جۆرەی کە ئینسانیەتی خۆی لەدەستدابێ وبگرە زۆر جار ئاوات بەژیانی ئاژەڵان و باڵندەکان بخوازێت.
بێگومان مرۆڤ خۆی بەسەربەخۆ نازانێت تاکو ئەو کاتەی لەسەر قاچی خۆی نەوەستێت وهەست بەبوونی خاوەندارێتی بۆخۆی وەک ئینسان کە ئیرادەی لەدەست خۆیدایە نەکات، هاوکات لەسەر قاچی خۆی ناوەستێت تاکو قەرزاری بوونی خۆی نەبێت. ئەو مرۆڤەی کەبەهۆی فەزلی ئەوانی ترەوە دەژی هەمیشە خۆی بە بوونەوەرێکی سەر بەئەوانی تر دەزانێت، تەواوی ژیانی بەهۆی ئەوانی ترەوە دەبێت، ئەگەر قەرزاریشی نەبیت ئەوا لەسەر ژیانت دەمێنێتەوە و دەبێتە دروستکەری ژیانت، یان سەرچاوەی ژیانت. ئەگەریش ژیان خۆت دروستکەری نەبیت، ئەوا دەبێتە سەرچاوەیەک لەدەرەوەی خۆت. لێرەدا بۆچوونێک دروست دەبێت کە لە هەست وهۆشی کۆمەڵایەتیدا سەرهەڵدەدا و گەلێک قورسە خۆتی لێ لابدەیت، ئەویش بوونی سروشتی خۆیی مرۆڤە کە دەبێتە کردەیەکەی ناڕۆشن بۆ ئەو هەستو هۆشە، لەبەرئەوەی هەموو شتەکان ناکۆک دەبێت لەگەڵ ژیانی پراکتیکی هەستپێکراوی مرۆڤدا.
بەڕۆشنی بڵێن قسەکە لە سەر هەستبوونە بە مرۆڤ بوونی خۆت بەشێوەی سەربەخۆ وئازاد، دوور لە هێزە دەرەکیەکان، قسە لەسەر هەستکردنە بەژیانێک کە خۆت دروستکەری بیت ولەژێر هەژمونی ئیرادەی خۆتدا بێت.
ئێمە لێرەدا باس لەنامۆیی مرۆڤ بەگشتی ولەسەردەمە جیاجیاکانی کۆمەلگای مرۆڤایەتیدا ناکەین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە باس لەنامۆیی مرۆڤ لەسایەی سیستەمی سەرمایداریدا، لەڕوانگەی تێوەرو لێکدانەوەکانی مارکسەوە بۆ ئەم سیستمە بەکورتی بخەینە ڕوو تا نیشان بدەین کەڕیشەی نامۆبوونی ئینسان لەکوێدایە وچۆن نامۆ بوونی ئینسانی کرێکار دەبێتە بنەمای نامۆیی مرۆڤ بەگشتی و وەک دیاردەیەکی بنچینەیی لەسەرمایداریدا جێدەگرێت و تائەم سیستمەش بمێنیت نامۆیی ئینسانیش گشتیگر دەبێت ودەمێنێتەوە.
نامۆبوون چیەو فەیلەسوفەکان چۆن بۆیان ڕوانیوە؟
نامۆ بوون لە زمانەوانیدا جۆرەها پێناسە ولێکدانەوەی بۆ کراوە. لە هەندێ زماندا نامۆیی بە مانای وازهێنانە لەکەس و خزم و ڕووکردنە شوێنێکی تر، یان بەمانای سەرهەڵگرتن هاتوە، لە هەندێ زمانی تردا ئەو مانایەی بۆکراوە کە مرۆڤ هەست دەکات کە لەماڵ و شوێنی خۆی نییە، یان بە وازهینان و دەست هەڵگرتن لە مافی خۆت و بەخشینی بە لایەنی تر، پێناسەی بۆدەکرێت، لە زۆر جاریشدا بەمانای لەدەستدانی هەست و هۆش دێت.
لە بیروبۆچوونی ئاینەکانیشەوە نامۆیی مانایەکی تری پی دەبەخشرێت، بەتیابەتیش لە کتێبی کرستیانەکاندا نامۆیی بە مانای جیابوونەوەو دابڕانێک دێت کەلەنێوان خودا و مرۆڤدا ڕوودەدات. واتە ئەو پەیوەندیە ڕوحیەی کەئاینەکان لەنێوان خوداوەند ومرۆڤەکاندا دروستی کردوە هەڵدەوەشێتەوە و لەیەکتری دووردەکەوێتەوە، هەروەکو قشە پۆلس باسی دەکات. لە قورئانیشدا نامۆبوون” الاغتراب” بە مانای جودابوونەوە لەگەڵ خودا بەکاردێت، واتە پشتکردنی مرۆڤ لە ئیسلام و خودا سەرچاوەی نامۆبوونی مرۆڤە.
بەڵام نامۆیی لەفلسەفەدا مانایەکی تری پێدەبەخشرێت، ئەویش بەمانای جودا بوونەوە لە خود دێت. سەرچاوەی ووشەکە لە ووشەیەکی لاتینیەوە هاتووە Alienation کە لە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسیشدا بەهەمان ووشە بەکاردێتەوە. ئەوەش بەمانای دانی مافی مڵکدارێتی بە یەکێکی تر. فەیلەسوفی یونانی هۆگۆگرۆتیوس یەکەم کەس بوو ئەو ووشەیەی بەکارهێناوە، ئەویش لە کتێبەکەیدا بەناوی” جەنگ و ئاشتی”، کە باسی دەسەڵاتی سەروەری دەکات بەسەر مڵکدارێتیەوە یان خاوەندارێتیەوە، بەوەی مافی خاوەندارێتی بگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی تر. یان دەستهەڵگرتن لە مافی خاوەندارێتی. بەڵام لەفەلسەفەی مۆدێرندا هەمان ووشە بەشێوەیەکی تر بەکار هاتوە. بەتایبەتیش تۆماس هۆبس، جۆن لۆک ، ڕۆسۆ بە شێوەیەکی تر پێناسەیان بۆ نامۆیی کردوە، کەتاڕادەیەک پێناسەکەیان لەیەکتری نزیکە.
تۆماس هۆبس لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا ” Leviathan ” دەنووسێت: سەندنەوەی مافێک لە مرۆڤ لە هەر شتێکدا واتە دابڕان لە ئازادیەکەی کە ڕێگرە لەوەی کەسی تر لە مافەکەی بەهرەمەند بێت لە هەمان شتدا…. ماف لێدەسنرێتەوە یان بە وازهێنان لەو مافە یان بە گواستنەوەی بۆ یەکێکی تر. نامۆبوون لەلای هۆبس دووربینی سیاسی هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتدا بکات، لەسەر ئەم بنەمایەش ئەو بڕوایەی هەبووە بەوەی کەتاک زیاتری دەستدەکەوێت لەوەی لەدەستی دەدات لەکاتی دەستهەڵگرتنی لە مافەکانی و گواستنەوەیدا، هەروەها بڕوای وابووە بەوەی ژیانی هاوبەش باشترە و بەراورد ناکرێت بە ژیان لە کاتی سروشتیدا. هۆبس وای بودەچێت کە تاک هەست بەوە دەکات و هەڵدەسێت بە خۆبەخشی پێویستی، لە هەموو کارێکی خۆبەخشانەدا کە مرۆڤ پێی هەڵدەسێت دەبێتە خێر بۆ خۆشی. ئەم بۆچوونەش لەهەمان بیروبۆچوونی سیاسی جۆن لۆکدا ئامادەگی هەیە کاتێک دەڵێت: “مرۆڤ لە حاڵەتی سروشتیدا بەهرەمەندە لە ئازادی و خاوەندارێتی، کە لێی جودا نابێتەوە، جودابوونەوە لێی تەنیا لە دەرکەوتنی دەوڵەتدا دەبێت، بەمانای سەرهەڵدانی حاڵەتی مەدەنی یان شارستانی، کە لەوساتەشدا تاکە ئازادەکان واز لە مافی سروشتی خۆیان دێنن لە خاوەندارێتیدا و دەیدەن بە هەموو کۆمەڵگا”.
جۆن لۆک نامۆبوون بە پێویستی دادەنێت بۆ کۆمەڵگای سیاسی تا ژیانی سروشت تێپەڕێنێت کە توندوتیژ و بەربەریەتە، وە هەستێت بە دانانی دەوڵەتێکی مەدەنی، کە تێیدا تاکەکان واز لە مافی خۆیان دێنن لە بەرژەوەندی کەسێک کە بەهرمەندە لە ڕۆحی سەرکردایەتی و دەسەڵاتدا.
فەیلەسوفی فەڕەنسی ئندری لالەند لە سەدەی حەڤدەیەمدا بەمانایەکی تر پێناسەی نامۆیی دەکات ئەویش بەمانای وازهێنان لە مافی خۆت بۆ کەسێکی تر. لەلای ژان ژاک ڕوسۆ مەسەلەی نامۆبوون لە دوو لایەندایە، ئەویش لایەنی باشی و خراپی نامۆبوونە. لە کتێبەکەیدا”The social contract”، ڕۆسۆ باسی لایەنە باشەکان دەکات، لە نووسراوەکانی تریدا لەسەر ڕەخنە لە کۆمەڵگا باسی لایەنە خرپەکان دەکات. ڕۆسۆ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دەستهەڵگرتنی مرۆڤاکان و وازهێنانیان لە ئازادی لە پێناو کۆمەڵدا نامۆبونێکی پۆزەتیڤانەیە، لەهەمان کاتدا دەسەڵاتدارێتی مادی شارستانی ڕۆژئاوایی مەترسیە بۆ سەر مرۆڤ کە ئەمەش لایەنە نەرێنیەکانیەتی.
بەگشتی لەلای فیلەسوفانی سەردەم، زیاتر نامۆبوون لە وازهێنانی دەسەڵاتی تاکەکانەوە بۆ دەسەڵاتی گشتی سەرچاوە دەگرێت یان پێناسە دەکرێت، دەسەڵاتی گشتیش بەمانای “دەولەتی مەدەنی”یە.
فیورباخ ونامۆیی وڕەخنەی لەفەلسەفەکەی هیگل
فیورباخ هێرشێکی توندی کردە سەر فەلسەفەی هیگل و لاهوتی، ڕەخنەکەشی دەگەڕانەوە بۆ ئەوەی لە باسەکانیاندا مرۆڤ تێدا پشتگوێ خراوە و زیاتر گرنگی داوە بە خودا و رۆحی ڕەها. فیورباخ لە کتێبەکەیدا “جەوهەری مەسیحیەت” دەنووسێت: ” جەوهەری مەسیحیەت دەبێت دوو جار بخوێنیتەوە، یەکەم وەکو ڕەخنە لە ئاین، دووەم وەکو ڕەخنە لە فەلسەفەی هیگل، بە دیاریکراویش مەسەلەی – فینومینولوژیای ڕۆح”.
هیگل کاتێک دەسەڵاتی تەواوی بەسەر فەلسەفەی ئایدیالستیدا گرتبوو، فیورباخ بەرنگاری دەبێتەوە و بیروباوەڕەکانی بەتەواوی هەڵدەوەشێنێت. فیورباخ لە کتێبی ” فەلسەفەی داهاتوو”، دەنووسێت:” فلسەفەی هیگل تەواوکەری فەلسەفەی سەردەمە، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر فەلسەفەی نوێ خۆی پێش هەموو شتێک خۆی تەرخان بکات بۆ ڕەخنە لە فەلسەفەی هیگل”. هەروەها لە شوێنێکی تردا دەنووسێت:” لاهوت وازلێناهێنرێت، ئەگەر واز لە فەلسەفەی هیگل نەهێنیت، دەستگرتن بەفەلسەفەی هیگلەوە، مانای دەستگرتنە بە لاهوتەوە”. ئەوەشی دووپاتدەکردەوە کە فەلسەفەی هیگل هیچ نییە جگەلە بەئەقڵانیکردنی لاهوت نەبێت و گۆڕینی بو فیکری فەلسەفی. ئەمەش بە مانای ئەوەی فیورباخ جەختی لەوە دەکردەوە کە جیاوازی فەلسەفەی هیگل و لاهوت نییە لە ناوەڕۆکدا، دەبێت وەکو ڕەخنە لە ئاین لێبڕوانیت.
مارکس دەڵێت: “فیورباخ تەنیا کەس بوو کە بە توندی لە بەرانبەر دیالێکتیکی هیگل وەستایەوە، تەنیا کەس بوو کە توانی ڕاستیەکان بدۆزێتەوە لەو بوارەدا، تەنیا کەس بوو کە توانی سەرکەوێت بەسەر فەلسەفەی کۆندا. دەستکەوتی گەورە و ساکاری ڕوونی فەلسەفەی فیورباخ کە خستیە بەردەم جیهان، بووە هۆی جوانیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ بۆچوونە جیاوازەکانی تردا”. هەروەها مارکس دەنووسێت:” کە فەلسەفەی هیگل جگەلە ئاین و لاهوتی بەعەقڵانیکراو هیچی تر نییە، لەبەرئەوە دەبێت بدرێتە بەر ڕەخنە، چونکە بنەمای نامۆبوونی هۆشە”.
دەتوانین ئەوە بڵێن کە فەلسەفەی فیورباخ بەشوێن دانانی بەردی بناغەی ڕوانگەیەکی ماتریالیزمی ڕاستەقینەوە و زانستی وئەرێنیانەوە بوو، کەلە ڕێگایەوە وابکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ببێتە بیروباوەڕی سەرەکی بیروبۆچوونەکانی. هەر ئەم شێوە ڕەخنەگرانە مرۆڤایەتیە جیاوازەی فیورباخ بوو کەوای لە مارکس کرد لە چەندها شوێندا لە کتێبەکانیدا باسی بکات و بەو کەسەی دابنێت کە نهێنیەکانی دەسەلاتی هەڵماڵیوە.
لەڕاستیدا ئەوە فیورباخ بوو کە شەڕی خواکانی لەگەڵ فەیلەسوفەکاندا کۆتایی پێهێنا، ئەوە ئەو بوو کە گرنگی زۆر زیاتری بە جێگای مرۆڤدا، لەوەی کە تەنیا مرۆڤ بێت، بوونەوەرێک بێت.
ئەگەر سەیری دەستنوسە ئابوری و فەلسەفیەکانی مارکس بکەین کە لەساڵی ١٨٤٤ دا نووسویەتی، ئەوە دەبینین کەچۆن مارکسی لاو کەوتۆتە ژێر کاریگەری بیروبۆچوونەکانی فیورباخەوە، چۆن بە چاوێکی شایستەوە لێی دەڕوانێت وچەمکی فیورباخی بەکاردەهێنێت وەکو چەمکەکانی”مرۆڤ خۆیەتی”، “بوونەوەرێکی جۆری”، سروشتی و مرۆڤایەتی… هتد، کەدواتر مارکس هەندێک خاڵ و بۆچونی نوێی بۆ سەر ئەم چەمکانە زیاد کرد وخستیە چوارچیوەیەکی ماتریالیزمی مێژوویەوە.
مارکس ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەخنەی سروشتی ئەرێنی مرۆڤی لە فیورباخەوە دەستی پێکرد. ئەو پشکی فیورباخ لە بانگەوازەکانیدا کە خۆی بنامەیک بوو بۆ دانانی بنەماکانی بیری سۆشیالیزم لە پێناو ڕۆحی فیکردا دەخاتە ڕوو، بەوەی کۆمەکی بە دانانی بنەمای سوشیالزم کردوە، بەوەی فیورباخ کۆمۆنیستەکانی هاندا کە بەخێرای شرۆڤەی کارەکانی بکەن، بەتایبەتی باسی یەکگرتنی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا. بە مانایەکی تر فیورباخ سەچاوەیەکی فیکری، کە کۆمۆنیستەکانی لێیەوە تێپەڕین وکەوتنە باسکردن لە پرۆسەی گۆڕینی کۆمەڵگا و دانانەوەی لەهیکەلەیەکی تردا.
لە دوای دەرچوونی کتێبەکەی فیورباخ بەناوی” جەوهەری مەسیحیەت”، هەست ونەستی هیگلیە چەپەکانی بەخودی مارکسیشەوە گۆڕی ولەم پەیوەندەدا، مارکس دەنووسێت: “ئامۆژگاریتان دەکەم لاهوتیەکان و فیلەسوفە پێشبینەرەکان واز لە چەمکەکان و فەلسەفەی کۆن و بیروبۆچونەکانی پێشوو بهێنن، ئەگەر بتانەوێت بگەن بە شتەکان وەکو ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە، واتە بە ڕاستی، ڕێگایەکی ترتان لەبەردەمدا نییە بۆ ڕاستی و ئازادی جگە لە ڕووباری ئاگر نەبێت”.
دەتوانین بڵێن کە خاڵی هاوبەشی فیورباخ و مارکس ئازادی بوو، بەلام ئازادی مرۆڤ لەلای فیورباخ بەتەنیا لەڕزگاربوونی مرۆڤ لەئاین وفکری لاهوتیەوە بەدەستدێت. لێرەشەوە نامۆبوونی مرۆڤ کۆتایی دێت، بەڵام ئازادی مرۆڤ لەلای مارکس جگەلە ڕزگاربوون بوو لە ئاین، رزگاربوونێکە لە سیستەمی کاری کرێگرتە و چەوسانەوەی چینایەتی وهەرلێرەشەوە دەتوانرێت وەلام بە نامۆبوونی مرۆڤ بدرێتەوە.
لە پاشاندا مارکس هەستی بە کەموکوڕیەکانی فەلسەفەی فیورباخ کرد و لەپڕۆسەی پەرەپێدان وکامڵ کردنی بۆچونەکانی فیورباخیشی تێپەراند. ئەو سەرەتا بەوەرگرتنی “چەمکی مرۆڤ” و بەتایبەتی لایەنی مرۆڤایەتیەکەی لەفەلەسەفەی فیورباخدا و دواتریش بەرەخنەگرتن لێی. لەکۆتایەکەشیدا بنەمای تێوەرو فیکرێکی نوێی بۆ “چەمکی مرۆڤ ونامۆبوون” دامەزراند.
ڕەخنەی مارکس لە فیورباخ لەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە ئەو گرنگی گەورە بە سروشت دەدات، کەمتر بە سیاسەت. ئەو بە قوڵیش ڕەخنەی خۆی هەبوو لە سەر لایەنی مرۆڤایەتیەکەی فیورباخیش، بەوەی ئەو مرۆڤەکان دادەبڕێت لە چالاکی و جوڵەی کومەڵایەتیان. مارکس لە باسێکیدا لەسەر فیورباخ دەنووسێت:” مرۆڤ لای فیورباخ لەدەرەوەی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و مێژوویەکاندایە، دابراوە لە جیهانێک کە سنووری نییە، هیچ نییە جگەلە بەرهەمی دابڕاوێکی خاو”. مارکس ڕەخنەی لەو دەگرت بەوەی ڕۆڵی کومەڵایەتی مرۆڤەکان لەلای ئەو بایەخی نییە، و ئەمەشی لەپاشماوە وکاریگەری فەلسەفەی ئایدیالستی هیگلەوە بۆ ماوەتەوە، کە بنەماکەی لە دابڕانەوە یان لە ئەپسترکتەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە کۆتایەکەشیدا مارکس کە سەرقاڵی بنیاتنانی بیرە نۆێیەکەی بوو، فیورباخ تێدەپەڕێنێت. تا لە کۆتایدا ئەوە ڕادەگەیێنێت کە قەناعەتی بە تیوری مرۆڤی فیورباخ نییە، بەوەی فیورباخ ماهیەتی ئاینی لەناو ماهیەتی مرۆڤایەتیدا دەتوێنێتەوە، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ماهیەتی مرۆڤ ئەپستراکتێکی بەستراوە بە تاکەوە نیە، بەڵکو لە ڕاستیدا کۆمەڵێک لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە. ئەوەی جێگای سەرنجە لەگەڵ ئەوەشدا کە مارکس ڕەخنەی لە مروڤایەتی دابڕاوی فیورباخ هەبوو بەوەی کەجێگایەکی بۆ چالاکی و کاری مرۆڤەکان نەدەهێشتەوە، بەڵام مارکس بۆچوونەکانی فیورباخی لە پەیوەند بە ڕەخنەگرتن لە ئاین بە دروست دەزانیت.
نامۆبوونی ئاینی لەلای فیورباخ
کێشەی نامۆبوون یەکێک بوو لە کێشەکانی فەلسەفەی نوێ، کە فەیلەسووفەکانی سەردەم گرنگیان پێدەدا، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکار و کاریگەرو بەرئەنجامەکانی دەکردەوە. لێرەدا دەمانەویت بزانین هۆکاری ئەو کێشەیە لەلای فیورباخ چی بوو؟
فیورباخ هۆکاری نامۆبوونی مرۆڤی دەگەڕانەوە بۆ ئاین، لەبەرئەوە جەختی لەوە دەکردەوە، کەلابردن و تێکدانی ئاین دەسکەوتێکی گەورەی مرۆڤایەتیە، لە کتێبەکەیدا ” جەوهەری مەسیحیەت” ئاماژە بەوە دەکات کە ئاین و ئاینی مەسیحی، پەیوەندی مرۆڤە لەگەڵ خۆیدا، یان پەیوەندیەکە لەگەڵ بوونیدا وەکو بوونەوەرێک، بەڵام ئەو پەیوەندیە وای لێدەکات کە ببێت بە بوونەوەرێکی جیاواز.
مەبەستی فیورباخ لەو بوونەوەرە بوونەوەری ئیلاهییە، بوونەوەری ئیلاهیش شتێک نیە جگە لە بوونەوەری بەشەری نەبێت، ڕاسترە بڵێت مرۆڤ، کە خۆی ڕزگار دەکات لە سنووری مرۆڤی تاک، یان مرۆڤی ڕاستەقینە و دانراو، یان هیوادار و پەرستراو بەوەی بوونەوەرێکی تایبەتی و جیاکراوە لەگەڵ خویدا، هەموو هێزە بزوێنەرەکانی بوونەوری ئیلاهی هەمان هێزە بزووێنەرەکانی بوونەوەری بەشەریە. هەمان سیفەتەکانی ببونەوەری ئیلاهی هەمان سیفەتی بوونەوەری بەشەریە.
ئاین لەلای فیورباخ بەرهەمی خودی مرۆڤە، ئەوە ترسە وای لێکردوە کە پەنا دەبات بە دروستکردنی دروستکەرێکی خەیاڵی سەرو سروشتی لە بەرانبەر و بەرنگاری مەترسیە سروشتیەکانی دەوروبەریدا، هەر ئەو دروستکەرەشە سیفاتی تەواوی دەداتێ، لێرەشەوەیە ئیلاهیەت دروست دەبێت هەرئەمەش ماهیەتی مرۆڤی نامۆیە. بە واتایەکی تر خودای مرۆڤ شتێک نییە جگە لە خودایەتی مرۆڤ نەبێت.
سەرچاوەی ئاین دەگەڕێتەوە بۆ بەکەم گرتنی مرۆڤەکان تواناییان و هەستکردن بەبێ دەسەڵاتیان، ئەمەش وایان لێدەکات بوچونی خودا دروستبەکەن و نزیک ببنەوە لێی تا لە ئازارەکانیان ڕزگاریان ببێت. هەربۆیە فیورباخ بۆچوونی وایە کە نامۆبوونی ئاینی بەرزترین پلە و بەربلاوترین نامۆبوونە، سەرچاوەی تری لقەکانی نامۆبوونە.
نامۆوبوونی ئاینی بنەمای نامووبوونی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، فیزیکی و ڕەوانیە، ئەمەش هەڵگەڕانەوەیەکە، کەلە بنەڕەتدا لە سپاردنی مروڤ بە خوداوە ڕوودەدات، بەدەر لەسیستەمە کۆمەڵایەتیەکان و کار وژیانی کومەڵایەتی ئینسانەکان.
لەلای هیگیلیش سروشتی مرۆڤ- مرۆڤ بەرانبەرە بە ئاگاهی خۆیی. بەمانای ئەوەی هەموو نامۆبوونی سروشتی مرۆڤ بەتەنیا نامۆبوونی ئاگایی خۆییە و هیچیتر. نامۆبوونی ئاگاهی دەڕبڕینێکی پێچەوانەیە لەسەر جیهانی هزرو مەعریفەیە لەڕاستیدا. بەڵام ئەم بۆچوونەی هیگل ناتوانرێت ئاماژەی پێبکەیت وەکو نامۆبوونی ڕاستەقینەی بوونەوەری مرۆڤایەتی.
بەدوای ئەم کورتەباسەدا دەچینە لای مارکس خۆی تابزانین چۆن لەنامۆبوونی مرۆڤ دەڕوانێت.
نامۆبوون لەلای مارکس
جەوهەری بیری مارکس و بیرۆکەی مرۆڤە وگرنگی دانە بە مرۆڤ وەکو بوونەوەرێک کە ژیانی خۆی دروستکردوە و بەشوێن بەدیهێنانی ووزە و تواناکانی خۆیەوەیە، کە ناوەڕۆکەکەی لەبنەڕەتدا ئەو بزووتنەوە ناڕازایەتیەیە کە سەرچاوەی بڕوابوونە بە مرۆڤ و توانایەکەی خۆی بۆ ڕزگاربوون لەکۆت و بەند، ئەمەش وەکو هیوایەکی نوێ دەمێنێتەوە، کە بەتەنیایی یارمەتیدەری مرۆڤەکانە بۆ بەزاندنی چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداری کە فیکری ژیانی مرۆڤەکانی بەرتەسکردۆتەوە. بیرۆکانی مارکس نوێنەرایەتی ناڕەزایەتیەکە دژ بەنامۆی مرۆڤ و وونبوون لەخۆی و گۆڕانی بۆ شتێکی تر. ناڕەزایەتیەک کە سەرچاوەی گرتووە لە باوەڕبوون بە مرۆڤ و توانایی بۆ ڕزگاربوونی خۆی و بەدیهێنانی ووزەکانی.
نامۆبوون لەلای مارکس لە جیاوازیکردن لەنێوان بوون و جەوهەردا خۆی دەبینێتەوە، بەوەی بوونی مرۆڤەکان نامۆن لەگەڵ جەوهەری خۆیدا، ئەمەش لە کارو دابەشکردنی کاردا خۆی دەبینێتەوە.
مارکس باسی نامۆبوون و کێشەکانی و هۆکارەکانی دەکات بەڵام لە دیدەگای جیاواز لەوانەی پێش خۆی و سەردەمی خۆی. باسەکەش جێگایەکی تایبەتی هەیە لەناو تەواو بیروبۆچوونەکانیدا.
لێکۆڵینەوەی مارکس لەسەر مەسەلەی نامۆبوون پەیوەندیەکی نەپچڕاوی هەیە بە سەردەمی خۆی و بەریەککەوتن و گۆڕانکاریەکانەوە کە هاوشان بوو لەگەڵ هاتنی شوڕشی پیشەسازی و سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا. کەوایە بابزانین نامۆبوون لەلای مارکس چییە؟ سەرچاوەکەی چییە؟ نەهامەتیەکانی چین؟ ئەگەرەکانی ڕزگاربوون مرۆڤ چیە لەو نەهامەتیە؟
ئەگەر بەگشتی لە باسەکانی مارکس بڕوانین، دەبینین مرۆڤ خاڵیکی جەوهەریە وپاڵنەری سەرەکییە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا. مارکس جەخت لە مرۆڤ دەکاتەوە بەوەی داهێنەرو بکەری مێژووە. کاتێکیش واقعیەتی ئابووری کۆمەڵگای سەرمایەداری شیدەکاتەوە، دەستدەخاتە سەر ناکۆکیەکانی کە ئەو سیستەمە و بەربەریەتی چینی سەرمایەدار و خاوەنداریەتی تایبەتی چینی سەرمایەدار و باڵادەستی بەسەر ڕێچکەکانی ئابووریدا و دوورخستنەوەی زۆرینەی کۆمەڵگا، ئەوانەی بەرهەمهێنەرن، واتە چینی کرێکار لە تەواوی پرۆسەکەدا. بەم پێیە مارکس مرۆڤ بەبونەوەرێکی کۆمەلایەتی دەبینیت ودەڵێت کەلەدەرەوەی کۆمەلگا هیچ مرۆڤێک بوونی نیە، تەنانەت ئەوە مرۆڤە کە لەڕێگای کۆمەڵایەتی بونەکەیەوە پەیوەندی بەسروشتەوە دەگرێت وگۆرانکاری تێدا دەکات. بەم جۆرەش مارکس پێی وایە کەلەگەڵ ئەوەدا کە مرۆڤ خۆی بەشێکە لەسروشت بەڵام بەبێ بوونی مرۆڤ سروشت مانایەکی نابێت.
لەلایەکی ترەوە مرۆڤ خۆی هەڵگری کۆمەلێک بەهایە کەوادەکات توانای داهێنانی بێسنوربێت، بەڵام مادام بونەوەرێکی کۆمەلایەتیە، ئەو بەهاو سنورە داهێنارەنەیەی کەهەیەتی لەچوارچیوەی سیستمە کۆمەلایەتیەکاندا سنوردار دەکرێت، واتە کاتێک کەمرۆڤ لەپرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی ژیانی خۆدا دەکەوێتە چوارچێوەیەکی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتیەوە وپەیوەندیەکی دیاری کراو لەگەڵ ئەوانیتر وهۆیەکانی بەرهەمهێناندا، بەناچاری لەو ئاستەدا کە هۆیەکانی بەرهەمهێنان گەشەیانکردوە، تواناکانی دەخاتەگەڕ وسنورێکی بۆ دیاری دەکرێت. لەم پەیوەندەدا، کار ئینسان دروست دەکا وئینسانیش دەبێتە بونەوەریكی چالاک. لەپڕۆسەی کاریشدا مرۆڤ هەموو تواناکانی خۆی وئەو بەهایانەی کەپەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان لەچوارچیوەی سیستەمی کۆمەلایەتیدا پێدەدرێت، لەئاگاییەوە تا توانای داهێنانەرانە وخودی هەست و جەستەیەوە، ئاوێتە دەکات تا بتوانێ دوبارە ژیان بەرهەم بهێنێتەوە. بەم جۆرەش تێوەری نامۆوبون لەلای مارکس لە “کار”و پرۆسەی کارەوە دەستپێدەکات، و لێرەشەوە باس لە شێوەی دابەشبوونی کاردەکات. دیارە کار وەکو چالاکیەکی هونەری و دەستی، کە چالاکیەکی بەردەوامی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشتە، کە بەهۆیەوە جیهانی نوێ بە مرۆڤ خۆشیەوە دروستکردوە. مارکس شێوازی کاری لەسیستەمی سەرمایەداریدا بە”کاری بەکرێ” ناوزەد کردوە وکرێکاریشی ناوناوە”کۆیلەی بەکرێ”. ئەمە بەمانای ئەوەی کەکرێکاران لەسیتەمی سەرمایەداریدا لەکۆیەلە کۆیلەترە. چونکە کۆیلە لەوڕووە کۆیلەیە کەئازاد نیە لەهەڵبژاردنی کارەکەیدا، وبەئاشکرا وابەستەیە بەخاوەنەکەیەوە، بەڵام کرێکار بەڕواڵەت ئازادە لەوەی کە هێزی کاری خۆی بەکام سەرمایەدارە بفرۆشێت، ولەم ڕوەوە وا دەردەکەوێت کەلەهەڵبژاردنی کاردا ئازاد بێت، بەڵام لەچاو کۆیلەدا کۆیلەترە، چونکە خاوەن کۆیلە ناچارە ژیانی کۆیلیەکەی دابین بکاو لەئەستۆ بگرێ تا لەبازاڕدا پارە بکات. بەپێچەوانەوە کرێکار وەک کۆیلە کار بۆ سەرمایدارێک دەکات بەبێ ئەوەی کەخۆی بەبەرپرس بزانێت لەدابین کردنی ژیانی کرێکارەکەدا. چونکە خاوەن کۆیلە هەموو کۆیلەکەی کڕێوە بەجەستەو توانای کاریەوە، بەلام سەرمایدار تەنها هێزی کاری کرێکارەکەی بەلاوە مەبەستەو هەرئەوەش دەکڕێت..
مارکس لە “دەستنوسە ئابووری و فەلسەفیەکان” دا کەلە ساڵی ١٨٤٤دا نوسیویەتی، گرنگی بە مەسەلەی نامۆبوون دەدات، کە لەوێدا سروشتی کارو هەلومەرجەکەی لەژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا شیدەکاتەوە، کە بەڕوونی ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو سیستەمە لەگشتیەتی خۆیدا، سیستەمێکی نامووبوونی مرۆڤەکانە. لێرەشەوە مارکس دەگاتە سەر چەند ئەنجامگیریەک وجۆرەکانی نامۆبوون دەستنیشان دەکات کە لێرەدا دەچینە سەری:
١.نامۆبوونی کرێکار لە بەرهەمی کارەکەی
کار لە ئاستی یەکەمدا چالاکی ژیان و ژیانی بەرهەمهێنانە لەخودی خۆێدا، دیارە بۆ مرۆڤ تەنیا ئامرازێکی تێرکردنی پێداویستیەکانێتی- پێداویستیەک بۆ پاراستن لەبوون ومانەوەی فیزیکیدا، بەڵام ژیانی بەرهەمهێنان جیاوازە، ژیانی بەرهەمهێنان ژیانی “جۆرێکی مرۆڤە”. کار ژیانێک دروست دەکات، و شێوەی هەرجۆرێک دەوردراوە بە چالاکی ژیانەکەی، چالاکیەکەش چالاکیەکی بەئاگاهییە و مۆرکی مرۆڤی بەسەرەوەیە، دەبێت ئەوە بڵێن کە ژیان بەتەنیا دەرناکەوێت تاکو ئامڕازەکەشی نەبێت، دەرکەوتنی ژیانی مرۆڤ لەهەمانکاتدا بەمانای دەرکەوتنی ئامڕازەکەیەتی.
لێرەدا بابەتی کار جێگای ژیانی مرۆڤە وەکو “جۆرێک”، لەبەرئەوەی تەنیا لایەنی فیکری لەسەرخۆی تێدا زیاد ناکات، وەکو ئەوەی لە ئاگاهیدا هەیە، بەڵکو کرداریشە، لەبەرئەوەی لەپێشەوە هەبوە وهەیە، بۆ ئەو جیهانەی کە دروستیکردوە.
کاری نامۆ مرۆڤ دوردەخاتەوە لە بابەتی بەرهەمهێنانەکەی، بەشێوەیەک کە ژیانی لێوەردەگرێتەوە، بابەتی جۆری ڕاستەقینەی، ئەو سیفەتە جیاوازەی کەلەئاژەڵەکانی جودا دەکاتەوە دەگۆڕێ بۆ دژەکەی، لەشی نائۆرگانیکی لێ دەسەنێتەوە. بەمەش ئاگاهی مرۆڤ بەهۆی نامۆبوونەوە دەگۆڕێت بەشێوەیەک، کەژیان بەجۆرێک ببێت بە ئامڕاز بەلایەنی ئەوەوە.
ئەوە ڕاستە کە دەڵێن کرێکار سەرمایە بەرهەمدەهێنێت، سەرمایەش کرێکار بەرهەمدەهێنێت، لێرەدا بەمانای بەرهەمهێنەری خۆی و مرۆڤ وەکو کرێکار، وەکو کاڵایەک، کەبەرهەمی خولێکی سوڕاوەیە بە گشتی.
بەلایەنی کرێکارەوە، کرێکار هیچ خەسڵەتێکی مرۆڤایەتی تێدا نییە، تەنیا کاتێک نەبێت کە سەرمایە بوونی هەبێت، سەرمایە و مرۆڤ لەیەکتری نامۆن، هەمیشە دەکەونە پەیوەندیەکی فەرامۆشکراوەوە، بەم پێیەش پەیوەندی نیوان کارو سەرمایە ناکۆک ودژبەیەکە. بەڕادەیەک ئەگەر سەرمایە مەترسی لەسەربێت، کرێکار بوونی کەمدەبێتەوە یان نابێت، بەوەش کرێ نابێت، واتە بوون نەک وەک بونەوەرێکی مرۆڤایەتی بەتەنیا، بەڵکو وەکو کرێکاریش، یان دەبێت خۆی بخاتە گۆڕەوە یان لە برسا بمرێت. بەمەش سەرمایە دەبێتە مانای بوونی خۆی و ژیانی، هەر ئەویش چوارچیوەی ژیانی دیاری دەکات کە مانایەکی نییە بۆ ئەو.
بەرهەمهێنان مرۆڤ بەتەنیا وەکو کاڵا بەرهەم ناهێنیت، یان مرۆڤ لە ڕۆڵی کاڵادا، بەڵکو بەرهەمی دەهێنێت تاکو بگونجی یان ڕێک بکەوێت لەگەڵ ئەو ڕۆڵەدا وەکو بوونەوەرێکی فەرامۆشکراو لە ڕوح و لە لەشە مرۆڤایەتیەکەی.
کرێکاران بە لایەنی سەرمایەدارانەوە بەشێکە لە پێویستیەکان نەک ئینسانێک، کرێکار تەنیا پێویستییە، لەمەیدانی کارەکەیدا بۆ سەرمایە، کەئەویش لە “کرێ کرێکار”دا، بەرجەستەو تەواودەبێت. تەنانەت کاتێک کەسەرمایەدار چاکسازیەک دەکات تا ئەو ڕادەیە پێویستە کە کرێکار لەناو نەچێت و فیزیکی بمێننەوە، بەم شێوەیەش کرێ کرێکار بەهەمان مانای چاکردنەوە و لەدواجاردا خزمەت بەسەرمایەدایە و ئامڕازەکانی تری بەرهەمهێنان دەکات، یان بەکاربەری سەرمایەی پێوێست بۆ نۆێبوونەوەی بەرهەمهێنان بەسوودەکەیەوە پەرەپێدەدات. هەروەکو ڕۆنی چەورکردنی ئەو بۆڵبرینانەی ئامێرەکان هەڵدەسوڕێنێت بۆ ئەوەی نەسووێت و باشتر بسوڕێتەوە، لێرەشدا کرێ دەبێتە بەشێک لەسەرفیاتی سەرمایە و سەرمایەداری پێویستیەتی، بەڵام پێویستە لەو سنووریەی پێویستیدا تێنەپەڕێت.
مارکس لەسەر دژگۆییparadox نێوان کرێکار و بەرهەمی کارەکەی -کاڵا دەڵێت : کرێکار هەژارتر دەبێت لەگەڵ زیادبووونی ئەو سامانەی بەرهەمی دەهێنێت، تاکو بەرهەمەکەشی بەپلە و بەهێز زیادبکات، کرێکار دەبێت بە کاڵایەکی هەرزان تاکو ژمارەی کاڵا بەرهەمهێنراو زیادبکات. لەگەڵ نرخی ڕووی لەگەشەی جیهانی کاڵاکان، هاوتایی پێچەوانە سەرهەڵدەدات ونرخی جیهانی ئینسانەکان دادەبەزێت. کار بەتەنیا کاڵا بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو کرێکارش وەکو کاڵا بەرهەم دەهێنێت.. ئەو ڕاستیەش ئەوە دەردەخات کە کار چی بەرهەم دەهێنێت- بەرهەمی کار- بەرەوڕووی شتێکی نامۆ دەبێتەوە، وەکو هێزی سەربەخۆ لە بەرهەمهێنەر، بەرهەمی کاریش دەبێتە کارێکی چەقبەستوو لە بابەتەکەدا… لێرەدا مارکس باری کرێکار و تێکچوونی نرخەکەی لەبەرانبەر بەرهەمەکەی کە کاڵایە لەو باسەدا کۆدەکاتەوە، ئەوەش بردنی مافەکانێتی، کەلەبەرانبەر بەرهەمهێنانی کاڵاکان وتوانایەکانیدا شتێکی کەمی هەرزان نەبێت هیچی تر وەرناگرێت، لەبەرانبەردا ئەوە چینی سەرمایەدارە کەبەتەنیا لە زەوتکردنی تەواوی مافەکانی کرێکاراندا لە پێناو کەڵەکەی سەرمایەدا ڕاناوەستێت، بەڵکو دەتوانین بڵێن کە تاکو هێڵی هەڵکشانی چینی سەرمایەدار بەروسەرەوە بڕوات، شانبەشانی ئەو هێڵە بۆ چینی کرێکار بەروخوارەوە دەڕوات.
مارکس باسی نامۆبوونەکەشی هەرلەوێشەوە دەردەکشێنێت، بەوەی نامۆبوونی کرێکار لە ئەنجامی پەیوەندی کرێکارەوە بە بەرهەمی کارەکەیەوە، هەروەها لە پەیوەندی کرێکار بە چالاکی تایبەتی خۆیەوە. کاتێک کرێکار کاڵا بەرهەمدەهێنێت پێویستی بە سەرمایەیە، بەمانای سەرمایەیەکی گەورە لەپێناو زیادبوونی بەرهەمی کاڵا، لەبەرئەوەی ئەو سەرمایەشی نییە، لەلایەن سەرمایەداروە بەکاردەهێنرێت، لەبەرانبەر کارەکەشیدا بۆ ئەو بەرهەمهێنانە کرێیەکى کەم وەردەگرێت. تاکو بەرهەمی ئەو کرێکارەش زیادبێت، سودو هێزی سەرمایەکەش زیاد دەکات. بەمەش قوربانی یەکەمی ئەو هێزە بەرهەمهێنەرە هەر خۆشی دەبێت. هەر لێرەشەوەیە مارکس ئەو جودابوونەوەیە نێوان کرێکارو ئەنجامی بەرهەمهێنانی دەردەکێشێت و دەڵێت”: ” لەڕاستیەکەیدا ڕووخساری دەرەکی کار بۆ کرێکار هی خۆی نییە سەربەو نییە، بەڵکو هی دیکەیە، لەو نێوەشدا کرێکار سەر بە خودی خۆی نییە، بەڵکو هی دیکەی ترە”.
ئێمە ئەو ووتەیەی مارکس بەوە تێدەگەین کە کرێکار لەبەرامبەر بەرهەمی کارەکەیدا نامۆ دەبێت. ئەمەش داوی ئەنجامدانی کارێکی سەخت بەبێ ئەوەی بەرهەمی کارەکەی سوودی بۆی هەبێت، بەڵکو سوود و زیادەی نرخی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی هۆیەکانی بەرهمهێنانەکە. هەرلەبەر ئەو هۆکارەشە کە کرێکار ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەبەرانبەر سروشتی کارەکەی.
سەبارەت بە یاساکانی ئابووری سیاسی لەسەر نامۆبوونی کرێکار، مارکس دەنووسیت: “تا بەرهەمهێنانی کرێکار زیادبکات، کەمتر دەتوانێ بەرهەمی کارەکەی بەکار بهێنیت. تا نرخی ئەوەی بەرهەمیشی دێنی زیاد بکات، ئەو بێ بایەخ و ناگرنگتر دەبێت، تا شێوەی بەرهەمەکەشی باشتر بێت کرێکار شێواوتر دەبێت، تا شارستانیەت بەرەوپێشەوە بڕوات، کرێکار زیاتر بەبەربەری دەبێت، تا توانای کار زیادبکات ئەو بێ تواناتر دەبێت، تا داهێنانی کار زیاد بکات ئەو گەوجتر دەبێت و کۆیلایەتی بۆ سروشت زیاتر دەبێت”.
خاڵی بەلوتکە گەشتنی نامۆبوون کە تووشی چینی کرێکار دەبێت، لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدایە، لەوەدایە کە کرێکار بەشداری بەڕێوەبردنی کار ناکات، خۆی بەکاردەهێنرێت وەکو پاشکۆی ئامێرەکان و لەونێوەشدا خۆی دەگۆڕێت بۆ شتێکی نەخوازراو لە خۆی. لەڕێگای وابەستەبوونی بەسەرمایەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە تاکی خۆپەرست، لەوێشەوە جەوهەری مرۆڤی بونی ومرۆڤایەتیەکەی دەبێت بە ئامرازێک بۆ بوونی تاکێکی خۆپەرست.
یەکێک لە سەخترین شێوەی نامۆبوون کە تووشی مرۆڤ دەبێت کە ناتوانێت دەڕبڕین بکات لە کاتی کاردا، لێرەدا توانایی و ووزەی کرێکار دەدزرێت و بەتاڵ دەکرێتەوە لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی. بەمانای کرێکار نامۆ دەبێت لەو کاڵایەکەی کەبەرهەمی دەهێنێت. پەیوەندیەک دروست دروست دەبێت لە نێویدا نرخی کاڵاکان بەرزدەبێتەوە لەبەرانبەر نرخی مرۆڤەکاندا، پرۆسەی کار خەسڵەتی مرۆڤایەتی خۆی لەدەست دەدات، چونکە خەسڵەتی کار وەکو پێویستیەکی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت بۆ کۆیلایەتی تەواو، سەرئەنجام نامۆبوونی کرێکار لەگەڵ خۆیدا بەرهەم دەهێنێت، بەهوکاری ئەوەش پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت کە مرۆڤەکان پێناسەی تاکی خۆیان لەدەست دەدەن لەگەڵ کۆمەڵدا.
مارکس ئاماژە بە بەدبەختی و بێبەشبوونی مرۆڤ دەکات، پەیوەندی نێوان کرێکار و بەرهەمی کارەکەی پەیوەندیەکەی پێچەوانەیە، تاکو ئاستی کاڵا زیادبکات، هەلومەرج و باری کرێکاران پاشەکشێ دەکات.
کرێکار لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا لە ڕێگەی بەرهەمهێنبانیەوە ئامرازێکە بەدەست سەرمایەداران وچینی سەرمایەدارانەوە بۆ بەدەستهێنانی سوود و قازانج و کەڵەکەی سەرمایە، هەر ئەو بەرهەمهێنانەشی دەبێتە سەرچاوەی نەگبەتی وسەرگەردانی زیاتری لە ژیانیدا.
گۆڕانی مێژوو لە سیستەمی سەرمایەداریدا وڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ناکۆکی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنان و مەرجە بابەتیەکانی تر دروست دەبێت. ئەگەر کۆمەڵگا بەرەو داڕمان نەچێت ئەوا شێوەیەکی بەرهەمهێنان هەڵدەبژێرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ پێشکەوتنی هێزە بەرهەمهێنەرەکە، وە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی سروشتی پێشدەخات وناکۆکی نێوان مرۆڤ وسروشت ناهێڵێت، مرۆڤی پێش مێژووی مرۆڤایەتی دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤی مێژووی مرۆڤایەتی واقیعی.
ئەگەر ئەم قسانەمان بەشێوەیەکی سادە بیخەینەڕوو ئەوا نامۆبوونی کرێکار بەرامبەر بەبەرهەمەکەی لەوەدا بەرجەستە دەبێتەوە کەلەپڕۆسەی کاردا، کارێک کە ناکۆکە لەگەڵ سەرمایەدا، سەیردەکەین جیهانێک کاڵاو خزمەتگوزاری بەرهەمهێناوە بەلام کرێکاران نەهەژمونیان بەسەرەوەیە ونەدەتوانن بەپێی ویستی خۆیان سودمەندبن لێی، بۆنمونە ئەوە کرێکارە کەکۆشک و تەلارو خانوی بەرهەمهێناوە، بەلام خۆی کرێچیە یان لەکوخێکدا دەژی. کرێکار دەریایەک دەرمان وچارەسەری بەرهەم هێناوە کەچی خۆی نەخۆش ودەردارە ناتوانێ دەستی پێیان ڕابگات.. ئەمەش لەبەرئەوەی سەرمایەی لەدەستدانیە، بەڵکو لەئەنجامی کارەکەی پارەیەکی پێدراوە کە ناویان ناوە”کرێ”، بەمجۆرە کرێکار بەقەد بڕی کرێکەی دەتوانی سودمەندبێت لەو بەرهەمانەی کە بەرهەمی هێناوە ئەمەش بۆی دەبێتە سەرچاوەی نامۆیی ودابڕان لە بەرهەمی کارێک کەبەری ڕەنجی خۆیەتی.
٢. نامۆبوونی کرێکار لەگەڵ خۆیدا
چۆن کرێکار، لەپڕۆسەی کاردا لەگەڵ خۆیدا نامۆدەبێت؟
هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، کەبەرهەم لەکۆتا ڕێگای خۆیدا کورتەی چالاکییەکی بەرهەمهێنانە، ئەگەر هەموو بەرهەمی کارێک بریتی بێت لە تاڵانی، ئەوە بێگومان خودی بەرهەمهێنانەکە تاڵانکردنێکی چالاکە. بەڵام نامۆبوون لەلای مارکس تەنیا پەیوەندی بە کرێکار و بەرهەمی کارکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خودی کرێکارو و بوونەکەیەوە هەیە. مارکس ئەمە زیاتر ڕووندەکاتەوە ئەویش بەوەی کە کرێکار دەبێتە بونەوەرێک کەکاردەکات بەڵام لەئەنجامدا لە دەرەوەی کار ڕادەگیری وسەر بەبوونی بنەڕەتی خۆی نییە، بگرە ئەو خۆی لەکارەکەدا نابینیێتەوە وهەست بە دڵخۆشی ناکات، بەڵکو ڕق و کینەی لێدەبێتەوەو ووزەی لەشی وهەزری گەشەی تێدا ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەشی دەکوژێت و مێشکی خاپور دەکات. لێرەدایە کە کرێکار هەست بەوە دەکات کەلەدەرەوەی کارەکەیدایە. لێرەدا هەست بەوە دەکات کە کارەکەی خۆی هەڵینەبژاردوە، بەڵکو کارێکی زۆرەملێیە، شتێک نییە بۆ دابینکردنی پێویستیەکان، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ تێرکردن یان دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی کە دەرەوەیدایە. بەواتایەکی تر هەرکارێک کەمرۆڤ دەیکات ئامانجێکی هەیە، واتە هەموو بەها ئینسانیەکانی، لەوانەش هەستوهۆش وتوانایی و جواناسی ولەزەت کەسایەتی خۆی دەباتە کارەکەیەوە وئەمەشی بۆ بەجێگەیاندنی خودی خۆی دەخاتەگەر، تا لەئاکامی کارەکەیدا ئەوە بەدەست بهێنێت کەئەنجامێکی هەبووە، بۆنمونە کاتێک خانوو دروست دەکات، پۆشاکێک بەرهەمدەهێنێت، تەنانەت کاتێک ڕاوی ماسی دەکات کارەکەی بۆی دبێتە سەرگەرمی ودوبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆی. بەلام کرێکار لەسیستەمی کاری بەکرێدا، ئامانجی لەکارەکەی نیە وئەو بۆ ئامانجی بەدەستهێنانی خانوو، پۆشاک وماسی وەک لەنمونەکانی پێشوو باسمان کرد کارناکات، بەڵکو هەموو ئامانج ومەبەستی کرێکارەکە ئەوەیە کە کرێیەکی پێبدرێت، ولەم ڕێگایەوە بکەوێتە شوێن ویستی ژیانی خۆیەوە. بۆنمونە ئەگەر کرێکارێک ڕاوی ماسی بکات بۆ خۆی وەک لەزەتبردن وسەرگەرمەیەک سەیری دەکات، بەلام کاتێک کەهەر ئەو کارە بۆ سەرمایەدارێک بکا وبەکرێ ئەنجامی بدات، هەر جۆرە لەزەتو سەرگەرمیەک وهەستێکی خۆی کەهەیەتی لەدەستدەدا وبۆ بڕێک پارە کەوەک کرێ پێیدەدرێت چۆتە دەریاوە. ئەمەش نامۆبوونی تەواوە کەکرێکارەکە لەخۆی ولەکارەکەیدا توشی دەبیت.
لایەنیکی تری ئەم بابەتە ئەوەیە کە کاری بەکرێ، زۆرەملێ و ناچاریە بۆ کرێکار، ناچاری وزۆرەملێ لەو ڕوەوە کە ڕێگایەکە بۆ بەدەستهێنانی کرێ وبەس. ئەم ناچاریەی کرێکار لەکارەکەیدا بەوەدەگات کەژیانی کرێکار لەدوای تەواوبوونی کارەکەیەوە دەست پێبکات. ئەمە بەومانایەی کە کرێکار بۆ بەدەستهێنانی کرێ، ناچارە کە ٨ بۆ ١٠ سەعات کار بکات، کارێک کە بۆ کەسێکی ترە وپابەند کراوە ولەهەمو خواستێک داماڵینراوە ودوای تەواوبوونی ماوەی کارەکەی ئەوسا خۆی بۆخۆی دەژی وبڕیارو ئیرادەی بۆ دەگەڕێتەوە. ئەمەش ڕوویەکی تری ئەو نامۆبوونەیە کە کرێکار لەکارەکەیدا بەرامبەر بەخۆشی نامۆدەبێت. ئەگەر زیاتر لەسەر ئەمە بڕۆین ئەوا کاری دەرەکی یان هۆکاری دەرەکی، کارێکە کە خودی مرۆڤی کرێکاری تێیدا زەوتکراوە، کاردەبێت بە قوربانی دان بە خۆت. لەکۆتایدا ڕووکاری دەرەکی کار بۆ کرێکار لەڕاستیەکەیدا دەبێت بەشتێک کەسەربەو نییە، لەڕێڕەوەکەشیدا خۆشی بەسەربەخۆ نازانێت، چالاکییەکەشی سەربەکەسی تر دەبێت نەک بەخۆی، خۆشی خۆی تێدا وون دەبێت، ئەنجامی ئەمانەش کرێکار هەست بەهەڵسوکەوتی ئازادانەی خۆی ناکات تەنیا لە ئەرکە ئاژەڵێکانیدا نەبێت وەکو خواردن و خواردنەوەو جووتبوون لە ماڵەکەی خۆیدا. بەڵام لە ئەرکە کۆمەڵایەتیەکیدا هەست بەئاژەڵ بوونی خۆی دەکات، ئەوەی ئاژەڵییە دەبێت بە مرۆڤایەتی، وە ئەوەی مرۆڤایەتییە دەبێت بە ئاژەڵی. لێرەشەوە مارکس بەشیوازێکی تری نامۆبوون دەگات.
٣. نامۆبوونی کرێکار لەئینسانی بونی خۆی
مارکس ناڕەزایەتی خۆی لە دژی شێوەی کاری سەرمایەداری دەردەبڕێت بەوەی سەرچاوەی دروستبوونی نامۆبوونی کرێکارانە لەئینسانی بوونی خۆی. مەسەلەکەش هەرلەوەدا نییە کەکاتێک کرێکاران کار دەکەن هەمیشە هەست بەناخۆشی ونائارامی دەکەن بەهۆی جێبەجێکردنی فەرمانە سەختەکانی خاوەنکارەوە، بەڵکو کرێکار لەکاتێکدا هەموو ووزەی خۆی سەرفدەکات لەکاتی کارکردندا، مافی ئەوەی نییە مەیل وفیکری خۆی بەئەنجام بگەیەنێت، سەرەنجام کاری بەکرێ چالاکیەکی ئینسانی بۆ کرێکار ئەو سنوربەند و ناچارکراوە پەیڕەوی شێوەیەک لە کارکردن بکات کە لەگەڵ خواست و زەوق و جێگا دەستی ئەودا دژبەیەک بێت.
کار بۆ “جۆری ئینسان” کردەیەکی چالاکەو بەوە لەئاژەڵ جیا دەکردیتەوە کەخودی خۆی بەهەموو بەهاکانیەوە بەو کردەیە هەڵدەستیت، بەڵام بەشداری ئاژەڵ لەکاردا ئامڕازە وبەشێکە لە هۆیەکانی بەرهەم هێنان، نەسەلیقەو نەئاگایی ونەلەزەت ونەخیبرەی تیا بەهەژمار دێت. تەنانەت بەشداری ئاژەڵ لەکاردا وەک “ئامڕازیکی مردوو” کەپیویستە بۆ ڕاپەراندنی کارەکە ڕۆڵ دەگێرێ وبەشداری تێدادەکات. بەم مانایە ئەوە جۆری ئینسانیە کە کاردەکات. بەڵام لەپرۆسەی شێوەی کاری بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئینسان وەک “جۆرێکی جیاواز” تەنیا بەناونیشانی بەکارهێنەر مانای هەیە، چالاکی بەرهەمهێنانی مرۆڤی دەبێتە زۆرەملی لە پێناو مانەوەی ژیاندا. لەو پرۆسەیەدا کرێکار دەبێتە بوونەوەرێکی بێئاگا، ژیانی تاقی دەکرێتەوەو ئەوەش تەنیا ژیان لەپێناو پاروە نانێکدایە، کە وەک هێزێکی بەرهەمهێنەر سەیر ناکرێن. تەنانەت خاون هۆیەکانی بەرهەمهێنان “واتە سەرمایەدار” بەلایەوە گرنگ نییە کە کرێکاران لەکارەکەیان چی فێر دەبن، چۆن داهێنان دەکەن، گرنگی لای ئەوان بەتەنیا لە چوارچەوەی زیادەی بەرهەم و قازانجدا خۆی دەبینێتەوە.
مارکس ئاماژە بەوە دەگات کە لەئەنجامی سەختی هەلومەرجی کاردا مرۆڤ(کرێکار) هەست بەوە ناکات کە بە ئازادی هەڵسوکەوت بکات تەنیا لە ئەرکە ئاژەڵیەکانیدا نەبێت وەکو خواردن، خواردنەوە و سێکسدا لە ماڵەکەیدا، بەڵام لە ئەرکە مرۆڤایەتەکەیدا هەست بەوە دەکات کە ئاژەڵێکە، ئەوەی ئاژەڵیە بووە بە ئینسانی و ئەوەی ئینسانیە بووە بە ئاژەڵی. بەواتای دابڕینی مرۆڤ لە ئیرادەکەی لە چوارچێوەی شێوەی کاردا کردویەتی بە بوونەوەرێکی بیۆلۆژی کە پشکی نییە لە ئازادی، ئەو دەبێت بە کۆیلە و لەژێر ڕەحمەتی بەرپرسی کارەکەیدا. لەڕاستیدا ئەوەی مرۆڤەکان لە ئاژەڵەکان جودا دەکاتەوە ئاگاهی، زمان وبەرهەمهێنانی هۆیەکانی مانەوەیانە، بەمانای بەرهەمهێنانی ژیانی ماددیان، ئەوەش سیفەتێکی جیاوازە بەمانای کار لە پەپەیوەند بە سروشدا دێت، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی و بەروپێشەوە چوونی بەرەو بەرهەمهێنانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.
مارکس دەڵێت لەڕێڕەوی مێژوویدا مرۆڤەکان دەگۆڕێن، لەهەمان کاتدا خۆیان مێژووەکە دەگۆڕن. لێرەدا مارکس پاڵنەرو مەیلی مرۆڤەکان جودا دەکاتەوە. کاتێک باس لە مەیلە جێگیرەکان دەکات مەبەستی لە برسێتی و تونیەتی، سێکس دەکات کە ئەمان ناگۆڕێن تەنیا لە شێوەکان و کەلتوری جیاوازدا نەبێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر مەیلە ڕێژەیەکان دەیگەڕێنێتەوە بۆ ژێرخانی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنان و مەرجەکانی، وەکو کۆکردنەوەی پارە، یان دەسەڵات یان شێوەکانی خۆپەرستی.
چەمکی مرۆڤ لەلای مارکس جیاکردنەوەی ڕوخسارو جەوهەرە. جەوهەری مرۆڤ لە شێوە مێژووییەکەی دایە ئەمەش بەوەی بوونەوەرێکی عاقڵی کۆمەڵایەتییە، مرۆڤەکان جەخت لەخۆیان دەکەنەوە لە بوونیان لە جیهانی بابەتیدا نەک لەڕێگای هزرەوە، بەڵکو لەڕێگای هەستیانەوە. بوونی کۆمەڵایەتی دیاریکەری ئاگاهی کۆمەڵایەتیە، مرۆڤەکان بەرهەمهێنەری چەمک و بیروباوەڕەکانن، بوونیان دیاریکراوە بە هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندیەکانەوە لەگەڵیدا. مارکس ئەوە دووپات دەکاتەوە بەوەی هەلومەرجی بابەتی شێوەی کارکردنیان مرۆڤەکان دیاری دەکات، ئەوان خۆیان هەلومەرجەکە دروست دەکەن لەڕێگای هەڵسوکەوت و لەگەڵیشیدا بەکارهێنانی شێوە شۆڕشگێڕەکان لەکاتی قەیرانە کۆمەڵایەتیەکاندا.
نامۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ کارەکەی خۆیدا هۆکاری سەرەکی بێهیوایی و چەوسانەوەی مرۆڤە، ئەوە پرۆسەیەکە کە ئینسانەکان جودا دەکاتەوە لە ئامانجی کارەکەی و بەرهەمەکەی. نمونە زۆرە لە کۆمەڵگای ئێستاماندا لە ئەنجامی نامووبوونی ئینسانەکاندا چۆن هێزی کاریان بە ئاسانی سەرف دەکەن لە جلی پۆلیس و پاسەوان و لەشکر….هتد بۆ چەوسانەوە، سەرکوتی خەڵک، کوشتن و بڕینداربون، لەبەرانبەر فرۆشتنی هێزی کارەکەیان ئامانجی کارەکەیان فەرامۆش دەکات، و نامۆ دەبن لەبەرهەمەکەیان و نەفرەت لە کارەکەیان دەکەن.
لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و شێوەی دابەشبوونی کاری سەرمایەداریدا کرێکار نامۆ دەبێت لەبەرهەمەکەی خۆی، لەو بەرهەمەی کە بەدەستی خۆی بەرهەمی دەهێنێت. کرێکار هەست دەکات لەدەرەوەی خۆی، سەربەخۆ لەخۆی شتێکی نامۆ هەیە کە دەبێت بە هێزێک لە ناخیدا کە ئاراستەی دەکات، هێزێکی دەرەکی کە لەسەر ژیانی دەیکاتە فەرمانێکی نامۆی دژ بەخۆی. هەتاکو ئەو هێزە یان هۆکارە دەرەکیەکە کەسەربەخۆیە لە کرێکار زیادبکات، خودبەخۆد کرێکار زیاتر خۆی بێبەش دەکات لە ئامڕازەکانی ژیان بەدوو لایەن، لایەنی یەکەم جیهانی دەرەکی هەستپێکراو دەبێتە بابەتی، واتە ئۆبژێکیڤ و بەشێک لە کارەکەی، دووەم ئامڕازی فیزیکی ژیانی زیاتر و زیاتر خۆی دەگونجێنێت تا دەبێت بە بەشێک لەژیانی و ڕاستەوخۆ بەرەو تەواوبوون دەچێت. بەمانای ئەو دوو لایەنە کرێکار دەکاتە کۆیلەیەکی بابەتی وەکو لاشەیەکی فیزیکی کە دیگەێنێت بە کارێک.
لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا کار لەدەرەوەی کرێکارە، سەر بەبوونی سەرەکی ئەو نییە، لە پرۆسەکەدا کرێکار جەخت لەخۆی ناکاتەوە لە کارەکەیدا، بەڵکو ڕقی لێدەبێتەوە، هەست بەخۆشی ناکات لەگەڵیدا، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەست بەناخۆشی دەکات، لەبری بە ئازادی گەشەی ووزەی خۆیی هەست بەتێکشکان دەکات یان بە مردنی فیزیکی خۆی دەکات، لێرەدا ئەوەی کرێکار هەست دەکات لەدەرەوەی کارەکەی خۆیەتی و لەشوێنی خۆیدا کارناکات، لێرەدایە کە کارکردن نابێتە هەڵبژێراوی خۆی، بەڵکو دەبێتە زۆرەملی، کە بەشێوەیەک کەپێداویستیەکانی تێر ناکات، بەڵکو لەوێدا بەشێوەیەکە تەنیا ئامڕازی تێرکردنی پێویستیەکانی بژێویە کەدەرەوەدا هەیە، هەرلەمەشەوەیە سروشتی نامۆبوون بەڕوونی سەرهەڵدەدات.
لە ئابووری سیاسی سەرمایەداریدا لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی کرێکارو بەرهەمهێنان شاراوەیە، یان بەمانایاکی تر لەسروشتی کاردا دەیشارێتەوە. ڕاستە کار شتی نایاب بۆ دەوڵەمەندان بەرهەمدەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران بێمافی وکۆیلەیتی بەرهەم دەهێنێت، کۆشکەکان بۆ ئەوان و کوخەکان بۆ کرێکاران، جوانی بۆ ئەوان و شێواندن بۆ کرێکاران، ڕۆبۆتەکان شوێنی کرێکار دەگرنەوە، بەشێک لەوان فڕێدەداتە شێوەکارێکی بەربەریانەوە، زیرەکی بۆ ئەوان و گەمژەیی و شێتی بۆ کرێکاران.
لە کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەدا نامۆبوون بەرهەمدەهێنێت بۆ هێزی بەرهەمهێنەرەکە.
٤.نامۆبوونی کرێکار لەگەڵ دووروبەردا
یەکێک لەهۆکارە ڕاستەوخۆکانی نامۆبوونی کار، کە مرۆڤ نامۆ دەکات لەبەرهەمەکەی و چالاکی ژیانی، نامۆبوونی مرۆڤە لە گەڵ مرۆڤەکانی تردا. ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە ئەگەر مرۆڤ بەرەوڕووی خۆی بووەوە، ئەوا بەرەوڕووی کەسانی بەرانبەریشی دەبێتەوە، ئەوەی کەمرۆڤ لەپەیوەند بەکارەکەیەوە دەرگیردەبێت، بەهەمان شێوە لەپەیوەند بەمرۆڤەکانی ترەوە پەیڕەوی لیدەکات. سروشتی مرۆڤ وایە ئەگەر نامۆ بێت، ئەوا نامۆ دەبێت لەگەڵ ئەوانی تردا، هەردوولاشیان نامۆ دەبن لەگەڵ سروشتی ناوەوەی مرۆڤدا.
کاتێک مرۆڤ نامۆ دەبێت لە ئەنجامی پرۆسەی کارەوە، ئەوا وەکو کەسێکی چالاک لەپرۆسەی تێگەشتن و دروستکردنی جیهان وسروشتدا هەڵسوکەوت ناکات ، هەمیشە هەست بەوە دەکات کە هێزێک لەسەرسەری وەستاوە وبەپێچەوانەی خواستی ئەوەوە کار لەدژی دەکات.
هەموو نامۆبوونێکی خۆیی مرۆڤ لەگەڵ خۆی وا دەکات کە مرۆڤ خۆی لەبەرانبەر ئەوانی تردا ببینێتەوە، لە ئەنجامدا وایان لێدەکات بکەوەنە جێگایەکەوە ئەوانەی تر لەخۆی بەباشترو جیاوازتر، بەبەهاتر بزانێت، ئەمش وادەکات مرۆڤ بکەوێتە بۆشاییەکی فیکری گەورەوە، وەکو بکەویتە ناو ڕووبارێکەوە مەلە نەزانیت و هەوڵبدەیت چیلکەدارێک بدۆزیتەوە خۆی پێبگریتەوە، لەکۆتایدا ڕوودەکەنە جیگایەکی تر، بیر لەشوێنێکی تر دەکەنەوە، هەرچەندە لەبەرچاو نییە و زیاتر وەهم وخەیاڵە، بەڵام ناچاریی و بێدەسڵاتییە ، سەرئەنجام بەهۆکاری ئەمش ڕێگایەک خۆشدەکات و دیاردەی نامۆبوونی ئاینی تێدا کە سەرهەڵدبدات، وەکو پێویستیەک لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی سادە و ئاخوندەکاندا، یان لەنێوان خۆی و نێوەندەکەیدا.
لە شوێنی کاردا مرۆڤەکان دەگۆڕێن بەپێی ژینگەی ئەو شوێنە، یاسا وڕێساکانی ئەو شوێنە مرۆڤەکان دەکات بە مرۆڤی ئەو شوێنە. مرۆڤەکان هەڵسوکەوت، هەڵوێست و کارەکتەری خۆیان دەگۆرێت بەپێی ئەو شوێنی کارە، مرۆڤەکان پێش ئەوەی بچنە سەر ئەو شوێن کارە، مرۆڤێکی ترن، بەڵام لەگەڵ چوونیان بۆ سەر شوێنی ئەو کارە ڕاستەوخۆ دەبن بە مرۆڤێکی تر، دەبنە مرۆڤی شوێنی کارەکە. هەمووان ئەوە دەبینین کاتێک مرۆڤێک لەسەر کارێک لەلایەن خاوەنکارەوە مافی کارکردنی پێدەدرێ، بەپێ ئەو مەرجانەیە کە خاوەنکار بۆی دیاریکردوە، مەرجاکانیش لەجلوبەرگەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە بیرکردنەوەو هەڵسوکەوت، ئەمەش بەمانای ئەوەی دەبیتە بوونەوەرێکی تر، دەبیتە بوونەوەرێکی ئەو شوێنی کارە.
مارکس وای دەبینت کە نامۆبوون لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ڕمکەی لەسەر چینی کرێکارە. لەو کۆمەلگایەدا کرێکار کار ناکات، بەڵکو بەکاردەهێنرێت وەکو بەشێک لە ئامێرەکان کە خزمەتیان دەکات، لە ڕێگای دڵسۆزی بۆ سەرمایە جەوهەری مرۆڤ لە بوونی خۆیدا دەبێت بە کەسێکی خۆپەرست.
مارکس لە شیکردنەوەیدا بۆ چەمکی نامۆبوونی ئابووری و بەرکەوتەکانی لەهێنانی نەهامەتی و هەلومەرجی نامرۆڤانە بۆ مرۆڤەکان و پەیوەندی لەگەڵ دوروبەریدا، ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەنجامی ڕاستەوخۆی نامۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ بەرهەمی کارکەیدا، نامۆبوونی مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤدا بەرهەمدەهێنێت، کاتێک مرۆڤ بەرەووڕووی خۆی دەبێتەوە لەهەمان کاتدا بەرەوڕووی مرۆڤی تریش دەبێتەوە، بەهەمان شێوەی ئەو کاریگەرەی لەسەریەتی لە ئەنجامی بەرهەمی کاریەوە لەگەڵ بەرانبەرەکەشیدا دەیبێت و بەهەمان شێوە، واتە هەمان کاریگەر لە پەیوندیدا لەگەڵ بەرانبەرەکەیدا.
وەکو باسمان کرد نامۆبوون کاریگەری هەمەلایەنە لەسەر مرۆڤەکان دادەنێت و لەچەند ڕوویەکەوە. ئەو کاریگەری لێرەدا تێدەڕوانین کاریگەری پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە، کە لەئەنجامی بەرهەمی کارەکەیەوە وایلێدێت کە ببێت بە کەسێکی دابڕاو و کەم پەیوەندی لەگەڵ دووروبەریدا. هەر هەمان کاریگەرە کە دەبێتە پەیوەندیەکی باڵادەست لەنێوان مرۆڤەکاندا لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، کە پەیوەندیەکانی نێوان خەڵک زیاتر دەبێت بە پەیوەندیەکی بابەتی. مارکس لە کتێبی (سەرمایەدا) دا باس لەوەدەکات ئەگەر بەرهەمهێنەرەکان لەگەڵ یەکتری پەیوەندیان نەبێت پێش ئەوەی ئاڵوگۆڕی بەرهەمی کارەکەیان بکەن، ئەوا خەسڵەتی کۆمەڵایەتی کارەکەیان دەرناکەوێت تا ئەو کاتەی ئالۆگۆڕ ڕوونەدات. دەتوانین ئەمەش زیاتر ڕوونبکەیەنەوە بەوەی کاری تاکەکان نابێتە بەشێکی چالاک لە کۆی گشتی کاری کۆمەڵایەتی تەنیا لەڕێگای پەیوەندیەکانەوە نەبێت کە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی نێوان بەرهەمەکانی کار نەبێت، واتە لەنێو بەرهەمهێنەراندا نەبێت.
زۆری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان مرۆڤ کەلەڕاستیدا پەیوەندی نێوان کارمەند یان کرێکار بە بەڕێوەبەرایەتی کارەوەیە، یان بەمانای ئاڵوگۆری کارە، هەروەکو ئەوەی مارکس ئاماژەی پێدەکات کە مرۆڤەکان پاسەوانی کاڵاکانی خۆیانن. ببینن کاتێک کەسێک دەچێت بۆ بازاڕکردن یان کڕینی کاڵایەک چۆنایەتی و نرخی ئەو کاڵایە بەلایەوە گرنگترە لەوەی ئەو کەسەی کاڵاکە دەفرۆشێت کە چ کەسێکە، لەکوێوە هاتوە؟ کەسی فرۆشیاریش بەشوێن پارەکەیەوەیە کە وەریدەگرێت، بە قەولی خەلک مشتەری هەر مشتەریە! لەوانەیە ئەم شێوەیە لە ئالوگۆڕ ئاسایی و پێوێست بێت، بەڵام کاتێک دەبێتە کڕینی هێزی کاری مرۆڤەکان لەوێدا دەبێت دەرکەوتنی تاونکاری و نامۆبوون.
ئاڵوگۆڕ وگرێبەستی کار، کە ڕۆژانە ملوێنەها کرێکار لەمەیدانی کاردا لەیەک کۆمەڵگادا بە کەمینەی سەرمایەداران و خاونکارانەوە وابەستە دەبن، کرێکار هێزی کاری خۆی دەفرۆشێت لەبەرانبەر ژمارەی کاتژمێری کاریشیدا بۆ خاوەنکار کرێیەک وەردەگرێت، گرنگ نییە چ کارێک دەکەیت، لەبەرانبەردا خاوەنکار بەرهەمی کارەکەت وەردەگرێت، بڕێکی کەمی کرێت پێدەدات کە بەرانبەرە لەگەل دووبارە بەکارهێنانەوەی هێزی کارەکەت، بەمەش کرێکار جودا دەبێتەوە لەکار و بەرەهەمەکەی خۆی، ئەمەش نامۆبوونە، بەمانای نامۆبوونی مرۆڤ لە کارەکەی کە ئەنجامەکەشی دەبێتە ڕێگری گەورەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی.
مارکس بەردەوام دەبێت لە دەست نیشانکردنی دیاردەی نامۆبوون لە ئاراستە ئابووریەکەیدا وئاماژە بە مەترسی ئەو دیاردەیە دەکات لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، کەلە ئەنجامی کاریگەری ئەو دیاردەیەدا پەیوەندیەکان بەهای مرۆڤایەتی دیاریان ناکات بەئەندازەی ئەوەی پێداویستیە سوودمەندەکان ڕێکدەخات. ئەوە پەیوەندی شێوەی کارە کە هەمیشە دەسەڵات و حوکم دەکات بەسەر کاڵا وشتەکانەوە لە پەیوەندی تاکەکان لەگەڵ یەکتردا. دەەتوانین زۆر نمونە بێنینەوە لەسەر ئەمە، لەکۆمەلگادا دەبینین کەهەر کۆمەڵەی زیاتر پەیوەندی بەو کۆمەڵەی خۆیەوە کە شێوەی دابەشکردنی کارەکەی پێشتر بۆی دیاریکردوە، واتە مەیدانی کارکردنت لەچ شوێنکدا بێت، پەیوەندی لەگەل دەوروبەردا هەر لەو مەیدان و دەوبەرەبەرەدا دەبێت، سەرئەنجام ئەو دابەشکاریە پەیوەندی نێوان مرۆڤاکان کەمدەکاتەوە لەگەڵ یەکتری و دایندەبڕێت لەیەکترو کاریگەری لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە گشتیەکە دەبێت و رێگاخۆش دەکات بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندنی.
فیتیشیزم وبەئامێربوونی بونی کرێکار
باسێکی تری مارکس کە پەیوەندی بەمەسەلەی نامۆبوونی کرێکارەوەیە، مەسەلەی فیتیشیزم و بە ڕۆبۆتبوونی کرێکارە، کە گرنگی خۆی هەیە لێرەدا وەکو شێوازێکی تری نامۆبوون بیخەینەڕوو.
مارکس لەکتێبی سەرمایەدا مەسەلەی نامووبوون لە ڕوانەگەی دوو چەمکی تازەوە شیکاری دەکات ئەویش فیتشیزم وبەماکینە بوونی کرێکارە. بەلام مەبەست لەم دووچەمکە چیە:
یەکەم: فیتیشیزم.. ”بەبتکراو”، یەکێکە لەو تیوریانەی مارکس کەلە جلدی یەکەمی کتێبی سەرمایەدا باسی لێدەکات، کەلە سالی ١٨٦٧ دا بڵاوی کردۆتەوە، چەمکەکە باس لەوە دەکات کە کاڵا لە سیستەمی سەرمایەداریدا بەرهەمدەهێنرێت بەهۆکاری بەهای ئالوگۆڕ لەبری هۆکاری نرخی بەکارهێنانەکەی وەک ئەوەی لەپێش سیستەمی سەرمایەداریدا بەرهەمهێنراوە، بەوەش کاڵاکان سیفەتە سروشتیەکانی خۆیان لەدەست دەدەن.
سەرەتا بانگەوازخوازە کریستیانەکان لەسەدەکانی پێشوودا فیتیشیزمیان بەکاردەهێنا وەکو سەرڵێشێواندن لەبەرانبەر ئەو کەسانەدا کە هێشتا نەبوون بە کریستیان وئەو خواوەندانەیان دەپەرست کە بتەکانیان بۆ دروستکردبوو. پاشان ”فیتیشیزمی کاڵایی” کەلەلایەن مارکسەوە بەکارهات، وەکو فیکرێکی جادوگەرانە بۆ جیهانی مۆدێرن وکەڵەکەی کاڵای زۆر وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم سەردەمە.
فیتیشیزمی کاڵایی، بەمانای تەواوی کاری مرۆڤەکان و هەموو بەرهەمێکی فەرهەنگی هونەری، دەبنە کاڵا. کاڵاش بەبەهای ئاڵۆگۆرەکەی پێناسەدەکرێ وتایبەتمەندیە فیزیکی وسودمەندیەکەی دەبێتە پاشکۆی ئەم بەهای ئاڵوگۆرە. بەرادەیەک کەهەر کاڵایەک بەهای ڕاستەقینەو ڕۆڵی سودبەخشەکەی لەدەستدەدات ولەشێوەی جۆرێک فتیش، بت دا خۆی نیشان دەدات، کە ڕۆحێکی جادوویی دایدەگرێ و بە سیمای خۆی مرۆڤەکان شەیداو ئەفسوون دەکات، بە جۆرێک مرۆڤەکان دەبێتە کۆیلە و بەندەی کاڵاکان و ستایشیان دەکەن و دەیانپەرستن، لە کاتێکدا کە خۆیان بەرهەمهێنەرو خۆلقێنەری ئەو کاڵایانەن.
لە سەرمایەداریدا کاڵاکان بەرهەمی کاری مرۆڤە، ئەو کاڵایەش شێوەیەکی هێمایی و سەربەخۆ لە ئیرادەی ئینسانەکان بەخۆەدەگرێت، وپەیوەندی کاڵاکان و گۆڕینەوەیان، پەیوەندیەکانی ئینسانەکان کۆنترۆل دەکات. کەوابوو خەسڵەتی هێمایی کاڵا لە ناخی بەهای بەکارهێنانەوە سەرچاوە ناگرێت، یان بەهۆی ئەو هۆکارانەوە کە بەهای کاڵا دیاریدەکەن پێکنایەت، بەڵکو هەر لەو شێوەیەوە سەرچاوە دەگرێیت کە یەکسانی هەموو جۆرەکانی کاری مرۆڤ، وەک شێوەی ماددی یەکسانی بەهای بەرهەمکانی کار دەردەکەوێت، لەئەنجامدا پێوەری ڕادەی کاری ئینسانەکان، بەپێی ماوەی کاتی سەفکراو، وەک شێوەی ڕادەی بەهای بەرهەمکانی کار دەردەکەوێت، سەرئەنجام، پەیوەندی نێوان بەرهەمهێنەران کە لەدوا خەسڵەتی کۆمەڵایەتی کارەکانیان بەدیدێت، وەک پەیوەندی نێوان کاڵاکان دەردەکەوێت.
لە جیهانی کاڵاکانیشدا بەرهەمکانی کار و ڕەنجی مرۆڤەکان بەو شێوەیە دەردەکەوێت کەناوی لێنراوە فتیشیزمی کاڵا یان بەبتکردنی کاڵا. دەتوانین بلێن کە فییشیزمی جیهانی کاڵاکان لە سروشتی کۆمەڵایەتی تایبەتی کارەوە سەرچاوە دەگرێت کە کاڵاکان بەرهەمدەهێنێت.
لە جیهانی کاڵاکاندا بەرهەمکانی کار و ڕەنجی مرۆڤ وەکو جیهانی تەماوی ئایین وایە، کە لەو جیهانەدا ئەو شتانەی کە زەین و بیری مرۆڤ خولقاندویتی، وەک بوونەوەرێکی خۆرسکاو سەربەخۆ دەردەکەون لەگەڵ یەکتر وهاوکاتیش لەگەڵ مرۆڤ لە پەیوەندیدان. کە ئەمەش پێناسەی دیاردەی فیتیشیزمی کاڵایە یان بەبتکردنی کاڵایە، کە هەر کاتێک بەرهەمی کار و ڕەنجی مرۆڤەکان وکو کاڵا دەردەکەون و ئەو خەسڵەتەی پێوە دەلکێنرێ و وەک سروشتی جەوهەری بەرهەمهێنای کاڵایی دەردەکەوێت.
فتیشزمی کاڵا پرۆسەیەکە کەلەنێویدا شتێک لەبیردەکرێت، ئەویش کارو توانیایی بەرهەمهێنەرانە، ئەو شتەی کە بەها بە کاڵاکە دەدات، ئەوەی کە پێوایە بەهای کاڵاکە لەسروشتی خۆدی کاڵاکەوە دەردەجێت، و یان ئەوەی لەبازاڕدا بەها پەیدا دەکات و دەفرۆشرێت. هەر ئەمشە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنەران دەسڵاتیان بەسەر کاڵاکاندا نەمێنێت و لە ئیرادەی خۆیان دەرچێت.
لە فتیشیزمدا مارکس بەتەنیا مامڵە لەگەڵ ناموببونی کاردا ناکات، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ نامۆبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەکات لە کاتی دابەشکردنی کاردا، بەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە پرۆسەی دابەشبوونی کاردا دەبێت بە پەیوەندی نێوان بازاڕ لە نێو کاڵاکاندا. پیوەندیە کۆمەڵایەتیە باوەکانی نێوان خەڵک لە نووسینگە وکارگەکان وەکو پەیوەندی نێوان شتەکانی لێدێت کە رێگا دەدات بە بازاڕ کە بڕیاردەربێت، ئەمش خۆی لەخویدا ئاماژەیە بە بوونی هێزێکی پێچیدە و ئاڵۆز لە کۆمەلگادا کە سەربەخۆیە لە ئیرادەی مرۆڤایەتی. واتە بوونی هێزێک سەربەخۆ لەسەرو ئیردادەی مرۆڤەکانەوە کە بڕیار دەدات و مرۆڤەکان بێدەسڵات و بێ ئیرادە دەکات.
ئەگەر باسەکە کورتبکەینەوە دەتوانین بڵێن لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا شیوە بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی بەشیوەی کاڵا ڕەنگ دەگرێت و حوکم دەکات.. وەک مارکس دەڵێت سەرمایداری بەرهەمهێنانی کالاو بەهای ئاڵو گۆرە، بەهایەک کە هەڵگری زیدەباییە کەسەرچاوەکەی لەهێزی کاری کرێکارانەوە هاتووە. بەم جۆرە کاڵا کە کڕیکار بەرهەمی دەهێنیت دەبێتە بتێک .. واتە کرێکار وەک ئەوەی کەخۆی بەرهەمهێنەری هەموو کالاکانە وخۆی دروستی کردوون، بەڵام کاتێک کە کۆنترۆڵی بەسەریاندا نیەو تەنها بەوڕادەیە دەتوانی مەمەلەیان لەگەڵدا بکات کە بیانکرێ، کاڵا دەبیەت بتێک وکرێکارەکە ملکەچ دەبێت لەبەرامبەریدا، بەواتایەکی تر کاڵا دەبێتە هێزیکی دەرەکی لەبەرامبەر کرێکارادا.. ئەمەش کرێکاران دەخاتە نامۆبوونیەوە …
دووەم بەماکینە بوونی کرێکار.. سەرمایەداری بەمەبەستی کەمکردنەوەی ماوەی کار وسوڕانەوەی پرۆسەی بەرهەمهینان وسەرمایە، بەردەوام لەڕێگای زانست و ئامێرەکانەوە، ڕۆبۆت وتەکنۆ لۆژیای نۆێ دەخاتە بواری کارەوە، ولەگەڵ هاتنەناوەوەی هەر ئامڕازێکی نۆێش سیستەمیکی کارو نەزمو نەسەقیک لەکاردا خۆی زاڵ دەکات کە تەحەکوم بەسەر کرێکارەکەدا دەکات، ئەویش لەڕووی هەلسوکەوت، بەکارهێنانی سەلیقەو خیبرەو هەستی کرێکارەکەوە بەرامبەر بەومەوادانەی بەکاریان دێنیت، لێرەوە ئامرازەکان سنورێک بۆ کرێکاران دادەنیت وکرێکارانیس ناچاردەبن بەپیی ئامرازەو مەکیەنەکان بچنە ڕەوتی کارەوە، بەمجۆرەش کریکاران خۆیان دبنە ئامێر وتەواوکردنیی ئامڕازەکانی کار….
کۆتایهاتنی نامۆبوون
پێشتر باسی نامۆبوون و چۆنێتی سەرهەڵدانی نامۆبوونمان کرد، لە دیدگای هەندێک لە فەیلەسووفەکانەوە، هەم لە دیدەگای مارکسەوە، گەشتین بەوەی کە کار لە سایەی نیزامی سەرمایەداریدا دەبێتە هۆی هەموو شێوەکانی نامۆبوون، کە مرۆڤ دادەبڕێت لەمرۆڤایەتیەکەی. بنبڕکردنی ئەم کێشەیە لە کۆمەلگادا پەیوەندە بەمانەوەی ئەو سیستەمەوەیە، ڕیشەکێشکردنی سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمی کاری کرێگرتە وموڵکداریەتی تایبەتی، جێگرتنەوەی بە سیستمی سوشیالستی، زامنی لەناوبردنی دیاردەی نامۆبوونە لەکۆمەڵگادا.
باسمانکرد لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا کار شێوەیەکی نامرۆڤانە لەخۆدەگرێت، کار دەبێت بە فۆرمێک لە دەرەوەی کرێکار، واتە کار سەربەخۆ نییە لە بوونی کرێکاردا، لەبەرئەوەی جەخت لە بوونی خۆی ناکاتەوە لە کارەکەدا، بەپێجەوانەوە ڕەتی دەکاتەوە.
لە سیستەمی سەرمایەداریداوەک یەکبوونی چالاکی خۆی یان لەگەڵداهاتنەوەی چالاکی خۆیی لەگەڵ ژیانی ماددی دا ڕوونادات، بەڵکو ئەمە لە قوناغێکدا ڕوودەدات کە تاکەکان گەشە دەکەن بۆ تاکی تەواو و هەموو شێوەی سروشتی بنەڕەتی خۆیان ئەخەنەڕوو، لەو قوناغەشدا کار دەگۆڕێت بۆ چالاکی خۆیی، هەڵسوکەوتی مەرجدار دەگۆڕێت یان دەگواسترێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی تاکەکان لەبری ئەوەی وەکو تاک هەڵسوکەوت بکەن.
لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا مرۆڤ دەبێتە بە کەسی تاک، تاکێک کە بەشداری لەگەڵ ئەوانی تردا ناکات لە کۆمەڵگادا، بگرە دەبێتە ڕکبەری سەرسەختی ئەوانی تر. مارکس لە کتێبی( دەبارەی مەسەلەی جوولەکە) دەنووسێت” ئازادی دروست نەبووە لەسەربنەمای پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤ و ئەوانی تر، بەڵکو لەسەر دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لەگەڵ ئەوانی تر، لەبەرئەوە بێ مانایە کاتێک باس لە مافی مرۆڤ دەکەین کەباز دەدات بەسەر خۆپەرستی مرۆڤدا،
مرۆڤ وەکو ئەندامێکی کۆمەڵگا تاکێکی دابڕاوە لە کۆمەڵگا، لەخۆید نووقوم بووە، سەرقاڵە بە بەرژەوەندی تاکیی خۆیەوە”.
مارکس هەر لەسەر ئەم باسە ووتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت” کاتێک کە خۆری گشتی وون دەبێت، حەشەرەکان دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای تیشکی ڕووناکیدا”. مانای ئەو خۆرە گشتیەکە کە مارکس باسی لەدەکات بەمانای پابەندبوونی تاکە بە ئامانجی گشتییەوە، کە لەوێدا تاکەکان واز لە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان دێنن و بەرژەوەندیاکانیان دەبێت بە بەرژەوەندی گشتی.
ڕەخنە لەسەرمایەداری تەنیا لەدابەشکردنی ساماندا نییە، بەڵکو لە شێوەی بەرهەمهێناندایە، کە کار دەگۆڕێت بۆ شێوەیەکی بێ ئامانج و مرۆڤ ناچار دەکات بەیانیان بڕوات بۆ کارکردن وەکو ئەوەی بڕوات بۆ زیندان. پێشتریەت یان لەهەموویان گرنگتر لەلای مارکس دابەشکردنی بەرهەمهێنان نییە بەقەدەر ئەوەی گۆڕینی شێوەی بەرهەمهێنانە بە شێوەیەک کە ئازادی بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت کە هێزو ووزەی بەرهەمهێنانی تێدا بەکاربهێنێت، ئەوەی کە خۆی دەیەوێت، بەبێسنووربەندی و مەرجی قازانجی سەرمایەداران، بەڕێگایەک بەرەو سامانی ماددی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی گەشەپێدانی لەلای خودی کرێکاران، بەسیفەتی مرۆڤی کە هەڵسوکەوتی چالاکیە خۆییەکان دەکات، کەخۆبینینەوەیە لە کارکردن بەپێی ئیرادەی خۆی. هەر وەکو مارکس دەڵێت ڕۆڵی کرێکار لانابرێت، بەڵکو فراوان دەکرێت بۆ تەواوی ئینسان.
ئامانج سەرمایەداری تەنیا سوود و قازانجی بەردەوامە، بەڵام ئامانجی سوشیالزم بەتەنیا مرۆڤە، لەبەرئەوەشە نوکی ڕەخنەی مارکس لە سیستەمی سەرمایەداریە بە تەنیا لە نەبوونی ناعەدالەتێتی نییە لە دابەشکردنی ساماندا، بەڵکو تەواوی سیستەمی سەرمایەداریە لەشێوەی بەرهەمهێنایەوە تا دابەشکردن وبەکارهێنانی وئاڵوگۆڕی وژێرخانی کۆمەڵایەتی زاڵیدا، هەر پرۆسەی کاری بێ ئامانج و زۆرەملێ تا بوونی مرۆڤەکان بە مرۆڤێکی نامۆ وخۆپەرست، بێدەسەڵات و بێ ئیرادە وگەڕانی بەدوای مڵکداریەتیدا.
لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا نرخی مرۆڤەکان بە موڵک یان بە بە پارە دیاری دەکرێت، ئەمەش وەکو هێزێک بۆ دژایەتی مرۆڤایەتی، زیاتر فەلسەفەکایان بە کەڵەکەی سامان و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانە، نقوومبوونی ئینسانەکانە لە ناموببون و وونبوون لەخۆی لە جییانی واقیعی خۆیدا.
مارکس پێچەوانەی لیبرالیزم و ئابوریناسانی بۆرژوازی، ئاماژە بە ئابووری سیاسی دەکات بەپێی زانست. ئەو وای بۆدەچێت کە ئەوان جەخت لە شتە ماددەیەکان وڕۆڵی موڵک دەکەنەوە، بەڵام مارکس جەخت لە هێزی بەرهەمهێنەری ماڵ وموڵک دەکاتەوە.
نیزامی سەرمایەداری و شێوەی کاری سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری، هەستەکان وچالاکی مرۆڤ تێکدەدات، وکاردەکات بۆ ڕوخاندنی تەواوی. لەو سیستەمەدا تاکو قازانج و سوودی زیاتر بەدەستبێت، لەبەرانبەردا مرۆڤەکان زیاتر نەزۆکتر دەبن. لەبڕی ئەوەی زانستی ئابووری لەخزمەت مرۆڤەکاندا بێت، بەپێچەوانە دژی خواست و ئیرادەیان دەبێت وژیانیان بەرەو ڕووخان دەبات.
مارکس کۆتایی هێنان بە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی مرۆڤ لەکۆمەڵگادا لەڕێگای سوشیالزمەوە دەبینێت، کەلەوێدا شێوەیەک لەبەرهەمهێنان دروست دەبێت کەکار سیفەتی کۆمەلایەتی وهەرەوەزیە لەکۆمەلگایەکی کارکردواندا و ئیرادەی ئینسان بەسەریدا زاڵەو کارێک نابێت بۆ کۆکردنەوەی قازانج لەدەستی کەمایەتیەکدا. بەڵکو کار بۆ پڕکردنەوەی پیداویستیەکانی هەموو تاکێکی کۆمەلگایە وهەرکەس بەپێی توانای خۆی برهەمە دەبێت لەپێویستیەکانی ژیانی خۆیدا. بەم جۆرەش سیتەمی کاری بەکرێ وکۆیلەیەتی بەکرێ هەڵدەوەشیتەوەو جێگایەک بۆ موڵکدارێتی تایبەتی نامێنێت. لەیەک ووتەدا هەڵوەسانەوەی نامۆیی بەندە بەهەلوەسانەوەی “بەکرێکاریبونی ئینسانەوە” واتە ڕزگاربوونی ئینسان لەکۆیلەیەتی بەکرێ ودەرکەوتنەیەتی وەک تاکو ئینسانی ئازاد بەدەرلەوەی کە ناچار بکرێت بەکارێک وتالەوڕیگایەوە بتوانیت، بژێ.
لە سۆشیالزمدا ئازادی تاک پێشمەرجی ئازادی کۆمەڵگایە و ئازادی کۆمەڵگا پێشمەرجی ئازادی تاکە. لەو کۆمەڵگایەدا هەروەکو مەنسور حکمت ئاماژەی پێدەکات کە سوشیالزم بەنامەکەی ئینسانە، گەڕانەوەی ئیرادەی ئینسانە بۆ خودی ئینسان. لەو کۆمەڵگایەدا بازنەی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی دەریدەخات کە مرۆڤ دەبێت بە مرۆڤ بەهۆی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە، لەگەشەی لەشییەوە، واتە هەست و دەماغ و قاچەکان، تا دەگات بە خەباتی بۆ مانەوە و کارو بەرهەمهێنان، ئەمش پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە لەسەرەتاوە، نەک لەبەرئەوەی کەناتوانین بەبێ کۆمەڵگا بژین لە ئێستادا، بەڵکو لەبەرئەوەی مێژووی هەزارەها ساڵ بنیاتنەرەی ئەو کۆمەڵایەتی بوونەیە. سروشتی مرۆڤایەتی شتێک نیە جگە لەوەی کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەرهەم دەهێنێت.
گۆرینی سیستەمی سەرمایەداری لەڕێگای شۆڕشی چیانیەتی چینی کرێکارەوە، گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن چینی کرێکارە، و دەستگرتن بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان، نەک تەنیا کۆتایی بەدیاردەی نامۆبوون دەهێنێت، بەڵکو تەواوی مەینەتیەکانی ئەو سیستەمە بەکۆیلەگرتنە بۆ هەتاهەتایی بنبڕ دەکات، ئەمەش بە واتای بەدیهێنانی کۆمەلگای سۆشیالزم، لەم کۆمەلگایەشیدا بناغەکەی ئینسانە، گەڕانەوەی ئیرادەی ئینسانە، گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ خۆدی خۆی.
بەدیهێنانی کۆمەڵگای سوشیالستی کاتێک ڕوودەدات کە چینی کرێکار ئامادەیی تەواوی کردوە و خۆی ڕێکخستەوە لە حزبی چینایەتی خۆیدا، بەرژەوندی خۆی تەواو جودا کردۆتەوە لە بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار، شۆڕشی چیانەیەتی خۆی لەدژی چینی سەرمایەدار لە کۆمەڵگادا ڕادەگەیەنێت، لە ڕێگای ئەو شۆڕشەوە چینی کرێکار دەستدەگرێت بەسەر ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندا و بتەکانی موڵک و موڵکداریەتی تاکی تێکدەشکێنێت، چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە کۆتایی پێدەهێنێت.
لەکۆمەڵگای کۆمۆنیستیدا ئێستا بەسەر رابردوودا زاڵ دەبێت، کار دەبێتە چالاکی مرۆڤایەتی نەک کاڵا، بەمانای کار دەبێتە دەربڕینی خۆیی بۆ مرۆڤەکان لەسەر هێزی زهنی وهەستی، کار نابێتە شێوەیەک بۆ ئەنجام بەڵکو خۆی دەبێتە ئامانج. هەر لەو کۆمەڵگایەدا ئەوەی کارکردنی مرۆڤاکان گۆڕانکاری ڕیشەیی تێدا بەدیدێت، بڕی یەک پێشەی لەژیانی مرۆڤەکاندا نامێنێت و مرۆڤ ڕزگاری لێدەبێت، لە بری ئەوە مرۆڤەکان دەگەینرێت بە شێوەی پیشەی گشتی.
دەتوانین بڵێن کۆمۆنیزم چارەسەری یەکلاکەرەوە دەکات بۆ ناکۆکیەکانی نێوان مرۆڤ و سروشت، لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤەکاندا، ئەوەش جارەسەری ناتەبایی نێوان بوون و جەوهەر ، ئازادی و پێویست دەکات.
لە کومەڵگای کۆمۆنیستیدا پەیوەندی سروشتی دوور لەنامۆبوون بەهەموو جۆرەکانیەوە بەئەنجام دەگەیەنرێت، ئەوەش لەڕێگای ئەرێنیانەی لابردنی مۆڵکداریەتی تایبەتی وکردنی بە موڵکداریەتی واقیعی بۆ سروشتی مرۆڤایەتی، لەپێناو مرۆڤەکاندا، ئەمەش بەگەڕانەوەی مرۆڤ بۆ خودی مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، واتە بوونەوەرێکی ئینسانی واقیعی، بەڵام گەڕانەوەیەکی بەئاهاگانەی تەواو، کە تەواوی سامانی گەشەکردنی پێشوو لەخۆ دەگرێت، لەوێدا هەردوو جۆری ڕوخسارو جەوهەری ژیانی مرۆڤەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت، وبەپێی سروشتی ڕاستەقینە لە گۆڕانی سەربەستانەی شتەکان، ئەمەش لەڕێگای ئەو شتەی دەبیتە خاوەنی کە تێدا گۆرانکاری تێدایە لە خودییدا لە هەڵقوڵاوی چالاکیەوە کە مرۆڤەکان جیادەکاتەوە وەکو بوونەوەرێکی تەواو جیاواز.
مارکس دەڵێت ”ڕەتکردنەوەی و لەناوبردنی موڵکداریەتی تایبەتی پۆزەتیڤانە یان ئەرێنیانە، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، خۆی بەرهەم بهێنێت و مرۆڤی تر بەرهەم بهێنێت، ئەمش بەمانای بوون بەخاوەنی هەستی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، بۆ ماهیەتی مرۆڤایەتی و ژیانی مرۆڤایەتی، بۆ ئینسانی بابەتی، بۆ دەستکەوتەکان- مرۆڤ پێویست نییە درک بەتەنیا بەوە بکەیت بەمانای تێرکردنی یەک لایەنە بە ڕاستەوخۆیی، بەمانای هەبوونی مڵکداریەتی.. مرۆڤ جەوهەری گشتی هەیە بەرێگایەکی گشتی، بەمانای مرۆڤی گشتی. هەموو پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان بە جیهانەوە، بینین، بیستن، تام، هەست، بیرکردنەوە، زەوق، کار، کردار، خۆشەویستی و هەموو ئامڕازەکانی بوونی تاک- ئەوانەی ئامڕازی کۆمەڵایەتین بەشێوەی ڕاستەوخۆ- لەڕێڕەوی تایبەتیدا، یان لەڕێڕەویدا لە بابەت، ئەو بابەتەش خاوەنی جیهانی مرۆڤایەتی، چاو دەبێتە چاوی مرۆڤایەتی، خۆشەویستی دەبێتە خۆشەویستی مرۆڤایەتی، هەست و بیرکردنەوە و کردار دەبێت بە مرۆڤایەتی. هەست و زەوق و خۆشەویستی دەبێت بە موڵکی من، هی من دەبێت بە موڵکی ئەوان، تەواوی ئەو ئامرازانە دەبن بە ئامرازی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا”.
سیستەمی کاری بەکرێگرتە، کە کرێ تێدا لەبری فرۆشتنی هێزی کارەکەیە، کرێ ڕاستەوخۆ ئەنجامی کاری نامۆیە، کارەی نامۆی هۆکاری ڕاستەوخۆی مڵکداریەتیی تایبەتییە، داڕامانی یەکێکیابن بە مانای داڕمانی ئەوی تریان.
لە پەیوەندی نێوان کاری نامۆ و مڵکداریەتی تایبەتدا، ڕزگاری کۆمەڵگا بەرهەمدەهەنێت لە مڵکداریەتی تایبەتی، لە کۆیلایەتی، دەتوانین لەشێوەی سیاسیەکەیدا وا دەریبڕین، ڕزگاری کرێکاران، ئەمش بەمانای ئەوە نییە ، کە تەنیا کرێکاران ڕزگاریان دەبێت، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگا، تەواوی ڕزگاری مرۆڤایەتی لەگشتیەکەیدا.
سەرچاوەکان
- مخطوطات عام ١٨٤٤، الاقتصادية و الفلسفية- كارل ماركس، ترجمة محمد مستجير مصطفى
- الاغتراب الديني عند فيورباخ. ذيب حدة
- جوهر المسيحية- لودفيغفيورباخ- ترجمة جورج برشين
- كارل ماركس، فريدريك انغلز- الايدولوجية الألمانية- فؤاد ايوب
- RrichFormm- Marxs Concept of Man
- اندري لالاند- موسوعة الفلسفية- المجلد الأول- ترجمة خليل احمد
- لودفيج فيورباخ، ماهية الدين و قضايا الأولية لاصلاح الفلسفة- ترجمة احمد عبدالحليم
- أريك فورم-مفهوم الانسان عند ماركس- ترجمة محمد السيد رصاص
- پروشە- کارل مارکس- وەرگێڕانی هادی محەمدی
