سامان کەریم: 
زیاتر لە دووساڵ لەمەوبەر لە وتاری “نەمانی هەرێمی کوردستان”دا نوسیبووم: ” ئەوەی پێیدەڵێن “هەرێمی کوردستان” هیچ کات بوونێکی کرداری و قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتووی نەبووە وتەنها ناوێک بووە بۆ زیاتر یەخسیرکردنی خەڵکی کوردستانو ئەزموونێکی شکست خواردوو ودژ بە خەڵکی کوردستان بووە”( پێگەی شار پرێس لە ٧/٥/٢٠٢٤). پڕۆژەی هەرێمی کوردستان نە قەوارەیە و نەهیچ، بەڵکو پرۆژەیەکی ئەمریکی بوو لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کوردستانی کردە بنکەیەکی ئەمنی و سەربازی، ئەم دووهێزەش کارە لۆکەڵیەکانی کوردستانیان جێبەجیدەکردو دەیکەن و وەک هێزی فشاریش بەسەر بەغداوە کاریاندەکرد. ئەمریکا ماندوو بووەو خوێن لە جەستەی دەتکێت و ماڵ ئاوایکرد وزیاتریش چۆڵی دەکات. ئیتر پرۆژەکەش تەواو دەبێت، واتە هەرێمی کوردستان وەک” دامودەزگای هەرێم” نامینێت، کە لەڕاستیدا دوو دەوڵەت بوو بە سنوری زۆر ڕۆشن وپتەوی ” دێگەڵ” ەوە کە لەساڵی ١٩٩٨وە تا ئێستا نە یەکێتی و نە پارتی نەیانتوانیوە بیبەزێنن. سنوری هیچ وڵاتێکی ناوچەکە هێندە بەهێز نەبووە. دوو سەرۆک یان دوو مەلیکمان هەیە، کاک مەسعود و کاک باڤڵ، ئەوانیتر سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و ئەم هەموو وەزیرە، هەمووی زیادەیە و پارە خواردنێکی مفتە بۆ زیاتر بەتاڵکردنی گیرفانی کرێکاران ومامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردستان. ئەزمونی ٣٦ ساڵی دەسەڵاتی دوو هێزی سەرمایە و ٢٣ساڵی ئەزمونی هەرێم، کە زیاتر لە ١٨ موچەی تیادا نەدراوە، لەدژی ناڕەزایەتی خەلك ئەشکەنجە و تێهەڵدان وکوشتن پایدەکراوە، ئەوە دەسەلمێنن هەرێم، هەرێمی سەرمایەدارانی کوردستان و دەرەوەی بووە نەک لە ٨٠٪ی دانیشتوانەکەی. ئەوە ئەزمونەکەمانە.
ڕووداوەکەی دوێنی ٤ی مانگ بەناو پەرلەمانییە و ململانێکە لەوێدا ڕوویداوە، بەڵام ئەم کێشەو ململانێ و شەڕەی نێوان یەکێتی و پارتی هەرگیز یاسایی وپەرلەمانی نەبووە. پەرلەمان ئەمڕۆ لە دونیادا وە لە پێشەوە لە لانکەی لە دیکبوونیدا: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمریکا… بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت نوێنەرایەتی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بکات بەڵکو؛ بۆرسەیە ولەوێدا پشکی کۆمپانیەکان بەپێی بازاڕ و بە پرنسیبی خواست و خستنەڕوو- العرض والطلب-کار دەکات. پەرلەمان کۆمپانیایە وکۆمپانیاش خاوەنەکەی سەرمایەدارە، ناتوانیت لەوێ ئەندام بیت و بەقازانجی برسی و کۆیلەکان، بەقازانجی کرێکاران و مامۆستایان، کاربکەیت، ئەوە خەیاڵی رۆشنبیرێکی بەرێزە کە ئەمرۆ ژمارەیان زۆرە، بەڵکو لەم کۆمپانیایەدا پشکەکان لە ململانێدان وەک ڕکابەرێتی نێوان سەرمایەداران لە پێناو قازانجی زیاتر. بۆنمونە لە کۆنگرێسی ئەمریکی بەفەرمی لۆبی کۆمپانیا گەورە و گرووپەکانی بەرژەوەندی هەیە (Corporate Lobbying and Interest Groups)ئەم کۆمپانیانە لەوێ لۆبیان هەیە و بەپێی ڕاپۆرت و داتاکانی OpenSecrets – 2024 Data Highlights خەرجی لۆبی فیدراڵی تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە ٤.٤ ملیار دۆلار، کۆی خەرجییەکان لە ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤ نزیکەی ٣٧ ملیار دۆلار بووە. واتە لەماوەی ٩ ساڵدا ٣٧ملیار دۆلار بەرتیل دراوە بە ئەندامان و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و دەرمانسازی و چەکو بەرگری و تەکنۆلۆژیا و بانک و دارایی. ئەمە پەرلەمانە و ئەوەی کوردستان بێگومان وەک ئەوە وایە و جیاوازییەکەی ئەوەیە لێرە ڕاستەوخۆ حزبەکان ماڵیان ئاوابێت کارەکەیان ئاسانکردوە، هەم دەسەڵاتدارو هەم سەرمایەدار کە بەڕاستی نمونەی سەرکەوتووی ئەمڕۆی بەڕێوەبردنی سەرمایەیە لە دونیادا. جا بۆیە ئەم دوو ڕۆژەی پێشوو نرخی کورسیەکانی پەرلەمان زۆر بەرزبوبوەوەو ڕیکۆردی شکاند. ئەوەی دوێنێ ڕوویدا هەرئەوەیە و ناتوانێت سنوری دێگەڵە ببەزێنێت، بەڵام ئاڵوگۆرەکان باقازانجی مانەوەی ئەو هەرێمەی ئێستا نییە، بەتایبەت کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نامێنن.
٥ی نۆڤەمبەر٢٠٢٦
