20

عەزیز ڕەئووف

خەڵکی کوردستان شایەنی ئەو بێحورمەتییە نیە. نیشتیمان ئەو خاکەیە کە ئێسک و پرسوکی باو باپیرانمانی لەژێرایە و هەزاران ساڵە هەر نیشتیمانی ئێمە بووە. ئیستا بەبەرچاوی هەموومانەوە، بەبەرچاوی خەڵک و ئازادیخوازان و بەبەرچاوی دایکی شەهیدان و بەبەرچاوی کوی کوردان لە چوار پارچە و لەسەرتاسەری دینا، بەدەست دوو بنەماڵەوە بۆ ئارەزووی پۆست و کورسی بە نویژی نیوەڕۆ هەلاهەلای دەکەن.
خەڵکی کوردستان چی دەویست جگە لە نانێکی بەحورمەت و ماڵێکی ئارام و دنیایەکی پڕ لە کەرامەت بۆ خۆیان و منداڵەکانیان. خەڵکی ئاشتیخوازی کوردستان چیان دەویست جگە لە ئەزموونێک، سەرزەمینێکی ئارام کە هەناسەیەکی ئازادی بدات، کەچی ئیستا چەند منداڵەورتکەیەکی بەناو شۆڕشگێڕەکان و منداڵەکانیان هەموو دەستمان لەسەر دڵمانە کە ئەم دۆخە بەرەو کوێ دەڕوات و لە چ قەیرانێکەوە دەمانگوازنەوە قەیرانێکی تر و لە برینێکەوە برینێکی تر لەجەستەی نیشتیمان و لە دڵی هەموواندا دروست دەکەن.
خەڵکی کوردستان بە هەموو قەیرانەکان هەر لە چاوەڕوانی دنیایەکی باشتردابوون، هەر دەیانویست دەست بە سەقفی ئەم ئەزمونەوە بگرن و لانی کەم نەیاندەیست بڕوخێت و نەیاندەوست نیشتیمانێکی کەرتکەرت و بریندار ببینن. بەڵام ئیستا وا بە ئاسانی خەڵکی کوردستانتان کردووەتە بینەری ململانێ و زۆرانبازییەکی تەواو بێتام کە خەریکە ئەو وشکە کەڵەکەی کە بەخوێنی هەزاران شەهیدی ئەم نیشتیمانە دروستکراوە بیڕوخێنن و خۆشتان وەک بەرزەکی بابان وەک ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو خەڵک و خاکی کوردستان جێبهێڵن بۆ خەم و ئازار و برینێکی تر.
بەڕیشی کێ رەوایە دوو بنەماڵە بەم هەموو سەروەت و سامان و چاوسورکردنەوەیە ئینجا لە هەڵبژاردنە پڕ لە تەزویرەکاندا لەسەدا ٣٠ دەنگی خەڵک نەهێنن و لەسەدا حەفتای خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی و دەستەوەستانیدا جێبێڵن و ئیستاش بەوپەڕی ڕووقایمییەوە میدیاکان پڕ دەکەن لە دەنگەدەنگی سەردەمی شەڕی ناوخۆ و ئاسایش و ئارامی ماڵ و کۆڵان و ژوری نوستنی منداڵەکانیش تێک دەدەن.
بەڵام دڵنیابن نیشتیمان هی خەڵکی کوردستانە و خۆتان و میدیاکانتان، خۆتان و ئۆپۆزسیۆنە ساختەکانتان، خۆتان و ڕۆشنبیر و میدیاکار و پارلەمانتارە بە پارە کڕدراوەکانتان لەوە بچوکترن بتوانن بێئومێدمان بکەن و لەوە کۆڵەوارترن بتوانن لە خاک و ئاو و خەونی ئازادی و دنیاییەکی باشتر بۆ خۆمان و منداڵەکانمان بێبەشمان بکەن.
