بەهار مونزیر: 
بۆ دوو هەفتە زیاترە دەمەوێت سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە جیهانی لەمڕۆدا زانیاری نوێ بخوێنمەوە، سیڕچ بکەم و ئێوەش ئاشناتر بکەم بەم کێشە جیهانە، زۆر دەبینن چەندین کێشەی ئەمرۆی جیهان جیگای سەرنچ و تیشکخستنە سەرە، هەر لە تەکنۆلۆژیای نوێ، ئەی ئای، زانستی پزیشکی، نەخۆشیەکان، ژینگە، بۆمی ئەتۆمی، ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران، خەتەرەکان، ئاژەڵدۆستی، ڕووکخۆری، زۆربوونی کێشی مرۆڤەکان، خەڵاتە جیهانیەکان،براوەی وەرزشی فوتباڵ و زۆر بابەتەکانی دیکە کە ڕۆژانە باسدەکرین و خەیاڵ و مێشکامان داگیردەکات.
ئەو کێشە جیهانیە نەبێت کە دێت و تێدەپەرێت زۆر نەبۆتە جیگای سەرنج و کارکردنی زۆر و ڕێشەی لەسەری ئەویش کوشتنی ژنانە، هەتا لە هەواڵە جیهانیەکانیشدا زۆر باسەکەی جیگای تێڕامان نیە بەتایبەتی ئەم کوشتنەی پێدەووتریت ( فێمیساید) واتە ژن کوشتن.
فیمیساید لە هەموو قاڕەکان هەیە، بەڵام شێوازەکەی و ناوەکەی و ئەو وەڵامەی دەوڵەتەکان دەیدەنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. ڕاپۆرتی UN Women و UNODC دەڵێت فیمیساید لە هەموو ناوچەکاندا تۆمار کراوە. لە بەشەکانی خوارەوە، قاڕەکان بە پێی ئەو داتایەی لەبەردەستە دەیخەینە ڕوو.
ئەفریقا: زۆرترین ژمارە، لاوازترین داتا
ئەفریقا بە ٢٢,٦٠٠ قوربانی لە ساڵی ٢٠٢٤دا زۆرترین ژمارەی فیمیسایدی لەلایەن هاوسەر و خێزانەوە تۆمار کردووە، و بەرزترین ڕێژەشی هەیە: ٣ قوربانی بۆ هەر ١٠٠ هەزار ژن و کچ. بەڵام ڕاپۆرتەکە دان بەوەدا دەنێت کە ئەم ژمارەیە بە پلەیەک لە نادڵنیایی لەگەڵ دایە، بەهۆی کەمیی ئەو داتایەی لە ناوچەکەدا لەبەردەستە. واتە ئەگەر ئەفریقا لە لووتکەی لیستەکەدایە، ڕەنگە ڕاستییەکە لەوەش گەورەتر بێت، لە زمانی نەرویچیدا بە ئاماری نادیار دەوتریت ( مۆرکە تاڵ) یانی ژمارەی رەش یاخود ئاماری ڕەش.
ئاسیا: ژمارەیەکی گەورە و داتایەکی نایەکسان
لانیکەم ١٧,٤٠٠ ژن و کچ لە ئاسیا لە ٢٠٢٤دا بەدەستی هاوسەر یان ئەندامێکی خێزان کوژراون. ئاسیا دوای ئەفریقا دێت، و لەبەر ئەوەی قاڕەیەکی زۆر گەورەیە و ڕەوشی وڵاتانی جیاوازە، هیچ وێنەیەکی ڕوونی نیە. لە ڕاپۆرتەکەدا، مەنگۆلیا و فیجی نموونەی ئەو وڵاتانەن کە بە بەکارهێنانی چوارچێوەی ئامارییی UNODC و UN Women توانیویانە هۆکاری ڕەگەزیی کوشتنەکان باشتر دیاری بکەن و داتای وردتر کۆبکەنەوە. ئەمە نیشان دەدات کە چارەسەر لە یەکەم هەنگاوەوە دەست پێ دەکات: ناوهێنانی ڕاستەقینەی تاوانەکە وەك خۆی..
ئەمریکای لاتین: ناونانی تاوان و پاڵنانی دەوڵەت
ئەمریکای لاتین بەو قاڕەیە دەناسرێت کە فیمیسایدی کردووەتە بابەتێکی سیاسی و یاسایی. ئەو ناوەی کە بزووتنەوەی «Ni Una Menos» (با یەك ژنیش نەکوژرێت ) دایناوە، ئەوەی ڕوون کردەوە کە ژن لەبەر ئەوەی ژنە دەکوژرێت و ئەم تاوانە ناوێکی هەیە، ئەم بزووتنەوەیە فیمیسایدی خستە سەر ئەجێندای دەوڵەتەکانی ناوچەکە. ئەنجامەکەی لە یاساکاندا دیارە: ٢٠ وڵات لە ئەمریکای لاتین تاوانی فێمینیساید (feminicide) یان کوشتنی ژنان لەسەر بنەمای ڕەگەز یان خستووەتە ناو سیستەمی یاساییانەوە.
لە ڕووی ژمارەوە، دوایین ڕاپۆرتی ECLAC دەڵێت لانیکەم ٣,٨٢٨ ژن لە ٢٠٢٤دا لەم ناوچەیەدا کوژراون، واتە نزیکەی ١١ ژن ڕۆژانە، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٩,٢٥٤ ژن. لە ١٧ وڵاتی ئەمریکای لاتین کە داتایان هەبووە، ١٢ وڵات ڕێژەیان یەک قوربانی یان زیاتر بووە بۆ هەر ١٠٠ هەزار ژن. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، هۆندوراس بە ٧.٢ بۆ هەر ١٠٠ هەزار ژن بەرزترین ڕێژەی هەبوو، لە دوای ئەوەوە کۆماری دۆمینیکان (٢.٤) و بەرازیل (١.٤).
لە ئەرجەنتین، تۆماری دادگای باڵا ٢٠٠ فیمیسایدی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ڕاگەیاند، لە کاتێکدا ناوەندی چاودێریی نوێنەری گشتی (Ombudsman) ئەم رێژەیەی تۆمار کردوە.
ئەوروپا: ژمارەیەکی کەمتر، بەڵام هەمان ڕەیشە:
ئەوروپا لە ٢٠٢٤دا ٢,١٠٠ قوربانی هەبووە. ژمارەکە لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکاکان کەمترە، بەڵام ئەمە نابێتە مانای ئەوەی کێشەکە نەماوە. ڕاپۆرتی UN Women دەڵێت هەندێک ناوچە لە کەمکردنەوەی ئەم کوشتنانەدا بە درێژایی کات پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئاستی گشتیی جیهانی هێشتا بەرزە.
ئوسترالیا، نیوزیلەندا و دوورگەکانی ئۆقیانووسی هێمن: ژمارەیەکی بچووک، ڕێژەیەکی بەرز
لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئوسترالیا و نیوزیلەندا لەگەڵ دوورگەکانی ئۆقیانووسی هێمن (Pacific) وەک یەک ناوچە دەژمێردرێن، کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Oceania. لە ٢٠٢٤دا ٣٠٠ قوربانی لەم ناوچەیەدا تۆمار کراوە، کە کەمترین ژمارەی هەموو ناوچەکانە. بەڵام ئەگەر ژمارەکە لەگەڵ قەبارەی دانیشتووان بەراورد بکەین، وێنەکە دەگۆڕێت: ڕێژەی ئەم ناوچەیە ١.٤ بۆ هەر ١٠٠ هەزار ژن و کچە، واتە دووبەرابەری ئاسیا (٠.٧) و نزیکەی سێ بەرابەری ئەوروپا (٠.٥)، و تەنها ئەفریقا (٣) و ئەمریکاکان (١.٥) لە سەرووی ئەوەوەن.
هەروەها لەم ناوچەیەدا زۆربەی ژنانی کوژراو بەدەستی نزیکترین کەسەکانیان کوژراون: ٧٤٪ی هەموو ئەو ژن و کچانەی بە مەبەست کوژراون بەدەستی هاوسەر یان ئەندامانی خێزان بوون، کە لە ئەفریقا (٦٧٪) و ئاستی جیهانیش (٦٠٪) بەرزترە. واتە لەم ناوچەیەدا ماڵەوە زیاتر لە هەر شوێنێکی تر مەترسیدارە.
لە ناو ناوچەکەدا جیاوازییەکی گەورە هەیە. بەپێی ڕاپۆرتێکی UN Women، لە ماوەی ژیانی ژنانی تەمەن ١٥ بۆ ٤٩ ساڵدا، ڕێژەی ئەو ژنانەی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی لەلایەن هاوسەرەوە بینیوە لە میلانیزیا (Melanesia) ٥١٪، میکرۆنیزیا (Micronesia) ٤١٪، پۆلینیزیا (Polynesia) ٣٩٪ و لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا ٢٣٪ە. واتە کێشەکە لە دوورگەکانی هێمن (Pacific islands) زۆر قووڵترە.
لێکۆڵینەوەکان هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ژنانی خۆجێیی هەموومان زیاتر وەك ئەوبەرجینەکان دەیانناسین کە مرۆڤە سەرتایەکانی ئوستورالیان (indigenous women) لە ئوسترالیا بە شێوەیەکی نایەکسان کاریگەریان لێ دەکەوێت. لە نیوزیلەندا، دەستەی چاودێری بۆ مردنی خێزانیی ٣٢٠ حاڵەتی مردنی تایبەت بە توندوتیژی خێزانیی لە نێوان ٢٠٠٩ و ٢٠٢٠ شیکردەوە، و دەرکەوت ٥٦٪ی قوربانییەکان ژن و کچ بوون.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کوشتنی «ناموسی» وەک ڕووخسارێکی تایبەت
لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو ئەو هۆکارانەی لە جیهاندا هەن بوونیان هەیە، بەڵام لەگەڵیاندا شێوازێک هەیە کە بە کوشتنی «ناموسی» (honour killing) ناسراوە: کوشتنی ژنێک لەلایەن خێزانەکەیەوە لەبەر ئەوەی بە پێچەوانەی ڕێساکۆمەڵایەتییەکان ڕەفتاری کردووە. ئەم کوشتنانە زۆرجار بەدەستی نزیکترین خزمانی ژنەکە ئەنجام دەدرێن.
لە عێراقدا، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) بە بەردەوامی کوشتنی «ناموسی»ی وەک یەکێک لە توندترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق باس کردووە. ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەوروپی بۆ پەناهەندەیی (EUAA) دەڵێت ئەم کوشتنانە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان هەن و لە ناوچەی محافزکارن، لادێیی یان هەژارن زیاتر ڕوودەدەن. هەروەها ئەو ڕاپۆرتە دەڵێت هەندێک لەو کوشتنانە وەک خۆکوشتن تۆمار دەکرێن بۆ ئەوەی تاوانەکە بشاردرێتەوە و لە لێپرسینەوەی یاسایی ڕزگار ببن.
ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان گرنگن بەڵام ئایا کاریگەری دروستدەکەن بۆ باشکردنی ئەم ڕەوشە خراپەی ژنان تێدا دەژین و دەکوژرێن؟ ئایا ئەو ڕاپۆرتە سێبەرانەی کە خۆمان وەك ڕیکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ ئامادەیان دەکەین لەلایەن نەتەوە گرتوەکانەوە چ کاریگەری دروست دەکەن؟ بەپێ ڕاپۆرتەکانی خۆمان بێت لەناوخۆ خۆمان هەفتانە بەر ئەم تاوانە گەورانە دەکەوین، لە میدیاکان بەتایبەتی وەك هەواڵ لە هەندێ کاتدا هەست دەکەیت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی میدیای دادەنرێت و دواتر هیچ بەدواداچوونێك نابینینەوە، نابینن گرنگ بێت چی لەو تاوانە دەکرێت و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەناو پرسەکەشدا دەبینین خێزانی کچە کوژراوەکە هەر چاوەڕیی تیپەرىوونی ئەو دوو سێ رؤژەن هەتا کەس باسی کچەکەیان نەکات و فۆکەس لەسەر تاوانەکە لابچێت.
هەموو ئامارە جیهانیەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە ئەڵتەرناتیڤیکی دیکە بۆ ژنان گونجاوە ئەم ژیانەی لە ناو سیستمی نێرسالاری و سەرمایەداریدا کە ژنان دەکاتە کاڵآ ژیانێكی ئینسانی نیە کە ژن تێدا پێگەی بەهێز بێت هەتا لەبەر ژن بوون نەکوژرێت. من هەوڵمدا بە کورتی ئەم بابەتە ئامادە بکەم هەتا ئەوەی هەموو کەس بزانێت کوشتنی ژنان هۆکاری سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی کوشتنە بە ناوی و پاساوی شەرەف، لە زۆر گفتوگۆ و کۆبوونەوەدا سەرزەنشتمان دەکەن و دەڵین پیاویش دەکوژرێت خۆ هەر ناکوژرێت بەڵام بەو هۆکارانەی باسمان کرد پیاو ناکوژڕیت ئەگەریش هەبێت بە ڕێژەیەکی ئیجار کەم پیاوان لەبەر پەیوەندی خۆشەیستی دەکوژرێن، یاخود کەمتر پیاوان لەلایەن هاوسەری پێشوو یاخود خۆشەویستیانەوە دەکوژرین. واتە بەپێ ئەو سەرچاوەی خوارەوە ژنان شەش ئەوندەی پیاوان بەدەستی کەسوکاریان یان هاوسەریان کوژراون. یەکێك لەسەرچاوە گرنگەکان بۆ من ڕاپۆرتێكی ناوخۆیە کە خۆمان بۆ نەتەوە یەکگرتوەکانمان نارد، بەڵام بێ ئومێد لەوەی بتوانن فشار دروست بکەن نەك لەبەر ئەوەی ناتوانن بەڵکو دیارە لای ئەوانێش ئەم وڵاتانەی ئێمە و زۆری توندوتیژی لایان ئاسایی بێت، ئەگەر وا نیە کوا گرنگیدان بەم پرسە کە تیشك بخرێتە سەری نەك تەنها کۆبونەوە و ڕاسپاردە. ئەم پرسە ئینسانیە کاری ئینسانی و پاڵپشتی فراوانی ناوخۆیی و جیهانی دەوێت هەتا ئەوەی ژنان لە ژیانێکی شایستە و پارێزراودا بژین نەك لەدایك بوون و مەرگ چەند سالێكی نێوان بێت!
سەرچاوەکان
• UNODC و UN Women، «Femicides in 2024: Global estimates of intimate partner/family member femicides» (نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)
• ECLAC، بوڵتەنی ژمارە ٤ی توندوتیژیی فیمیسایدی لە ئەمریکای لاتین و کاریبی (نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)
• EUAA، ڕاپۆرتی زانیاریی وڵاتی بنەڕەت: عێراق، توندوتیژی دژی ژنان
• Global Voices، «From Ciudad Juárez to Latin America: The legacy of Ni Una Menos» (حوزەیرانی ٢٠٢٦)
