Home بیروڕا«ئەی ڕەقیب» بە خێرایی ٨٠ کیلۆمەتر، ئازادی و دادپەروەری بە چ خێراییەک؟

«ئەی ڕەقیب» بە خێرایی ٨٠ کیلۆمەتر، ئازادی و دادپەروەری بە چ خێراییەک؟

کوردایەتی بە سروود و جەمدانە ناپێورێت

by admin
0 کۆمێنتەکان 13 بینینەکان

نووسینی هێمن عەلی:   
ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگەی کۆڕێ–شەقڵاوە–قەندیلی کردەوە و بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەسەر ڕێگەکەدا ڕۆیشت. ئەم کابینەیە زیاتر لە دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان هێشتا لە دەسەڵاتدایە، چونکە کابینەی دەیەم تا ئێستا پێکنەهاتووە. بە پێی ئەو ڤیدیۆیەی «ئاڤا میدیا» بڵاوی کردەوە، بارزانی لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لە بەشێکی ڕێگەکەدا، ئەگەر شۆفێر بە خێرایی ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات، گوێی لە سروودی نیشتمانیی «ئەی ڕەقیب» دەبێت.
ئەم هەواڵە پرسیارێکی گرنگی لەلام دروست کرد: ئایا کوردایەتی بە ئاڵا، سروود، جەمدانە، جلی کوردی و وێنەی سەرکردەکان دەپێورێت، یان بەو بەهایانەی کە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرگرییان لێ دەکات؟
من ڕێز لە ئاڵای کوردستان، سروودی «ئەی ڕەقیب»، جەمدانە و جلی کوردی دەگرم. ئەمانە بەشێکن لە مێژوو، کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەکەمان. نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، زمان و هێما نەتەوەییەکانی کورد قەدەغە و سەرکوت کراون. بۆیە پاراستنیان گرنگە.
بەڵام پاراستنی هێماکان شتێکە و کردنیان بە پێوانەی کوردایەتی شتێکی ترە.
بۆ من، کوردایەتی بە کردار دەپێورێت، نەک بە جلوبەرگ، دروشم و سەرکردەپەرستی.
کوردایەتی بەوە ناپێورێت کە چەند جار جەمدانەت لە مل پێچاوە، چەند ئاڵات هەڵکردووە یان چەند جار «ئەی ڕەقیب»ت گوتووە. هەروەها بە تەسبیح بەدەستەوە گرتن، دارە جگەرە لە دەستدا و قسەکردنی گەرم لەسەر نیشتمان لە قاوەخانەکاندا ناپێورێت، ئەگەر ئەو قسانە نەبنە کردار.
مرۆڤ دەتوانێت جلی کوردی لەبەر بکات، جەمدانە لە ملی بێت و ئاڵای کوردستان هەڵبگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێز لە ئازادی و مافی کەسانی تر نەگرێت. لە بەرامبەردا، کەسێکی تر دەتوانێت هیچ کام لەو هێمایانە بەکار نەهێنێت، بەڵام بە کردار خزمەتی کۆمەڵگە و نیشتمانەکەی بکات.
کوردایەتی لە بیروباوەڕی مندا بریتییە لە مرۆڤدۆستی، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان.
نیشتمان موڵکی هیچ حزبێک، بنەماڵەیەک یان سەرکردەیەک نییە. کوردستان هی هەموو هاووڵاتییانە، جا هاوڕای دەسەڵات بن یان ڕەخنەگر، باوەڕدار بن یان بێباوەڕ. هیچ سەرکردەیەک نابێت لەسەرووی یاسا بێت و هیچ حزبێکیش نابێت خۆی بە تاکە نوێنەری کوردایەتی بزانێت. کوردبوون پێویستی بە مۆڵەت و بڕوانامەی هیچ حزبێک نییە.
ئەگەر شەقامەکانمان پڕ بن لە ئاڵای کوردستان، بەڵام هاووڵاتییەکانمان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش بن، ئەوا دەبێت جارێکی تر لە مانای نیشتمانپەروەری بیر بکەینەوە.
ئەگەر لە هەموو شەقامێکدا «ئەی ڕەقیب» ببیسترێت، بەڵام گەنجانمان بەهۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتەوە ناچار بن کۆچ بکەن، ئەوا سروودەکە بە تەنها چارەسەری ئەو کێشانە ناکات.
ئەگەر وێنەی سەرکردەکان لە هەموو شوێنێکدا هەڵواسرابێت، بەڵام هاووڵاتی نەتوانێت بە ئازادی ڕەخنە لە هەمان سەرکردانە بگرێت، ئەوا دەبێت بپرسین: ئازادی و دیموکراسی لە کوێی ئەم نیشتمانەدان؟
دروستکردنی ڕێگەوبان و پەرەپێدانی ژێرخان کارێکی پێویستە، بەڵام ئەمە ئەرکی حکومەتە، نەک منەت. حکومەت دەبێت بە خزمەتگوزاری، شەفافیەت، لێپرسینەوە و پاراستنی مافی هاووڵاتییان هەڵبسەنگێنرێت، نەک بە ژمارەی ئاڵا و سروودەکانی.
من ئەو کوردستانەم دەوێت کە تێیدا مامۆستا مووچەکەی لە کاتی خۆیدا وەربگرێت، کرێکار مافی خۆی هەبێت، گەنجان دەرفەتی کاریان هەبێت، نەخۆشان چارەسەری شایستە وەربگرن، ژنان مافی یەکسانیان هەبێت و ڕۆژنامەنووسان بتوانن بەبێ ترس ڕاستی بنووسن.
خۆشەویستیی نیشتمان مانای بێدەنگبوون لەبەرامبەر هەڵەکانی دەسەڵات نییە. بە پێچەوانەوە، ڕەخنەی بەرپرسانە و داواکردنی چاکسازی دەتوانن نیشانەی خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بن بۆ نیشتمان.
من ئەو کوردستانەم دەوێت کە تێیدا مرۆڤ لە وێنەی سەرکردەکان گرنگتر بێت، ئازادی لە دروشم بەنرختر بێت و دادپەروەری لە پروپاگەندەی سیاسی پێشتر بێت.
لە کۆتاییدا، دەگەڕێمەوە سەر هەمان ڕێگە و هەمان سروود.
سروودێک کە بە خێرایی ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبیسترێت، دەتوانێت چەند خولەکێک هەستی نیشتمانپەروەری بجوڵێنێت. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئازادی و دادپەروەری کەی دەگەنە ژیانی هاووڵاتییان؟ ئەو ڕۆژەی هیچ گەنجێکی کورد ناچار نەبێت بۆ ژیانێکی باشتر نیشتمانەکەی جێبهێڵێت، «ئەی ڕەقیب» تەنها لەسەر ڕێگەیەک نابیسترێت، بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا دەژی.
کوردایەتی مرۆڤدۆستییە، نەک سەرکردەپەرستی.
کوردایەتی ئازادییە، نەک ملکەچبوون.
کوردایەتی دادپەروەرییە، نەک دروشم و نمایش.
نیشتمان بۆ مرۆڤەکانە، نەک مرۆڤەکان بۆ سەرکردەکان.

سەرچاوە: ڤیدیۆی «ئاڤا میدیا» لەسەر کردنەوەی ڕێگەی کۆڕێ–شەقڵاوە–قەندیل:
https://www.facebook.com/share/r/1GYuD9yuVU/

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە