جەمال موحسین: 
دوێنێ مام عوسمان باوکی سەردەشت، ماڵئاوایی لە ژیان و هەموومان کرد. دڵنیام بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بۆ کوژرانی ڕۆڵەکەی و دادپەروەرییەک کە ئاواتی بوو لەو کەیسەدا بیبینێ، سەری نایەوە. دڵنیام بە دڵێکی پڕ لە نەفرەت و قینەوە لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتی-میلیشیایی کوردایەتیەوە، سەری نایەوە. ئەوێک کە سەری بۆ بکوژانی چنگ سووری کوڕەکەی دانەنەواند و هەتا ئامادە بوو “کوڕەکانی تری بنێژێ و چۆک بۆ دەسەڵاتی بکوژی کوڕەکەی دانەدا” و سەردانەنەوێنێ، وانەیەک لە ڕاوەستان و خۆڕاگری نیشانی هەمووان دا. وانەیەک بۆ قوربانیانی هاوشێوەی خۆی و خێزانی، بۆ تەواوی ئەوانەی چ بە ڕاستەوخۆ دەسەڵات بۆتە مایەی کوژرانی کوڕ و کچیان و چ بە ناڕاستەوخۆ بەهۆی سەپاندنی برسێتی و نەهامەتی و هەژاریەوە، مناڵیانی خستۆتە باوەشی مەرگەوە. وانەیەک بۆ دەسەڵاتی مناڵکوژی کوردایەتی کە ناتوانن تا سەر بە پارە و پولی دزراوی خەڵک، کەسوکاری قوربانیانی دەستی دەسەڵاتەکەیان بکڕن.
مام عوسمان نیشانی دا کە ئەو دەسەڵاتە ڕوویەکی نەماوەتەوە بۆ سپیکردنەوە و هەلێکی نەماوە بۆ لێخۆشبوون؛ تاکە چارەنووسێک بۆ ئەو دەسەڵاتە ڕاماڵین و نەمانە.
کوڕان و کچانی مام عوسمان و دایە سێوە لەگەڵ ئێمە کەسوکاری شێخ عەبدول و هاوڕێکانی (ئومێد، هاوڕێ، کەریم، هاوکار)، لەگەڵ کەسوکاری هاوڕێیان شاپور و قابیل و نەزیر عومەر و تەواوی ئەو ئازادیخوازانەی بە دەستی ئەو دەسەڵاتە ژیانیان لێسەندراوەتەوە، تەواوی ئەوانەی کردوویاننەتە قوربانی مانەوەی دەسەڵاتە ملهوڕ و کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکەیان، یەک ناسۆری بێهەتوانمان هەیە تا ئێستا. دڵمان وەک یەک لێئەدات و خەونەکانمان وەک یەکە: خەونی نەمانی دەسەڵاتێک کە ٣٤ ساڵە ناوشارەکانی لێکردووین بە جەنگەڵ، بە زەلکاو، بە دۆزەخی ڕاستەقینە.
بە یەکخستنی ئەم خەمە و ئاواتەکانمان و دەستخستنە ناو دەستی یەک بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان زەماوەندی ڕاماڵینی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی کوردایەتی پێکەوە ئەگێڕین!
هەر لێرەوە هاوخەمیم بۆ هاوڕێیانم ئارام و بەشدار و سەرکەوت و کەمال و تەواوی خوشک و برایانی تر دەرئەبڕم و دڵم لەگەڵ دڵیاندایە.
ماڵئاوا مام عوسمان گیان
دروود بۆ خۆڕاگری و ڕاوەستاویت
١٠ ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٦
