Home بیروڕادوو پاسەوانی ئازادی لە ئامێزی گردعازەباندا

دوو پاسەوانی ئازادی لە ئامێزی گردعازەباندا

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

نیاز عەبدوڵا:   
وەک سەردەشت لە وەرزی بەهاردا نەچوو، ئەمجارە مام عوسمان لە پایزدا چووە گردعازەبان؛ لەوێشدا هەر پاسەوانی ئازادی دەبێت و بە گۆچانەکەیەوە لە تەنیشت سەردەشت ڕادەکشێت، لە ئامێزی خاکدا بە یەکەوە دەبنەوە بە دەنگ و ورە و خۆڕاگری بۆ ئازادیخوازان؛ تا ئەو کاتەی سەربەستی وەکو خۆرێک هەڵدێت و ئازادی وەک ڕەگی داربەڕوویەک لە خاکی ئەم نیشتیمانەدا ڕەگ دادەکوتێت.
مام عوسمان، باوکێک بوو ١٦ ساڵ شایەتی زیندووی تاوانی دەسەڵاتێکی ترسنۆکە بوو کە لە بەرامبەر وشە ڕاشکاوەکانی کوڕەکەیدا بەرگەی نەگرت و بە گوللە وەڵامیی دایەوە؛ ئەو دەسەڵاتەی لاوێکی لە بەردەم زانکۆکەیدا ڕفاند، لە کاتێکدا تەنیا ١٢ هەزار دینار و وێنەیەکی خۆی و سێوەی دایکی لە گیرفانی دابوو.
کێ فەرمانی دا؟ کێ سەردەشتی تیرۆر کرد؟ لەو پرسیارانەن ١٦ ساڵە دەسەڵات دەیەوێت لە خەڵکی کوردستانی بشارێتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (پەیامنێرانی بێسنوور، کۆمیتەی بەرگری کردن لە ڕۆژنامەنووسان، فری پرێس ئەنلیمیتد) بەڵگە و گومانە شێلگرەکان لەبارەی دەستتێوەردانی بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتی هەرێم لە تاوانەکەدا بەڕوونی خراونەتە ڕوو، بەڵام هێشتا هیچ دادگایەکی سەربەخۆ تاوانی تاوانبارانی یەکلایی نەکردووەتەوە؛ بەڵکوو بکوژەکانی سەردەشت لە سایەی ئازادییاندا، لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی دیکە دەسەڵاتیان فراوانتر بووە، لە ڕێگای سەرچاوە دارییە گەندەڵەکانیانەوە؛ ژمارەی پاسەوان، سەرباز، دەزگای رۆژنامەوانی، ڤێللا و زیندانە نهێنییەکانیان زیاتر کردووە.
کۆی نادادپەروەری و جیاوازییە چینایەتییەکان کە سەردەشت لە وتارەکانیدا باسی دەکرد و دەسەڵات بەرگەی وتنیانی نەگرت، دوای ساڵانێک ڕەگ و ڕیشەیان لە هەموو ئاستەکاندا قووڵتر بووەتەوە، خۆ «ئەگەر سەردەشت زاوای بارزانی بووایە» و لە ژیاندا بمابووایە، ئێستا لە پاڵ (مەنسوور بارزانی) کۆشک و ئەسپی عەرەبی و مەلەوانگە و مۆڵی لە ئەمریکا دەبوو، لەگەڵ کوڕانی بارزانی کۆشک و یاریگا و باڵەخانە هەوربڕەکانی لە تەنیشت موڵکی میر و پادشاکانی خەلیج دەبوو، لەگەڵ مام عوسمانی باوکیدا بە فڕۆکەی تایبەت گەشتی وڵاتانیان دەکرد؛ ئەو کاتیش هەر قیروسیا لە منداڵانی گەڕەکەکانی باداوە و ئازادی و کووران و سێبەردان، گرنگ ئەویش وەک نەوەی نەوەکانی بارزانی و زاواکانیان، هەر رۆژە و لە پایتەختێک دەبوو و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان ستایش دەکرا.
سەردەشت کە بەخوێنی خۆی مانیفیستۆی دادپەروەری نووسییەوە، نووسین و پەیامەکانی هەموو ڕۆژێک لەبەرامبەر ستەمکاری و نادادپەروەییدا لەدایک دەبێتەوە، بۆیە مام عوسمانیش دەبێتە سیمبولی خۆڕاگرییەک کە خەڵکی ئازادیخواز لە دوای ئەو دەستاودەست دۆسیەی سەردەشت دەگرنە ئەستۆ، تا ئەو ڕۆژەی بکوژانی کوڕەکەی لەبەردەم دادگایەکی دادپەروەردا سزا دەدرێن.
سەردەشت باش دەیزانی نادادپەروەری کراوەتە یاسا و ستەم بووە بە سیستەم، بۆیە «دادپەروەری و نەهێشتنی چینایەتی» بۆ ڕازاندنەوەی وتارەکانی بەکارنەدەهێنا، بەڵکوو دژ بەوە بوو مرۆڤ ببێت بە قوربانی بەرژەوەندی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و بچەوسێندرێتەوە، زۆرینەیەکش هەژار و کەمینەیەک بەدەوڵەمەندی بژین، دژی هەموو بتەکانی ناو دەسەڵات بوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو لە نووسینەکانیدا ئەو پیرۆزییە دروست کراوەی بتە سیاسییەکانی وردوخاش دەکرد؛ چونکە باش دەسەڵاتی دەناسی کە پایەکانی خۆی لەسەر بنەمای ترس و نایەکسانی بەهێز کردبوو، لەبەر ئەوەش بوو لەپێناو وتنی راستییەکی مێژووییدا، بەهێزتر و بەرزتر لە هەڕەشە و مەترسییەکان ڕاوەستا و نرخی دا بەو ئازادی و دادپەروەییەی بڕوای پێی بوو.
تێبینی:
*سوود لە بەشێکی وتاری “١٦ ساڵ سەردەشت عوسمان” وەرگیراوە.
*ئەم دەقە بۆ پەیامی ماڵئاوایی لە مام عوسمان نووسراوە

لێدوانێک بەجێ بهێلە