Home بیروڕاڕەوانی پاکی مام عـوسمان دەنێو ئاسوودەیی خودایی گەیشتەوە ڕەوانی پاکی سەردەشتی جوانەمەرگ

ڕەوانی پاکی مام عـوسمان دەنێو ئاسوودەیی خودایی گەیشتەوە ڕەوانی پاکی سەردەشتی جوانەمەرگ

by admin
0 کۆمێنتەکان 17 بینینەکان

کرمانج گوندیی:   
پاش ئەوەی سەردەشتی جوانەمەرگ لە ٤ مانگی مەی ٢٠١٠، لەلایەن گرووپی تێرۆری بنەماڵەی بارزانیی لە هەولێرێ ڕفێندرا و دوای ٢ ڕۆژان تەرمەکەی دیتراوە ـــ ڕووداوەکە وەك کارەساتێك و ستەمێکی تاریكی بنەماڵەی بارزانیی ویژدانی مرۆڤایەتیی لەسەر ئاستی کوردستانێ هەژاند و بووە سەردێری بەشێکی بەرچاوی میدیای جیهانێ، بنەماڵە بە هەمان نەریتی ترسنۆکیی خۆیان بێدرەنگ کەوتنە تۆمەتسازیی بۆ سەردەشت، و نکۆڵی کردن لەوەی کە ئەوان دەستیان لە تێرۆر کردنی وی هەبووبێ.
بێکەڕامەتیی بنەماڵەی بارزانیی لەوەدابوو کە لەسەر نووسینێکی زۆر زۆر سادە و ڕاستگۆیانە سەردەشتیان تێرۆر کردبوو ـــ نووسراوێك کە هەر وشەیێکی لایەنێکی گەوهەریی دۆخی نالەبار و شێواوی کۆمەڵگەی ئەو بەشەی کوردستانێی لە بندەستی ڕەشی بنەماڵە نیشان دەدا.
لە کاتەك بنەماڵە سێناریۆی نکۆڵیی کردنی یاری دەکرد، لە پشتی پەردە، لە ڕێگەی نەوزاد هادی، پارێزگاری ئەو دەمی هەولێرێ، پێوەندییان بە ڕەوانشاد مام عوسمان کردبوو بۆ ئەوەی “سوڵح” بکەن ـــ ئەویش لە ڕێگەی پارە دان بە خانەوادەی مام عوسمان ـــ پارەش پارەی دزراوی میللەت!
مام عوسمان ئەو داستانەی بۆ گێڕامەوە کە بە نەوزاد هادی کوتبوو وی داوای پەیدا کردنی کوژەرانی کوڕەکەی دەکا، و هەتا ئەو ڕۆژەی لە ژیانە واز لە مافی خۆی بۆ عەدالەت لەبارەی مەرگی کوڕەکەی ناهێنێ ـــ ئەگەر لەو دونیایەش عەدالەتی نەبینی، سکاڵای خۆی دەباتە کن خودا و داوای عەدالەتی خودایی دەکا. وەلێ، هەرگیز سوڵح لەسەر خینی بە غەدر ڕێژراوی سەردەشت ناکا. مام عوسمان بە ئارەزووی دیتنی دابین کردنی دادگەریی بۆ داگەیی کردنی کوژەرانی سەردەشت ـــ ئارەزووێك کە هەرگیز نەهاتەدی، لە ڕۆژی ٩ مانگی نۆڤێمبەرێ بە هەمان خەفەت ماڵئاویی لێکردین و ڕەوانی پاکی وی بەرەو هەواری سەردەشتی جوانەمەرگ گەڕاوە.
ـــ ڕەوانانی پاکی مام عوسمان و سەردەشتی جوانەمەرگ شاد. دروود بۆ گیانگەلی تەواوی ئەو ڕووحگەلە پاکژانەی کە بە دەستی ڕەشی بنەماڵە بە غەدر تێرۆر کران.

لێدوانێک بەجێ بهێلە