نووسینی: هێمن عەلی:
تازە یەک بگرن یان نەگرن، حکومەت پێک بهێنن یان نا، ئەو ڕێڕەوەی دەستی پێکردووە بە ئاسانی ناوەستێت. ئەوەی ئەمجارە ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی هەرێم بووەتەوە، تەنها بە ڕێککەوتنێکی حیزبی و دابەشکردنەوەی پۆست و کورسی چارەسەر نابێت.
پارتی و یەکێتی ساڵانێکە لەسەر دەسەڵات و سامان و پۆست ململانێ دەکەن، بەڵام ئێستا بە پەلە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بدۆزنەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هەست دەکەن بەڕەکە لەژێر پێیان دەردەهێنرێت و دەزانن ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم ڕوودەدات، دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر چارەنووسیان هەبێت.
ڕەشەباکە لە بەغداوە هەڵیکرد و وا زوو دانامرکێتەوە
کاتێک عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆتایی حوزەیراندا هەڵمەتی دژەگەندەڵیی لە بەغدا دەست پێکرد و داهاتی گشتی و سامانی بەرپرسانی سیاسی خرانە ژێر لێکۆڵینەوە، هەندێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم وایان زانی ئەو پرۆسەیە تەنها پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە. بەڵام ئەوە خەیاڵێکی خاو بوو. ئەگەر لێپرسینەوە و پشکنینی دارایی بە جدی بەردەوام بن، سنووری حیزب و ناوچە ناناسن.
ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە ڕۆڵی لە مانەوە و بەردەوامیی ئەزموونی کوردستاندا هەبوو، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم بوو، کە دەستکەوتێکی نەتەوەییە، نەک بۆ ئەوەی چەند بنەماڵەیەک دەسەڵاتی خۆیان هەتاهەتایی بکەن. هەرگیزیش مۆڵەتێکی بێکۆتایی نەبووە بۆ گەندەڵی، تاڵانکردنی سامان و دەستدرێژی بۆ سەر ماف و داهاتی گشتیی خەڵک.
لە جورف سەخرەوە تا کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان
ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە جورف سەخر، لە پارێزگای بابل، ڕوودەدات، تەنها لێکۆڵینەوەیەک نییە لە قاچاخی نەوت. ئەو ناوچەیە نزیکەی دوازدە ساڵ لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندا بوو و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا تێیدا باڵادەست بوون. حکومەتی عێراق فەرمانی دا سوپا بچێتە ناوی و ماوەیەکی بۆ کەتیبەکان دیاری کرد تا ناوچەکە چۆڵ بکەن. دواتر بە ڕێککەوتنێک، هێزێکی هاوبەش لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا جێگیر کرا. گوتەبێژی حکومەتیش ڕایگەیاند کە لەوانەیە سوپا بچێتە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستانیش. سەرۆک وەزیرانی عێراقیش گوتی هیچ بەشێکی عێراق، «لە زاخۆوە تا بەسرە»، نابێتە پەناگەی قاچاخچییان.
بەڵام داواکارییەکانی بەغدا لە قاچاخ تێدەپەڕن. بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای کورد کە بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، بەغدا چەند پێشنیارێکی کردووە: سوپای عێراق لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم جێگیر بکرێت، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا بەڕێوە ببات، دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان بکرێتەوە، ئەو کێڵگە نەوتییانەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لەژێر دەستی هەرێمدا نەبوون بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵ، کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی نەوتی هەرێم بە تەنها بدرێتە دەست بەغدا. سەرکردە کوردەکان ئەم پێشنیارانەیان ڕەت کردووەتەوە، و حکومەتی عێراقیش بە فەرمی پشتڕاستی نەکردوونەتەوە.
ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، پرسیارەکە ئەوە نییە بەغدا چەند کێڵگە دەخاتە ژێر دەستی خۆی، بەڵکو ئەوەیە چەند دەسەڵاتی دەستووری بۆ هەرێم دەمێنێتەوە. بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستووری عێراق، دەبێت نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگە ئێستاییەکان بە هاوبەشیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتە هەرێمییەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەڕێوە ببرێت، نەک بە کۆنترۆڵی تاکلایەنەی بەغدا. بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی نەوت شتێکە و هەڵوەشاندنەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێم شتێکی ترە. مەترسییەکە ئەوەیە کە ململانێی حیزبی و لاوازیی ناوخۆیی ببێتە دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم، چونکە ماڵێکی دابەشبوو ناتوانێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات.
هەواڵی ناخۆش بۆ دەسەڵاتداران، هەواڵی خۆش بۆ خەڵک
هیچ دەسەڵاتێک هەتاهەتایی نییە. ئەوانەی ساڵانێکی زۆر بە ناوی کوردستانەوە دەسەڵاتیان بەکار هێناوە و سامان و داهاتی گشتییان کردووەتە ئامرازی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، دەبێت ڕۆژێک لەبەردەم یاسادا وەڵامی کردارەکانیان بدەنەوە. هەر کەسێک تاوانی گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر سامانی گشتیی سەلمێندرا، دەبێت بەپێی یاسا سزا بدرێت و ئەو سامانەی بە نایاسایی بەدەستی هێناوە بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
سامانی کوردستان موڵکی گەلە، نەک گیرفانی دەسەڵاتداران.
بەهۆی خۆبەزلزانین، ئەو هەموو لووتبەرزییە و ئەو باوەڕەی کە هیچ هێزێک ناتوانێت دەسەڵات لە دەستیان دەربهێنێت، هەریەکەیان بووەتە فیرعەونێک و حیسابی تاکە قۆندەرەیەکیش بۆ خەڵک ناکات. ئەم خۆبەزلزانینە هەروا بێباج نامێنێتەوە. بەڵام ئەو باجە نابێت خەڵکی هەژار و بێتاوان بدەن؛ دەبێت ئەوانە بەرپرسیارییەکەی هەڵبگرن کە ساڵانێک دەسەڵاتیان بەسەر سامان و داهاتی گشتیدا هەبووە.
لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران هیوایەکە بۆ ئەو فەرمانبەر و مامۆستا و خانەنشینانەی ساڵانێکە بە چاوەڕوانیی مووچەی خۆیانەوە مانگ بە مانگ دەژین؛ بۆ ئەو خێزانانەی لەژێر باری قەیرانی داراییدا دەناڵێنن؛ و بۆ ئەو گەنجانەی بەهۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی ژیان، ناچار بوون نیشتمانەکەیان بەجێ بهێڵن و لە تاراوگەدا بەدوای ئایندەیەکی باشتردا بگەڕێن.
هیچ گەلێک نابێت بە ئایندەی خۆی باجی گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی بدات.
هەواڵە ناخۆشترەکە
بەڵام هەواڵێکی ناخۆشتریش هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەم ململانێیە سیاسییە و فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەدا، قەوارەی هەرێمی کوردستانیش لەناو بچێت یان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لاواز بکرێت؛ وەک ئەو مەترسییەی ڕووبەڕووی قەوارەی کوردی لە ڕۆژاوا، واتە کوردستانی سووریا، بووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت لە ئەزموونی ڕۆژاوا وانە وەربگرن. ئەگەر ناکۆکیی حیزبی، بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و نەبوونی یەکڕیزی بەردەوام بن، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە هەرێمیش قوربانیی هەمان جۆرە هاوکێشە سیاسییەکان بێت.
ئەگەر قەوارەی هەرێم لەدەست بچێت، تاوانەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران، بەڵام زیانەکەی بەر هەموو گەل و نەوەکانی داهاتووش دەکەوێت؛ چونکە ئەم قەوارەیە بە خوێنی هەزاران شەهید و دەیان ساڵ خەبات بەدەست هاتووە.
کوردستان پێویستی بە سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی هەیە
ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆست و کورسی تەنها قەیرانەکە دوا دەخات، چونکە کێشەکە لە بنەمای سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمدایە؛ سیستەمێک کە بەرژەوەندیی حیزب و بنەماڵەی لە بەرژەوەندیی گشتی پێش خستووە، دامەزراوە حکومییەکانی کردووەتە ئامرازی پاراستنی دەسەڵات و متمانەی خەڵکیشی بە تەواوی لەدەست داوە.
چارەسەری ڕاستەقینە لە دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەرانەدایە؛ سیستەمێک کە تێیدا یاسا بەسەر هەموواندا زاڵ بێت، دامەزراوەکان سەربەخۆ بن، دارایی گشتی بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف بەڕێوە ببرێت و هەموو هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن.
کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک نییە
دەبێت جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان کۆتایی دەسەڵاتی زۆرداران و لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بکەین. یەکەمیان دەرفەتێکە بۆ دامەزراندنی دادپەروەری، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و گەڕاندنەوەی مافی خەڵک؛ بەڵام دووەمیان کارەساتێکی گەورەی نەتەوەیی و لەدەستدانی دەستکەوتێکی مێژووییە. هەر کە بیر لەو ڕۆژە دەکەمەوە کە قەوارەی هەرێم لەناو بچێت، گریانم دێت. هیچ کەسێکیش دڵی بەو ڕۆژە خۆش نابێت.
ئەگەر دەسەڵاتداران ناچار بە گۆڕانکاری بن، دەبێت ئەو گۆڕانکارییە لە پێناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافە نەتەوەییەکانی گەل بێت، نەک تەنها بۆ گۆڕینی چەند کەس و دابەشکردنەوەی کورسییەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆیان.
دەسەڵات دەگۆڕێت، بەڵام کوردستان دەبێت بمێنێتەوە.
هەواڵە خۆشەکە: دەسەڵاتی زۆرداران هەتاهەتایی نییە. هەواڵە ناخۆشەکە: لەوانەیە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو بچێت.
با ئەو باوەی کە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ ڕادەماڵێت، کوردستانیش لەگەڵ خۆی نەبات.
قەوارەی هەرێم لەبەردەم ڕووخاندا؟
تاوانی دەسەڵاتداران، باجی خەڵک
47
