Home بیروڕا٢٥ی نۆڤەمبەر: دەنگمان بخەینە پاڵ هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان

٢٥ی نۆڤەمبەر: دەنگمان بخەینە پاڵ هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان

by admin
0 کۆمێنتەکان 17 بینینەکان

دەشتی جەمال:     
بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، پێویستە بە دەنگێکی بەرز و یەکگرتوو دەنگمان بخەینە پاڵ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیەنراوەی کە لەلایەن تۆڕی ٨ی مارس و هاوپەیمانی ژنان لە سەراسەری کوردستان دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان بەڕێوە دەچێت. ئەم هەڵمەتە تەنها یادێکی ڕەمزی یان کۆمەڵێك ئامار و لێدوانی میدیایی و بەیاننامەی ڕۆتینی نییە، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ ئاشکراکردنی ڕیشەی سەرەکیی ئەو جەهەنەمە واقعیەی بەسەر ژیان و کەرامەتی ژناندا سەپێنراوە، بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتن و ناچارکردنی ژنان بە خۆکوژی، و بۆ ڕێزلێنان لە هەموو ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانیی ستەم و سەرکوت و بێمافی.
ژنان لە هەرێمی کوردستاندا دەیان ساڵە قوربانیی شێوازی جۆراوجۆری توندوتیژین، لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەم توندوتیژییانە بە شێوەیەکی بەرجەستەتر دەرکەوتوون و بێمافی و ژێردەستەییی ژنان بە قێزەونترین شێوە خۆی نیشان داوە. مامەڵەی نامرۆڤانە بەرامبەر بە ژنان چ لە ناو خێزان و چ لە کۆمەڵگادا بووەتە یەکێك لە سیما دیارەکانی واقیعی کوردستان. لە کاتێکدا دەسەڵاتداران بەبیانووی جۆراوجۆرەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، مێژووی حوکمڕانی و سیستەمی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کورد دەریدەخات کە ئەوان نەك هەر هەنگاوێکی ڕاستەقینەیان بۆ کۆتاییهێنان بەم مەینەتییە نەناوە، بەڵکو خۆیان هۆکاری بەردەوامبوون و قووڵتربوونەوەی ئەو توندوتیژییانەن لە ڕێگای دەمەزەردکردنەوەی یاسا دژە ژنەکان، پشتیوانی لە کۆنەپەرستی، نەپرسینەوەی عادلانە لە بکوژانی ژنان. و سزای یاسایی..تاد. هەر لە ساڵی ١٩٩١ ەوە دەسەڵاتی بنەماڵەیی لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ شارەکان شەپۆلی تیرۆری ژنانیان بە پاساوی ئەخلاق و پەیوەندی بە دەزگاکانی بەعسەوە دەست بۆبرد و دەیان ژنیان خەڵتانی خوێن کرد، لە کاتێکدا هەر ئەوکاتە لێخۆشبونیان بۆ تۆمەتبارانی سەرکوت و کریگرتەکانی بەعس و چاوساغەکانی وێرانکردنی کوردستان دەرکرد. لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتی کوشتارەدا کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەڕێیان خست، ئەو کات یەکێتیی ژنانی شۆڕشگێڕ و پاشان ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان هاوشان بە کۆمۆنیزم و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دیکەی ئەوکات بە توندی لە بەرامبەر تیرۆر و کوشتنی ژناندا ڕاوەستانەوە. بە درێژایی دەسەڵاتداریی ئەم حیزبانە، سەرەڕای هەوڵ و بانگەوازی ڕێکخراوەکان و داکۆکیکارانی مافی ژنان، دۆخی ژنان فەرامۆش کراوە، یاسای کارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەرنەکراوە، تاوانەکانی “نامووسی” و فرەژنی ڕەواجیان پێدراوە، و تەنانەت “کۆتا” وەک منەتێك بەکاردەهێنرێت لە کاتێکدا ناسنامەی ئینسانی و هاووڵاتیبوونی یەکسانی ژن پێشێل دەکرێت.
داتاکان و ئامارەکانی پەیوەست بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستانی عێراق بە درێژایی سێ دەیەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی، نیشاندەری کارەساتێکی بەردەوام و قووڵن. ڕاپۆرت و بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و داکۆکیکاران لەم بوارەدا ئاشکرایان کردووە کە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی حوکمڕانیدا بە هەزاران ژن و کچ لە کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر، کوژراون. لەوانە کوشتن و تیرۆر بە بیانووی “نامووسی” و خۆسووتاندن و لێدان یاخود خۆکوشتنی ناچاری لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی، خێزانی و ئابووریدا، بوونەتە قوربانی. لە زۆر حاڵەتدا دەسەڵات و دەزگا پەیوەندیدارەکان نەك هەر نەیانتوانیوە ڕێگری لەم تاوانانە بکەن و بکوژان بە سزای یاسایی بگەیەنن، بەڵکو بە لێبووردن، کەمکردنەوەی سزا، ریکخستنی دیوەخانی سوڵحی عەشایەری، تەماشانەکردنی کوشتنی ژنان بەوێنەی کوشتنی بە ئەنقەست، کەمتەرخەمی لە لێکۆڵینەوەکاندا یان مامەڵەی نایاسایی و پیاوسالارانە لەگەڵ کەیسەکاندا، کەشێکی وایان ڕەخساندووە کە بکوژان لە سزا دەرباز بن و کوشتن و خۆسووتاندن وەك دیاردەیەکی بەردەوام بمێنێتەوە. ئەم داتایانە ڕوونیدەکەنەوە کە توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی یان ڕووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، یاسایی و سیاسییە کە ژنانی بێبەش و بێپارێز کردووە.
ئەم دۆخە لە کوردستان و عێراق دابڕاو نییە لەو سیستەمە سەرمایەدارییەی کە لە سەراسەری جیهاندا ژیانی ژنانی ڕووبەڕووی چەوسانەوە و ستەم کردووەتەوە. ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، زۆرتر جەخت لەسەر ئامارەکان و “ئەرکی دەوڵەتان” دەکاتەوە، بەڵام لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا هیچ کونجێکی ئەم جیهانە بێبەری نییە لە توندوتیژی دژ بە ژنان. لە چەوسانەوەی بێوێنەی ژنانی کرێکار لە کارگەکانی ڤیتنام، فلپیین، کەمبۆدیا و بەنگلادیشەوە تا کارەساتی دورگەکەی “جێفری ئێپستین” (لیتڵ سانت جەیمس لە دەریای کاریبی) کە بووە سیمبولی بازرگانیی سێکسی و دەستدرێژیی ڕێکخراو بۆ سەر کچانی منداڵ و خوار تەمەنی یاسایی لەلایەن گەورە سەرمایەداران و سیاسییە باڵاکانی ئەمریکا و جیهانەوە، هەروەها سنووردارکردنی مافی لەباربردنی منداڵ و جیاکاری لە هەلی کار و هەقدەست لە ئەمریکا و ئەوروپا، تا جەنگ، کاولکاری، ئاوارەیی و دەستدرێژیی سێکسی بەسەر ژنان و منداڵاندا لە فەلەستین و سوودان، و تا سەرکوت، “سیغەکردن”، زیندانیکردن و لەسێدارەدانی ژنان لەژێر سایەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران و وڵاتانی هاوشێوە، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە سیستمی سەرمایەداری لەسەر بنەمای هەڵاواردنی چینایەتی و جێندەری بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی زیاتر دامەزراوە. هەروەها لە عێراقیشدا پەسەندکردنی یاسای جەعفەری لە پەرلەمان بۆ بەشوودان و دەستدرێژی بۆ سەر کچانی منداڵ، دەرخەری قووڵبوونەوەی ئەو زەلکاوەیە کە بۆرژوازی و ڕەوتە قەومی و ئایینییەکان بۆ ژنانیان خوڵقاندووە.
مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان مێژووی کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دژبەیەك بووە، لە لایەك بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی سیاسی کە سەرچاوە و هۆکارێکن بۆ ستەم و کۆنەپەرستی، و لە لایەکی تر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، پێشکەوتنخوازی و یەکسانیخوازی. ئایندەی مەدەنییەت و ئینسانیبوونی کۆمەڵگە بەندە بە بەهێزبوونی ئەم بزووتنەوە یەکسانیخوازە و بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر. بۆ کۆتاییهێنان بەم سەردەمە تاریکە، کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان پێویستی بە یاسا و دەستوورێکە کە لەسەر بنەما مۆدێرن و پێشکەوتووەکانی مرۆڤایەتیی هاوچەرخ بنیات بنرێت و ئازادی و یەکسانیی هەمەلایەنە دەستەبەر بکات.
بۆیە ٢٥ی نۆڤەمبەر لە کوردستان پێویستە بکرێتە دەرفەتێك بۆ یەکگرتنەوەی خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان لەگەڵ ناڕەزایەتییە ڕۆژانەکانی کرێکاران و بێبەشان لە پێناو ژیان، بژێوی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئازادیدا. کێشەی ژنان بەشێکە لە کێشەی کرێکاران و کۆی کۆمەڵگە، و ڕزگاریی یەکجاری لە توندوتیژی و هەر جۆرە ستەمێك تەنها لە ڕێگەی تێپەڕاندنی سیستمی سەرمایەداری و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆنەپەرست و بنەماڵەیی، و بە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، سێکولار و یەکسان مسۆگەر دەبێت.
٢٥/١١/٢٠٢٦

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە