توانا محمد نوری: 
لەم کاتەدا کە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر توند بووەتەوە، واشنتۆن فشارێکی زۆری خستووەتە سەر عێراق بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی تاران. وەک بەشێک لەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا، حکومەتی عێراق ناچار کراوە تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٧ هەموو گروپە چەکدارەکان چەک دابماڵێت. لەم نێوەندەدا، لایەنە شیعەکان دەڵێن ئێمە چەک دانانێین تا پێشمەرگەش نەخرێتە ژێر دەسەڵاتی بەغداوە. ئایا ئەمریکا لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەتەکەی و لێدانی ئێراندا پشت دەکاتە هێزی پێشمەرگە؟
ئەم مەرجەی لایەنە شیعەکان وایکردووە هێزی پێشمەرگە بکەوێتە چەقی کێشەیەکی ئاڵۆزەوە؛ چونکە واشنتۆن دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت گروپەکانی حەشدی شەعبی سنووردار بکات و پلانەکەی سەربگرێت. بەمەش پرسی داهاتووی پێشمەرگە بووەتە بەشێک لەو دانوستانە قورسانەی کە لە نێوان بەغدا و هەولێر و لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا دەگوزەرێت.
کاتێک سەیری سیاسەتی زلهێزەکان بکەین، دەبینین ئەمریکا تەنها بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە نەک هاوپەیمانیی کۆن. بۆ ئەمریکا، گەورەترین مەترسی لە عێراق ئەو گروپە چەکدارانەن کە سەر بە ئێرانن. بۆیە ئەگەر پاراستنی سەربەخۆیی ئیداری و سەربازیی پێشمەرگە ببێتە ڕێگر لەبەردەم چەکداماڵینی حەشدی شەعبی، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە قوربانی بە پێشمەرگە بدات و لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت لەسەر حسابی پێگەی سەربازیی هەرێم.
ئەم گۆڕانکارییەی ئەمریکا تەنها قسە نییە، بەڵکو بەکردەوە دەستی پێکردووە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیایی و پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ـدا ئەمریکا کۆتایی بە ڕێککەوتنە سەربازییەکەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هێنا و لە بودجەی ٢٠٢٧ـیشدا ئەو ٦١ ملیۆن دۆلارەی بڕی کە ساڵانە بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەکرد. لە بەرامبەردا، بەردەوامە لە پێدانی زیاتر لە ٩٦ ملیۆن دۆلار و چەک بە سوپای عێراق.
بەغدا و هێزە شیعەکان زۆر بە باشی لەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا تێگەیشتوون و وەک کارتێکی فشار دژی حکومەتی هەرێم بەکاری دەهێنن. ئەوان سوود لەوە دەبینن کە دەستووری عێراق زۆر بە ڕوونی دەسەڵات و پێگەی پێشمەرگەی دیاری نەکردووە، هەروەها دابەشبوونی پێشمەرگە بەسەر پارتی و یەکێتیدا وەکو بەڵگەیەك بۆ ڕەوابوونی داواکەیان بەدەستەوە دەگرن. لە چاوی بەغدا و ئەمریکاشەوە، مانەوەی پێشمەرگە بەمشێوە حزبییەی ئێستای، وایکردووە گروپەکانی حەشدی شەعبی خۆیان لە چەکداماڵین بدزنەوە و بڵێن ئێمەش وەک پێشمەرگەین.
لەم دۆخەدا، زۆر کەس چارەنووسی پێشمەرگە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەچوێنن. هەرچەندە هەسەدە لە ئابی ٢٠٢٦ دوای شەڕ و بەهۆی نەبوونی دانپێدانانی یاساییەوە هەڵوەشایەوە و تێکەڵی سوپای سووریا کرا، بەڵام دۆخی عێراق جیاوازە. پێشمەرگە بەپێی ڕاپۆرتە سەربازییەکان، نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار چەکداری هەیە و لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵیدا کاردەکات. بۆیە بەغدا بە شەڕ ناتوانێت پێشمەرگە لەناو ببات، بەڵام دەتوانێت بە ڕێگەی یاسا و کەمکردنەوەی بودجە هەوڵی بچووککردنەوەی بدات، ئەگەر پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا، لەگەڵی بێت. کاتێک پێشمەرگە و هەسەدە بەراورد دەکەین، دەبینین ئەوەی دۆخی پێشمەرگە دەپارێزێت هێزی سەربازی نییە، بەڵکو ئەو دانپێدانانە یاساییە و قەوارە فیدراڵییەیە کە لە عێراقدا هەیەتی و هەسەدە لە سووریا نەیبوو.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، چونکە یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بەهۆی پەروەردەی حزبی و مێژووی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتییەوە لە واقیعدا زۆر ئەستەمە، تەنها دوو سیناریۆی سەرەکی لەبەردەمدا دەمێننەوە:
• سیناریۆی یەکەم (بەهێزترین ئەگەر؛ سازشی فۆرماڵی): هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی جیاواز و سەربەخۆ لە یەکتر (بە دوو فەرماندەی جیاوازەوە) دەچنە ناو سیستەمی بەرگریی عێراق. هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتن و جێگۆڕکێیەی لەگەڵ گروپە میلیشیاکانی تری عێراق دەکرێت، بەغداش ناچار دەبێت جۆرێک لە سازش بکات؛ بە شێوەیەک کە پێشمەرگە بە ڕووکەش پەیوەست دەبێتەوە بە سوپای عێراقەوە بۆ وەرگرتنی بودجە و پڕچەککردن، بەڵام لە ڕووی سیاسی و کردارییەوە هەر لەژێر فەرمانی پارتی و یەکێتیدا دەمێنێتەوە.
• سیناریۆی دووەم (ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم): هەرێم هیچ ڕێککەوتنێک نەکات و بەغداش هەوڵی هێرشی سەربازی یان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی پێشمەرگە بدات. بەڵام ئەم بژاردەیە لە ئێستادا زۆر قورسە و ئەگەری ڕوودانی لاوازە، چونکە بەغدا ناتوانێت بە شەڕ پێشمەرگە بشکێنێت و بۆ هەڵوەشاندنەوەشی پێویستە سەرەتا بوونی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە کۆتایی پێبهێنێت، کە ئەمەش کارێکی ئاسان نییە.
لەوانەیە کەسانێک ئەمە ڕەتبکەنەوە و بڵێن ئەمریکا هێشتا پێویستی بە هێزێکی خۆجێیی هەیە لە هەرێم وەک هاوسەنگیی سەربازی لە ناوچەکەدا و هەرێم دەتوانێت لەم قورسایییە سوود وەربگرێت. ئەم بۆچوونە گرنگە و دەبێت لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی سەرەوە هەڵبسەنگێنرێت. لە هەمان کاتدا، نابێت ئەگەرێکی دیکەش پشتگوێ بخرێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر واشنتۆن و تاران بگەنە ڕێککەوتن و ئەمریکا لە فشارەکانی پاشەکشە بکات، ئەوا پلانی چەکداماڵینی حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێتەوە. لەم حاڵەتەشدا، هەرێمی کوردستان بە تەنها لە بەردەم هەژموونی ڕەهای بەغدا و تاراندا دەمێنێتەوە، و مانەوەی پێشمەرگە بەند دەبێت بە ڕادەی لێکتێگەیشتنی ڕاستەوخۆی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ ئێران و هێزە باڵادەستەکانی بەغدا، نەک پشتبەستن بە واشنتۆن.
لە کۆتاییدا، ڕاستییەکی سیاسی هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت؛ زلهێزەکان تەنها وەک ئامرازێک سەیری پێشمەرگە دەکەن. دوێنێ بۆ شەڕی داعش پێویستیان پێی بوو و چەکیان پێدا، ئەمڕۆش بۆ لاوازکردنی ئێران و چەکداماڵینی حەشدی شەعبی، یان تەنانەت لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، ئەگەری هەیە سازش لەسەر پێگە و تایبەتمەندییەکەی بکەن.
