ڕێبوار ئەحمەد: 
-١-
دوای ئەو هەنگاوەی بنەماڵەی بارزانی بە ناوی کاراکردنەوەی پەرلەمان، لە ڕێگای کۆکردنەوەی ٥٢ ئەندام، ئەویش بە زەبری فشار و کردنەوەی دەرگای خەزێنەی بە تاڵانبراو، کێشەکانی نێوان دو حزبی بنەماڵەی بەوپەڕی خۆی گەیشت. کاردانەوەی بنەماڵەی تاڵەبانیش دۆخەکەی تا ئاستی باس و ئەگەری ڕەسمیەتدان بە دوو ئیدارەیی و تەنانەت دوو هەرێمیش برد ئەگەر بۆیان بکرایە. ئەم هەنگاوەی پارتی بۆ جارێکی دیکە پوچی ئەو دەزگایەی سەلماندەوە کە ناوی نراوە پەرلەمان. ئاشکرایە کە ئەم دەزگا کارتۆنیە هەر لە سەرەتاوە لەناو خۆشباوەڕی گەورەی خەڵکدا بە پووچی لە دایک بوو. هەر لەیەکەم خولی هەڵبژاردنەوە دەنگی خەڵکیان وەلا نا و لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێزی میلیشیایی نیوە بە نیوە دەسەڵاتیان بەشکرد. لەو کاتەشەوە هەرکات بەرژەوەندی لایەکیان خواستبێتی دەرگاکەیان داخستوە و هەرکاتیش بەرژەوەندیان خواستبێتی پیرۆزیان کردوە. ئەمجارە و جارەکانی پێشوش نیشانیداوە کە تەنانەت ئەو هەڵبژاردنە نمایشیەش کە بۆ ئەم قاوغە بێناوەڕۆکە دەیکەن، هیچ بایەخێکی نیە، لە کۆتاییدا بە زەبری هەڕەشە بێت یان بەزەبری پارەی بە تاڵان براو،یاری بەو شتەوە دەکەن کە ناویان ناوە یاسا و پەرلەمان.
کاردانەوەکەی بنەماڵەی تاڵەبانیش زۆر ڕاشکاوانە ئەوەی نیشاندا کە چۆن ئەم دوو بنەماڵەیە بۆ بەرژەوەندی خۆیان یاریەکی ئاشکرا بە چارەنوسی کۆمەڵگایەکی چەند ملیۆنیەوە دەکەن. هەموو لێدوانەکەی تاڵەبانی دەکرێت لە یەک ڕستەدا کورت بکرێتەوە: “پارتی بەشی خۆمم پێ نادات بۆیە من ئەم بەشەی کوردستان دادەبڕم بۆ خۆم”. تەنانەت بۆ چەواشەکاریش بێت لەسەرەتادا هیچ زەرورەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و تەنانەت قەومیەتەکەی خۆشیان لەم کاردانەوەیەدا ئاسەواری نەبوو، دواتر ڕووپۆشی بەرژەوەندی خەڵکیان بۆی داتاشی. ڕون و ڕاشکاو دەڵێن کوردستان موڵکی ئێمە و خەڵکەکەی کۆیلەی ئێمەیە، بەرژەوەندیمان چۆن بخوازێت وا دەکەین. ئیتر ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵک هیچ مانا و بایەخێکی نیە. ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە دەسەڵاتی ئێستای کوردستان بەشێوەیەکی ڕەها هەم بنەماڵەییە و هەم فەشەلی کردوە، جا دوو بنەماڵەکە پێکەوە بەشی بکەن یان هەرکامیان بەشی خۆی دابڕێت، هیچ لەم ڕاستیە ناگۆرێت.
بەڵام خورافەی کوردایەتی بە پاساوی “بەرژەوەندی کورد” و ئەمری واقع وای نیشان دەدات کە خەڵکی کوردستان چارەیەکیان نیە جگە لە قبوڵكردنی ئەم دەسەڵاتەو ئەو یاریەی بە چارەنوسیانەوە دەکرێت. ئەو کوردایەتیەی کە ئەحزاب و ڕۆشنبیرەکانی وەکو خەباتکاری ڕێگای ئازادی و دژی ستەمی میللی دەیناسێنن، لە ڕاستیدا بزوتنەوەی کۆنەپەرستانەی بورژوازی کوردە بۆ شەریکبونەوە لە دەسەڵات و تەنها نان لە ستەمی میللی دەخوات. کێشمەکێش و ڕوداوەکانی ئێستا و هەڵوێستی ڕۆشنبیرانی کوردایەتی زۆر بەڕۆشنی کۆنەپەرستی و ناکۆکی قوڵی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ ئازادی و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەگەڵ ڕاستی و حەقیقەت نیشان دەدەن. هەموان دان بەوەدا دەنێن کە پەرلەمان دەزگایەکی کارتۆنیە، دان بەوەدا دەنێین ئەوەی وەکو دەسەڵاتی باڵای هەرێم نیشان دەدرێت، تەنها ڕوپۆشێکی دەسەڵاتی بنەماڵەیە. دان بەوەدا دەنێن کە دەسەڵاتی واقعی بە دەسەڵاتی ڕەهای سەرۆکی بنەماڵە دەست پێدەکات، پاشان دەگات بە بنەماڵە، تاکەکان و وەچەکانی بنەماڵە، مەکتەبی سیاسی، هێزی چەکدار و دەزگا جاسوسی و سەرکوتکەرەکان کە بەناوی ئاسایشی نەتەوەیی کوردەوە خەڵکیان کۆیلە کردوە. لەکۆتاییدا ڕۆڵی پەرلەمان تەنها ڕەوایەتیدانە بەوانە. دان بەوەدا دەنێن کە هەموو ئەوەی لە ڕاگەیاندنی ڕەسمیدا دەربارەی ستایش و پیرۆزکردنی پەرلەمان دەوترێت، سەرتاپا درۆ و چەواشەکاریە. بەڵام پێداگری دەکەن کە “بەرژەوەندی کورد”وا دەخوازێ خەڵکی کوردستان ئەم درۆ و چەواشەکاریە پەسەند بکەن و پێی ڕازی بن. واتە لای ئەم ڕۆشنبیرانەی کوردایەتی”بەرژەوەندی کورد” بەندە بە کۆمەڵێک دۆر و فریوکاری و گەندەڵیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئیداریەوە کە ئەم دوو بنەماڵەیە و حزبەکان و بزوتنەوەکەیان تیایدا نوقم بوون.
هەم هەردو حزبی بنەماڵەو حزبە ناسیۆنالسیت و ئیسلامیەکانی دەستەمۆیان و هەم ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیست، بە مەبەستەوە خەڵکی کوردستانیان خستوەتە نێوان دوو بەرداشی زۆر قورسەوە. گوایە ئەم خەڵکە لە دوو هەڵبژاردە زیاتریان نیە: یان دەبێ سوپاسگوزاری زوڵم و ستەم و گەندەڵی و تاڵانچێتی و ملهوڕی و هەموو ئەوەی پێی دەوترێت(دیسپۆتیزمی)ی بنەماڵە بن و تکایان لێ بکەن کە ڕیککەون و پێکەوە خەڵکلە نەهامەتی ڕەهادا ڕابگرن، تەنها بەو مەرجەی ئەگەر نمایشیش وەکو یەک قەوارە دەربخەن، یان هەڵبژاردەی دوەم چاوەڕوانی دووبارەبونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوە لە ستەمی میللی و کوشتاری بە کۆمەڵ و ئەنفال و کیمیاباران. هەر ئەمە خۆی ئاشکراترین داننانە بەوەی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی بە حزبی و ناحزبیەوە هیچ ئاسۆیەکی گەش و درەوشاوەیان نیە بۆ کوردستان و خەڵکەکەی. نە لە ٣٥ ساڵی ڕابردودا نە لە ئێستادا و نە لە داهاتودا، نەک چاوەڕوانی لەم بزوتنەوەیە ناکرێت هیچ ئاسودەیی وبەختەوەریەک بۆ خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە دەستەبەر بکات، بەڵکو خۆیان بە بەیانێکی ڕوندانی پێدە دەنێنکە جگە لە ستەم و بێدەرەتانی چاوەڕوانی هیچی تری لێ ناکرێت. تەنانەت بە ئەنقەست مەترسی دوبارەبونەوەی کارەساتەکانی ڕابردو گەورە و زەق دەکەنەوە، چونکە دەزانن ئەمە کارتێکی فشاری گەورەیە لەسەر خەڵک بۆ مل بدات بە دەسەڵاتی بنەماڵەکان.
سیاسەتمەداران و ڕۆشبیرانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە حرسەوە فرمێسک بۆ ناکۆکی دوو بنەماڵە هەڵدەوەرێنن و لێیان دەپاڕێنەوە و خۆیان دەکەن بە نوێنەری ملیۆنەها کرێکار و زەحمەتکێش و دەڵێن: “خەڵک هیچی ناوێ تەنها ئێوە لە نێوان خۆتاندا ڕیکبکەون لەسەرئەوەی وا بنوێنن دەسەڵاتە ستەمکارانەکەتان یەکگرتوو دیاربێت”. زۆریش شانازی بەم فەرمایشەوە دەکەن چونکە لە سۆنگەی جەرگ سوتانیان بۆ “کورد” ئەم ڕۆڵە دەگێڕن . ئەمە لوتکەی داڕوخان و کۆنەپەرستی و دووری و ناکۆکی ئەم بزوتنەوەیە و ڕۆشبیرانی نیشان دەدات لەگەڵ هەموو جۆرە بەختەوەریەکی خەڵکی کوردستاندا. تەنانەت هەندێک لەم ڕۆشنبیرانە بەدەر لەوەی خۆیان چۆن دەژین، جەسارەت دەکەن بۆ قەبڵاندنی دەسەڵات فتوا بدەن بڵین هەرچەندە لە کوردستان ستەم و گەندەڵی هەیە، بەڵام کێشەی برسێتی و ئازادی نیە. لەکاتێکدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەسەڵات پڕە لە نمایشکردنی ئەو هەزاران خێزانەی نەخۆشی و بێدەرمانی و بێلانەیی تەنگی پێهەڵچنیون و لە لێواری مەرگیدا لە دەوڵەمەندان دەپاڕێنەوە فریایان بکەون. بەشێکی یەکجار زۆری خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریەوە ژیان دەکەن، کەچی هەر بە قسەی ئەم جەنابە ڕۆشنبیرانە سەدان ملیار دۆلار لەلایەن دوو بنەماڵە و دەسەڵاتەوە بە تاڵان براوە و تەنانەت نەوەکانیان بونەتە ملیاردێر. دەربارەی ئازادیش،کاتێک دەکرێت ئەم جەنابانە باسی هەبونی ئازادی بکەن، کە بتوانن دەسەڵاتبەوە ڕازی بکەن تەنها بەڵێن بدەن (ئەگەر خەڵک بێتە سەرشەقام بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی، تەقەیان لی ناکەن و نایانکوژن؟). سەرکوت و شەق تێهەڵدان و ڕاپێچی زیندانیش پیرۆزیان بێت، تەنها گفتی ئەوە بدەن کە نایانکوژن، ئەوکات ببینن شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی و شارەکانی تر چۆن دەخرۆشێن و چ ڕۆژی حەشرێک نیشانی ئەم دوو بنەماڵەیە دەدەن. بەمە دەکرێت داوەری لەسە ئەو درۆ شاخدارەش بکرێت کە دەڵین لە کوردستان کێشەی ئازادی نیە.
ڕۆشنبیرانی کوردایەتی لە چوارچێوەی ئەو دێوەزمەیدا کە خەڵکی کوردستانی پێ دەتۆقێنن، هیچ باکیان لەو نەعرەتە ڕاسیستیەی کوردایەتی نیە کە گشت عەرەب و تورک و فارس بە دوژمنی خوێنیی خەڵکی کوردستان بناسێنن. لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی بنەماڵەکان ڕێک لەگەڵ دەوڵەت و حزب و ڕەوتە فاشیست و ڕەگەزپەرستەکانی تورک و عەرەب و فارسدا دۆستایەتی و هاوپەیمانی و کەین وبەینیان هەیە، کەچی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی تورک و عەرەب و فارس، کە دژی ئەو دەوڵەت و حزب و ڕەوتە فاشیستانەن و لە دەرد و محنەتەکاندا هاوچارەنوسی خەڵکی کوردستانن، وەکو دوژمنی ئەم خەڵکە وێنا دەکەن. ئەمە ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و ڕاسیستی پەیام و ڕێبازی کوردایەتی نیشان دەدات. ئەم ناوەڕۆکە لەبنەڕەتدا جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ڕوانگەی ئەو بەعسیزمەی هەرکەس بە کوردی قسەی بکردایە، شایستەی ئەنفال و زیندەبەچاڵ بوو بە منداڵی ساواوە؟!
ئەوەی ئەمڕۆ وەکو باسی ئەگەری دووئیدارەیی زەق کراوەتەوە، لەڕاستیدا هەمیشە هەبووە و هیچ کات بۆ ڕۆژێکیش یەک ئیدارەیی نەبوە، بەڵام ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە قاڵبێکی ڕەسمی وەرگرێت. ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیست دەڵێن قەیدی نیە بە کردەوە هەمیشە دوو ئیدارەیی هەبوە و با هەر هەشبێت، بەڵام تکایە قاڵبی فەرمی پێ مەدەن. واتە خورافەی کوردایەتی سەرتاپا درۆ و چەواشەکاری ئاشکرایە لەگەڵ خەڵک. قەیدی نیە بەکردەوە دوو ئیدارە و دووبنەماڵە و دوو حکومەت بن، لە چوارچێوەی دووزۆندا چارەنوسی خەڵک لە قاڵب بدەن و هەزار و یەک دەردەسەری و کێشە و تەنگەبەریان بەسەردا بسەپێنن، بەڵام بە ڕواڵەت وەکو یەک حکومەت نمایش بکەن. ئەمە ئاشکراترین بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە کە ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ ڕاستی و مرۆڤایەتی و ئازادی و شکۆمەندی دوری و ناکۆکی توندی هەیە و ڕۆشنبیرانیشی دورن لەو بەهایانە و لە خەڵک و لە ئازارەکانیانەوە.
لە پەیوەند بە قوڵبونەوەی بەرامبەرکێی دوو بنەماڵەوە، ئەو ڕۆشنبیرانەی کە بە هەر ڕەخنەیەکەوە لە فەلەکی کوردایەتی و بازنەی دەسەڵاتدا دەخولێنەوە، بونەتە سێ دەستە، هەرسێ دەستەکەیان ڕاستەوخۆیان ناڕاستەوخۆ هەم ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەدەن، هەم دوری خۆیان لەگەڵ پرەنسیپ و بەهاکانی ئازادی و مرۆڤایەتی نیشان دەدەن. دەستەیەکیان ڕەوایەتی بە سیناریۆکەی بنەماڵەی بارزانی دەدەن، چونکە ئەگەر بە زەبری پیلانگێڕی و زەخت و زۆر و کڕینی پەرلەمانتاریش بێت، توانیویانە لەڕوی دەستوریەوە قەوارەی هەرێم، ئەم بیلبیلەیەی چاوی کوردایەتی لە مەترسی بپارێزن. دەستەیەکی تریان بونەتە زوڕناژەنی سیناریۆکەی بنەماڵەی تاڵەبانی و پاساوی پوچ بۆ پڕۆژەکەی دەهێننەوە، چونکە گوایە ئەمری واقع دەسەڵاتی لەسەر ئەم دو بنەماڵەیە تاپۆکردوە، ئەگەر نەیکەن بە دووبەشەوە، ڕەنگە پەلکێشی دەورەیەکی تری شەڕی ناخۆمان بکەن. دەستەی سێیەمیان ڕێگای ناکامی پەنابرن بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی نمایشی بە تاکە ڕیگایەک دەزانن بۆ دەرچون لە بنبەستی ئێستا. واتە لە جیاتی ئەوەی هەر بەم بەڵگانە پێداگری لەسەر ناکامی و پێویستی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی قەیرانگرتوی ئەم بنەماڵانە بکەن، وا نیشان دەدەن کە پاراستنی ئەم دەسەڵاتە پێویست و چارەهەڵنەگرە، ئەویش لەسەر حیسابی بێدەرەتانی خەڵک.
هەموو سیناریۆ و پاساوەکانیان لەسەر یەک پایە ڕاوەستاوە، ئەویش خورافەی کوردایەتیە و لەم ڕوانگەیەوە لە دنیا و کێشەکان و ڕوداوەکان و دەسەڵات و دەستور و هەموو شتێک دەڕوانن. گوایە نە ئازادی، نە شکۆمەندی، نە دادپەروەری و نە یەکسانی، نە خۆشگوزەرانی و نە مافی ژن و نە هیچ یەک لەم پێوانە و بەها مرۆڤایەتیانە کە لە هەموو کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتیدا پێوەرن بۆ هەڵسەنگاندن، لە کوردستاندا بە پێچەوانەوەی دنیاوە هیچ بایەخێکیان نیە. لەجیاتی ئەوانە لەم کۆمەڵگایەدا هەمووشتێک تەنها لە ڕوانگەی ئەو خورافاتە کوردایەتیەوە هەڵدەسەنگیندرێت کە ناوی نراوە “بەرژەوەندی کورد”. باسی هەر مەسەلەیەک دەکرێت، لە دەسەڵاتەوە تا دەستور تا یاسا تا کێشەکان تا چارەسەرەکان تا شەڕ و ئاشتی سەرجەم بەپێوەری “بەرژەوەندی کورد” دەپێورێت. لەم ڕوانگەیەوە ئازادی و ماف و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و یەکسانی و بەها مرۆڤایەتیەکان لە دەستور و یاسا و دەسەڵاتدا هەر جێگای باس نیین، گرنگ ئەوەیە بۆ “کورد” باش بن. وەک ئەوەی “کورد” بونەوەرێکی جیاواز بێت لە مرۆڤایەتی و پێوەرێکی جیاوازی هەبێت لەوەی لای مرۆڤایەتی ستاندارد و بنەمایە. ئەوەیش کە ناوی نراوە “کورد و بەرژەوەندی کورد”، نە ئازادی و نە ماف و نە بەختەوەری و نە مافی چارەی خۆنوسینی خەڵکی کوردستان نیە، بەڵکو تەنها بریتیە لە دەسەڵاتی داسەپاوی تاڵەبانی و بارزانیەکان کە پێی دەوترێت قەوارەی هەرێم.
بەپێی ئەم دیدگایە و لە پێناو ئەم قەوارەیەدا خەڵکی کوردستان نابێت بیر لە ئازادی و بەختەوەری و مافەکانی بکاتەوە، تەنانەت دەبێ ئامادە بێت ستەم و زۆرداری و نەهامەتی هەمەلایەنە تەحەمول بکات، دەبێ بە شانازیەوە ئامادە بێت نانی ڕەق و کوردایەتی بخوات، تەنها لە پێناو ئەوەی قەوارەکەی تاڵەبانی و بارزانی پارێزراو و سەری سەڵامەت بێت. ئەگەر تەنها تۆزقاڵێک لە ناوەرۆکی ئەم وشانە وردبینەوە، زۆر ڕونە کە خورافەی کوردایەتی و “بەرژەوەندی کورد” ناوی ڕەمزیی دەسەڵات و بەرژەوەندی کەمایەتیەکی زۆر کەمی خەڵکی کوردستانە. ناوەڕۆکی ئەم ئەزمون و قەوارەیە کە گوایە دەبێ جەماوەری ملیۆنی لەپێناویدا تەحەمەلی هەموو بێمافی و نەهامەتیەک بکەن و قوربانی بێسنور بدەن، شتێک نیە جگە لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ستەمکارانەی دوو بنەماڵە و ئەوانەی لە سایەیدا ژیانی فیرعەونانەیان بۆ ڕەخساوە. لەم ڕوانگەیەوە تەنانەت ئەو پرسیارە لە ئارادا نیە کە بۆچی دەسەڵاتداران لە پێناو ئەزمونەکەیاندا ئامادە نین یەک تۆز دەست لە ستەم و سەرکوت و گەندەڵی و تاڵانی و کێشەی کۆنەپەستانە شل بکەنەوە، بەڵام خەڵکی ستەمدیدە دەبێ بە دڵفراوانیەوە تەحەمولی هەموو ستەمکاریەک بکەن لە پێناو پاراستنی ئەم قەوارەیەدا. ئەگەر پەردەی سەر ناوەڕۆکی ئەم ڕوانگەیە لابەریت، زۆر ڕونە کە ئەمە بەرژەوەندی چینی بورژوازی کوردە کراوە بە پێوەر و بنەمای تێڕوانین بۆ ژیان لە هەموو بوارەکانیدا. ئەمڕۆ هەموو هاوڵاتیەکی سادە ئەو ڕاستیە دەزانێ کە هیچ لێکچونێک نیە لە نێوان کێشە و بەرژەوەندی و ئامانجی تاڵەبانی و بارزانی و هاوچینەکانیان لەلایەک و جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە لەلایەکی ترەوە. خورافەی کوردایەتی دەیەوێ ئەم ڕاستیە بشارێتەوە و بە خەڵکی کوردستان دەڵێت ئێوە ناتوانن چاوەڕوانی ئەوە بن کە هەم ستەمی میلیتان لەسەر نەبێت هەم شکۆمەندی و ئازادی و خۆشگوزەرانیتان هەبێت، چونکە ئەم دوانە یەک ناگرنەوە.
درێژەی هەیە….
